مەسعوود گەردی لە شارەدێی قوشتەپە - پڕۆژەی زنجیر: ئەگەر پلان هەبێت حكومەت دەتوانێت كەرتی كشتوكاڵ بە تەواوی ببووژێنێتەوە
ئەو كەموكورتییانەی لەكەرتی كشتوكاڵدا بوونیان هەیە، وای كردووە وێڕای بەپیت و بەرەكەتیی خاكی كوردستان و ئەو كەشوهەوا و ئاوە سازگارەی هەیەتی، كەرتەكە زۆر بەرەوپێشەوە نەچێت. ئەگەر بە نموونە دەشتی هەولێر وەربگرین، كە دەشتێكی بەپیت و بەرەكەتە و خاكەكەی ڕاستە و ئەگەر ئاو و پرۆژەی ئاودێری بۆ ڕابكێشرێت، كشتوكاڵ لە دەشتی هەولێر زۆر گەشە دەكات. من پێم وایە كەمیی پڕۆژەكانی ئاودێری و ڕاكێشانی جۆگەلە و ئاو لە سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوییەوە هۆكاری سەرەكییە بۆ لاوازیی كەرتی چاندن، ئێستا ئەگەر لە دەشتی هەولێر ئاو هەبێت، بە تەنیا لە تواناماندایە تەنیا بە گەنم و جۆ دوو وڵاتی ئەفریقیایی بەخێو بكەین. لەلایەكی دیكەوە جووتیار تەماشا دەكات، وێڕای ئەو هەموو ماندووبوون و خەرجییە، كەچی بەرهەمێكی وا باشی بۆ نایەتە دەست و لەمە بێتاقەت دەبێت لە بەردەوامی لەسەر كاری جووتیارییەكەی.
من وای دەبینم لە سێكتەری كشتوكاڵ پلان نییە و ئەگەر پلان و بەرنامە هەبووایە، ئەو هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەی وڵاتانی دیكە نەدەڕژێنرایە بازاڕەكانی كوردستان و ڕەنج و ماندووبوونی جووتیاران بەخەسار بدرێت. واتە تەقریبەن پلان لە كشتوكاڵ نییە، ئەگەر پلان هەبێت، دەتوانێت حكومەت كەرتی كشتوكاڵ بە تەواوی ببووژێنێتەوە. یەك لەو خاڵە گرنگانە پلان و بەرنامەیە بۆ بەبازاڕكردن لە ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی بیانی، بەم بەبازاڕكردنە، دەتوانین جووتیاری خۆمان هەستێنینەوە سەر پێ. ئەگەر هاتوو جووتیار دڵنیا بوو كیلۆی گۆشتی مریشكی بە دوو سێ هەزار دینارە، یان كیلۆی گۆشتی ئاژەڵ لە حەوت هەزار دینار دانەبەزێت، دەتوانێت گرنگیی تەواو بە پڕۆژەكانی بدات. بۆیە پێویستە پلان هەبێت، بزانین ئەو بەرهەمە جووتیارەكە زیانی تێدا ناكات، ئەو جووتیارانەش ئەگەر هاتوو بەرهەمی باشیان بوو، خولیایان زیاتر دەبێت لەسەر بەخێوكردنی مەڕوماڵات و كشتوكاڵیش دەبووژێتەوە و زۆر دەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت كار بۆ دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری ساردكەرەوە لە نزیك دەشتە كشتوكاڵییەكان و لە ناو عەلوەكان بكات، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانەی كە زۆرن دابەشی سەر وەرزەكانی ساڵی بكات و بەشی هەموو وەرزەكان بكات. ئەم ساردكەرەوانە دەبێت ساردكەرەوەی حكومەت بێت، چونكە كەرتی تایبەت نرخی زۆری دەهێنێتە سەر، حكومەت دەتوانێت پاڵپشتییەكی لەسەر بكات كە زۆر جووتیار خۆیان دایدەنێن. ساردكەرەوە پێویستە بۆ ئەم سەردەمە، بۆ نموونە كاتێك لە كێڵگەكانی پەلەوەر نرخەكان دادەبەزێت و جووتیار بەرهەمی زۆری هەیە، لەو كاتەدا حكومەت دەتوانێت لە ساردكەرەوەكە بەرهەمی پەلەوەر لە جووتیارەكە بكڕێت، ئەو كات جووتیارەكە دڵنیا دەبێت كە بەرهەمەكەی بازاڕی هەیە و حكومەت پاڵپشتی دەكات. لەلایەكی دیكەوە لە گومرك و عەلوەكان نابێت ڕێگا بدرێت، كەسانێك قۆرخی بكەن و بە هەرزان بەروبووم لە جووتیار بكڕن و بە گران لەبازاڕدا بیفرۆشنەوە، بەتایبەتی لەوەختی پێگەیشتنی میوەجاتەكان، ئەگەر ئەو ساردكەرەوانە هەبن، جووتیارەكە یان كڕیارەكە ئەمباری دەكات و لە زستاندا دەیفرۆشێ. بۆیە حكومەت چی زیاتر گرنگی بە ساردكەرەوەكان بدات، هێشتا كەمە. بۆ نموونە ماوەیەكی دی كە جووتیارەكە بەرهەمی ترێ دێ، نازانێ لە كوردستان چی لە بەرهەمی ترێ بكات، كاتێك هەنار دێ، نازانێ چی لێ بكات، بە ملیۆنان تۆنی لێ دێتە بازاڕ. جووتیاری ئێمە زیرەكە، بەڵام ڕێڕەوی دیار نییە، نازانێت بە چ شێوەیەك هەستێ بە پەرەپێدان و بووژانەوەی كشتوكاڵی. ڕێخۆشكەرێكی نییە، ڕێگایەكی دیكەش نییە. هەر خۆی و خۆیەتی. ئەوەی كرا، هەر بە خۆی دەكات، ئەوەندەی پێ دەكرێت. هیچ كەسێك نییە دەستی بگرێت، یان پشتگیری بكات، بە هەر شێوەیەك بێت، لە شێوەی ساردكەرەوە بێت، یان لە شێوەی بەبازاڕكردن بێت، هاوكات كشتوكاڵ كردن دەبێت بە پشتبەستن بە زانیاری و زانستی هاوچەرخ بێت. بۆ نموونە جۆرێك تۆو دەچێنرێت، باش نییە، ئەو تۆوەی ئێمە هێناومانە، ئەو جۆرەیە، دەبێت حكومەت بە خۆی بڕواتە ناو چینی جووتیار و كشتوكاڵ. نابێت وا بكەین كە جووتیار هەر خۆی و خۆی بێت. ئەوەتا گەنم لە كوردستان نیوەی وەردەگرێ و نیوەی وەرناگرێ. ئەی ئەو نیوەی وەری ناگرن، جووتیارەكە چی لێ بكات؟ دیارە بێزار دەبێت. پاڵپشتی نەبێت و ئاو و خاك و پەین و كارەبا و ڕێگاوبان و دەرمانی قڕكەرەكان و چەندین هۆكاری دیكە هەر هەموویان جووتیار ماندوو دەكات.
