ئەمەریکا بەرژەوەندخواز و سیاسەتی نەگۆڕ
ئەمەریکا وەک زلهێزێک لە جیهان دا، ئاگاداری هەموو جموجوڵەکانی جیهانە بە گشتی و، هیچ هەنگاوێک بە بێ پلان ناهاوێت، وەک گەورەترین زلهێزی جیهانیش، سیاسەتێکی نەگۆڕی هەیە کاتێک کار دەگاتە سەر بەرژەوەندیەکانی حکومەت وگەلانی ئەمەریکا.
لە نەخشەڕێگای هەر کابینەیەکیش دا بێت سیاسەتی نەگۆڕ هەر بەردەوامی هەیەو بەرژەوەندی ئەمەریکا لەسەروی هەموو وەعدو بەڵێنێکیانیانەوەیە، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا لە چ سەردەمێک و دەسەڵاتێک دا بێت، حوکم بە دەستی دیموکراتەکانەوە بێت یان کۆماریەکان سیاسەتێک بونی هەیە، کە بریتیە لەپاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا،کە هیچ کاتێک ئەو سیاسەتە گۆڕانکاری پێوە نابینرێت،بە تایبەت ئەگەر درک بەوە بکرێت، هاوپەیمانی لەپاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دا هەیە.
سیاسەتی ئەمەریکاش لە جیهان دا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نراوە بەتایبەت بەرژەوەندی عەیار بیست وچوار بۆ ئەمەریکیەکان، بۆ نمونە ئەگەر دەس وەردانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین،لە ژێر هەر ناوێک دا بێت،ئەبێ ڕەچاوی خوێندنەوەی خودی ئەمەریکا بۆ ڕوداوەکان بکەین، چونکە ئەمەریکا ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی دەکات هەرئاوا بەبڕیارێکی سەرکەشی هێزو جبەخانە ناخاتە خزمەتی ئەجندایەکی بێ بەرنامەیەوە.
بەڵکو بەر لەوەی دەست بە پێشڕەوی بکات لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی تاوتوێ دەکات و مەعقوڵیەت بەپڕۆسەکەی دەدات،ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەبێ ئەوە بزانین هەموو جموجۆڵەکانی ئەمەریکاو سیاسەتەکانی لە هەر سوچێکی جیهان بێت، فراوانکردن و کردنەوەی بازاڕی ساغکردنەوەو بەدەستهێنانی یەدەک و سەرچاوە وزەبەخشە پیشەسازیەکانە لەبەرژەوەندی خۆی،جا ئەکرێ بپرسین سیاسەتی لە عێراق و سوریا دەگۆڕێت.
لە کاتێک دا سەرسەخترین سیاسەت دەیانەوێت گۆڕەپانەکەی پێ لێژبکەن و سەروەت و سامانی ئەو ناوچانە هەڵلوشن و دژی سیاسەتی ئەمەریکا بەگەڕی خەن،هەموو ئاماژەکان ئەوە دەرەخەن کەوا کردەیەک نەک لە سیاسەتی ئەمەریکا بونی نیە تەنانەت بە خەونیش ڕوداوی وا ناخوڵقێت،ئەمەریکا ناوچەکە بخاتە سەر سینیەک و پێشکەشی ئێرانی بکات،لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێران هەرلەدوای ڕوخانی شاوە لە1979وە دەسەڵاتدارەکانی دورشمی دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایان کردۆتە ستراتیژی خۆیان و لەکام بستە زەویەکی جیهان هەیە هەوڵیان داوە زیان لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بدەن گەر لە ڕێگەی ڕاستەوخۆی خۆشیانەوە نەبوبێ.
کە ئەم هەنگاوە کەمتر ڕووی داوە،لە ڕێگای ملیشیاو گروپە چەکدارەکانی نزیکیان هەوڵیان داوە زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بدەن،بەتایبەت لە عێراق و سوریاو لوبنان و ئەو وڵاتانەی نفوزی ئەمەریکای لێیە. لەو نێوەندەش دا کەمتەرخەمیان نەبوە، لە کاتێک دا گەلانی ئێران بەدەس قەیرانی ئابوریەوە دەناڵێنن کەچی دەسەڵاتدارانی ئێران بودجەیەکی زەبەلاح لە ملیشیاو چەکدارانی ناوچەکە سەرف دەکەن تەنها بۆ دەست وەشاندن لە بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمەریکا،بۆیە دەبێ بپرسین ئایا ئەمەریکا ئامادەیە بەدەستی خۆی نیزەیەکی ژەهراوی لە سنگی خۆی بچەقێنێت و گۆڕەپانەکە بۆ نەیارەکانی چۆڵ بکات،ڕاستە لە ئێستادا لەعێراق زۆربەی هێزەسیاسیەکانی عێراق داوای کشانەوەی پێشوەختەو بێ مەرجی ئەمەریکایان کردوە.
بە تایبەت لەسەر داواکاری هێزەنزیکەکانی سەر بە ئێران،بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات دۆڕانێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەمەریکاو سەرکەوتنیشە بۆ نەیارەکەی،ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ڕزگاری عێراق لەسەر دەستی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، ئەوە ئەمەریکا بوو هەموو گەلانی عێراقی لەو دێوەزمەیە ڕزگار کرد بەو گروپانەی ئێستا دژی مانەوەی هێزی هاوپەیمانانن لە عێراق،گەر ئەمەریکا نەبوایە ئەبوایە تا ئێستاش لە ساڵۆنی هۆتێلەکانی ووڵاتانەوە نەخشەی دۆڕاو بۆ ڕزگارکردنی عێراق دابڕێژرایە،کەچی ئەمڕۆ دژی سیاسەتی ئەمەریکا نەخشە دادەڕێژن بەخەیاڵی خۆیان وا دەزانن ئەمەریکا باروبەندەڵی دەپێچێتەوەو گۆڕەپانەکە بۆ خەیاڵ پڵاویان چۆڵ دەکات تا نەیارانی ئەمەریکا تەراتێنی تیا بکەن و بەرژەوەندی ووڵاتەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە،بۆیە هەموو پێشبینیەکان و ئەگەرەکان و بیروڕای شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە سیاسەتی ئەمەریکا داڕشتنی نەخشەڕێگایان زۆر دور مەدایە،ئەوەی ئەوان نەخشەی بۆ دائەڕێژن هەر وا بە سانای دەسبەرداری نابن ئەوەی دەوترێ گوایە ئەمەریکا پاشەکشە لە عێراق دەکات تەنها هەنگاوێکی ڕوکەشیەو،بە جۆرێکی تر و ناوێکی ترەوە لە عێراق و ناوچەکە ئامادەگیان دەبێت و بەردەوام دەبن.

ئەسرین عاسی شوانی