هەمیشە ئافرەت و منداڵ باجی دابونەریتە سەپێندراوەكان دەدەن
زۆرن ئەو ئافرەتە زوڵملێكراوانەی كە بەهۆی كۆمەڵێك نەریتی سەپێندراو ڕووبەڕووی دەیان گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری بوونەتەوە، لە زۆربەی ڕووبەڕووبوونەوەكانیشدا ئافرەت و منداڵەكانی باجی قورسیان داوە، چونكە لە ڕابردوودا ئافرەت خاوەنكار و خاوەن داهاتی خۆی نەبووە، بەڵكو چاو لە دەستی باوك و برا و هاوسەر بووە.
دادە نەرمین دایكێكی كڵۆڵ و نەخۆشی دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو تەمەنی 61 ساڵە و خوێندەواری نییە، لە ئێستادا لە خەڵوەتگەی پیری دوور لە منداڵ و كەسوكارەكەی ژیان دەكات.
بە حوكمی ئەوەی حەزی لە دەردەدڵ بوو ڕازی بوو لەسەر ئەوەی قسە بۆ پەیامنێری گۆڤاری گوڵان بكات، بەبێ ئەوەی وێنە و ناوی ڕاستەقینەی بڵاوبكرێتەوە، بە دەم ئاهی ساردەوە بەمجۆرە چیڕۆكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«ماڵمان لە گوندێكی ئەو دەشتی هەولێرە بوو، تەمەنم گەیشتە 17 ساڵی بۆ برا گەورەكەم ژن بە ژنەیان پێكردم بەبێ ئەوەی پرسم پێ بكرێت و بەبێ ئەوەی زاواش ببینم، ئەو كات شەڕی عێراق و ئێران بوو زاواش لە عەسكەری بوو، لە ماڵە خەزورانم بەهۆی ئیش و كار ساڵی جارێك دەیانبردم بۆ ماڵی باوكم، لە ماوەی سێ ساڵ سێ كچم لەسەر یەك بوو، عەسرێك براژنەكەم واتا ئەو ژنەی كە بە من درابوو بە گریان هاتەوە و گوتی براكەت سێ بە سێ تەڵاقی داوم، هەر ئەو ڕۆژە باوكم و خزمێكمان هاتن منیان بردەوە ئەو كات كچە بچووكەكەم هێشتا چلەی نەچوو بوو، زۆر گریام و پاڕامەوە كە لە كچەكانم جودا نەكەنەوە، بەڵام باوكم گوتی هیچ مەجالی تێدا نییە و دەبێ تۆش تەڵاق بدرێیت، نووشتامەوە پێڵاوەكانی باوكمم ماچ كرد، بەڵام سوودی نەبوو».
دادە نەرمین بەدەم گریانەوە سەری بۆ ئاسمان بەرز كردەوە و گوتی: «خوایە گیان ئەو زوڵمەی لە من كرا لە دوژمنەكەشم نەكرێ، ئەو خەمەی من دیتم كەس نەیبینێ، هەر ئەو هاتنەوەیە بوو هاتمەوە جارێكی دی نەگەڕامەوە ماڵەكەی خۆم و بەبێ ویستی خۆم هێلانەكەم لێ تێكچوو، شەوان هەتا سبەینێ بە دزی بۆ كچەكانم دەگریام و دەنوزامەوە، بە دزی بۆ كارۆكەكانم بۆ كەزی زەردەكانی خۆم دەگریام، باوكیان كچەكانی بۆ هێنام تاوەكو بەخێویان بكەم، بەڵام باوكم زۆر غەدار بوو تەنانەت ڕێگەی نەدا لە باوەشیان بگرم و گوتی نابێ منداڵی خەڵكی بەخێو بكەیت، چونكە منداڵ هی پیاوە نەك هی ژن، دایكیشم لە من بێ دەسەڵات تر بوو هیچی بۆ من پێ نەكرا.
دوای چەند ساڵێك بێ ئەوەی ئاگادار بم جارێكی دیكە بە شوویان دامەوە، منیان دا بە پیرە پیاوێك كە ژن و هەشت منداڵی هەبوو، لەو ماڵەدا وەكو خزمەتكار بووم و خزمەتی گەورە و بچووكم دەكرد، لەو پیاوە هیچ منداڵێكم نەبوو.»
هەروەها گوتی: «دوای تێپەڕ بوونی 25 ساڵ كچەكانی خۆمم بینیەوە، ئەوكات هەر سێكیان هاوسەرگیرییان كردبوو، ئەو كچانەی بەهۆی دابونەریتێكی سەپێندراو لە دیتن و خۆشەویستییان تێر نەبووم، چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ چاو لە ڕێگەی هاتنیان بووم بەڵام هەر نەهاتن.
ئەمڕۆش وەك دەبینن لێرە كەوتووم دوای مردنی هاوسەرەكەم زڕكوڕەكانم دەریان كردم، ماوەیەك چوومەوە ماڵی ئەو برایەی كە ژیانی هەڵتەكاندم، بەڵام لەوێش لە خزمەتكارێك زیاتر نەبووم و برا و برازا بۆخۆیان ساغ بن، كچەكانم زۆر هەوڵ دەدەن بچمەوە لەگەڵیاندا بژیم، بەڵام هەرگیز ناچم و كێشە و دەردەسەرییان بۆ دروست ناكەم، چونكە من وەك دایكێك نەمتوانی بەخێویان بكەم و نازیان هەڵبگرم، نەمتوانی دووجار پێیان بڵێم خۆشمدەوێن، نەمتوانی لە كاتی نەخۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵیان بم، نەمتوانی وەكو دایك و كچ دوو دەردەدڵ پێكەوە بكەین، بە زۆری زۆرداری كچەكانیان لەبەر سكم هەڵگرت، خوای گەورە عەدالەتی زۆرە لەسەر دنیا تۆڵەی منیان لێ بووەوە، بەڵام گەردنیان ئازاد ناكەم و لەسەر پردی سیرات حەقەكەی خۆم لە باوكم و براكانم وەردەگرمەوە».
