محەمەد ئیسماعیل سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا بۆ گوڵان:   ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵویستیی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەرز دەنرخێنرێت

محەمەد ئیسماعیل  سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا بۆ گوڵان:     ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵویستیی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەرز دەنرخێنرێت

 

 

بۆ ئەوەی بزانین كۆنفڕانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، تا چەند سەركەوتوو بوو، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەكڕیزیی نێوماڵی كورد چەند گرنگە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ محەمەد ئیسماعیل، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا و سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی - سووریا ئەنجام دا.

 

 

* كۆنفڕانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كوردانی ڕۆژئاوا بە ئاهەنگگێڕان كۆتایی هات. ئایا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە دروستبوونی ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە تاچەند گرنگە، بەتایبەتی كە دوای كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد دوو جار مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێری كردووە؟

- كۆنفڕانسی یەكڕیزی و یەكهەڵویستیی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە قامیشلو بەسترا، ئەنجامێكی باشی بەدەست هێنا، كە ئەوە چەندین ساڵە هیوا و ئومێد و داواكاریی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، زۆر هەوڵی بۆ دا و زۆر كاریشی بۆ كرد، ئەمجارەش هەر لە دەستپێشخەریی جەنابیان بوو كە داوای كرد، هەموو ناكۆكی و بیر و ململانێیە سیاسییەكان بەلاوە بنێن، تاوەكو لەسەر ئەو خاڵ و كارانە بگەینە یەك ئامانج و یەك هەڵویست كە لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان بێت.

ئەمریكا و فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەم لەیەك نزیكبوونەوە و سەركەوتنی كۆنفڕانسەكەدا هاوكار بوون. هەروەها هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆك بارزانی، كە دوو جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، زیاتر بووە هەوێنی سەركەوتنی ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵویستییەی كوردانی ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی داواكاری و ئامانجەكانی گەلەكەمان لە چوارچێوەیەك ڕێك بخەین و شاندێك پێك بێت بۆ سەردانی شام و گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی كاتیی سووریا، بۆ بەدەستهێنانی داواكارییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كۆنفڕانسەكە سەركەوتوو بوو، هەوڵ و كارێكی دیرۆكی بوو بۆ میللەتی ڕۆژئاوای كوردستان. ئامادەبوونی دكتۆر حەمید دەربەندی وەكو نوێنەری سەرۆك بارزانی و گەیاندنی پەیامی سەرۆك بارزانی لە وتارێكدا بە كۆنفڕانسەكە، پەیامێكی بە ئامادەبووان و گەلی ڕۆژئاوای كوردستان گەیاند، كە وای كرد، هەموو پارت و لایەن و حزبە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەناو چوارچێوەیەكی یەكڕیزی و یەكهەڵویستی كۆبكاتەوە و بڕیار و داواكارییەكانی گەلی ڕۆژئاوای تێدا بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی لە ڕێگای شاندێكەوە كار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شام بكەن بۆ بەدەستێهانی مافەكانمان..

ئەو خاڵ و داواكارییانەی لە كۆنفڕانسەكە هەموو لایەن و پارتە كوردییەكان لەسەری ڕێك كەوتن، هەمووی لەسەر مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی كورد بوو، كە بۆ دوو بەش دابەش كراون: بەشی یەكەمی بریتی بوو لەوەی چۆن تەماشای بارودۆخی سیاسیی سەرتاسەری سووریا دەكەن و ڕۆڵی كورد تێدا چۆن بێت، بەشی دووەمیش بریتی بوو لە مافەكانی گەلی كورد و كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان داواكارییەكانیان چییە، بۆیان بێتەدی و لەسەر هەموو ئەم داواكارییانەش لەگەڵ حكومەتی سووریا گفتوگۆ بكرێت.

 لە كۆنفڕانسەكەدا تەئكید كرایەوە و هەموو كاتێكیش گوتراوە، سەرۆك بارزانی سەرۆكی نەتەوەیی كورد و مەرجەعی هەموو گەلی كورد و كوردستانە، هەر ئەو بیروباوەڕ و هەوڵەش بوو، وای كرد كە كۆنفڕانسەكە سەركەوتوو بێت و بگەنە یەكڕیزی و یەكهەڵویستی لەسەر مافی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ڕۆژئاوای كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە هەموو شوێنێكی ناوچەكە و لەناو گەلی كورد، جگە لەوەی ڕۆڵی سەرەكی و بوێرانە بۆ ئاشتی و گفتوگۆ دەبینێت، هاوكات كەسایەتی و لێهاتوویی و قورسایی جەنابیان وەكو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕی بە هەند وەردەگیرێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیش جێگا و گرنگی و كاریگەریی گەورەی لە ڕووی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی هەیە.   

* نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا و لە میانەی ئامادەبوونی لە لووتكەی ئەنتالیا لە توركیا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە. بێگومان یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆیەكەیان پرسی كوردی سووریا بووە. ئایا تا چەند ئەم دیدارانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەنووسی كوردانی ڕۆژئاوا كاریگەرییان هەیە؟

- ئەو دیدارانەی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان چ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع چ ئەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەڕدۆغان لە ئەنتالیا و دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەسعەد شێبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس، هەموو ئەوانە زۆر گرنگ و كاریگەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەر بكەوێت و لە ڕۆژئاوای كوردستانیش گەلی كورد بە ماف و داواكارییەكانیان بگەن. ئەو دیدارانە بوونە هەوێن و هەوڵێكیش كە حزب و لایەنەكانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بە دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی هەموو كێشە و ململانێیەكانی نێوانیان بەلاوە بنێن و، لە كۆنفڕانسی قامیشلو، یەكڕیزی و یەكهەڵویستی لەسەر ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانیی میللەتی كورد لە سووریای تازەدا بەدەست بهێنن. لە لایەكی دیكەوە هەموو دیدارە ناوخۆییەكانی لە هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ كەسایەت و سەركردەی وڵاتان ئەنجام دەدرێت چ ئەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و چ ئەوانەی لە ناوچەكە و وڵاتانی كەنداو و عەرەبی، سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارازنی و مەسرور بارزانی لە گفتوگۆكانیاندا خاڵێكی هەرە گرنگیان دەخەنەڕوو، ئەویش ماف و هەقی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردە بەگشتی. لە ئێستادا لەو خاڵانەدا داواكانیان زیاتر جەختكردنەوەیە لە بەدەستهێنانی مافی میللەتی كورد و ڕۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی لەو سیستەم و حكومەتە تازەیەی لە سووریا هاتووەتە سەر دەسەڵات. هەموو ئەوانە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە گەلی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان لەژێر سایەی هێز و بیرمەندی و ڕێبازی بارزانیی نەمر خەمخۆری خۆیان هەیە، كە ئەوانیش ماڵباتی بارزانین، هەر بۆیەش دەبینین ئێستا نەك لە ناوچەكە، بەڵكو لە هەموو دنیا گوێ لە داواكارییەكانی نەتەوەی گەلی كورد دەگیرێت و پشتگیریی باشی بەدەست هێناوە.

* لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی نەورۆزی ئەمساڵی كوردانی هەندەران كە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، كرایە بۆنەیەك بۆ پشتگیری لە كوردانی ڕۆژئاوا، وەك لە ڕێوڕەسمەكە بینیمان لە هەرچوار پارچەی كوردستانەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دەربڕی. ئایا چۆن سەیری ئەو هەوڵانە بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوا دەكەن؟

- جەنابی سەرۆك بارزانی لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی هەوڵ دەدات و پشتگیریی قەزیەی كوردی و ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەكانیان، هاوكات دیاسپۆرای كوردی لە ئەوروپا هەوڵێكی باش دەدات لە بواری ڕێكخستنی گەلی كورد و لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی و نوێنەرایەتیی جەنابیان دیاسپۆرای كوردی نەورۆزێكی جەماوەری زۆر گەورەی لە شاری كۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا ساز دا، كە بووە جێگای خۆشحاڵیی هەموو تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی دنیادا بێت و ئاڵای كورد و كوردستان هەڵكرا و پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پشتگیری لەو ئاهەنگە نەتەوەییە كرد، پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین، كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی كار و هەوڵێكی نەپساوەی داوە، بەتایبەتی لەو كاتەی كە تروسكایی نەتەوەیی كوردستان لە ڕۆژئاوا دەركەوت و هەر بە فەرمانی جەنابیان بوو كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاتنە كۆبانێ و ڕزگاریان كرد لە دەستی تیرۆریستانی داعش و لەو كات و ساتەش كە ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەد لە سووریا كەوت و هێزی ئەحمەد شەرع هاتووە، ڕۆژانە سەرۆك بارزانی پەیوەندی بە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات بۆ یەكڕیزی و یەك ئامانجی كە مافی نەتەوەیی و نیشتمانی باڵای گەلی كوردستانە هەر لەو هەوڵانەوە دیتمان كۆنفڕانسی قامیشلو بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكان و بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێناوە.

* مەزڵووم عەبدی لە دوای كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع ڕێككەوتنێكیان واژۆ كرد. ئایا بە ڕای ئێوە ئەم حكومەتەی سووریا بە سەرۆكایەتیی شەرع ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت مافەكانی كورد لە سووریا دابین بكات؟

- ئەو ڕێككەوتنەی كە مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامی داوە، لەو چوارچێوەیەدا نییە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد و ڕۆژئاوای كوردستان بێت، بەڵكو ڕێككەوتنێكی سەربازی و ئەمنی بووە لە چوارچێوەی سووریادا و ئەو خاڵ و بەندانەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، تەنیا خاڵی گشتین و پەیوەندی بە چارەنووسی میللەتی كوردەوە نییە. مەزڵووم عەبدی خۆی نەكردووەتە بەرپرسی سیاسیی كوردان، بەڵكو خۆی وا نیشان داوە، كە بەرپرسێكی سەربازیی ئیدارییە، ئەگەرچی لە كۆنفڕانسی قامیشلو كە بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵویستی كوردان بوو، یەكێك لە داواكاریی لایەن و پارت و حزبە كوردییەكان كە لە ڕاسپاردەكان هاتووە، بریتییە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ شام بۆ بە دەستهێنانی مافی میللەتی كورد و لەو مافەشدا كە جزیرە و كۆبانێ و عەفرین و...تاد، وەكو هەرێمێك بێت لە ڕووی ئیداری و سیاسی، چونكە میللەتی كورد لەو ناوچانەدا تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە و پێویستە مافەكانی بەتایبەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ دەستەبەر بكرێت. لەلایەكی دیكەوە تا دوا قۆناغ خۆمان هەر بە ئۆپۆزیسیۆن نامێنین، بەڵكو دەست درێژ دەكەین بۆ گفتوگۆ و دیالۆك لەگەڵ حكومەت و دەسەڵاتداریەتی شام بۆ بەدەستهێنانی مافی میللەتی كورد، هاوكات ئێمە وا سەیری شەرع ناكەین كە دوژمنی كوردە، بەڵام لە بیر و مێشكی ئەوان (ئەحمەد شەرع) دەرناكەوێت شتێك وەكو قەزیەی كورد و دەستەبەركردنی مافی گەلی كورد هەبێت، بەڵكو لە هەموو كات و قسەكانی شەرع تەئكید لە یەك پارچەیی سوریا دەكاتەوە و لە ئێستادا كە تەنیا چوار مانگ و چەند ڕۆژێكە دیتمان پەلاماری عەلەوییەكانیان دا و كۆمەڵكوژیان كردن و لەو چەند ڕۆژەی ڕابردووش پەلاماری دروزەكانیشیان دا، بۆیە ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێن زۆر كات و ماوە هەیە كە بڕیار لەسەر چارەنووس و دواڕۆژی میللەتی كورد بدرێت، وەكو ڕۆژئاوای كوردستان، كە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا بگاتە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كە ئەمە ئومێد و هەوڵ و كۆششی چەندین ساڵی كوردە. هەر بۆیە پێویستە شام بزانێت كە ڕۆژئاوای كوردستان وەكو میللەتی كورد تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پاش ئەو هەموو ساڵە شۆڕش و دژایەتیی ڕژێمی بەعس لە سووریا، ئەمڕۆ لە ڕێگای دیالۆگ و دانوستاندن پێویستە بە مافی ڕاستەقینەی خۆی بگات.

 

Top