د.دیار نافع سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان:   پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ بەندە بە پێشكەوتنی زانستی كشتوكاڵەوە، بەڵام هیچ كاتێك لە هەرێمدا ئەندازیاری كشتوكاڵ هەستی نەكردووە ئەندازیارە

د.دیار نافع  سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان:     پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ بەندە بە پێشكەوتنی زانستی كشتوكاڵەوە، بەڵام هیچ كاتێك لە هەرێمدا ئەندازیاری كشتوكاڵ هەستی نەكردووە ئەندازیارە

 

د.دیار نافع، سەرۆكی سەندیكای ئەندازیاری كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستانە و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بواری سامانی ئاژەڵ، لەم بوارەشدا بێجگە لە نامەی ماستەر و تێزی دكتۆراكەی، چەندین توێژینەوەی زانستی و مەیدانیی گرنگی هەیە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، جیا لەوەی باسی لە گرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵ كرد، لە هەمان كاتدا هەڵوەستەشی لەسەر ئەوە كرد، كە دەبێت بایەخی زیاتر بە ئەندازیارانی كشتوكاڵ بدرێت و، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

هەرێمی كوردستان هەموو ئەو تایبەتمەندی و مەرجانەی هەیە كە زەمینە خۆش دەكەن بۆ ئەوەی پەرەپێدانی گەورە لە كەرتی كشتوكاڵدا ئەنجام بدەین، بەتایبەتی كە خاكەكەی زۆر بەپیتە و كەشوهەواكەی زۆر گونجاوە، بۆیە كە لەم ڕوانگەیەوە خۆێندنەوە بۆ كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە ڕاستی لەو ئاستەدا نایبینین كە شایستەی هەرێمی كوردستانە.

بێگومان وەك پسپۆرییەكەی خۆم زیاتر لەسەر پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ قسە دەكەم، لەم چوارچێوەیەدا لە دوای ئەو پشتگیری و پاڵپشتییەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی كشتوكاڵ كردی، لە كەرتی سامانی ئاژەڵیدا ڕەنگدانەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەر بۆ نموونە ئێستا لە بەرهەرمی هێلكەی خواردندا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە ئەوەی پێداویستییەكانی هەرێم دابین بكەین و بەشێكیشی ڕەوانەی بازاڕەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بكەین، بەهەمان شێوە ئاستی بەرهەمهێنانی گۆشتی سپی، هەروەها بەرهەمهێنانی ئالیك، ئامێری هەڵهێنەری هێلكە لە ئاستێكداین كە بەرهەمەكان بەشی عێراقیش بكات، لەمەش زیاتر كار لەسەر ئەوە كراوە كە بەرهەمی هێلكەی كوردستان ڕەوانەی بازاڕەكانی كەنداو وەك «قەتەر و ئیماراتیش» بكەین. بەڵام وێڕای ئەم بەرەوپێشەوەچوونەش لە كەرتی كشتوكاڵدا، كۆمەڵێك ئاستەنگ و گرفتیشمان هەیە، كە دەبێت هەوڵەكانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.

بەو پێیەی كە من ئێستا سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵیم، دەمەوێت پرسی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی گرێ بدەمەوە بە كەفائەی ئەندازیار و كارمەندانی كشتوكاڵییەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی كاتێك باسی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی دەكەین، دەبێت بزانین چۆن ئەندازیار و كارمەندانی كشتوكاڵی بۆ ئەم مەبەستە پێبگەیەنین، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر پەرەپێدان لەم كەرتە گرنگەدا بكەن.

پێش هەموو شتێ پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ بەندە بە پێشكەوتنی زانستی كشتوكاڵەوە، ئەمە ڕاشكاوانە واتە پەیوەستە بە زانكۆ و ئەو كارمەندانی لە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ كار دەكەن، بەڵام وەك لەم گفتوگۆیەدا ڕاشكاوانە ئاماژە بەوە كرا، كە هیچ كاتێك ئەندازیاری كشتوكاڵ هەستی نەكردووە ئەندازیارە، من بە تەواوەتی پشتگیریی ئەم بۆچوونە دەكەم و ڕاشكاوانە دەڵێم: هەرگیز مامەڵەی ئەندازیارمان لەگەڵ نەكراوە و تەرخانكراوی ئەندازیاری «مخصصات المهندسین»مان بۆ خەرج نەكراوە. لە ساڵی 2019 لە بەغدا ئەو تەرخانكراوە بۆ ئەندازیاری كشتوكاڵ سەرف كرا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی حكومەتیشمان ئاگادار كردەوە، بەڵام پێیان گوتین دەبێت خۆمان ڕێك بخەینەوە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو تەرخانكراوەی ئەندازیارانی كشتوكاڵی سەرف بكات.

- بایەخدانی هۆیەكانی ڕاگەیاندن بە كەرتی كشتوكاڵ لە ئاستێكی زۆر نزمدایە و لە ناو بەرنامەی كەناڵە تەلەفزیۆنییەكاندا بایەخی تەواو بە كەرتی كشتوكاڵ نادرێت، تەنانەت ئەگەر بەرنامەیەكیش لەسەر كەرتی كشتوكاڵی بە لەسەر سامانی كشتوكاڵ «ڕووەكی و ئاژەڵی» بكەن، دەبینین خەڵكانێك بانگهێشت دەكەن بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بەرهەمانە بكەن، كە لە ڕووی زانستییەوە بێ ئاگان، یان ناتوانن بە شێوەی زانستی پرسەكە بۆ هاووڵاتیان ڕوون بكەنەوە و ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان هان بدرێن زیاتر بەروبوومە كشتوكاڵییە خۆماڵییەكان بكڕن و خۆیان لە بەروبوومی كشتوكاڵیی دەرەوە دوور بخەنەوە. هەر بۆ نموونە من هەوڵی ئەوەم داوە كە خەڵك لەوە تێبگات مریشكێك بخوات كە دوو كیلۆ زیاتر نەبێت، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی مریشكێك دوو كیلۆ بێت، تەندروسترە لە مریشكێك كە 3-4 كیلۆ بێت، بۆ بەرهەمهێنانیش تێچووەكەی كەمتر دەبێت، لەبەر ئەوەی نزیكەی 15-20 ڕۆژ زووتر دەخرێتە بازاڕەوە، كە تێچووی ئالیكەكەی كەم دەكاتەوە و نرخەكەشی لە بازاڕدا گونجاوتر دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن بەگشتی و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانەوە بایەخی زۆر زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و هۆشیاریی كشتوكاڵی بدرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دەكەن و كامیان باشتر و تەندروستترە بۆ ئەوەی بیخۆن، بەڵام بەداخەوە لەم چوارچێوەیەدا ئەو جۆرە بەرنامانە لە هۆیەكانی ڕاگەیاندنی ئێمە ئەگەر نەشڵێن هەر نییە، بەڵام زۆر زۆر كەمن.

- پرسێكی دیكە كە زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ پرسی «بیمەی كشتوكاڵی»یە، یان ئەوەی پێی دەگوترێت «التأمین الزراعي»، لەم بوارەدا ئێمە ساڵانە چەندین حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە ناو كێڵگە و پڕۆژە كشتوكاڵییەكاندا دەبینین، بەڵام هیچ دەزگایەك، یان بانكێك كاری لەسەر تەئمینی كشتوكاڵی نەكردووە، بۆ ئەوەی قەرەبووی جووتیارەكە بكاتەوە. ئێ باشە جووتیار هەیە یەك جار پڕۆژەكەی ئاگر بگرێت، ئیدی ماڵوێران دەبێت و دەستمایەكەی دەبێتە سفر و ناچار دەبێت واز لە كشتوكاڵ بهێنێت، بۆیە زۆر گرنگە پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، كە كاری جددی بۆ تەئمینی كشتوكاڵی بكات.

- پرسێكی دیكە كە مەترسییە لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی، پرسی ڤاكسینە، بە ڕاستی ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستاندا ڤاكسین وەك بۆنی لێ هاتووە و دەچیت دەیكڕیت و ڕاستەوخۆ لە مریشكەكانی دەدەیت، كە ئەمە زۆر ترسناكە لەسەر سامانی كشتوكاڵ، لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەوڵەت چاودێریی توندی لەسەر ڤاكسینەكان داناوە و ئەو بڕیار دەدات كام ڤاكسین دەبێت بەكار بهێنرێت و كام ڤاكسین نابێت بەكار بهێنرێت، بۆیە لەم لایەنەشەوە دەبێت حكومەتی خۆمان بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی ڤاكسینەكان بكات.

- زۆر گرنگە ناوەندەكانی خوێندنی كشتوكاڵی ڕاستەوخۆ بە جووتیارانەوە گرێ بدرێنەوە، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك جووتیار لە ناو كێڵگەی ئەوجا كێڵگەی ڕووەكی بێت، یان ئاژەڵی، بتوانێت سەردانی پسپۆڕانی كشتوكاڵی بكات و ئەوان هاوكاریی بكەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتەی بۆ چارەسەر بكەن، یان ڕێگەیەكی زانستیی تازەی بۆ دیاری بكەن، بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو گرفتەدا بكات. كۆلیژەكانی كشتوكاڵ دەبێت ڕاستەوخۆ توێژینەوەی زانستی لەسەر گرفتی كێڵگەكانی كوردستان بكەن و بە شێوازی زانستی چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، لەم بوارەدا من وا هەست دەكەم جۆرێك لە دابڕان لە نێوان ناوەندەكانی خوێندنی زانستی كشتوكاڵی و جووتیاراندا هەیە، بۆیە دەبێت ئەم لایەنە بە باشی ڕەچاو بكرێت و ئەو دابڕانە پڕ بكرێتەوە.

- بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمە كشتوكاڵییەكانمان ململانێی بازاڕ بكەن و تێچووی بەرهەمەكان كەم ببێتەوە، دەبێت هاندەر بین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەی كشتوكاڵی و لە پڕۆژەی بچووك دوور بكەوینەوە، ئەمەش بەوە دەكرێت كە ئاسانكاریی زیاتر پێشكەشی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی گەورە بكەین، بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە پڕۆژە گەورەكانی كشتوكاڵدا بخەنە گەڕ، بۆ ئەوەی بتوانرێت نرخی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە بازاڕەكانی كوردستاندا بهێنرێتە خوارەوە و، وەك ئاماژەی زۆری پێ كرا، بتوانێت لە ململانێی نرخ لەگەڵ بەروبوومی هاوردەدا سەركەوتوو بێت، بەڵام پڕۆژەی كشتوكاڵی چەندە بچووك بێت، بێگومان تێچووی بەرهەمەكە زیاتر دەبێت، پاشانیش ناتوانێت لە ململانێی نرخی بازاڕدا سەركەوتوو بێت. ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەستی پێ دەكرێت، زیاتر هاندانی ئەنجامدانی پڕۆژەی بچووكە، هاتووین هەر 20 دۆنم زەویمان بۆ پڕۆژەیەكی بچووكی كشتوكاڵی تەرخان كردووە و لەسەر وەبەرهێنەرەكە تاپۆ كراوە، بۆیە ئەگەر بەم ئاراستەیە بەردەوام بین، ئەوا لە ماوەیەكی دیاریكراودا زەویی كشتوكاڵیمان نامێنێت و بەشێكیش لەو كەسانەی كە زەویی كشتوكاڵییان وەرگرتووە، لەوانەیە زەوییەكە بفرۆشن و بۆ كاری كشتوكاڵییش بەكاری نەهێنێن.

- دوایین خاڵ كە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بكەم، دامەزراندنی ئەندازیارانی كشتوكاڵە، هەموو لایەك ئاگادارن لە ساڵی 2012وە هیچ ئەندازیارێكی كشتوكاڵ دانەمەزرێنراوە، ساڵانەش بەشێكی ئەندازیارانی كشتوكاڵ خانەنشین دەبن، بۆیە ئەگەر چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە نەدۆزرێتەوە، ئەوا وردە وردە ئەندازیارانی كشتوكاڵی لە فەرمانگاكانی كشتوكاڵ نامێنن، بۆ ئەمەش یان دەبێت حكومەت ژمارەیەكی باش لە ئەندازیارانی كشتوكاڵ دابمەزرێنت، یان دەبێت جەردی ئەندازیارانی كشتوكاڵ لە ناو كۆی هەموو وەزارەتەكاندا بكرێن و، ئەوانەی كە ئەندازیاری كشتوكاڵین و لە وەزارەتەكانی دیكە كاردەكەن، بخرێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ئێستا دروست بووە، بتوانرێت پڕ بكرێتەوە.

پرسی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بە هەردوو سامانی ڕووەكی و ئاژەڵییەوە پێویستی بە هەماهەنگیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە، بەتایبەتی بڕیاری حكومەت بۆ پشتگیریی ئەم پرۆسەیە و پاشانیش هاریكاری و هەماهەنگیی پێویست لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و كۆلیژ و پەیمانگە كشتوكاڵییەكان، لەگەڵ جووتیاران و پڕۆژە كشتوكاڵییەكانی كەرتی تایبەت.

Top