لۆرانس ڕۆبین پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتی لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا بۆ گوڵان:   ڕێككەوتنەكانی كڕینی چەك ڕێگەیەك بوون بۆ بەدەستهێنانی دڵی ترەمپ

لۆرانس ڕۆبین  پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتی لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا بۆ گوڵان:     ڕێككەوتنەكانی كڕینی چەك ڕێگەیەك بوون بۆ بەدەستهێنانی دڵی ترەمپ

 

 

لۆرانس ڕۆبین پڕۆفیسۆرە لە سكووڵی سام نون بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا و توێژەرە لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەندیدار بوون بە دەرئەنجامەكانی سەردانەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ناوچەی كەنداو و بە دیاریكراوی بۆ هەر سێ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر، كە ئاشكرایە ئەم سەردانە سەنگ و قورساییەكی گەورەی هەبوو، بەتایبەتی لە ڕووی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوانیان و ئاوێتەبوونی زیاتریان لەم ڕووەوە، هەروەها هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكانی سەر وڵاتی سوریا.

 

 

 

* سەردانەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەكەی كەنداو، بەرەوپێشچوونێكی گەورە و گرنگ بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەر سێ وڵاتی سعودیە و قەتەر و ئیمارات، ئێوە چۆن لە پاڵنەر و هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم سەردانە دەڕوانن؟

- ئەوەی لە میانەی ئەم سەردانەدا تەواو ڕوون بوو، ئەوە بوو كە هۆكارە و پاڵنەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنی داراییەوە، پتر لەوەی پەیوەست بوون بە كاروبارە سیاسییەكانەوە، واتە دەكرێت بەو شێوەیە گوزارشتی لێبكرێت كە زیاتر پەیوەندیدار بوون بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، واتە پاڵنەرەكەی گرێ درابوو بە بەرژەوەندییە جیۆ-ئابورییەكانەوە. هەروەها هەندێ پرسی سیاسییش هەبوون كە تاوتوێ كران، كە پرسی گرنگ بوون، ئەوە بوو لە پەراوێزی ئەم سەردانەشدا بڕیاری هەڵگرتن و لابردنی سزاكانی سەر سووریا درا، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشهاتێكی گرنگ بوو.

* تا چ ڕاددەیەك دەكرێت بڵێین ئەم سەردانە و ئەو ڕێككەوتن و بەرەوپێشچوونانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەم وڵاتانەدا بەدی هاتوون، بوونەتە هۆی ئەوەی تەواوی ناوچەكە بگۆڕێن و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێ بنێتە قۆناغێكی نوێوە؟

- من پێم وایە دۆخەكە لە بەرەوپێشچووندایە. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ڕووی دا گۆڕانكارییەكی گەورە بوو، بە بەراورد بە ڕابردوو، چەندین هۆكاریش هەبوون كە بوونە هۆی ئەوەی هەلومەرجەكە بەم ئاراستەیەدا بڕوات. هەر وەك گرێدانەوە و ڕوونكردنەوەیەكی زیاتری وەڵامەكە بە وەڵامی پرسیاری یەكەمەوە، ئەوا مایەی تاسان بوو كە جەختكردنەوەكە پتر لەسەر ئەوە بوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو پتر پرسەكانی پەیوەست بە تەكنەلۆژیا و وەبەرهێنان بكەنە ئەولەوییەت، لە كاتێكدا چەندین پرسی دیكەش لە ئارادان. وەك هەوڵی خاوكردنەوەی هەندێ لە ناكۆكییەكانی وەك كێشەی نێوان ئێران و دراوسێكانی، یان ئیسرائیل و دراوسێكانی، كە ئەگەر ئەمانە بەدی بێن، ئەوا دۆخەكە سەقامگیرتر دەبن بۆ وەبەرهێنانی ئابووری و بۆ هەڵگرتنی هەنگاو بە ئاراستەی ئایندەدا. هەرچۆنێك بێت، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت، كە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە میراتی سەرۆك ترەمپ لە ناوچەكەدا بچەسپێنرێت.

* ئەگەر بتوانین بڵێین كە سەردانەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەركەوتوو بووە، بەتایبەتی لە ئەنجامدانی چەندین یاداشتی لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن، ئایا دەكرێت ئەمانە لە ئایندەدا بەردەوام بن، بەتایبەتی كە ئەگەر گۆڕانكاری لە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ڕووبدات؟

- ئەوە ڕاستە كە بەردەوام لەم ڕووەوە بارگرژییەكی خامۆش لە ئارادا دەبێت. مەبەستم ئەوەیە ڕوون نییە، ئایا چەند ساڵێكی دیكە ترەمپ هەمان ئەو بایەخ و گرنگییە بەم پرسانە دەدات، یان كەسێكی دیكە جڵەوی دەسەڵاتی كۆشكی سپی دەگرێتەدەست، یان ئەوەتا هەندێ هێزی دیكە لە ناوچەكەدا دێنەئاراوە و سوود لە دۆخەكە وەردەگرن و ئەو كاتەش ئەمریكا هێندە خۆی لە بارودۆخەكەوە ناگلێنێت. پێم وایە ئەمە ترسێك، یان نیگەرانییەكی بەردەوامە. هەرچۆنێك بێت، گریمانەكە ئەوەیە كە ئەگەر مەودای بازرگانی بەرفراوانتر بكرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی ناكۆكییەكان. بەڵام من پێم وانییە دۆخەكە بەم شێوەیە بێت. بەڵام بۆ ماوەیەك بارودۆخەكە بە هێمنی و هێوری دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كێشە هەر بەردەوام دەبن.

* بە تێڕوانینی ئێوە ئەم سێ دەوڵەتەی كە سەرۆك ترەمپ سەردانی كردن، دەیانەوێت و خوازیاری ئەوەن چی لە بەرانبەردا دەست بهێنن، بەتایبەتی كە ڕێككەوتنی گەورەیان ئەنجام داوە و وەبەرهێنانێكی زۆر لە نێو ئەمریكا دەكەن؟

- من پێم وایە یەكێك لە دەستكەوتەكان بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هەروەها ڕەنگە یەكێكی دیكە بریتی بێت لە ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی باشی بازرگانی. واتە بەشێكی ئەم پرسە پەیوەستە بەوەی كە ئەم نزیكبوونەوەیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەوەیە كە ئەمە شێوازێكی دیپلۆماتی پیادە بكەن و ئەمەشیان پێ باشتر بێت لە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێراندا، ئەگەرچی هێشتا هەر گومانیان هەیە لە ئاست نیازەكانی ئێران لە ناوچەكەدا. هەرچەندە بەلای منەوە هێشتا هەندێ مەسەلە بە ناڕۆشنی ماونەتەوە.

* بەڵام پێت وانییە ئەم وڵاتانە ئومێد و چاوەڕوانییەكی زیاتریان هەبووبێت، واتە بە ئومێدی ئەوە نەبوون كە ڕێككەوتنی بەهێزی بەرگری و ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا واژۆ بكەن؟

- لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە لەو ڕێككەوتنانەی كڕینی چەك بڕوانین، ئەوا ئاشكرایە كە وڵاتانی كەنداو ئەمە بە ڕێگایەك دەزانن بۆ بەدەستهێنانی دڵ و مەیلی ترەمپ، واتە پێیان وایە دەتوانن بەم شێوەیە خۆشحاڵی بكەن. لە دەرئەنجامدا هاوكارییەكی زیاتر لەگەڵ ئەمریكا بەدەست دەهێنن. ئەگەر بێمە سەر پرسیارەكەی ئێوە، ئەوا من دڵنیا نیم لەوەی تا ڕاددەیەك هەنگاو هەڵدەگیرێت بۆ ئەو ڕێككەوتنە بەرگرییەی هەمووان باسی دەكەن، گومانم هەیە لەوەی ئایا ئەمە خۆی لە خۆیدا كارێكی خوازراو بێت. دواتر دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت، كە دیوێكی دیكەی دراوەكە بریتییە لە چین، مەبەستم ئەوەیە كە زۆرێك لە وڵاتانی كەنداو خوازیاری ئەوەن كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چین باشتر و بەرەوپێشتر بچێت. واتە دەبێت هەڵسەنگاندن بكەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە زیان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چیندا نەگەیەنێت.

* ئێوە لە یەكێك لە وەڵامەكانتاندا باستان لە پێشهاتی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سووریا كرد، ئایا ئەم سەردانە هیچ ئاكامێكی دەبێت لەسەر گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران كە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بەڕێوە دەچێت؟

- ئەوەی پەیوەندی بە گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە هەبێت، ئەوا ئەوەندی من تێگەیشتبم ئەوەیە كە خەریكە هەندێ لە پرسەكانی تایبەتی بە بوارە تەكنیكییەكان گەڵاڵە دەبن. كە پێم وایە كێشەكان لێرەوە بەرەو سەرەوە هەڵدەكشێن. تا ئێستا حەزەرێكی زۆر هەبووە، بەڵام ئاماژەی ئامادەییەش بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دراوە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتن. لەم ڕووەوە ئێران پەیامی پەنهانی ناردووە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە هێشتا ئالنگاریی گەورە ماون لە پەیوەندی بە داواكارییەكانی هەردوولاوە. ئێران خوازیاری ئەوە نییە دەست لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی هەڵگرێت، لە كاتێكدا ئەوە داواكارییە سەقف بەرزەكەی ئەمریكایە كە داوا لە ئێران دەكات دەستبەرداری ئەم پڕۆگرامە بێت. هەرچەندە ئاماژەی ئەوەش لە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەدی كراوە كە سەقفی داواكارییەكانی كەم بكاتەوە. هەرچۆنێك بێت، پێم وایە هێشتا كێشەی گەورە ماونەتەوە كە دەبێت یەكلایان بكەنەوە، بەتایبەتی لە هەفتەكانی داهاتوودا، چونكە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ خشتەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە.

* بە بۆچوونی ئێوە سەركردەكانی ئەو وڵاتانەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەردانی كردن، چییان بە سەرۆكی ئەمریكا وتووە لە بارەی ئێرانەوە؟ ئایا پێت وایە هانیان داوە ڕێگاچارەیەكی نەرمتر بگرێتەبەر، یان بە پێچەوانەوە داوایان كردووە؟

- پێم وایە بە هەدوو ئاراستەكەدا قسەیان لەگەڵ سەرۆك ترەمپ كردووە. چونكە ئەم وڵاتانە لەلایەك، نیگەرانن لە بارەی هەڵگیرسانی شەڕەوە، لەلایەكی دیكەوە، نایانەوێت ئێرانیش بە چەشنێك توانادار بێت كە چەكی ناوكی دروست بكات. لە هەمان كاتدا، عەرەبستانی سعودیەش بیر لە بەدەستهێنانی توانای ناوكی دەكاتەوە، ئەگەرچی توانایەكی ناوكیی مەدەنیش بێت و تەنیا بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی وزەش بێت. خۆ ئەگەر ئێران بتوانێت ڕێككەوتنێكی باشتر لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا واژۆ بكات، بە چەشنێك كە بواری پێ بدات كە دەسەڵات و كۆنتڕۆڵێكی زیاتری هەبێت بەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە، ئەوا ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی گۆڕینی بیركردنەوەی عەرەبستانی سعودیە لە پەیوەندی بە هاوپەیمانبوونی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

Top