ڕۆڵی ئاسایشی وزە لە پاراستنی ژینگەدا
واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكا لە بواری وزەدا لە واشنتۆن بە سەرپەرشتیی ڕێزدار سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەنگدانەوەی بەهێزی هەبوو لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا، لەبەر زۆر هۆ، كە ئەمانەی لای خوارەوە هەندێكیانن:
یەكەم: ئەم ڕێككەوتنە ئاماژەیەكی تێدایە بۆ پشتیوانیی ئەمریكا لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان.
دووەم: هاوكاتبوونی دیدارە فەرمییەكانی ڕێزدار سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا لەگەڵ ساتەكانی واژۆكردنی ئەم ڕێككەوتنەدا ئاماژەی تێدایە بۆ یاساییبوونی گرێبەستەكان.
سێیەم: سوودەكانی ڕێككەوتنەكە و گرێبەستەكان گشتگیرن، بە جۆرێك لە یەك كاتدا سوودیان بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراقیش هەیە.
چوارەم: خودی ڕێككەوتنەكە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لای ئیدارەی ئەمریكا تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
تایبەتمەندییەكانی غازی سرووشتی وەك سەرچاوەیەكی وزە:
غازی سرووشتی وەك سەرچاوەیەكی وزە سوودی یەكجار زۆری هەیە، كە لێرەدا دەتوانین بەلای كەمەوە ئاماژە بە (10) سوود و تایبەتمەندییەكەی بكەین:
1- سووتەمەنییەكی خاوێن: غازی سرووشتی یەكێكە لە پاكترین سەرچاوەكانی سووتەمەنیی بەردین بە هۆی كەمیی دەرهاویشتە كاربۆنییەكان بەراورد بە هەر یەك لە خەڵوزی بەردین و نەوت، بەمەش كەمتر ژینگە پیس دەبێت و كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەواش كەمتر دەبێت.
2- كارایی وزە: غازی سرووشتی كارایە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبادا.
3- ئاسانی لە كۆگاكردن و گواستنەوە: لە ڕێگەی هێڵی گواستنەوە و كەشتییەوە.
4- تێچووی ئابووری: بژاردەیەكی ئابوورییە بەهۆی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كەمە.
5- پشتگیریی داهێنانە تەكنۆلۆژییەكان: ئاسانتر بەدەمەوەهاتنی هەیە لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نوێ لە دەرهێنانی بەردەوامدا.
6- دەستگرتن بەوزەی نوێبووەوە: بەهۆی ئەوەی غازی سرووشتی چارەسەرێكی مامناوەندە لە نێوان سەرچاوەكانی سووتەمەنیی بەردین و وزەی نوێبووەوەدا.
7- سەلامەتی لە بەكارهێناندا: غازی سرووشتی یەكێكە لە سەلامەتترین سەرچاوەكانی وزە بەراورد بەوانی دیكە.
8- فرەیی لە بەكارهێناندا: بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، گەرمكردنەوە، چێشتلێنان، گواستنەوە.
9- بەردەوامیی ئابووری: بەهۆی هەرزانی و بەردەوامیی لە هەبوون و لە بەكارهێنانیدا.
10- ڕۆڵی هەیە لە فراوانكردنی تۆڕ و ژێرخانی وزەدا بەهۆی گەیاندنی بە زۆرترین خەڵك و شوێنەكان.
نموونەیەكی مێژوویی بۆ ئاسایشی وزە:
لە ساڵی 1911 گفتوگۆیەكی دوور و درێژ هاتە ئاراوە لە نێوان بەرپرسانی دەریایی شانشینی بەریتانیاوە لە بارەی جۆری ئەو سووتەمەنییەی پێویستە بۆ كەشتیگەلی بەریتانیا، كە ئایا خەڵووزی بەردین بێت، یان نەوت؟ سەرئەنجام وێنستۆن چەرچڵ كە ئەو كات فەرماندەی هێزی دەریاوانیی بەریتانیا بوو، ڕای وابوو كە پێویستە ئاسایشی وزە پارێزراو بێت، بەومەرجەی كە بەریتانیا پشت نەبەستێت بە «یەك جۆری وزە، یەك ڕێگەی گواستنەوە، یەك وڵاتی هەناردەكار».
لەوساوە هەتا ئەمڕۆ هەمووان كۆكن لەبارەی گرنگی و بایەخپێدانی چەمكی ئاسایشی وزەوە، بەڵام جیاوازن لە پێناسەكردن و ناساندنیدا، بۆیە هەر وڵاتەو هەر دامەزراوەیەك لە ڕووانگەی بەرژەوەندیی خۆیەوە لێی دەڕوانێت و پێناسەی دەكات، وەك ئەمانەی لای خوارەوە:
یەكەم: لە پێناسەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە:
چەمكی ئاسایشی وزە بریتییە لە:
1- بەردەستبوونی بەردەوام و نەپچڕاویی سەرچاوەكانی وزە.
2- پارێزراویی سەرچاوەكانی وزە.
3- مسۆگەركردنی گەیشتنی بەرهەمەكانی بۆ بەكارهێنەرانی.
4- وەڵامدانەوەی خێرا لە بەرانبەر هەر گۆڕانێكی كتوپڕ لە هاوسەنگیی نێوان بەكاربردن و خستنەڕوودا.
دووەم: لە پێناسەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان:
چەمكی ئاسایشی وزە بریتییە لەو حاڵەتەی كە تێیدا وزە:
1- دەستەبەر بێت.
2- لە هەموو كاتێكدا هەبێت.
3- بە شێوەی جۆراوجۆر بێت.
4- بە بڕی پێویست بێت.
5- بە نرخی گونجاو بەردەست بێت.
سێیەم: لە پێناسەی كۆمیسیۆنی ئەوروپادا :
چەمكی ئاسایشی وزە بریتییە لەو حاڵەتەی كەتێیدا وزە:
1- فرە جۆر بێت.
2- باش بێت لە بەكارهێناندا و كەم تێچوو بێت لە نرخدا.
3- لە زیاتر لەیەك وڵاتێكەوە بێت.
4- خۆبەدوورگرتن لە قەیرانی بازاڕی وزە.
چوارەم: لەپێناسەی ڕووسیادا:
چەمكی ئاسایشی وزە بەپێی بەرژەوەندیی ڕووسیا بریتییە لەو حاڵەتەی كە تێیدا وزە:
1-پارێزراو بێت.
2- بە نرخی بەرز بێتە فرۆشتن لەلایەن ڕووسیاوە.
3- بۆ ماوەی درێژخایەن فرۆشتنی مسۆگەر كرابێت.
4- بە ئاسانی و ئارامی بگەیەنرێتە بازاڕەكانی جیهان.
پێنجەم: لە پێناسەی ئەمریكادا:
چەمكی ئاسایشی وزە بەپێی بەرژەوەندیی ئەمریكا بریتییە لەو حاڵەتەی كە تێیدا وزە:
1- كەمكردنەوەی هاوردەكردنی وزە.
2- بایەخدان بە فرەجۆریی لە بەرهەمهێنانی وزەدا.
شەشەم: لە پێناسەی چیندا :
چەمكی ئاسایشی وزە بەپێی بەرژەوەندیی چین بریتییە لەو حاڵەتەی كە تێیدا وزە:
1- لە ڕووی هاوردەكردنەوە زامن كرا بێت.
2- وزە فرە سەرچاوە و فرە جۆر بێت.
حەوتەم: چەمكی ئاسایشی وزە بە شێوەیەكی گشتی:
بریتییە لە هەبوونی وزە:
1- بە بڕی پێویست و بەردەست لە بازاڕەكانی جیهاندا.
2-بە نرخێكی گونجاو و جێگیر و بەردەوام.
3- پەرەپێدانی سەرچاوەكانی بە تەكنۆلۆجیای نوێ.
4- باش بەكارهێنان و دەستپێوەگرتنی.
5- هەبوونی گەرەنتیی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە.
ئەنجام:
لەسەر وڵاتانی جیهان پێویستە یەكگرتوو بن لەپێناوی:
1- پاراستنی سەرچاوەكانی وزە.
2- سەلامەتیی بەردەوامبوونی.
3- زامنكردنی ڕێگەكانی گواستنەوەی.
4- داڕشتنی ڕێككەوتننامە و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پابەندكار.
5- دانانی میكانیزمەكان و هێڵە گشتییەكانی جێبەجێكردنیان.
6- پەیڕەوكردنی سزادانی گونجاو بۆ سەرپێچیكاران.

عهبدولرهحمان سدیق