نە خوێندەوارو جاهیل ؟؟

نە خوێندەوارو جاهیل ؟؟

نەخوێندەوار ، ئەو کەسانەن بە هەر هۆکارێک بێت ، دەرفەت و توانای خوێندن و نوسینیان بۆ نەرەخساوە، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی نەخوێندەواربن ( جاهیل و نەزان بن ) ، بەڵکو زۆرینەیان هۆشیارو هەستیارن ، لە سەربوری ژیان و ڕوداوەکانییەوە، خاوەن ئەزمونی دەوڵەمەندی زانین و تێگەیشتنن ، هەروەها لە ئاستی پرسەکانی گەل و نیشتیمان و کومەلگادا هەڵوێستی جوامێرانەیان هەیە ، بەلکو بەهیچ شێوەو هۆکارێک ناچنە بواری کەوا سوری بەلەشکری نەیاران ، بە پێچەوانەوە ، کەسانێک هەن لە پلەی جیاوازی خوێندەواری دان ، هەندێکیان خۆیان بە نوسەر، ڕاگەیەندکار، چالاکوان یان سیاسەتوان لە قەڵەم دەدەن ، بەڵام لە بیرکردنەوەو واری کرداریدا ( جاهیل و نەزانن) ، تەنها لە قاوغێکی ڕووتی خۆدپەرێسی و ڕەشبینی دا دەژین , شێوە جەستەیەکی بێ گیانیان هەیە، لە ئەنجامی بێتوانایی و ناکاراییان ، پاپەندنابن بە خواستی ڕاستەقینەی ئازادی و سەروەری گەلەوە ، بەڵکو هەمو جوانییەکان و پێشکەوتنەکان بە تەڵخی دەبینن و زۆر بەئاسانی لە ئاستی پرسی گەل و نیشتیماندا یاخی و کولەوارو ملکەچ دەبن ، زۆربەیان دەخزێنە نێو ژینگەی نالەباری بەرەی ( دژی گەل) و چاوساخی نەیاران ، بەڵکو ئەرکدار دەکرێن ، هۆنەرمەندبن لە بواری چەواشەکاریدا و کارە قێزەوەنەکانی دوژمنی ستەمکار بەپاساوی ڕەنگاو رەنگ پەردەپوشبکەن !! ئەو (جاهیلانە) لە خودی نەیاران ترسانکتر و زیانبەخشترن ،
بە داخەوە لە کوردستانی خۆماندا ئەم جورە کەسانە هەن و بونەتە مەقاشی دەستی ملهۆڕانی ئیمرۆی بەغدا .

Top