وەفا سلێمان محەمەد نوێنەری ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا: حكومەتی عێراق هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی ئاوی هەرێمی كوردستانەوە كێشەی ئاوی عێراق چارەسەر بكات
وەفا حەمید سلێمان، ئەندامی نووسینگەی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا و سیاسەتی دەرەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان)وەك نوێنەری تایبەتیی خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت بەشداریی كرد و بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
سەرەتا دەمەوێت بە ناوی خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری گۆڕانی كەشوهەوا و سیاسەتی دەرەوە، سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم، بۆ بانگهێشتكردنمان بۆ ئەم گفتوگۆیە. خاتوو بەیان زۆری پێ خۆش بوو، بە شەخسی لەم گفتوگۆیەدا بەشدار بێت، بەڵام بە هۆی پابەندبوونی بە كارێكی دیكەوە، نەیتوانی ئامادە بێت، بۆیە ئێمە وەك نوێنەری بەڕێزیان ئامادە بووین.
بابەتی ژینگە و میكانیزمەكانی پاراستنی ژینگە، وەك بەڕێز سەرۆكی دەستەی پاراستن و ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی پێ كرد، بابەتێكی زۆر فراوانە و كۆمەڵێك سێكتەری جیاواز لەخۆی دەگرێت و پێویستیشی بە هەماهەنگیی وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم و هاریكاریی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیش هەیە.
كێشەی گەورەمان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە، ئێمە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وەك نووسینگەی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ دەستەی پاراستن و ژینگە، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی گرفتە ژینگەییەكان چارەسەر بكەین، بەڵام لەبەر ئەوەی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە ئەنجامدانی پڕۆژەیە و پڕۆژەكانیش دەبێت بوودجەیان بۆ دابین بكرێت، ئەوا ئێمە لەسەر دابینكردنی بوودجە «Fund» بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی حكومەتی فیدڕاڵ لە هەوڵی ئەوەداین، ئەو بوودجەیەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەیدات بە عێراق، پشكی هەرێمی كوردستانی لێ جیا بكرێتەوە و بۆمان بنێرین، بۆ ئەوەی بتوانین گرفتە ژینگەییەكانی پێ چارەسەر بكەین.
یەكێك لەو بابەتانەی كە زۆر پەیوەستە بە گرفتی ژینگەوە بابەتی بەڕێوەبردنی كاربۆنە كە پێی دەگوترێت «carbon credit market»، ئەم پرۆسەیە پێویستی بەوەیە كە داوا لە وڵاتان بكەین بوودجە «Fund»ی بۆ دابین بكرێت، ئێمە هەوڵمان دا بۆ ئەم بابەتە كۆمپانیایەك دابمەزرێنین، بەڵام بەم دواییە تاكلایەنانە حكومەتی عێراق هەستاوە بە دامەزراندنی دامەزراوەیەك بۆ كریدت كاربۆن ماركێت، بۆیە ئەگەر وڵاتان بوودجەیەكیش بۆ ئەو پڕۆژەیە بنێرن، ئەوا بە ڕێژەی 95%ی ئەو پارەیە تەرخان دەكرێت بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق و تەنیا 5%ی دەدرێتە كۆمپانیاكە، ئەم پرسە وا بڕیار بوو پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام بەبێ ئەوەی بەرز بكرێتەوە بۆ پەرلەمان بڕیاری لەسەر دراوە.
كێشەیەكی گەورەی دیكەمان كێشەی ئاوە، ئێمە زۆر بە گرنگییەوە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەین و مەزندەی ئەوە دەكەین قەیرانێكی گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە دروست بكات.
عێراق هەوڵی دا كێشەی ئاو لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا چارەسەر بكات، بەڵام ئێران ئامادە نییە دانوستاندن بكات و توركیاش بە بیانووی بەفیڕۆدانی ئاو كەمتر هاوكاری دەكات، بۆیە لە ئێستادا حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی هەرێمی كوردستان و ئاوی هەرێمی كوردستانەوە كێشەی ئاوی عێراق چارەسەر بكات.
وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا ئەندامین لە یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت «IUCN»، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و بایەخ بە هاوسەنگیی ژینگە دەدات و، توێژینەوە و ڕووپێووی گرنگ بۆ توخمە جیاوازەكانی ژینگە دەكات، كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆر پێویستمان بەو توێژینەوە و ڕووپێوانە هەیە.
بە هەوڵەكانی نووسینگەی سەرۆكی حكومەت و ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا، ئێستا ئەندامین لە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی چیاكان، كە بارەگای سەرەكیی ئەم ڕێكخراوە لە نیپاڵە، ئێمە لە كوردستان چیای زۆر جوانمان هەیە، بۆیە پاراستنی چیاكان گرنگییەكی زۆری بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان هەیە.
نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات ئامادەباشیی هەبووە، كە هاریكاری و یارمەتی هەموو ئەو ڕێكخراوە ناحكوومییانە بكات كە خۆبەخشانە كاری ژینگەپارێزی دەكەن. پرسی پاراستنی ژینگە پرسێكی یەكجار گرنگە، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا مەترسیی گەورە لەسەر ژینگەی جیهان بەگشتی و ژینگەی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، بۆیە ئەم بابەتە جێگەی بایەخ و گرنگیی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە هەموو ئەو بوارانەی كە دەبنە كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، بەڕێزیان پلان و بەرنامەی بۆ داناوە و بەشێكی باشیشی وەك دروستكردنی بەنداو و پۆندەكان، بەرهەمهێنانی وزە بە میتۆدی وزەی پاك هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە و، بەشێكی باشی ئەو پڕۆژانە تەواو بوون و بەشەكەی دیكەیشی بەردەوام كاری تێدا دەكرێت.
