ساڵح فەرحان مامۆستای زانستی ژینگەیی لە كۆلێژی زانستی زاخۆ: پێویستە حكومەت و هاووڵاتی هەماهەنگ و هاوكار بن بۆ بەرزركردنەوەی ڕێژەی سەوزایی، كە دواجار لە بەرژەوەندیی تەندروستیی هاووڵاتی و خێزانەكەی دەبێت
لە هەرێمی كوردستان هۆكاری پیسبوونی ژینگە زۆرە، بەڵام ئەوەی زۆر بەرفراوانە و نزیكە لە مرۆڤەكانەوە و ڕۆژانە ڕووی لە زیادبوونە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلە كە بەداخەوە ژمارەیەكی زۆریان پابەندی ڕێنمایی و مەرجەكانی پاراستنی ژینگە نین و لە ئەكسۆسی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە دووكەڵێكی ڕەش و ژەهراویی پیس دەردەدەن، دواتر بە پلەی دووەم دەردانی دووكەڵی ئەو ژمارە زۆرەی موەلیدەی گەڕەك و كەرتی تایبەتە كە بەهۆی كەمی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانییەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان و كەرتی تایبەت و بینایە و فەرمانگەكان پشتیان بە ئیشپێكردنی موەلیدەی كارەبا بەستووە و كە بێ هیچ فلتەر و ڕێنماییەك نزیك لە هاووڵاتییان و شوێنی نیشتەجێبوونیان دووكەڵێكی ڕەشی ژەهراوی دەردەن، ئەمە جگە لە چەندین هۆكاری وەكو دەردانی پاشماوە و دووكەڵی كارگەكان و ڕژانی ئاوەڕۆكان بۆ ناو سەرچاوەكانی ئاوی پاك و خاوێن و فڕێدانی زبڵ و خاشاك بێ ئەوەی ڕیسایكلین بكرێت.
بەداخەوە هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش لە نێوان فەرمانگەكانی پاراستنی ژینگە و هاووڵاتیان نییە و وەكو ئەوەی زۆربەی هاووڵاتیانی كوردستان هێشتا شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە لەسەر مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە و كاریگەریی لەسەر تەندروستی و دەركەوتنی نەخۆشی و پەتای زۆر مەترسیدار، زۆر لە هاووڵاتیان شارەزایی ئەوەیان نییە فڕێدانی تەنیا یەك دەبەی پلاستیك كە بۆ 300 ساڵ لە خاكدا شوێنەواری پیسبوونی ژینگە بەجێ دەهێڵێت و چەند مەترسیدارە بۆ سەر لایەنی تەندروستیی خۆی، ئەم مەترسییانە لە كاتێكدایە كە چەندین ساڵ حكومەتی بەعس چەكی كیمیایی و تەقەمەنی و چاندنی مین و وێرانكردنی گوندەكانی وەكو سیاسەتێكی قڕكردن و ئەنفالكردنی كوردستان بەكار هێناوە، كە بووەتە هۆی خراپ بوونی ژینگە و وێرانكردنی كوردستان و تێكچوونی تەندروستیی مرۆڤ و زیندەوەران و كەمبوونەوەی ڕێژەی دارستان و سەوزایی لە هەرێمی كوردستان.
ڕاستە لە چەند ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركی بەم مەترسییانەی پیسبوونی ژینگە كردووە و لەسەر ئاستی عێراق لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی سەوزایی باشترە، بەڵام هێشتا ئەم ڕێژەی سەوزایی و ڕوواندنی نەمام و درەختە نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، پێویستە حكومەت و هاووڵاتی هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ بەرزركردنەوەی ڕێژەی سەوزایی كە دواجار لە بەرژەوەندیی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتییەكە و خێزانەكەی دەبێت.
باشترین میكانیزم بۆ بەشداریی هاووڵاتیان لە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی نەمام بابەتی هوشیارییە، پێویستە ڕۆشنبیركردن و هوشیاركردنی خەڵكی بكرێتە بەرنامەی پەروەردەیی ناو خێزان و قوتابخانە و چالاكی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە جگە لەو پلان و بەرنامە ژینگەیی و پڕۆژەكانی دروستكردنی باخچە و بارگەكان و بەرزركردنەوەی ڕێژەی سەوزایی بە دوو ئاراستەی دیكەش كار بكات، لەلایەك لە ڕووی هوشیارییەوە لە لایەكی دیكەوە لەڕووی بەدواداچوون و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییەكان و سەپاندنی سزای دارایی دژی ئەو كەس و كۆمپانییانەی كار لەسەر تێكچوونی ژینگە و زیانگەیاندن بە هەوا و خاك و ئاو دەكەن. لەم ڕووەوە ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە، یاسا كۆنەكان هەموار بكرێنەوە و ڕێنمایی و مەرجەكان بەپێی قۆناغ و واقیعەكە توندوتۆڵتر بكرێن، بۆ نموونە ئێمە لە ناوچەی پیشەسازیی كواشێ كە ژمارەیەكی زۆری وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا و كارگە و كارخانە هەیە، تاكو ئێستا پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەكان نابن و دووكەڵ و خاشاك و پاشماوەیەكی زۆر فڕێ دەدەنەە دەرەوە و لە بواری ژینگە پارێزی و دروستكردنی باخچە و دارستان و سەوزایی پارێزگاكەدا هیچ دەستپێشخەرییەكیشیان نییە، لە كاتێكدا وا پێویست بوو بە پشتێنەیەكی سەوزایی ئەم ناوچەیە دابخرایە و هەر هیچ نەبێت بەشێك لەو گازە ژەهراوییەی لەم ناوچەیەوە دەردەچێت، نەگاتە شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری كواشێ، لەسەر پیسبوونی ژینگەی ئەم ناوچەیە لەلایەن مامۆستاكانی هاوڕێمەوە، بەتایبەتی لە كۆڵێژی زانستی زانكۆی زاخۆ چەندین توێژینەوەی زانستیان هەیە كە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە ئەم ناوچەیە چەند ژەهراوییە و شوێنەوارەكانی لەسەر پیسبوونی ژینگە زۆر مەترسیدارە، بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیش كاتی ئەوە هاتووە هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوەی وەكو میترۆ و سیستەمی پێشكەوتووی پاس دابین بكرێت .
