۲٦ـی گوڵان شۆڕشی بنیاتنان و شوناسی نەتەوەیی
:
شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری ئامانجەکانی شۆڕشی ئەیلولی مەزنە و خەباتێکی درێژخایەنە کە گەلی کورد دەیان ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، و وەرچەرخانێکی چارەنووسسازە لە مێژووی پڕ سەروەری و دەستکەوتی گەلی کورد بەرامبەر بە ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، و پشتڕاستی کردەوە کە گەلی کورد هەرگیز گەلێکی ملکەچ نەبووەو نابێت، بەڵکو هەمیشە داکۆکیکاری ئازادی و کەڕامەت و مافە ڕەواکان بووە.
شۆڕشی گوڵان تەنها سەرەتایەکی نوێ نەبوو بۆ ڕزگاری خاک و گەلێک، بەڵکو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی هێزی سەرکردایەتی و قووڵایی باوەڕبوون بە دۆزی گەل و سەربەخۆیی و دادپەروەری و خۆڕاگری بوو، کە بە سەرکردایەتی و دونیابینی بارزانی نەمر بە دیهات و نسکۆ گۆڕدرا بۆ ڕێبازێکی نەتەوەیی بە ئاگاتر و ڕێکخراوتر، بە درێژەپێدان بە ڕێبازی پیرۆز و لە ژێر سایەو حیکمەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە بناغەی پتەوی دامەزراوە یاساییەکان و چەسپاندنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێزەوە جێگیر کرا.
لەم ڕۆژە پڕ شکۆیەدا یادی ئیڕادەی بەهێزی گەلێک دەکەینەوە بە ڕابەرایەتی سەرۆک مسعود بارزانی کە خۆبەدەستەوەدان و دەستبەرداربوون لە مافە ڕەواکانی گەلەکەیان ڕەتدەکەنەوە، و بۆتە بڕگەیەکی مێژوویی بەرچاو لە خەباتی گەلی کورددا و وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە دووپاتکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و هێمای بەهێزی خۆڕاگری.
سەرۆک بارزانی دەفەرموێت "هەرچی دەکەن بیکەن، بەڵام شەڕی شکاندنی ئیڕادەمان لە گەڵ نەکەن چونکی ئیڕادەی ئێمە بەکەس ناشکێ".
ئەم چەمکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر هزری نیشتمانپەروەران و گۆڕینی شۆڕشی چەکداری بۆ پرۆسەیەکی بنیاتنانی درێژخایەن، کە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی بوونەتە پایەی بنەڕەتی بۆ پاراستنی یەکێتی گەل و خۆڕاگریی لە بەرامبەر تەحەددیاتەکاندا.، هەر لە ژێر ڕۆشنایی فەرمایشتی جەنابی سەرۆک بارزانی ئێمەش بەڵێن ئەدەین بە ئیڕادەیەکی بەهێز و هەمان ڕۆحی شۆڕش درێژە بە ڕێگای خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان بدەین، لە پێناو پارێزگاری کردن لە دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و دامەزراوە یاساییەکان بۆ هاتنەدی ئاواتی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.
لە ٤۹ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان دەنێرین، هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری بێ وەستانی هەموو تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی ئەو نیشتیمانپەروەرانەی كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و مێژووییەکی پڕ لە شانازییان بۆ خۆیان و بۆ گەلەكەمان تۆمار كرد.
۲٦ـی گوڵانی ۲۰۲٥

حهسیبه گهردی