بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی ووڵاتەكەم بگاتە ئاستی جیهانی

بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی ووڵاتەكەم بگاتە ئاستی جیهانی

محەمەد كەریم یاریزانی بالەی هەڵبژاردەی عێراق

بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی ووڵاتەكەم بگاتە ئاستی جیهانی
شارۆچكەی ئاڵتون كۆپری سەر بە پارێزگای كەركووك یەكێك لەو شارانەی كوردستانە كە خاوەنی چەندین یاریزانی بەهرەمەندن لە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشی، ئەم شارە لە مێژووی خۆییەوە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە یاری تۆپی بالە كە ناویان لە مێژووی عێراقی بە بەرزی ماوتەوە لە وەرزش كردن، یاری بالە لە ئێستادا لە گەشەسەندنی بەردەوامە لە نێوان وەرزشكارانی گەنج بەهرە و خولیاكانیان لە خەونەكانیان گەورەترە بۆ ئەم یارییە یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كە ئەویش یاریزان محەمەد كەریم-ە لە دایك بووی ساڵی 1998ی شارۆچكەی پردێیە و خاوەن ئاستێكی بەرزە جگە لەوەی یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی نیشتمانی عێراقییە و یاری بۆ هەریەك لە یانەكانی غازی جنوب و بەحری و پێشمەرگەی سلێمانی و هەولێر یاری كردوە، ئێستاش یاریزانی یانەی شورتەی شاری بەغدایە ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد ئەوەیش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری بالەی چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
- لە ئاستێكی خراپە نەبوونی خول و كەمی یاریزان و كەمی یانەكان وای كردیە بگات بەم شێوەیەی ئێستا.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی؟
-لە ئاستی عێراقیش وەكو وڵاتانی دراوسێ نییە، نەك ووڵاتانی تر ئەو گرینگییەی بە یاری تۆپی پێی دەدرێت ئەوانی تریش پشگوێ خرایە، لەم كاتەی ئێستادا هەمووو یارییەكانی تر ئەنجامی باشترە لە یاری تۆپی پێی.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-دەبێت ئەكادیمیایەكی گەورە لە هەر پێنچ پارێزگای كوردستانی بكرێتەوە بۆ ماوەی چەند سالێك بەردەوام بێت، پێویستە ڕاهێنەری بیانی لە خۆی بگرێت بۆ ئەوەی نەوەیەكی جوان لە دوای خۆمان دروس بكەین بۆ ئەوەی ئاستی یاری بالە لە كوردستان بەرەوپێشبچێت.
*ماوەیەک ڕووت لەیانەی عەرەبی کوێتی کرد، بۆچی وازت لەیانەکە هێنا کەدەورت پیشەگەری بوو ؟
-گرێبەستەكەم لەگەڵیان بۆ ماوەی نیو وەرزبوو لە سەر ئاستی خواستی خۆم بوو .
* ئامانجی چوونت بۆ یانەکانی دەرەوه تەنیا بۆ پارە بوو یان بۆ ھۆکاری تر بوو؟
- نەخێر تەنیا ویستم ئەزموونێكی پیشەگەری تاقی بكەمەوە لە بەر ئەوەی ئەمە ئاواتێكی ژیانم بوو لە وەرزشدا.
*چۆن بڕیارت دا بگەرێتەوە یانەی وەرزشی ھەولێر؟
- دوای گەڕانەوەم لە ووڵاتی كوێت تەنها بۆ پاڵەوانێتی عەرەبی لەگەڵ یانەی هەولێر بووم، دوای ئەوە پەیوەندیم بە یانەی شورتەی بەغداد كرد لە ئێستادا لەگەڵ یانەی شورتەی بەغدام.
*کێشەو گرفتان چیە یاری بالە لە چی دەبینیت؟
- نەبوونی سیستەمێكی ڕاست و دروست لەم یارییە، نەبوونی ڕاهێنەری باش و ئەزموونی كەم و نەبوونی هۆڵی باش بۆ مەشق و یاری كردن، نەبوونی شایستەی دارایی.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەوو پاشدایە؟
-ئاتی ئەم یارییە لە بەرەوپاشچووندا نییە تەنها ئەوەیە ئێمە وەكو ووڵاتانی دەوروبەر هەنگاو نانێن، هەموو وڵاتان بەرەوپێشوونیان بە خۆیانەوە بینی تەنها ئەم یارییە لە عێراق لە ئاستی خۆیەتی هەندێك جموجۆڵ هەبووە بەرەوپێش بچێت، بەڵام هەنگاوەكان بەس نین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم یارییە ببەینە پێشەوە ئێمە گیروگرفتی زۆرمان هەیە یەكێك لەوانە پلانێكی دوور مەودا نییە بۆ ئامانجێكی دیار كراو كاری بۆ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەی شارینەوە ئاستی ڕاهێنەران لە ئاستی ڕاهێنەری بیانی نییە، یەكێتی بالەی عێراقیش پێنج ساڵە گیروگرفتی زۆر گەورەی هەبووە نەپڕژاوەتە سەر یارییەكە، پێویستە بەدوای هەنگاوی گەورە دوورمەودا بنێن بە گرنگیدان بە ئاستەكانی تەمەن وەكو قوتابخانە و لاوان و تازەپێشكەوتووان یەكێتی بالە سەرپەرشتی بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە بكات.
*گرفتی دارایی بەشێک لەیانەکان کاریگەری لەسەریاریزانان دروست دەکات؟
- ڕاستی دەبێ بڵێن سەرەتا لایەنی پەیوەندیدار كەم تەرخەمیان لە وەرزش و گرنگی پێنەدان وای كردیە وەرزش بەرەو ئاقارێكی زۆر خراپ بڕوان نەبوونی خزمەتگوزاری باش بۆ وەرزش.
*ھیواو ئاواتت وەکو کوڕە یاریزانێک لەم یارییە؟
-بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی ووڵاتەكەم بگاتە ئاستی جیهانی.
*باشترین ئەنجامەکانت وەکو یاریزان؟
-لەگەڵ یانەی بەحری و غاز پلەی یەكەمی عێراق، لەگەڵ پێشمەرگە و بەحری و هەولێر پلەی دووەمی عێراق ئەم ساڵ باشترین یاریزانی عێراق دیاری كرام ئەوەی ئەوەی گەیشتمە هەڵبژاردەی عێراق و پلەی پێنجەمی پاڵەوانێتی عەرەبی و بوومە باشترین یاریزانی هێلی یاری كردنی خۆم.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-هیوادارم بتوانم هەنگاو باشتر بنێم بۆ ئايينده ساڵی دیكە ناسناوی یەكەمی عێراق بەدەست بهێنم.
*چی بە رپرسانی وەرزشی دەلێ؟
-وەزرش تێكەل بە سیاسەت نەكەن هەست بە بەرپرسیاریەتی زیاتر بكەن بۆ وەرزش و سیمایەكی جوان وەكو خۆی نیشان بدەن.
*ھەوڵت نەداوە قوتابخانەیەکی پیگەیاندنی یاریزانان بکەیتەوە؟
- بەڵێ پەنا بەخوا لە داهاتوو بتوانم ئەكادیمیایەك دروست بكەم و كۆمەڵە یاریزانێكی باش بگەینمە لوتكەی یانە گەورەكانی عێراق بۆ ئەوەی یاری بكەن.
*لە کۆتایدا ئەگەر شتێکت ماوە؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشكارانە.

 

Top