ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیان بووەو لەگەڵ گەلەكەی لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانن بە ڕێگای دیالۆگ
رۆڵی پێكهاتەكانی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی دا دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، لەمەشدا رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی كلتووری پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لەناو كوردستاندا دیارو لەبەرچاوە، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لەوەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا جەخت لەسەر گرنگی كاراكردنەوەی پەرلەمان و دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە ، هاوكات بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات . لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بەڕێزی بڵاو دەكەینەوە..
• ئایا ئێوە وەكو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان چۆن سەیری كارانەكردنی پەرلەمان و پێكنەهێنانی حكومەتی نویێ دەكەن ، ئەو بارودۆخە نەخوازراوە تا چەند كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی یاسایی و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەكان هەیە؟
- لە ئێستادا کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر گرنگە و پێویستە، کە بە داخەوە ماوەی دوو ساڵ هەڵبژاردن کراوە، پەرلەمان کاری خۆی نەکردووە و کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە و ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ لایەنەکان، چونكە لایەنەکانی بەشدار لە پێرلەماندا ڕێك نەکەوتینە، ئەمەش کاریگەری خراپ دروست دەکات لە ڕووی سیاسی و لە ڕووی یاساییەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان(کابینەی نۆیەم) سەرەڕای هەموو قەیران و ئاسەنگەكان کارەکانی خۆی دەکات و لە ڕووی خزمەتەگوزاریەكانەوە بەردەوامە، بە تەئكید لە ڕووی خزمەتەگوزارییەكانەوە پێویستە ئاماژە بەو ڕاستی و دڵسۆزییەی كابینەكە بدەین بە شێوەیەکی بەردەوام و بەتواناو هێزێكی زۆرەوە لە كارو خزمەتگوزاریە گرنگ و بنەڕەتیەكان بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی لە هەموو شارو شارۆچكەو كونجێكی هەرێم لە كاری باش و پێویست و ستراتیژی نەك وەكو سەرەتای ساڵانی كابینەكە بەڵكو زۆر زیاتریش ئەكتیڤترە، بەڵام زۆر پێویست و گرنگە بەتایبەتی لە ئێستادا كە ناوچەكە بە دۆخی زۆر نالەبارو ئاگرین دادەڕوات پەرلەمانی كوردستان کارا بکرێتەوە، تا زیاتریش درەنگ نەبووە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. لەبەر ئەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و پەرلەمانتاران زۆر زۆر گرنگە، چونكە لە لایەكی دیكەوە وەزیفەی پەرلەمانتار نوێنەرایەتی کردنی خەڵکە لە ناو پەرلەمان، بۆیە کە دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و پەرلەمانی کوردستان مەڵبەندێکی زۆر گرنگە لە ڕووی یاساییە بەتایبەتی و ڕەهەندێکی نیشتمانیشی هەیە، نابێت بەو شێوەیە كە لە ئێستاكە هەیە ئیهماڵ بكرێت، بەڵكو پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت كە تا زیاتر درەنگ نەبووە پەرلەمانەكەمان کارا بکرێتەوە. هەر چەندە وەكو ئاماژەمان پێدا كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مسرور بارزانی لەكارو خزمەتكانی بەردەوامە لە هەموو سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و درێخی نەكردوە.
• ئایا لە ڕووی کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، چۆنی دەبینیت؟
- هەڵوێستی بەڕێز جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەموو بابەتەکان ڕۆڵێکی زۆر دیار و ئیجابی هەبووە و زۆر پەرۆشە بۆ كاركردنی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی كوردستان و هەموو كاتێك لەگەڵ ئەوەدا بووە کە گرفتەکان چارەسەر بکرێن، چونكە جەنابی سەرۆك بارزانی مەرجەعی سیاسی هەرێمی کوردستان و گەلەكەیەتی، و لە هەڵویست و كارەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی وەك ڕابەرایەتی سیاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان كارو هەوڵدەدات، هەر بۆیە ڕۆڵی جەنابیان دەبێت بە بەرزی و گەورەیەوە لەبەر چاو بگیرێت، لە لایەكی دیكەوە جەنابیان هەموو کات دەستپێشخەریی باشی هەبووە بۆ كاركردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەو ڕاستیەش ڕوون و دیاربێت لە لایەن هەموو لایەن و خەڵكیەوە كە سەرۆك بارزانی لە هەموو لایەن و بوارێك سیاسی و ئابوری و یەكڕێزی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی زۆر بەڕێزو ئومێدبەخش و چارەنووسسازی بۆ گەلی كوردستان هەبووە، هاوكات بە گیانی لێبوردەی لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان كاری بۆ چارەسەری گرفتەكان كردووە.
• ئایا لە ڕووی ئاشتی و پێکەوەژیانی پێكهاتەكان هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت، هەروەها ئەو ڕێز لێنانە بەنرخ و بەرزە كە لە پاپای ڤاتیکان بە جەنابی سەرۆك بارزانی درا چۆنی دەبینیت ئەمە یەكێك لەو نیشانە و بەڵگانەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی داكۆكیكارێكی ماندوو و سەرسەختی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتییە لە كوردستان و نوچەكە و دنیادا؟
- بێگومان ڕێزلێنانی جەنابی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی لە لایەن پاپای فاتیكانەوە، شانازییەکە بۆ هەموو پێكهاتە و خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونكە جەنابی سەرۆك بارزانی، بە درێژای تەمەن و مێژوو سەڵمێندراوە كە مەرجەعی سیاسی و پێکهەوەژیانی پێکهاتەکان و نەتەوەکانە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق و بە تەئكید ڕۆڵێکی زۆر كاریگەر و گرنگی هەیە هەموو كات و سەردەمێك و بۆ هەموو دنیا دەركەوتووە كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیان بووە. ئێستاکەش كە ئەو گرژی و شەڕەی لە ناوچەكە هەیە ئەوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان و گەلەكەی لەگەڵ شەڕدا نین، بەڵكو دژی شەڕین و ئێمە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەرکردنی گرفتەکانین بە ڕێگای دیالۆگ، ئەمەش هەڵوێستێکی زۆر گرنگ و كاریگەرو دیاری بەڕێزیان و هەرێمی کوردستانە. هاوكات لە هەموو کاتیش زیاتر ئێستا دووپات و تەئکیدیش دەکاتەوە لەو بێلایەنی و ئاشتی و لێبوردییە لە ناوچەكەدا، بەڵام بە داخەوە جاروبار بەشێك لە گروپە ملیشیا دەرچووەكان لە یاسا لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە درۆن و موشەك هێرشی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان كە ئەمە پێشێلکردنی هەموو یاسا و شتێکە. هەر بۆیەش ئێمە ئیدانەی ئەم هێرشانە دەکەین، چونكە ئێمە تەرەف نین لەو شەڕو ئاڵۆزیەی لە ناوچەكەدا هەیە، بەڵكو هەرێمی کوردستان مەڵبەندی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە بۆ هەموو ناوچەکە، هەر بۆیە پێویستە و ئەركە كە حكومەتی عیراقی لەو پێشلكاریانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبێت و بەتوندی بێتە وەڵام.
• چۆن سەیری پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەکەیت كە مەبست تیدا ناوچەیەکی بێ تیرۆر دروست بێت كە ئەمەش بۆ پێویست و گرنگە بۆ ئەو ناوچەیە؟
- بەڵێ ئێستا ئەو پرۆسەیە، لە قۆناغێکی زۆر باشدایە كە پڕۆسەكە مەبەستیەتی ناوچەیەك بێتەدی بە تیرۆر،كە ئەمەش بۆ توركیاو بۆ هەموو لایەك زۆر پێویست و گرنگە،ئەمە پرۆژەیەکە كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەموو كاتێكدا زۆر هەوڵیی بۆ داوە، هاوكات حكومەتی توركیاش زۆر پەرۆشە بۆ جێبجەێكردنی پڕۆژەكە هەر بۆیەش لە ئێستادا لە قۆناغێکی پێگەیشت و زۆر باشدایە، ئەم پڕۆژەیە ئاوات و هەوڵی توركیا و خەڵكی توركیا و هەموو لایەنەكانی ناوچەكەیە، چونكە ئەو پڕۆژەیە واتە ناوچەیەك بەبێ تیرۆر، تورکیایەكی بەبێ تیرۆر، وەكو دەبینین ئەم پڕۆژەیە بۆیە كاری جددی لەسەر دەكرێت ، چونكە هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و برایەتی و دۆستایەتی لە ناوچەکەدا دەباتە قۆناغێكی سەقامگیرو كەمترین كێشە و تیدا کە نەتەوەی کورد، نەتەوەی تورك، نەتەوەی تورکمان، نەتەوەی عەرەب، نەتەوەكانی دیكە، هەموو وەكو برا دەبن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوو نەتەوە. من هەمیشە ئەمە دەڵێم، نەتەوەی تورك و نەتەوەی کورد، دوو برا و دۆستن و خزمایەتیان لەگەڵ یەك هەیە، لە سایەیی حەكیمانەی بارزانی و دەسەڵاتی توركیا بە تایبەتی ئەردۆغان ئێستا وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان دوو دراوسێی و دۆست و خزمی باشن، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی تورکیاو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی زۆر بە درەوشاوەیی تێدا دەبینرێت، بەتایبەتی ڕۆڵی جەنابی کاك مەسعود بارزانی، جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێکی زۆر زۆر کاریگەری هەیە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هەموو كاتێك بۆ ئاشتی ناوچەكە.
• ئایا وەكو پێكهاتەی توركمان و پێكهاتەكانی دیكە داواكاریتان لەهەموو لایەنە كوردستانییەكان چییە بۆ كاراكردنی پەرلەمان؟
- بێگومان پەرلەمان وەكو لایەنێكی یاسادانان بۆ هەرێمی كوردستان و ئیدارەدانی زۆر پێویست و گرنگە، ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و پێكهاتەكانیش زۆر جددین و دواكارین لە لایەنەكان كە هەوڵدەن بە جددی پەرلەمانەكەمان ئەوە دوو ساڵە هەڵبێردراوە كارای بكەنەوە و پەرلەمانتارەكان بەكارو ئەركی پەرلەمانی خۆیان هەستن، چونكە پەرلەمانی هی هەموو گەلی كوردستانە و بەبێ پەرلەمان كەڵێنێكی گەورەو كاریگەر بەدی دەكرێت و تووشی ئاستەنگ و كێشەیی یاسایی دەبینەوە، هەر چەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان(كابینەی نۆیەم)بەردەوامە لە كارو پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكان بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵام داواكارین لە حزب و لایەنەكان تا زووتر هەوڵبدەن و بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان هێشتا درەنگە كە ئەمەش بە پێی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان و تەوازن و تەوافق كار و یەكڕێزی و یەكهەڵویستی بكەن و هەرێمی كوردستان لەو بارودۆخە نەخوازراوە ڕزگار بكەن.
• ئایا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لە چ قۆناغێکە، بەتایبەتی لەبارەی نەوت و بودجەدا ؟
- ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشە هەیە و، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بە جێبەجێكردنی دەستوور باشتر دەبێت و كێشەكانیش چارەسەر دەبێت، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان بە تەئكید لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕال داوای مافەکان دەکەین.
• ئایا گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەركوك چۆن دەبینیت، هەنگاوێکی باش بوو؟
- بێگومان ئەو كارە گەورەییە زۆر پێویست و گرنگ بوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیدا،چونكە شاری كەركوك شاری پێکهەوەژیانە، شاری هەموو نەتەوەکان و ئایینەکانە، دەبێت ئەو پێکهەوەژیانە پارێزراو بکرێت لەو شارە دا.
گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ناو کۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆر پێویست و هەنگاوێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، هاوكات كارو هەنگاوێكە تێدا ڕێز لە ئیرادەی هەموو لایەنەکان بگیرێت و، پارتیش حیزبێکی گرنگە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان، حیزبێکی سەرەكی كۆن و خاوەن ئەزموون و قارەمان و خوبەختكارە و ئەزموونی سیاسی زۆر بەهێزو مێژووی هەیە و یەکەم حیزبە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان كە بەرگری لە قەزیەی پێکهەوەژیان و نەتەوەکان و پێکهاتەکان دەکات.
