پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: تەنیا بە پشتیوانیكردنی بەرهەمهێنەرانی بواری كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی باج لەسەریان ئەم كەرتە دەبووژێتەوە  

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  تەنیا بە پشتیوانیكردنی بەرهەمهێنەرانی بواری كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی باج لەسەریان ئەم كەرتە دەبووژێتەوە   

 

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆپ چاپی ئینگلیزییە و، مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، بەم جۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.

 

كشتوكاڵ و بوونی خاكی كشتوكاڵی و ژینگەی لەبار، یەكێكە لە سامانە سرووشتییە گرنگەكانی وڵات، كە زۆر لە پسپۆڕان بە نەوتی بەردەوام باسی دەكەن. ئەڵبەتە وەك هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ناسراوین بە كشتوكاڵ و كۆنترین مێژووی ئەم ناوچەیە بە كشتوكاڵ ناسراوە و، لە ڕابردوو تا ئێستا پیشە و سەرچاوەی داهات و بژێوی بەشێك لە دانیشتووانەكەی بووە، كە دەگەڕێینەوە بۆ هەرە كۆنترین مێژوومان، دەڵێین سەردەمی كشتوكاڵ. دیارە چەندین جۆری بەروبوومی كشتوكاڵی لەم ناوچەیەدا هەیە، كە تایبەتە بە ناوچەكە و تەنیا لە ژینگەی ئێرەدا دەكرێت بڕوێت. ئەگەرچی زانستی نوێ لە بواری كشتوكاڵ و تۆو و جیناتەكانی ڕووەك و سەوزە و میوەدا، وای كردووە ئەمڕۆ زۆربەی جۆرەكانی كشتوكاڵ دەكرێت ژینگەی دەستكردی بۆ دروست بكرێت، لە نموونەی خانووە سەوزەكان. هەرێمی كوردستانیش بەشێك لەو پێشكەوتنەی پێ گەیشتووە.

باسەكە لێرەدا ئەوەیە چۆن ئەم كەرتە گەشەی پێ بدەین، چۆن ببێتە سەرچاوەیەكی زیاتری داهات و ئابووری بۆ وڵات و تاك. ئەوەی كە من لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە چۆن ئاستی وەبەرهێنان و هەناردەی بەروبوومەكانی كشتوكاڵ بەرز بكەینەوە، ئەم كارە پێش بەرهەمهێنان و كاتی بەرهەم و دوای چنینەوەی بەرهەم پێویستی بە گەشەپێدانە. پێش بەرهەمهێنان بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەم بوارەدا، یان سوودبینین لە توێژینەوەكان كە لە زانكۆكان ئەنجام دەدرێن، تاكو بزانرێت چەندە زەویی لەبارمان هەیە، كام بەرهەم بۆ ئەم ژینگەیە گونجاوە، سەرچاوەی ئاومان چەندە، كام ناوچەیە زۆرتر گونجاوە و زەویی كشتوكاڵیی هەیە، لە هەمان كاتدا چۆن تۆو و دەرمان و كەرەستەی پێویست دابین بكرێت بۆ جووتیارەكان، چۆن پشتیوانی بكرێن، چۆن كارئاسانییان بۆ بكرێت و چۆن زەوییە كشتوكاڵییەكان بپارێزین لەوەی نەكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون. لە هەمان كاتدا كاتی بەرهەمهێنان چۆن بتوانین كەرەستەی پێویست دابین بكەین بۆ پاراستنی بەرهەمەكان، كە بە نەمانی باران و هاتنی شەپۆلێكی گەرما و خۆڵبارین، یان گۆڕانێكی كتوپڕی ئاووهەوا كاریگەریی خراپ نەكاتە سەری و بیفەوتێنێت. لەكاتی چنینەوەش گرنگە بازاڕ بدۆزینەوە بۆ بەرهەمەكان و جووتیار نائومێد نەبێت، جگە لەوەی دەبێت كارئاسانی بكرێت لە كەمكردنەوەی باجی سەریان و پێدانی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە، بۆ ئەمەش دەكرێت ستراتیژێك هەبێت كە بۆ ماوەی نموونە ٢٠ ساڵی ئایندە لە ئاست بەروبوومی كشتوكاڵی دەمانەوێت بگەینە كوێ، چۆن پشتیوانیی جووتیار بكەین و داهێنان و كاری تازەیان فێر بكەین.

 یەكێك لە زانكۆكانی ئێران لە ناوچەی كرماشان جارێك لە ڕاگەیاندن باسی پەیوەندیی زانكۆ و جووتیارانی دەكرد، دەیگوت، ئێمە ساڵانە هەرچی دەرەنجامی توێژینەوە و دۆزینەوەی زانستیی نوێ هەیە لە بەشی كشتوكاڵدا، چەندین جار جووتیارەكانی ئەم ناوچەیە كۆدەكەینەوە و پێیان دەدەین، تاكو ئەوانیش داهێنان بكەن و كشتوكاڵ و باخەكانیان لە فەوتان ڕزگار بكەن. ڕاگەیاندن و بە بازاڕكردن ئامرازی گرنگن بۆ دۆزیەنەوەی بازاڕ و بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ. بەرنامەیەك هەبوو لە كەناڵی بی بی سی بەریتانی ناوخۆیی تەنیا دەگەڕا بەسەر ئەو كەسانەدا كە باخی جوانیان هەیە، هەركەس باخەكەی زۆرجوان بوایە، ناوی دەچووە كتێبێكەوە كە گەشتیارەكان و قوتابخانەكان لە ڕێگەی ئەو كتێبەوە سەردانیان دەكردن. قوتابخانەكان قوتابییەكانیان دەبرد بۆ ئەو باخانە و وانەیان لەسەر دەخوێندن و بڕێك پارەشیان دەدایە باخەوانەكە، بە هەمان شێوە لە ناو دەلیلی گەشتیاریی وڵاتیشدا ئەو باخە جوانانە هەبوون. ئەمە هاوكاریی باخەوانی دەكرد، كێبڕكێی جوانترین باخ بكات. لە هەمان كاتدا ڕێگە لە هاوردەی بەرهەمەكانی دەرەوە بگرێت كە خۆمان هەمانە، دەچیتە دووكانێكی میوە، دەڵێ كیلۆی تەماتەی خۆمانە بە دوو هەزار دینارە و تەماتەی ئێران، یان توركیا یان كوێ بە هەزار دینارە، ئەمە وا دەكات بەرهەمەكەی خۆت بشكێت.

Top