مەلا ئەبوبەكر شێخ ئەحمەد ئاقوبانی وتارخوێن و پێشنوێژ لە مزگەوتی چوار خولەفا لە قەزای پیرمام بۆ گوڵان:   میللەتی كورد خاوەن مێژوویەكی پرشنگداری ئیسلامییە و كەس بۆی نییە مێژووی میللەتێكی دیكەی بەسەردا بسەپێنێت

مەلا ئەبوبەكر شێخ ئەحمەد ئاقوبانی  وتارخوێن و پێشنوێژ لە مزگەوتی چوار خولەفا لە قەزای پیرمام بۆ گوڵان:     میللەتی كورد خاوەن مێژوویەكی پرشنگداری ئیسلامییە و كەس بۆی نییە مێژووی میللەتێكی دیكەی بەسەردا بسەپێنێت

 

 

بۆ ئەوەی بزانین ئیسلام بۆچی دابەشی سەر عیبادات و سیاسەت دەكرێت، یان بۆچی هەندێ كەس و گرووپ بە ناوی ئیسلامییەوە دەیانەوێت خۆشەویستیی خاك و وڵات لەناو گەلی كورد بێ بەها بكەن، لەسەر ئەم پرسانە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەلا ئەبوبەكر شێخ ئەحمەد ئاقوبانی، شارەزا و پسپۆڕ لە شەریعەتی ئیسلامی و تەریقەت و وتارخوێن و پێشنوێژ لە مزگەوتی چوار خولەفا لە قەزای پیرمام ئەنجام دا.

 

 

* لە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین لە میسر دامەزرا، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ئیسلام دابەش بێت بۆ سیاسی و عیبادەت، ئایا ئەم دابەشكردنەی ئیسلام بۆ ئیسلامی سیاسی و عیبادەت تاچەند خزمەتی بە ئیسلام كردووە؟

- ئەوەی ئێمە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی تێگەیشتووین، لە كاتێكدا ئایین بكەینە ئامڕازێك بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، یان بۆ دروستكردنی هێز، ئەوە خودای پەروەردگار پێی ڕازی نییە و لەگەڵیشیدا نییە، چونكە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (وَأَنَّ هَٰذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ ۖ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ)، خوای گەورە ڕۆژانە داوامان لێ دەكات لە نوێژەكانماندا لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بەردەوام بین، لەسەر ڕێگای ڕاست بین و لەسەر ڕێگا خوار و پێچ و پەناكان نەڕۆین، چونكە ئەو ڕێگا خواروخێچانە جیاوازی و كێشەتان لە نێوان دروست دەكات. لە كاتێكدا ئیسلامی بەشێكی لێ جیا بووەوە بە ناوی گرووپ، یان حزبێك، ئەو كاتە لە بازنەی ئیسلامی دەچیتە دەرەوە، هەر بۆیە پەروەردگار دایناوە كە دینی ئیسلامی ئادەمیزاد لەسەری بڕوات و كەسێك جگە لە ئیسلام شتێكی دیكە بە ئایین و دینی ئیسلامی دابنێت، ئەوە قبووڵكراو نییە، واتە ئەگەر كەسێك، یان گرووپێك، حزبێك بە ناوی ئیسلامی دروست بكات، ئەوە واتە پەیڕەو و پڕۆگرام و بەرنامەی ئیسلامی بەلاوە ناوە، چونكە خوای گەورە ئایینی ئیسلامی داناوە بۆ عیبادات و بەندایەتیی خۆی و پێكەوەژیان و خزمەتكردنی ئادەمیزاد. بە شێوەیەكی گشتی ئایینی ئیسلام نابێت دابەشی سەر عیبادات و سیاسەت بكرێت، هەر كاتێك ئەو دابەشكردنە لە ناو هەر كۆمەڵگەیەكی ئیسلامی دروست بێت، ئەوە كێشە و پشێوی دێتەدی و ئایینەكە دەكرێتە ئامڕاز بۆ ئەو لایەن و گرووپانە كە بە ناوی ئیسلامی سیاسی كار دەكەن، تاوەكو بگەنە دەسەڵات و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان. 

* لە‌ هزری ئیسلامی سیاسی دەركەوتووە بایەخ بە پرسی خاك و نەتەوە نادات، لە كوردستانیش دەبینین كە لەو مەدەرەسانەی حزبە ئیسلامییەكان سەرپەرشتی دەكەن، پڕۆگرامەكانیان سڕینەوەی هزری نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئایا سڕینەوەی ئینتیما و پیرۆزییەكانی نیشتمان چ كارەساتێكی لێ دەكەوێتەوە؟

- ئەگەر لە ئیسلامی ڕاستەقینە گرووپ و حزب و بیر و باوەڕێك بە ناوی ئیسلامی دروست بوو، ئەوە ئیخوان موسلیمین بێت، یان هەر لایەن و گرووپێكی دیكەی ئیسلامی سیاسی بن، ئەوان لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامێكی تایبەت بە خۆیان دەڕۆن، كە لەو بەرنامەیاندا خاڵێكی تێدایە كە ئەویش ئەوەیە كە گرنگی بە خاك و نیشتمان و نەتەوە نەدرێت، كە ئەمەش جیاكارییە لە بەرنامەی خوای پەروەردگار كە قورئانی پیرۆزە و پێچەوانەی فەرموودەكانی پێغەمبەری ئیسلامیشە (د.خ)، چونكە لە قورئانی پیرۆزدا سوێند بە وڵات خوراوە كە (سوێند بە مەككە خوراوە) وەكو دەفەرموێت: (وَالتِّينِ وَالزَّيْتُونِ (1) وَطُورِ سِينِينَ (2) وَهَٰذَا الْبَلَدِ الْأَمِينِ (3)). خوای گەورە لەگەڵ ئاسایش و هێمنی و بەرقەراریدایە و سوێند دەخوا بەو شارەی كە هێمن و دوور لە شەڕ و ئاشووبە، بەڵام ئەو بیروباوەڕانەی كە لە هەندێ گرووپ و لایەن بە ناوی ئیسلامی هەیە و لە وڵاتمان پەیدا بوون كە بایەخ و گرنگی بە خاك و وڵات و نیشتمان و پیرۆزییەكانی نادەن، ئەو لایەن و گرووپانە دوورن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەر چەندە بە ناوی ئایینەكەش هاتبن و ئیدیعا دەكەن. هەروەها پێغەمبەر محەمەد ئەلموستەفا (د.خ) كاتێك لە شاری مەككە كە شوێنی لەدایكبوون و ژیانی بوو، لە لایەن خەڵكەكەی دەركرا، كە لەشار دەرچوو بەرانبەر مەككە ڕاوەستا و فرمێسك لە چاوەكانی هاتەخوار و فەرمووی: (مەككە خۆشەویسترین شوێنی ژیانمە، خوایە لەو شارە خۆشەویست و ئەمینە دەركرام، لە شارێكی ئەمین و خۆشەویست جێگام بكەوە»، كە ئەویش مەدینە بوو. هاوكات لە شوێنێكی دیكە فەرموویەتی: (خۆشەویستیی وڵات بەشێكە لە ئیمان)، بەڵام ئەو گرووپ و لایەنە ئیسلامییە سیاسییانە بە بیر و باوەڕی دەرەكی و دوور لە ڕەزامەندیی خوا، لە بەرنامەكانیاندا كار لەسەر ئەوە دەكەن، كە تاك خاك و نیشتمانی خۆی خۆش نەوێت و ئینتیماشی بۆی نەمێنێت كە هەموو ئەوانە لەلایەن ئیسلامییەوە جێگای نابێتەوە و قبووڵكراو نییە، چونكە خاك نەبێت مرۆڤەكان لە كوێ و چۆن عیباداتی خوای گەورە بكەن؟ لە لایەكی دیكەوە وڵات و نیشتمان وەكو دایك وایە كە دایكیش زۆر خۆشەویستە لای مرۆڤەكان. هەروەها پێویستە هەموو كەسێك بەرگری لە وڵات و نیشتمان و ئەو خاكەی بكات كە لەسەری دەژی و لە لای خوای گەورە و پێغەمبەری ئیسلامیش ئەوەیە كە ئەوەی خاك و نیشتمانی خۆی خۆش نەوێت، ئەوە ئیمانیشی بە ئیسلام تەواو نییە. پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەكی دەفەرموێت (هەر كەسێك لەسەر بەرگری لە خاك و وڵات و كەرامەت و ماڵ و موڵكی، خۆی بە كوشتن بدات، ئەوە بە شەهید هەژمار دەكرێت).  

* ئێمەی كورد وەك گەلێكی موسڵمان، خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانیەتی و كوردایەتین و چەندین زانای گەورەی ئیسلامیمان هەبووە و هەیە، بۆچی ئیسلامی سیاسی ئەم مێژووە فەرامۆش دەكات و دەیەوێت مێژوویەكی دیكە لە كوردستان بڵاو بكاتەوە، كە ئەویش مێژووی عەرەبە؟

- ئێمە وەكو میللەتی كورد پێشتر و لەگەڵ هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشەوە لە زۆر لایەنەوە دژایەتیمان كراوە، كە ئەو دژایەتی و دوژمنایەتییەش لەسەر موسڵمانبوونمان نەبووە، بەڵكو هەر هەمووی لەسەر بیروباوڕی نەتەوایەتی و نیشتمانەكەمان بووە، هاوكات هەموو ئەو شۆڕشانەی بۆ ڕزگاریی نیشتمانیمان كراون، لە لایەن شێخ سەعیدی پیران، شێخ سەعید نەوڕۆسی، شێخ ئەحمەد بارزانی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ مەحموودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی، هەر هەموویان مەلا و شێخ و خاوەن تەریقەتی ئیسلامی بوون كە شۆڕشەكانیان بۆ مافی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كورد بووە و، هەموو سەركردەكان كەسایەتی و پیاوی دیاری ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بوون. ئەو هەوڵدانە خراپە سەدان ساڵە بەرانبەر گەلی كوردی موسڵمان كاری بۆ دەكرێت كە سڕینەوەی مێژووەكەیەتی، بەتایبەتی لە دوای پەیدابوونی گرووپ و لایەنی سیاسی بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، بەڵام هەوڵەكان یەك بست بڕیان نەكردووە، چونكە گەل و میللەتی كوردی موسڵمان ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بە ئاشتی و لێبوردەیی لە سەرەتای پەیدابوونی ئیسلامەوە وەرگرتووە، هاوكات یەكێك لە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (د.خ) كە (جابانی كوردی) بووە و زۆر خۆشەویست و دڵسۆزی بووە، لە میللەتی كورد بووە، هەروەها لەناو گەلی كورد چەندین زانا و بلیمەت و پیاوی ئایینی ئیسلامی زۆر دیار و گەورە هەبوون، كە كاریگەرییان لەسەر گەیاندنی پەیامی ئەو ئایینە و قورئانی پیرۆز هەبووە، هەر بۆیە ئەو بیروباوەڕە سیاسییانەی بە ناوی ئیسلامی كار بۆ سڕینەوەی مێژووی پرشنگداری گەلی كوردی موسڵمان دەكەن، لە ئایینی ئیسلام تێنەگەیشتوون.

* ئایا لە ئایینی ئیسلامدا چاندنی تۆوی توندوتیژی و ئیرهاب لە كۆمەڵگەدا چۆن سەیری دەكرێت، كە ئیسلامی سیاسی لە بەرنامەیاندایە‌، ئەو تا چەند كۆمەڵگە بەرەو ناسەقامگیری و كاولبوون دەبات؟

- ئایینی ئیسلام بۆیە هات تاوەكو خۆشگوزەرانی دروست بكات و هەموو خاوەن مافێك بە مافی خۆی بگات، بۆیە پێش هاتنی ئیسلام بە «چەرخی جاهیلی» ناویان دەبرد، چونكە زوڵم و ستەم و توندوتیژی هەبوو، بەهێزەكان بێهێزەكانیان دەخوارد و ڕێز لە ئافرەتان نەدەگیرا و كچان زیندە بەچاڵ دەكران. ئاینی ئیسلامی پیرۆز هات، بۆ ئەوەی ئەو خوار و خێچییانە ڕاست بكاتەوە و هەموو میللەت و نەتەوەیەك بە میللەتی كوردەوە بە ماف و هەقی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە كە ئەو گرووپ و لایەنانەی ئێستا بە ناوی ئیسلامی دروست بوون، خەڵك هان دەدەن بۆ تەقینەوە و بۆ كاری توندوتیژی و نانەوەی ئاشووپ و شەڕ و شەڕانگێزی، كە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام توندتیژی نییە و جێگای نابێتەوە، هەر بۆیە ئیسلام دینی پێكەوەژیان و برایەتی و یەكتر قبووڵكردن و ئاشتی و لێبوردەیی و دادپەروەرییە و دوورە لەو توندوتیژییەی كە ئێستا هەندێ گرووپ و لایەن لە ژێر پەردەی ئیسلامی وەكو داعش كاری پێ دەكەن، گرووپ و لایەنی دیكەش زۆرن و لە وڵاتی ئێمەش چەندین ساڵە پەیدا بوون كە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانیان دوور لە بنەماكانی ئیسلام بە ناوی ئایینەكە پشتگیری لە توندوتیژی و ئاژاوە و شەڕ دەكەن. 

* فەتوادان لە ئیسلامدا زۆر گرنگە، ئایا نابێت حكومەت لە ڕێگای زانا و موفتییەكان فەتوا بدات؟ كەچی ئیسلامی سیاسی دەڵێت هەر كەسێك دەتوانێت فەتوا بدات. ئایا ئەمە بێماناكردنی فەتوا و دروستكردنی ئاژاوەوە نییە لە كۆمەڵگە؟

- هەر لایەنێك بە ناوی ئیسلامی سیاسەت بكات، یان هەر كەس و بانگخوازێك فەتوا بدەن، ئەوە یەكێكە لە پیلان و دەسیسە ژهراوییەكان بۆ ناو كۆمەڵگە، تاوەكو ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن. چونكە بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە تەنانەت مامۆستای ئایینییش كە فتوا بدات، بەڵكو دەبێت موفتی فەتوا بدات، واتە ئەو كەسەی كە دەگاتە شارەزایی و پسپۆڕی لە هەموو لایەن و بوارەكانی ئیسلام، ئەویش پاش پرسكردنی بە كەسانی شارەزا و زانای دیكەی ئیسلامی، ئینجا فەتوا بدات، چونكە فەتوادان ئیمزاكردنە لە جیاتی خوای گەورە، لە لایەكی دیكەوە لە هەرێمی كوردستان حكومەت لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەنجومەنێكی باڵای لە زانا و شارەزا و پسپۆڕانی ئایینی ئیسلامی و موفتی دامەزراندووە، كە تەنیا بۆ ئەو ئەنجومەنی فەتوایە هاتووە كە فەتوا بدات، كە فەتواكەش بگونجێت و نەبێتە هۆكاری پشێوی و توندوتیژی لە ناو كۆمەڵگەدا، چونكە فەتوادانێكی نەگونجاو كاولكاری و مەترسیی گەورە دروست دەكات.

Top