جبرائیل گۆرگیس تۆما قەشەی سێمیل بۆ گوڵان: هاوخەمیی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی پاپا سەبووری پێداین و دووپاتكردنەوەی پاڵپشتییە بۆ كریستیانەكان
بۆ ئەوەی بزانین جەژنی نزای نیشتمانی كە ئەمساڵ لە هەولێر ئەنجام درا، تا چەند گرنگ بوو، هەروەها هاوخەمیی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەروكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی بەخاك سپاردنی پاپادا چی دەگەیەنێت و، كریستیانەكان چۆن سەیری ئەو هەڵویستانەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، گۆڤاری گوڵان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسیارانە و چەند پرسی دیكە، دیمانەیەكی لەگەڵ جبرائیل گۆرگیس تۆما قەشەی سێمیل و گوندی سیجی ساز دا.
* جەژنی نزای نیشتمانی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو، كە هەموو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد. ئایا گرنگیی جەژنی نزا چییە و بۆچی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو؟
- هەرێمی كوردستان بووەتە لانكەی پێكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزاكان، بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق كە بە چەند قۆناغێك كریستیانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هاوكات ئایین و ئایینزاكانی دیكەش بە هۆی هەوڵە تیرۆریستییەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد. حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاریان دا، هەموو دەروازە و سنوورەكانی هەرێم بە ڕووی هەموو ئاوارەی پێكهاتە جیاوازەكانی ئایینی و ئایینزاكان بكرێتەوە و خزمەتگوزارییان پێشەكەش كرا، ئەمەش لەسەر بنەما و تێڕوانینی مێژووی پێكەوەژیان لە كوردستان دێت، بەتایبەتی لە سەردەمی بارزانیی نەمر و شۆڕشی گوڵان و دواتریش بەو پێیەی كە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بەندەی خواین و هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نێوانیان نییە، ئەمەش بووە هەوێنی پێشكەوتن و ڕاستگۆیی سەركردایەتی كورد، بەتایبەتی ماڵباتی بارزانی، ئەو پێكەوەژیانە جوان و لێبوردە و سەقامگیریی ئاسایش و بەرقەراریی یاسا لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم و دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو پاڵپشتی و هەنگاوێكی گەورەیە و، بووە هۆی ئەوەی ئەو مەراسیمە گەورە و دیار و گرنگە جیهانییە كە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر ببەسترێت، كە ئەو نزای نیشتمانییە گرنگیی زۆر و تایبەتی هەیە بۆ ئەو وڵات و شوێنەی تیدا بەڕێوەدەچێت، لە ڕووی پێكەوەژیان و سەقامگیریی ئاسایش و كۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی و سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش كە لەو بۆنە و مەراسیمەدا ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی وڵاتان و پیاوانی ئایینی و ئایینزاكان و سەركردەی وڵاتان كە نزیكەی (600) كەسایەتی لە هەموو دنیا تێیدا بەشدار بوون. مەراسیمی ئەمجارە لەكات و ساتێكی زۆر بەرچاو ئەنجام درا كە تێیدا قەداسەتی پاپای ڤاتیكان چووبووە بەر دلۆڤانیی خوای گەورە (خوالێی خۆش بێت). مەراسیمی نزای نیشتمانی بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، چونكە ئەوانەی لەو مەراسیمەدا بەشدار بوون، دووبارە بۆیان دەركەوت و سەڵمێندرا كە هەرێمی كوردستان ڕاستە شوێنی پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە، هەر لە موسڵمان و كریستیان و ئێزدی و شەبەك و كاكەیی و...تاد، هەرچەندە پێشتر ئەو پەیامی پێكەوەژیانی كوردستان بە دنیا گەیاندرابوو، بەتایبەتی هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ هەولێر ئەوەی سەلماندبوو، بەڵام لەو مەراسیمە و ئەو جۆرە پێشوازی و ئەوەی كە بەشداربووان لە هەرێمی كوردستان بە چاوی خۆیان بینیان و زیاتر بۆیان سەلمێندرا كە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە و ئاشتی و لێبوردەیی تێدا چەسپاوە، هەموو ئەمانەش بۆ حیكمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ڕێبازەكەی دەگەڕێتەوە.
* بەداخەوە قەداسەتی پاپای ڤاتیكان كۆچی دوایی كرد، هەولێر یادگارییەكی گەورەی لەگەڵ قەداسەتی پاپا هەیە بەتایبەتی كە جەنابیان نوێژی قەداسەتی لە یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە برد. ئایا تاچەند سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەولێر گرنگ بوو؟
- لەو كاتەی قەداسەتی پاپا هاتە عێراق و هەولێر، پێداگرییەكی زۆری كرد بۆ ئەوەی ئەو سەردانە مێژووییە بكات، ئەگەرچی بارودۆخی ئەمنی بە هۆی شەڕی داعش و تیرۆر زۆر مەترسیدار بوو، بەڵام قەداسەتی پاپا دڵنیا بوو لەوەی كە هەرێمی كوردستان لەو پەڕی بەهێزی و مرۆڤدۆستییە و دەتوانێت گیانی هاونیشتمانیان و زیارەتكارانیش بپارێزیت. هاتنی پاپا بۆ هەولێر لە ئەنجامی ئەو تێگەیشتنە بوو كە لەلایەن ئێمە و قەشە و پیاوانی ئایینی كریستیان كە بۆ ڤاتیكان چووبووین، ئەو واقیع و ڕاستییەی پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانمان پێیان گەیاندبوو. هاتنی پاپا بۆ هەر شوێنێك زۆر گرنگە و دداننانە بەو شوێنە كە تێیدا پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی لە نێوان ئایین و ئایینزاكان بەرجەستە بووە. ئەوە بوو پاپا بە چاوی خۆی دیتی كە كوردستان نەك تەنیا لە ڕووی پێكەوەژیانەوە، بەڵكو لە ڕووی ئاوەدانكردنەوەشەوە هەنگاوی زۆر گەورە و سەركەوتووی ناوە. پاپا لەپاش سەردانەكەی بە هۆی ئەو پێشوازییە جوان و گەورەیەی لەلایەن گەلی كوردستان و سەركردایەتیی كورد بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لێی كرا، سوپاسنامەی ئاراستەیان كرد، كە ئەمەش بەڵگەیەكی دیكەیە و ددانانە بە ڕەوایی هەرێمی كوردستان و ئەو پێكەوەژیانە سەركەوتووەی كە هەیەتی.
* لە هەرێمی كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران پەیامی هاوخەمییان بۆ كۆچی دوایی قەداسەتی پاپا دەربڕی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاك سپاردنی ئامادە بوو. ئایا چۆن سەیری بەشداریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاك سپاردنی قەداسەتی پاپادا دەكەن؟
- هاوخەمیی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستان بووە بەڵگەیەك لەلایەن كریستیانەكانی كوردستان و هەموو جیهان كە ئەو هاوخەمی و دڵتەنگییەی جەنابیان لەو ڕۆژەدا بە ئێمەی كریستیانەكانی وت، ئێمە خاوەن و پاڵپشتی گەورەمان هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەو سەركردە بەڕێزانەیان لەگەڵمان هاوبەشن لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكاندا، لەو هاوخەمییە شتێكی زۆر گەورە هاتەوە یادمان، كە ئەویش ئەوە بوو، لەو كاتەی لە بەغدا و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕووبەڕووی كوشتن و تیرۆر دەبووینەوە، هەر هەرێمی كوردستان و ئەو سەركردە بەڕێزانەی كوردستان بوون ئێمەیان لە لەنەهامەتی و لەناوچوون پاراست و بە جۆرێك خزمەتیان كردین، پەشیمانیان كردینەوە لەوەی كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات و ئەوروپا و ئەمریكا بكەین. هەرێمی كوردستانیان بۆ ئێمە كردە نیشتمان و خاكی پیرۆزی خۆمان كە تێیدا سەربەست و ئازاد و خۆشگوزەرانین، هەروەها ئەو بەشداری و هاوخەمیەی جەنابی سەرۆك بارزانی كارێكی دیكە دێنێتەوە یاد، كە دەیسەلمێنێت گەلی كورد و سەركردەكانی وەكو جەنابی سەرۆك بارزانی و مسرور بارزانی و نێچیرڤان بارازنی كەسایەتیی بەوەفان، ئەوەش دەهێنێتەوە یاد، لەو كاتەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی ڕۆما و ڤاتیكانی كرد، لە ئاستی سەرۆكی وڵاتانی لەلایەن ڤاتیكان و پاپاوە پێشوازی لێكرا، هاوكات بەشداریی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمی بەخاك سپاردنی قەداسەتی پاپادا، لە ئاستی سەركردە و سەرۆك وڵاتان پێشوازی لێكرا، ئەمەش بۆ ئێمەی كریستیان دووبارە دڵنەوایی و پاڵپشتییەكی بەهێزی حكومەتی كوردستانە لە كریستیانەكان و هەموو ئایین و ئایینزاكانی دیكە و ئاستی دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستانی نیشان دا، كە لە پەیوەندییەكانی لە دنیادا زۆر بەرەو پێشەوە چووە و جێگای تێڕامانێكی گەورە و بەرچاو بوو كە لەو مەراسیمەدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوشانی سەرۆك و سەركردەی وڵاتانی دنیا بەشداریی هاوخەمی و دڵتەنگی كریستیانەكانی جیهانی كرد. شایانی پێزانین و دەستخۆشییە، ئەو هاوخەمییەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لەو ساتەی قەداسەتی پاپا گیانی سپارد، تا ئەو كاتەی كە بەخاك سپاردرا، لەگەڵ ئێمەدا وەكو كریستیان هاوخەم و بەشدار بوون. هەر بۆیە بەشداری ئەو هاوخەمی و مەراسیمی بەخاك سپاردنی پاپا بۆ ئێمەی كریستیانەكانی هەموو دنیا جێگای فەخر و شانازییەكی گەورەیە، هەر بۆیەش لە خوای گەورە داواكارین ئەو ڕێزدارەی لەمەودوا دەبێتە پاپا لە ڤاتیكان یەكەم پلان و هەنگاوی سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان بێت، بەتایبەتی بە دیدەنی جەنابی سەرۆك بارزانی شاد بێت.
* ئێستا ڕێژەیەكی بەرزی كریستیانەكانی عێراق هاتوونەتە كوردستان و لە هەرێمی كوردستان دەژین. ئایا چۆن سەیری پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەیت؟ ئایا تا چەند ئەم وێنە جوانەتان بۆ كریستیانەكانی دیكەی جیهانیش گواستووەتەوە؟
- هەرێمی كوردستان لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەو حكومەتە بەهێز و جوانەی هەمانە، پێكەوەژیان تێیدا بەردەوامە و لە شوێنی خۆیشی ڕانەوەستاوە، متمانەش بۆ هەموو ئایین و ئاینزاكان و نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دروست بووە و دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووی زۆر جوان و پڕشنگدارە، نەك تەنیا لە ناوچەكە بەڵكو لە هەموو دنیادا، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو گەشەكردنی زیاتر و باشتر وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دامەزراند كە لەو وەزارەتە گرنگە شوێن و پێگە و بەڕێوەبەرایەتیی هەموو ئایین و ئایینزاكانی تێدا كراوەتەوە، هەر یەكەیان بە پلان و بەرنامەیەكی ڕێكوپێك كار بۆ ئایین و ئایینزاكان دەكەن، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لە كابینەی نۆیەم زۆرترین و باشترین خزمەتیان پێشكەش كردووین، بۆ نموونە لە هەولێر تەنیا سێ چوار كەنیسە هەبوون، ئێستا ژمارەكە چەند بەرانبەر زیادی كردووە. لەلایەكی دیكەوە هەموو ئایین و ئایینزاكان ماف و بەندایەتی و تەواف و عیباداتەكانیان بە ئازادی لە كات و ساتی خۆی بۆیان فەراهەم كراوە، بۆ نموونە سائبیەی مەندائی ڕێگایان پێ دارەوە و هاوكارییش كراون، كە پەرستگا و شوێنی عیباداتی خۆیان هەبێت و مومارەسەی ئایینی خۆیان بە ئازادی بكەن. مامۆستایانی ئایینی ئیسلام، بەتایبەتی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام پەیوەندییان لەگەڵمان زۆر باشە و لە هەموو كار و هەوڵ و داواكارییە ئایینییەكانمان تا ئەوپەڕی پاڵپشت و هاوكارمانن و شایانی ئەوەن دەستخۆشی و سوپاس بكرێن.
ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی كریستیان كە سەردانی ڤاتیكان و وڵاتانی دیكەمان كردووە، ئەو ڕاستی و هەقیقەت و بەڵگانەمان گەیاندووە كە هەرێمی كوردستان شوێن و وڵاتێكی زۆر نموونەیە بۆ پێكەوەژیان و زۆر هاوكاریی ئێمەی كریستیانەكانیان كردووە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەو ڕەنگدانەوەی كە قەداسەتی پاپا بە فەرمی سەردانی هەولێری كرد و نوێژی قەداسی بە ئامادەبوونێكی جەماوەری زۆر لە هەولێر ئەنجام دا.
