خوێندنەوەیەکی جیۆپۆڵیتیکیانەی دۆخی سوریا

خوێندنەوەیەکی جیۆپۆڵیتیکیانەی دۆخی سوریا

(*)

 

هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس هۆکار بوو بۆ ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانێتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دواتر ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەدی بەدوادا هات . گۆڕانکارییە جیۆسیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد تاکوو ئێستا کۆمەڵگای نێۆدەوڵەتی بە چاوی گومانەوە لە دەسەڵاتی نوێی سوریا کە باکگراوندێکی ئیسلامی توندڕەوی هەیە دەڕوانێت بە تایبەتی ئیسرائیل هەرچەندە لە نێوان ئێران و بریکارەکانی و لاوازبوونیان لە ناوچەکەدا گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی سوریای پی باش بوو بەڵام لە ئێستا دا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆی دەیەوێ بەشێکی باشووری سوریا لە چەک دابماڵێت و هیچ ئامادەییەکی دەسەڵاتی نوێی سوریای تێدا نەبێ .لەمڕووەوە دەیەوێ بە نزیکەی (٤٠٠) کیلۆمەتری چوارگۆشە ناوچەیەکی ئەمنی لەناو سوریا دابمەزرێنێت واتە بە پانتاییەک کە گەورەترە لە تەواوی ڕووبەری کەرتی غەزە . هەر لەم ڕووەوە ئیسرائیل لە باشووری ڕۆژئاواوە سەرەڕای ئەوەی دەستی بە سەر ئەو ناوچانەدا لە بەرزاییەکانی جۆلاندا گرتووە کە پێشتر کۆنتڕۆڵی نەکردبوون لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری پێکهاتەی دروزیش دەکات و دەیان هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەر ژێرخانی بەرگری حکومەتی سوریا و ئیفلیجی کردووە ، ئەم هێرشانە کۆگاکانی چەک و هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی سوریای گرتوەتەوە .

لە ڕۆژئاوای کوردستانیش و لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتیشەوە بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمریکا کورد کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و زەوییە بەپیتە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەی کردووە ، ئێرانیش لەگەڵ ئەوەی پێگەی خۆی لە سوریا لەدەست داوە بەڵام بە وردی چاودێری دۆخی سوریا دەکات بە تایبەتی دۆخی عەلەوییەکانی وڵاتەکە . تورکیاش لەگەڵ ئەوەی دوای ڕووخانی ئەسەد هەژموونی خۆی بەسەر حکومەتە نوێیەکەدا سەپاندووە بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە ناڕەحەتن بە هەمان شێوەی ئێران کە لە سەردەمی ئەسەد دەسەڵاتی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندبوو تورکیا هەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە ، بۆیە دەیانەوێ ڕێگری لەوە بکەن .

ڕوسیا  بنکە سەربازییەکانی لە ناوچە کەنارییەکانی سوریا ماوەتەوە و بە گەرەنتی بوونی دەسەڵاتی خۆی دەبینێ لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا  و لە ئێستادا بڕیاری داوە لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بەڵام بە سنوورداریی ئەویش بە هۆی شەڕی لە دژی ئۆکرانیا بەڵام ئامانجی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە لەوانە پرۆژەی ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور – باشوور کە زەریای هیندی بە باکووری ڕوسیا لە ڕێگەی ئێران و وڵاتانی کەنداوەوە دەبەستێتەوە ، هەروەها ڕوسیا دەیەوێت سنوورێک بۆ تەماعکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا دابنێت . چین بە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا هیچ دڵخۆش نیە چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی موسڵمانە جوداخوازەکانی چین لەوانە ئیگۆرەکان لە لایەن تورکیاوە لە باکوری سوریا مەشقیان پێ دەکرا  لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد ، هەر بۆیە چین ڕووخانی ئەسەدی بە هەڕەشە گوماناوییەکانی ڕۆژئاوای دادەنا بۆ سەر هێڵەکانی ئاسایشی وزەی خۆی کە بە ئێران و عێراق و سعودیە دا تێدەپەڕن بۆیە لە ئێستادا پەکین خەریکی سیاسەتێکی دەرەکی هاوسەنگە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات و لە یەک کاتدا خەریکی وەبەرهێنانە لە ئێران و سعودیە و ئیسرائیل ، واتە لەم سیاسەتەیاندا بە تەواوی پێچەوانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکان چونکە لەیەک کاتدا پەیوەندی لە گەڵ ئەو وڵاتانە دا دەکات کە بەرژەوەندییەکانیان ناکۆکن هەر ئەمەش وایکردووە کە ببێتە مایەی چەسپاندنی پێگەکەی لە ناوچەکەدا .

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا بەم دۆخەی کە ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی تێدایە هاوڵاتیانی سوریا چانسی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئەمن و سەلامەتیان دەبێت ؟

لە سوریا حکومەتێکی دیکتاتۆری ڕووخاوە بەڵام بە لاناوچوونی ئەسەد مانای ئەوە نیە کە حکومەتێکی تەکنۆکرات دادەمەزرێت چونکە فاکتەرەکانی دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا بوونی نیە ، دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە ئێستا دا دەیانەوێ وڵات بەرەو سەنترالیزم ببەنەوە بەڵام ئەمە لە لایەن کورد بە تایبەتی لە کۆنفڕانسی ئەم دواییانەی قامشلۆ ڕەتکرایەوە و داوای سیستەمێکی فیدڕاڵی بۆ وڵات کرا ، جگە لە کوردیش پێکهاتەکانی دیکەش دژی کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکانن لە سەنتەر . سەرەڕای ئەمانەش  لە سوریا نزیکەی (١٧) ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە و نرخی خواردەمەنی لە هەڵکشاندایە وهێشتا سزاکانی سەر سوریا کە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنرابوو هەڵنەگیراوە و زیانی گەورە بەر ژێرخانی سوریا کەوتووە بە تایبەتی لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و ڕێگاوبان ، چەندین ملیۆن خەڵکی وڵاتەکە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان بوون ، دەوڵەتانی زلهێزی وەکوو ئەمریکا و ڕوسیا  لە وڵاتەکە ماونەتەوە ، وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی تورکیا و ئیسرائیل دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا دەکەن و لە ڕووی مەیدانیەوە لە سوریا دا بوونیان هەیە ، تاکوو ئێستاش ئەو گروپانەی کە حکومەتی نوێی سوریایان پێکهێناوە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی زلهێزی وەکوو ئەمریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەورپا بە گروپی تیرۆریستی دەناسێنرێن . چاوێکی تیژیش لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە  لەسەر ئەو حکومەتە نوێیە هەیە کە چۆن  ڕێز لە کەمینەکان دەگرێت و دەستەبەری مافەکانیان دەکات . داعش هێشتا لەناو نەچووە و بە هەڕەشە دەزانرێت و لەگەڵ ئەوەی بەشێکی بچووکی خاکی لە بیابانی باشووردا بەدەستەوەیە بەڵام لە سەرانسەری سوریا هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن .

پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی (١٦٤٨) کۆتایی بە جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا هێنا و گەرەنتی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی کرد و ئەوروپای مۆدیرن لێوەی سەریهەڵدا ، ئەمڕۆکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکۆکییە ئایینی و نەتەوەییەکان دووبارە نەخشەی ناوچەکە خەریکە دادەڕێژنەوە ، لە ئێستا دا  سوریا پێویستی بە جۆرە مۆدێلێکی سیاسییە کە دەسەڵاتەکانی تێدا دابەش بکرێت و هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان لایەن و پێکهاتەکاندا هەبێت و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت ، بۆیە بە فیدڕالیکردنی سوریا بۆ چەند هەرێمێکی عەلەوی و سوونی و کورد و دروز تاکە بژاردەیە بۆ کێشەکانی سوریا و پاراستنی ئەو پێکهاتانە هەرچەندە ئەم بژاردەیەش بە هۆی ناکۆکی زۆر لە نێوان ئەم پێکهاتانەدا و ئەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی سوریای نوێ بە تایبەتی لە دوای ئەو کردەوە توندوتیژیانەی لە ناوچە عەلەوی و دروزەکان ئەنجامیاندا زیاتر زەمینە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە خۆش دەکات . بۆیە جۆرە تێڕوانینێک هەیە کە سوریایەکی دابەشبوو بە جۆرە گەرەنتیەک دەزانرێت بۆ ئەوەی نەتوانیت بەرەنگاری پێکهاتەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی بێتەوە و هەروەها ناشتوانێت پاڵپشتی لە حەماس بکات و لەهەمان کاتیشدا دەبێتە دوژمنی سەرسەخت بۆ حزبوڵای لوبنان .

هەرچەندە سوریا وەک قەوارەیەکی جیۆپۆڵیتیکی نەماوە و ئایندەیەکی ناڕوون چاوەڕوانی دەکات ، بەڵام تاکە بەربەست کە هەیە لە ئێستا دا تورکیایە چونکە هەروەک لە قوڵایی ستراتیژی داود ئۆغڵۆوە سەرچاوەی گرتووە سوریا بەشێکی مێژوویی و ئاسایشی و ئابووری و سیاسی تورکیایە ، هەر بۆیە تورکیا ئیدارەدانی قەیرانە هەرێمی و ناوچەییەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێت و دەستوەردانەکانیشی لە سوریا هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە و ناشیەوێت وەکوو عێراق سوریاش ببێتە وڵاتێکی فیدڕاڵی .

لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین هەر گۆڕانکارییەک لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ڕوو بدات دەبێ لە قازانجی ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆڵیتیکیە بێت کەوا ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و دۆستەکانیان لە ناوچەکە دەستیان پێ کردووە .

 

 

 

(*)

                                                                          پسپۆری بواری جیۆپۆڵیتیک

 

Top