ڕێژنە مەحمود یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێی

ڕێژنە مەحمود یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێی

ڕێژنە مەحمود یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێی
یانەكانی سەنتەری پارێزگای سلێمانی گرنگی زۆر بە یارییە تاكییەكان دەدەن و ئەنجامی شایستەیان لەسەر ئاستی ووڵاتانی ئاسیا و عێراق و كوردستانیش بەدەستهێناوە، یانەی سیروانی نوێی یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی ئافرەتان دەدات، تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێز و بەتواناكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە ڕێژنە مەحمود-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2004 ی پارێزگای سلێمانی و قوتابی قۆناغی دووەمە لە كولێژی پەروەردەی وەرزشی و زانستە جەستییەكان لە زانكۆی سلێمانی ، تەنیا یاری بۆ یانەی سیروانی نوێ كردوە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارتدا یاری گۆڕەپان و مەیدان هەڵبژێریت؟
- حەزو خولیام هەبوو بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، وە پێم وابوو لەم یارییە دەتوانم زیاتر خۆم بەرەو پێشەوە ببەم، تواناكانم لە ڕێگەی ئەم یارییەوە دەربخەم و داهاتوویەك بنیات بنێم.
* هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردووە زیاتر كێبڕكێیە؟
- نەخێر، بەڵام سەرەتای هەموو دەستپێكێك هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت.
*پێشكەوتوون و سەركەوتنی ئەم وەرزشە لە چی دەبینی؟
- تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی نوێی و بەدەستهێنانی میدالیا لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەودا واتا سەركەوتنی ئەم وەرزشە، وە خاڵێكی گرنگ ئەوەیە ئێمە وەكو یاریزان ئەگەر چی دیاریمان بە كۆمەڵ نییە، بەڵام سەركەوتنی هاوڕێكانمان بە سەركەوتنی خۆمان دەزانین و پاڵپشتی كردنی یەكتری سەركەوتنێكی ترە بۆ هەموومان.
*هەست ناكەی ئەم یارییە لە ئاستی كچان بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە لە شارەكان؟
- تا ڕادەیەك لە هەندێك لە شارەكان پێشوازی لێكراوە، بەڵام ئەگەر كەمتەرخەمییەك هەبێ گەڕاوەتەوە بۆ پشتگیری نەكردن و گرینگی نەدان بەم وەرزشە لەلایەن دەستی كارگێڕیی وەرزشەوە.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- لە كوردستان بەهۆی نەبوونی یاریگا و ئەنجام نەدانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی قوتابخانەكان ئاستی ئەم وەرزشە وەكو پێوانە و ئەنجام باشە، بەڵام كەمبوونەوەی ژمارەی یاریزانان تا ڕادەیەك وا دەكات ئەم وەرزە بەرەو لە ناوچوون بچێت.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی كچە یاریزانی تر بێنە نێو ئەم یارییە؟
- پێویستە پشتگیری بكرێن لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە و هانبدرێن لەلایەن خانەوادەكانیان، هەروەها گرنگی بدرێت بە تواناكانیان بە شێوازێكی باش لە ژێر چاودێری ڕاهێنەری بەتوانا.
*هیوا و ئاواتت وەكو كچە وەرزشێك لە نێو ئەم یارییە؟
- هیوادارم منیش بتوانم لە داهاتوو بە پێی توانا و ئەزموونی خۆم چەندین كچە یاریزانی بەتوانا پێبگەیەنم تا خزمەت بە وڵاتەكەم بكەم.
*هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی یاری كردنی لێت كردووە؟
-بەو پێیەی تازە هاتوومەتە نێو ئەم یارییە ڕەنگە یانەی دیكەش داوایان كردبێت، بەڵام من پابەندم بە یانەی سیروانی نوێ و هەر بۆ ئەو یانەی خۆم ئامادەم یاری بكەم.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- گرنگی نەدان بەم یارییە و نەبوونی یاریگای گەنجاو گەورەترین گرفتن بۆ ئەم یارییە، هاوكات گرنگی نەدانی یانەكان بەم وەرزشە گرفتێكی ترە، هەر چەندە ئێمە وەكو یانەی سیروانی نوێ لە یانەكەوە گەورەترین پاڵپشتی دەكرێین بەهیواین یانەكانی تریش بە هەمان شێوە گرنگی بەم یارییە بدەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێكی گەنج؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە كە بتوانم بگەم بەوەی هەوڵی بۆ دەدەم لە پای ماندوو بوونم هەوڵدانم بۆ بوون بە یاریزانێكی ئاست بەرز و بەتوانا لە داهاتوو.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن و گەیشتن لە ئاواتەكانت؟
-سوپاس بۆ خوا خانەوادەكەم تا ڕایدەیەكی زۆر پشتگیرم دەكەن بە پێی پێویست هاوكاریم دەكەن.
*سەركەوتن چیت پێ دەبەخشێ؟
- سەركەوتن وەڵامێكە بۆ هەوڵ و ماندوو بوونەكانم وام لێدەكات زیاتر متمانەم بەخۆم و تواناكانم بێت.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمەتی بەردەوامی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان پشتگیری كردنیان.

Top