كێشانی ڤەیپ بێ زیان نییە!
ئەگەرچی زیانی كێشانی ڤەیپ Vaping یان جگەرەی ئەلیكترۆنی لە جگەرەكێشانی ئاسایی كەمترە، بەڵام هێشتا بێ زیان نییە. ڤەیپ بریتییە لە گەرمكردنی نیكۆتین لەگەڵ ماددەی دی بە مەبەستی چێژ و پەیداكردنی دوكەڵ بە شێوەی شلەی ڤەیپ e-liquid یان e-juice. نیكۆتین كە پێكهاتەی سەرەكییە لە جگەرە و ڤەیپدا، ماددەیەكی ژەهراوی و هاندەرێكی بەهێزە بۆ ڕاهاتن و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاستی هۆرمۆنی ئەدرینالین، كە تێكڕای لێدانەكانی دڵ زیاد دەكات هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ. ماددەكانی دیكەی پێكهێنەری شلەی ڤەیپ هەرگیز بێ زیان نین و پەیوەندییان بە ڕەبوو و نەخۆشیی درێژخایەنی سییەكانەوە هەیە لەگەڵ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، لەگەڵ زیانی تەندروستی دیكەی وەكو: كۆكە، وشكبوونی دەم و قوڕگ، هەناسەتەنگی، هەروەها سەرئێشە.
