خۆراكی زیانبەخش بۆ تەندروستیی دڵ
بەگشتی زیاد خواردنی ئەو خۆراكانەی كە ڕێژەیەكی بەرزی خوێ، شەكر، كاربۆهیدراتی سافكراو، چەورییە تێرەكان یان چەورییە نێوەندییەكان لەخۆدەگرن، بە تێپەڕبوونی كات ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكەن، چونكە دەبنە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خراپ و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TG، هاوكات لەگەڵ پەیدابوونی بەرگری بۆ ئینسولین، كە ئەگەری نەخۆشیی شەكرە و دڵ زیاد دەكات. ئەو خۆراكانەی كە زیانبەخشن بۆ تەندروستیی دڵ، بریتین لە: گۆشتی سوور كە دەوڵەمەندە بە چەورییە تێرەكان و كۆلیستیڕۆڵ، گۆشتی پڕۆسێسكراوی وەكو سۆوسەج و هۆت دۆگ و سەلامی Salami، سۆدا یان خواردنەوەی گازدارەكان، كە ڕێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن، نان و هەویركاریی بە ئاردی سپی كە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكەنەوە و ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی زیاد دەكەن، ماستی پڕچەوری و چێژكراو Flavored Yogurt، برنجی سپی، پیتزا، كەرە، مریشكی سووركراوە لە ڕۆندا، پەتاتەی سووركراوە لە ڕۆنی داغدا French Fries، جیبسی پەتاتە، هەروەها ئایس كرێم.
