د. یوسف عوسمان حەمەد: سواڵ پێكردن شكۆی منداڵ دەشكێنێت و كەسایەتیی لەكەدار دەكات
د. یوسف عوسمان حەمەد شارەزای بواری دەروونی، لەدیدارێكدا و لە ڕوانگەی دەروونییەوە باس لە ڕێكارەكانی پەروەردەی دروست بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات كە وا چاكترە خولی هاوینە خولی هونەری و وەرزشی بێت یان ئەو خولانە بێت كە كاری دەستی دەگرێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* بە شێوەیەكی گشتی لەم پشووی هاوینەدا ئەركی دایكان و باوكان چییە؟
- پشووی هاوین واتا ئیسراحەت و پشووی خوێندن لە نێوان دوو قۆناغی خوێندندا، ئەم پشووە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، جا هەر یەكەو بەپێی سیستەمی تایبەتی خۆیان پشووی بەهارە و هاوینەیان هەیە.
دایك و باوكان دەبێت زیاتر هەوڵی ئەوە بدەن منداڵەكانیان حەزیان لە چ خولێكە بیانخەنە ئەو خولە نەك چاولێكەری بێت، زۆر دایك و باوك هەن خۆیان حەزیان لە چ بێت منداڵەكانیان دەخەنە ئەو خولە بەتایبەتی خولی زمانی ئینگلیزی یا زمانی عەرەبی، لە كاتێكدا ڕەنگە منداڵەكان حەزیان لەوە نەبێت، وا چاكترە خولی هاوینە خولی هونەری و وەرزشی بێت یان ئەو خولانە بێت كە كاری دەستی دەگرێتەوە.
ماوەی خولەكەش نابێت لە دوو تا سێ هەفتە زیاتر بێت، چونكە منداڵەكان بەپێی تەمەنەكانیان بێتاقەت و بێزار دەبن، ئەوەش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان. دەشكرێت منداڵەكان لە ماڵەوە بن و بەرنامەیان بۆ دابنێن و یارمەتیان بدەن، یان دایك و باوك یاری لەگەڵ منداڵەكان بكەن ئەمە شتێكی زۆر باشە لە پشووی هاویندا.
* ئایا خولەكانی هاوینە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەروەردەی منداڵ هەبێت؟
- هەموو خولێك ڕەنگدانەوەیەكی ئەرێنی لەسەر ڕەفتاری منداڵدا دەبێت، لەبەر ئەوەی خول ڕێكخستنەوەی ڕەفتاری منداڵە و ڕەوشت و ڕەفتار و كرداری باشتر فێر دەبێت و دەچێتە جیهانێكی تر، جیهانێك دوور لە هۆڵەكانی خوێندن كە تاقیكردنەوە و ئەركی ماڵەوەی تێدا نییە، كۆمەڵێك شت فێر دەبن و ڕاهێنانی لەسەر دەكەن، لەگەڵ كۆمەڵە كەسێكی دیكە تێكەڵاو دەبێت، هەر خۆی خول یەكێكە لە كارە هەرە باش و ئەرێنییەكان كە بۆ منداڵ بكرێت بەڵام چ خولێك؟ خولێك بێت بەپێی توانا و حەزی منداڵەكە بێت، بۆ ئەوەی باشتر كۆمەڵایەتی بن و باشتر حەز و ئارەزووەكانی خۆیان بدۆزنەوە و خولیایان بۆ پیشەكە هەبێت، ئەمەش كارێكی زۆر زۆر باشە دایك و باوكان ئەنجامی بدەن.
* بەخێوكاران بە چ میكانیزمێك دەتوانن هاوكاری منداڵەكانیان بن، تاوەكو لە مۆبایل و ئایپاد بە دووریان بگرن؟
- ئێمە ناتوانین بڵێین دەبێت منداڵەكان لە ئایپاد و یاری ئەلیكترۆنییەكان بێ بەش بكەین، چونكە زۆر دایك و باوك لە وەرزی خوێندندا بەڵێنی ئەوەیان بە منداڵەكانیان داوە كە دەتوانن ئایپاد و یارییە ئەلیكترۆنییەكانیان لەكاتی پشووی هاویندا بەكاربهێنن.
لەم حالەتەدا دەكرێ بەرنامەیان بۆ دابنێن واتە بە پێی تەمەنیان و تەمەنی 6 تا 8 ساڵی نابێ لە دوو كاتژمێر زیاتر بەرامبەر شاشە شینەكان دابنیشن، لە 8 ساڵەوە تا 15 ساڵییەوە لە 3 كاتژمێر زیاتر نەبێت، ناشكرێت دایك و باوك منداڵەكانیان لە بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە بێ بەش بكەن، چونكە ئەمە شتێكی جیهانییە و بەشێكە لە ژیانی هەموو تاكێك، تەنانەت بووەتە بەشێك لە پێداویستییەكانی ماڵ، بۆیە ئایپاد و یارییە ئەلیكترۆنییەكان وا چاكترە لەگەڵ خوشك و براكانەوە یان لەگەڵ دراوسێ و هاوڕێكان بەیەكەوە بیكەن، چونكە بە كۆمەڵایەتی بوون و چێژێكیش بە منداڵەكان دەبەخشێت، وا باشە ئەم یارییانە بە ڕۆژ ئەنجام بدرێن نەك بە شەو، تاوەكو سیستەمی خەویان تێك نەچێت و بەردەوام بن لە زوو خەوتن و زوو لە خەو هەستان.
خراپترین شت ئەوەیە لەبەر ئەوەی قوتابخانە نییە دایكان بەم بیانووە بەیانیان منداڵەكانیان زوو لە خەو هەڵناستێنن و تا نیوەڕۆ دەخەون، لە بەرانبەردا شەو درەنگ دەخەون. لە كاتێكدا نابێت سیستمی خەویان تێكبچێت و پێویستە لە كاتژمێر 9 تا 10 خەوتبن و بەیانی كاتژمێر 8 لە خەو هەڵسابن .
* ئایا كارپێكردنی منداڵان لە پشووی هاویندا دەچێتە قالبی پێشێلكردنی مافەكانیان؟
- مەبەست لە كاركردنی منداڵان تا تەمەنی 18 ساڵ كە لە بەرانبەردا كرێیەك وەردەگرن، ئەمە بەپێی یاسا قەدەغەكراوە و پێشێڵكردنی مافی منداڵە، بە تایبەتی ئەو دایك و باوكانەی كە منداڵەكانیان دەخەنە بەر كارێك كە لە توانای خۆیاندا نییە، هیلاك و ماندوو دەبن هەروەها یان دەیانخەنە شوێنێك كە شایستە نییە بۆ منداڵەكان و جێی متمانە نییە، لە ئاكامدا منداڵەكان تووشی زۆر كاری خراپ و ڕەفتاری توند دەبن و هەندێك جار تووشی پەشۆكاوی دەروونیش دەبن .
واچاكترە ئەو دایك و باوكانەی كە پیشەیەكیان هەیە منداڵ لەگەڵ خۆیان بیبەن باشترە ئەویش لە تەمەنی 14 ساڵی بە سەرەوە، بۆ نموونە دایكێك لە ماڵەوە منداڵەكانی فێری كاری هەویركاری و كێك و كولیچە و هەندێك جۆری خواردن یان گوڵ بەخێوكردن لە ماڵەوە بكات، باوكان ئەگەر لە دەرەوە دوكانیان هەیە یان پیشەیەكیان هەیە دەتوانن ناوە ناوە منداڵەكانیان لەگەڵی بچن، بەڵام ئیشكردن بەرانبەر وەرگرتنی كرێیەك ئەمە جێگەی متمانە نییە و قەدەغەكراوە، چونكە بەپێی یاسا نابێت منداڵان لە خوار 18 ساڵ ئەم كارانە ئەنجام بدەن كە لەگەڵ توانای جەستەیی و ئەقڵییان ناگونجێت.
* لێرە و لەوێ دەبینین منداڵان لە ترافیك و شوێنە گشتییەكان، لەلایەن باوانیانەوە سواڵیان پێدەكرێت، ئەمە تاچەند لەگەڵ یاسای پاراستنی مافەكانی منداڵ یەكدەگرێتەوە؟
- كارێكی نا دادپەروەرانە و ناڕەوایە منداڵان بە هەر شێوازێك بێت لە هەر تەمەنێك بێت لە ترافیك سواڵیان پێ بكەن یاخود شتییان پێ بفرۆشن.
بە سواڵ پێكردن شكۆی منداڵ دەشكێت و كەسایەتیی لەكەدار دەبێت، ئەوان هەست بە بوونی خۆیان ناكەن، جگە لەوەش زۆرجار گێچەڵی سێكسیان پێ دەكرێت، یان سوكایەتیان پێ دەكەن جنێو و قسەی ناشرینیان پێ دەڵێن.
ئەوان بەو گەرمایە لەبەردەم ئەو ترافیكە فێری تۆڵەسەندنەوە دەبن، كاتێك منداڵێك دەبینن لەناو ئۆتۆمبێلێكی فێنك لەگەڵ دایك و باوكییەتی كەچی ئەویش لەسەر شەقام شت دەفرۆشێت، ئەو ڕق لە كۆمەڵگە، لە دەوروبەر و لە هەموو شتەكان هەڵدەگرێت و دەڵێت خەتام چییە؟ من چ گوناهێكم كردووە ئەم ئیشە بكەم؟ بەپێی یاسا، عورف و عادەتی كۆمەڵایەتی و ئایین هەموو سەروەرییەكانی پاراستنی مافی منداڵ ناچار بە سواڵكردن كارێكی بەدەر لە یاسایە كارێكی قێزەونە و دژ بە بەرائەت و پاكی منداڵە.
ئەمە كارێكی قێزەونە و ناشایستەیە دژ بە منداڵەكان نەك لەسەر دایك و باوك بەڵكو لەسەر حكومەت لەسەر یاسا و پەرلەمانە كە بە توندترین شێوە ئەو دیاردە ناشارستانییە قەدەغە بكرێت و سزای ئەو دایك و باوكانە بدرێت، ئەگەریش بەهۆی خراپی باری ئابووری بێت پێویستە حكومەت هاوكارییان بكات، بۆ ئەوەی دایك و باوكان كە باری ئابووریان خراپە ناچار نەبن منداڵەكانیان ئەو كارانە ئەنجام بدەن.
