پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل بۆ گوڵان:   سەنگی مەحەك جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان ترەمپ و وڵاتانی كەنداوە

پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل بۆ گوڵان:     سەنگی مەحەك جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان ترەمپ و وڵاتانی كەنداوە

 

 

پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دیراساتی هەرێمایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی نزیكە لە زانكۆی پرینستۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك ئەو بارگرژییە سیاسی و كۆمەڵایەتییانەی لە پرسەكانی پەیوەست بە ناسنامەی ئایینی و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەها بایەخ بە مێژوو و سیاسەتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و، بە دیاریكراوی عەرەبستانی سعودیە دەدات. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە گرنگی و بایەخی سەردانەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - وەك یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات- و بە دیاریكراوی بۆ سێ وڵاتی كەنداوی عەرەبی، عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر، كە ئاشكرایە سەرۆكی ئەمریكا هەوڵی دا، جێ پەنجە و كاریگەریی خۆی لەسەر ئەم ناوچە گرنگە لە ڕووی ستراتیژییەوە جێبهێڵێت و بە شێوەیەكی تایبەتی هەوڵەكانی لەسەر گرنگیدان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و ڕێككەوتن لەم ڕووەوە چڕ كردەوە، واتە بۆ پتر بەرفراوانكردنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و هاوكاریی ئابووری.

 

* ئاشكرایە كە ناتوانرێت سەردانەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بایەخ بگیرێت، بەڵكو ئەمە ئەم سەردانێك پڕ قورسایی و سەنگە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و هەر سێ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر. ئێوە چۆن لەم پێشهاتە گرنگە دەڕوانن و ئایا لە تێڕوانینی ئێوەدا هۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی پشت ئەم سەردانە چی بوون؟

-  هەروەك لە میانەی سەردانەكە و كۆبوونەوە و گفتۆگۆكانیشدا بەدی كرا، ئەوا دەكرێت بڵێین كە پاڵنەرە سەرەكییەكانی پتر خەسڵەتی ئابوورییان هەبوو. واتە ئامانجی بنەڕەتیی دۆناڵد ترەمپ لە سەردانەكانی بەدەستهێنانی پتری پارە و وەبەرهێنان بوو لە وڵاتانی كەنداوەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەش فەرامۆش بكەین كە لە پاڵ هەموو ئەمانەدا دۆناڵد ترەمپ هەوڵی دا بزانێت ئایا دەكرێت عەرەبستانی سعودیە بە دیاریكراوی، هەروەها وڵاتانی دیكەی كەنداو هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی هەندێ لە كێشە و بارگرژییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك بارگرژیی نێوان ئەمریكا و ئێران.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد، كە لە پاڵ پرسە ئابوورییەكان و دەرفەتەكانی وەبەرهێناندا، سەرۆك ترەمپ ویستی ئەوەش تاوتوێ بكات كە ئایا دەتوانێت ئەم وڵاتانەی كەنداو هاوكار بن لە كەمكردنەوەی بارگرژییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان، ئایا ئەمانە كاریگەرییان نەبوو لەسەر ئامانجە سەرەكییەكەی سەردانەكەی؟

- لە ڕاستیدا ئێمە دەبێت لەم ڕووەوە ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە خودی سەرۆك ترەمپ خوازیاری ئەوەیە كە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە و پرسەكانی دیكەوە واژۆ بكات، كە ئەمە پرس و بابەتێكە كە وڵاتانی كەنداویش دەیانەوێت بەرەو چارەسەركردن و یەكلاكردنەوە بچێت. واتە ئەگەر وەڵامەكەی پێشتر پتر ڕوون بكەمەوە، ئەوا ئەو خوازیاری ئەوە بوو كە ئەم وڵاتانەی ناوچەكە هاوكاری بن لە سەقامگیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەتایبەتی كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، هەروەها ئەو دۆخەی لە سووریا و وڵاتانی دیكەی وەك سوودان و یەمەن لە ئارادایە. مەبەستم ئەوەیە كە ئەوانە پرسی گرنگ بوون لە گفتوگۆكانی نێوانیاندا. ئەگەرچی نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە بایەخ و گرنگییە سەرەكییەكە پتر پەیوەست بوون بە بواری ئابووری و دارایی و پرسەكانی وەبەرهێنانەوە.

* بەڵام ئەگەر واقیعبینانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم سەردانە بكەین، ئایا ئەوەی تێیدا تاوتوێ كرا و ڕاگەیەندرا، مایەی پێشبینیكردن نەبوون؟ ئایا دەستكەوتێك هەبوو كە مایەی چاوەڕوانی نەبووبێت؟

- من دەمەوێت بەو شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، كە ئەوە ڕاستە كە ڕاگەیەندراوی گەورەمان بینی لە بارەی پرسەكانی پەیوەست بە بواری وەبەرهێنان و ئەنجامدانی گرێبەستەكانەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەم بابەتانە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە لە ئارادان، لەبەر ئەوە سەنگی مەحەك لەم ڕووەوە ئەوەیە ئایا ئەم بەڵێن و پرسانە جێبەجێ دەبن و هەنگاوی كردارییان بۆ هەڵدەگیرێت، كە بە بۆچوونی من ئەمە وەك پرسیارێكی كراوە دەمێنێتەوە. هەروەك بینیمان كە ئەوە ڕاگەیەندرا كە بە سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكرێت، هەروەها باسی ڕێككەوتنی فرۆشتنی چەك بەم وڵاتانە كرا. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەشمان دەكرد كە لێدوان و ڕاگەیاندراوی گەورە بدرێت لەبارەی پرسی ئێرانەوە. بە هەر حاڵ، ئەوەی بینرا، چەندین لێدوانی بە ڕووكەش گەورە و گرنگ بوون، بەڵام هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم لێدوان و ڕاگەیەندنانە لە ڕووی كردارییەوە جێبەجێ دەكرێن.

* زۆر باشە، ئەگەر باسی ئەو وڵاتانە بكەین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەردانی كردن، ئایا پێتان وایە هیوا و ئومێدی ئەم وڵاتانە چی بوون؟ ئایا خوازیاری چی بوون كە لە بەرانبەردا بەدەستی بهێنن، بەتایبەتی كە ڕێككەوتنی كڕینی چەكیان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام داوە و بڕیاریان دا، بە بەهایەكی زۆر وەبەرهێنان لە نێو ئەمریكادا بكەن؟

- ئەگەر لەبارەی ئاوات و ئامانجی وڵاتانی عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر بدوێین، ئەوا خواستی ئەم وڵاتانە بە چەشنێكی سەرەكی بریتی بوو لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی هێنانەئارای هاوپەیمانێتییەكی پەیوەست بە بواری بەرگری و سەربازییەوە. دەمەوێت ئەوەش بڵێیم كە من باوەڕم وابوو بەشێك لە بایەخ و گرنگیدانەكە پەیوەست دەبێت بە پرسی پەیوەست بە ژیریی دەستكرد و پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەم وڵاتانەوە لە بواری تەكنەلۆژیاوە. پرسێكی دیكە كە گرنگی هەیە، بەلای ئەم وڵاتانەوە كە ترەمپ سەردانی كردن، پەیوەست بووە بە نەوتەوە. واتە ئەم وڵاتانە بەرژەوەندییان لەوەدا بوو كە قەناعەت بە دۆناڵد ترەمپ بهێنن، بەوەی كە دابەزینی نرخی نەوت -كە ئەمە خواستی دۆناڵد ترەمپە- هەمیشە دەرئەنجام و ئاكامێكی باشی لێ ناكەوێتەوە بۆ خودی پیشەسازیی نەوت لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، واتە كارێكی باش بوو بۆ ئەوان كە كارێك بكەن كە ترەمپ واقیعبینانە بێت لەبارەی نرخی نەوتەوە بۆ ئەوەی لە سەرووی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بمێنێتەوە.

* ئێمە دەزانین كە دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا تەنیا سەردانی عەرەبستانی سعودیەی كرد، بەڵام ئەمجارە لە پاڵ سعودیە هەردوو وڵاتی ئیمارات و قەتەریشی زیاد كرد، پێتان وایە هۆكاری ئەمە چی بوو؟

- بە تێڕوانینی من هۆكارەكە ئەوە بوو، كە ئەم دوو وڵاتەی دیكە (ئیمارات و قەتەر) سەرچاوەیەكی گەورەی دارایی و وەبەرهێنانن. با ئێمە لەم ڕووەوە ئەو ڕاستییە لەیاد نەكەین كە هۆشیاریی سیاسی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا گەڵاڵە بوو، كە لەو ڕۆژگار و سەردەمەدا وڵاتانی عەرەبی ئابڵوقەی نەوتییان سەپاند و ئەوە بوو لە ساڵی 1973دا نرخی نەوت چوار هێندە گران بوو، دواتر و لە كۆتایی ئەو دەیەیەدا دووبارە ئەمە ڕووی دایەوە، بە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێرانەوە. كەواتە لە تێڕوانین و بیركردنەوەی دۆناڵد ترەمپدا وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو دارایی و داهاتێكی كراوەیان هەیە، لە ڕووی ناوخۆییشەوە كۆت و بەندێكیان لەسەر نییە، كە ئەمە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووشدا ڕاست بوو. 

* بەڵام پێتان وایە ئەم بەراوردكردنەی دۆناڵد ترەمپ لە نێوان ڕۆژگاری ساڵانی حەفتاكان و ئەم بارودۆخەی لە ئێستادا لە نێوان ئەم وڵاتانەدا لە ئارادایە هەمان هەلومەرجن؟

- نەخێر، من پێم وانییە هەمان هەلومەرج لە ئارادا بێت لە ئێستادا. مەبەستم ئەوەیە ئەگەرچی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێی وایە كە ئەم وڵاتانە سەرچاوەیەكی لە بن نەهاتووی وەبەرهێنان و دارایین، بەڵام پێم وانییە ئەو دەركی ئەوە بكات كە لە ڕاستیدا، وڵاتێكی وەك عەرەبستانی سعودیە، خواست و داواكارییەكی زۆری ناوخۆیی و دارایی لەسەرە و سەرچاوەگەلێكی لە بن نەهاتووی نییە بۆ ئەوەی لە دەرەوە وەبەرهێنانی پێبكات.

* هەروەك ڕوونە كە لە ئێستادا شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پتر چڕ بووەتەوە، بەڵام ئەوە بوو ئیدارەی ترەمپ توانی كارێك بكات حەماس، كەسێك لە بارمتەكان كە هاوڵاتییەكی ئەمریكییە ئازاد بكات، پێشتریش بە بێ ئیسرائیل ڕێككەوتنێكی لەگەڵ حوسییەكانی یەمەندا ئەنجام دا، لەم گەشتەیشیدا بۆ ناوچەكە سەردانی ئیسرائیل ناكات. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا جۆرێك لە بارگرژی و ساردی هەیە لە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلدا؟

- پێم وایە جۆرێك لە بارگرژی هەیە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە هەر شتێكی دیكە زیاتر بایەخ بەوە دەدات كە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەدەست بهێنێت، لەسەر ئەوەی كە ناكۆكیی عەرەب و ئیسرائیل چارەسەر بكات. واتە لەم ڕووەوە ترەمپ دەیەوێت ددانپێدانانی ئیسرائیل بە دەوڵەتی فەلەستینیدا مسۆگەر بكات، لە كاتێكدا كە ئیسرائیل بە سەركردایەتیی سەرۆك وەزیرانەكەی (بنیامین نەتنیاهۆ) و حكومەتە ڕاستڕەوەكەی ئەمە ڕەت دەكەنەوە.

Top