د.ئەردەشیر پەشەنگ توێژەر و پسپۆڕ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە تاران بۆ گوڵان: دیدارە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان سەلمێنەری هەڵكشانی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستانە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا
دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ڕۆڵی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەریی ئەو گۆڕانكارییانەی كە ڕوویان داوە و ڕوودەدەن لەسەر هەڵكشانی پرسی نەتەوەیی كورد، تەوەری سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ د.ئەردەشیر پەشەنگ توێژەر و پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە تاران و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بەو پێیەی شارەزاییەكی باشت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئێران هەیە، با سەرەتای پرسیارمان لەسەر بابەتی گفتوگۆكان و ململانێكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دەست پێبكەین، ئایا لەكاتی نەگەیشتن بە ڕێككەوتندا بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت؟
- دوای ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی ترەمپ و ئیدارەی نوێی ئەمریكا، جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێكی نوێی بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورەتر لەوەی ڕووی داوە، تێپەڕ دەبێت، دەتوانین بڵێین دەوڵەتی نوێی ئەمریكا زۆر جیاوازترە لەوەی پێشوو، ئەم دەوڵەتە بە كۆمەڵێك دیدگە و ستراتیژیەت و سیاسەتی نوێدا دەگوزەرێت، ئەمەش هەمووی لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجە سەرەكییەكانی وەكو «كۆتاییهاتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، پرسی كۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لێدانی سەربازیی حووسییەكان و كۆتاییهاتنی هەڕەشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل و ڕێڕەوە دەریاییەكان و كۆتاییهاتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران و گفتوگۆكان و كۆنتڕۆڵكردنی دۆسێ ئەتۆمییەكەی ئێران و چەندین پرسی دیكەی وەكو داشكانی بەهای نەوت و ململانێی بازرگانی لەگەڵ چین و پرسی دیكەی كۆچبەران و سەپاندنی تاریفەی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی كاڵا و بەرهەمی بیانیی هەناردەكراو بۆ ئەمریكا» هەڵبەتە ترەمپ و ئیدارە نوێیەكەی بەرانبەر پرسی ئێران زیاتر بە دوای تەوافوق و گفتوگۆ و سازانەوەن وەكو ئەوەی بەدوای شەڕ كەوتبن، چونكە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و وێرانبوونی غەززە و لاوازبوونی حزبوڵڵای لوبنانی و گورزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر حوسییەكان، هەمووی ئەمانە وایان كردووە، پێگە و هێزی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاواز ببێت و سیناریۆیەكی دیكە لە بەردەم ئێران نەمێنێتەوە جگە لە سازان و تەوافوق لەگەڵ ئەمریكادا. بابەتەكە تەنیا ڕاوەستاوەتە سەر ئەوەی ئێران سازان لەسەر چ دۆسێ و پرسێك بكات، تاوەكو ئەمریكا ڕازی بكات. خۆ ئەگەر سازان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بێت، بەوەی ئەم وڵاتە دەستی نەگات بە چەكی ئەتۆمیی سەربازی، ئەوا لەم حاڵەتەدا تەوافوق زۆر نزیكتر و ئاسانترە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەمریكا ئامانجی زیاتر لە هەگبەیدا بێت و مەبەستی كۆنتڕۆڵی هەموو بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییە بالیستییە دوورمەوداكەی و كۆتاییهاتن بە دەستتێوەردانی دەرەكیی ئێران بۆ سەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەوا گفتوگۆكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ زۆر زەحمەت دەبێت و بارودۆخەكە نادیار دەبێت و ئەگەری زۆرە قۆناغێكی نوێ لە ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران و سەرجەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت.
* پێت وانییە درێژبوونەوەی ئاڵۆزی و گرژییەكان لەكاتی ئێستادا لە قازانجی ئێران نییە، بەتایبەتی دوای ئەو شكستە گەورانەی لە فەڵەستین و لوبنان و سووریا و یەمەن میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە تووشی بوون؟
- ئەو دانوستانانەی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا كە چەند هەفتەیەكە لە مەسقەتی پایتەختی عوممان دەستی پێكردووە، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی ئێران هەبووە، دوای ئەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر تمەنی ئێرانی بە ئاستێكی مێژوویی دابەزی و 9 ملیۆن و 850 هەزار تمەن بوو، گۆڕانكاریی بەسەردا هات و گەیشتە 9 ملیۆن و 250 هەزار تمەن، هەر هیچ نەبێت ئاهێك بە دۆخی دارایی و ئابووریی ئێراندا هات. ئەمە ئەوە نیشان دەدات دانوستانەكە و هیوای گەیشتن بە ڕێككەوتن كاریگەریی زۆر گرنگ و ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی ئێران دەبێت، بەتایبەتی كە ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتن زیاترە لە ڕێكنەكەوتن. ئەمجارە بە پێچەوانەی ساڵی 2015ـەوە كە ئێران ئارەزووی نەدەكرد ئەمریكییەكان و گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان لە ئێران بكەن و بەشدار بن لە هەلەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازی و نەوت و غاز، ئەوەتا ئێران خوازیارە لە ڕێگەی پێدانی هەلی وەبەرهێنان و بەرژەوەندیی ئابوورییەوە بە گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا، فشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست بكات، هەرچەندە ئەم كارە زەحمەتە هاوشێوەی وڵاتانی وەكو سعودییە و كەنداو، كە چەندین ساڵی پێویستە تاوەكو ئەم پەیوەندییانە بەرەوپێشەوە ببات. ئێرانییەكان باش دەزانن بواری تەكتیك و خۆدزینەوە لەم سەردەمە نوێیەدا زۆر لاوازە و ئەگەر لە ڕێككەوتنەكان نەگەنە دەرئەنجامێك، ئەوا پێش ئەگەری لێدانی گورزی سەربازی، بارودۆخی دارایی و ئابووریی ئێران دادەڕمێت و لە ئێستا زۆر خراپتر دەبێت.
* ئایا ئێران دوای ئەم گۆڕانكارییانەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان دا، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە، چۆن دەڕوانێتە پرسی كورد؟ ئایا بەگشتی هەست بە گۆڕانكاری لە گوتاری ئێران بەرانبەر بە كورد دەكرێت؟
- گۆڕانكارییەكان و ڕووداوەكان بۆ سەر ئێران و ناوچەكە بەگشتی، ئەگەرچی پێشبینی و شرۆڤەكردنی ئاسان نییە، بەڵام هەموو هاوكێشە و ڕووداوەكان دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە كورد پرسێكی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و وەكو پرسێكی جیهانی و واقیعێكی نوێی هاوكێشە سیاسییەكان دەردەكەوێت، بەتایبەتی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان ڕووی لە هەڵكشان كردووە. ئەوەتا توركیا دەركی بەم واقیعە نوێیەی كوردەكانی ڕۆژئاوا لە سووریا كردووە و هەنگاویش بۆ ئاشتی لەگەڵ پەكەكە و ئۆجەلان دەستی پێكردووە، هەموو ئەمانەش شاهیدی ئەوەن پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێكی جددیدایە و ئەگەری باشتربوون زۆر بەهێزترە لە ئەگەرەكانی خراپبوون و تووشبوونی كێشە و قەیران. ئەوەتا پرسی ئاشتی كە لە باكووری كوردستان دەستی پێكردووە و بە پرسی ئاشتی لە ئیمڕاڵی سەری هەڵداوە، كە دەتوانێت كاریگەریی زۆر بەهێزی لەسەر مەسەلەی كورد بەگشتی هەبێت لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە ڕۆژئاوا. وڵاتێكی وەكو توركیا هەر زوو دەركی بەم هەقیقەتە كردووە، لە كاتێكدا ئەو دژی بارودۆخی كورد بوو لە ڕۆژئاوای كوردستان لە سووریا، تەنانەت زۆر لە بەرپرسە توندڕەوەكانی توركیا هەر ددانیان بە بوونی هەرێمی كوردستاندا نەدەنا، كەچی ئێستا هەنگاو بەرەو گۆڕینی سیاسەتیان بەرانبەر پرسی كورد دەنێن. لە هەموو ئەم گۆڕانكاری و وەرچەرخانە نوێیانەدا پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان زۆر ڕووی لە بەرزی كردووە، ئەمەش بە ددانپێدانی وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و وڵاتانی هەرێمیی وەكو توركیا و ئێران. بۆیە بە ددانپێدانانی ئێران سەرجەم دیدارە دیپلۆماسییەكانی جەنابی بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەلمێنەری هەڵكشانی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستانن لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، بە تێڕوانینی ئێران و زۆربەی وڵاتانی جیهانیش ئێستا هەرێمی كوردستان وەكو كاراكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا دادەنرێت، تەنانەت پەیوەندییە نەتەوەیی و دڵسۆزییەكەی نێوان هەر چوارپارچەكەی كوردستان ڕووی لە هەڵكشان كردووە و سەرەتای دەركەوتنی نیگایەكی ستراتیژیی نزیك بەیەكیان دەستی پێكردووە، كە سەنگ و ڕۆڵی كورد بەگشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز دەكات، دیدگەكانی بەڕێز بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و مەزڵووم عەبدی بە ڕاددەیەك نزیكن لە یەكتر، كە هیچ كات لە مێژووی سەد ساڵەی پێشوودا زەمینەیەكی وا دروست نەبووە، كە جۆرێك لە هاوبیرییەكی ڕێژەیی لەسەر نیگایەكی ستراتیژی بە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ پرسی كورد هەبێت. هاتنە بەردەوامەكانی مەزڵووم عەبدی بۆ هەولێر و دیدارە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم و فەرەنسا هەروا لەخۆڕا دروست نەبووە. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە نزیكبوونەوەی كوردی باكووری كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەیگێڕێت و لەگەڵ كوردانی ڕۆژئاوا و لە نێوخۆدا لەگەڵ یەكێتی، كێشەكان كەم دەكەنەوە، ئەمانە هەموو وا دەكەن كە ڕۆڵ و پێگەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باشتر بێت، تەنانەت هەموو زلهێزەكانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو هەقیقەتەی كە ڕۆڵ و پێگەی كورد لە هەرێمی كوردستاندا زۆر كاریگەرە لەسەر سەقامگیری و ئارامی و ڕاستكردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە بەرانبەر هەموو ئەو فشار و هێرش و سزایانەی كە لەلایەن دەوڵەتی مەركەزی لە بەغدا و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەوە تووشی بوون، بە خۆڕاگری مایەوە و، ڕێگەی بە نەیارانی نەدا، هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت و پێگە ستراتیژی و قووڵییەكەی خۆی لەدەست بدات. ئەم ڕۆڵە ئەگەر بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كورد بەردەوام بێت، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بە تەواوەتی هێزەكەی دەردەكەوێت، هەروەكو چۆن پێشتر ئەم ڕۆڵە لە نێوان بەڕێز سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی جۆرێك لە تەوافوقی ستراتیژییان لە نێواندا بوو، كە بووە هۆی هەوێنی بەهێزبوونی زیاتری پێگەی كورد لە بەغدا و تەواوی ناوچەكە و جیهان.
