دكتۆر عەبدولڕەحمان جەعفەر كەمەكی ڕێڤەبەری هەرێمی یەكێتیی جیهانیی ژینگەپارێزی و كەشوهەوا: لە هەرێمی كوردستان پیسبوونی هەواو و بوونی گازێكی ژەهراوی زۆر مەترسی گەورەیە بۆ سەر ژیان و تەندروستیی مرۆڤ

دكتۆر عەبدولڕەحمان جەعفەر كەمەكی  ڕێڤەبەری هەرێمی یەكێتیی جیهانیی ژینگەپارێزی و كەشوهەوا:  لە هەرێمی كوردستان پیسبوونی هەواو و بوونی گازێكی ژەهراوی زۆر مەترسی گەورەیە بۆ سەر ژیان و تەندروستیی مرۆڤ

 

 پیسبوونی ژینگە بە هەرسێ جۆرەكەی (ئاو و خاك و هەوا) لە هەرێمی كوردستان مەترسی زۆری لەسەرە، بەتایبەتی كە بەپێی پێوەرە جیهانییەكان ئاو و هەوا و خاكی هەرێمی كوردستان ڕووی لە پیسبوون كردووە، موەلیدە و كارگە و پاڵاوتگە و ئاوەڕۆ و دووكەڵی ژەهراویی ئۆتۆمبێل و فڕێدانی خاشاك و پاشەڕۆی نەخۆشخانەكان و دەیان هۆكاری دیكە كە لەژێر كۆنتڕۆڵ دەرچوون و جێگای مەترسیی گەورەن بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤەكان و پیسبوونی ژینگەكەمان. ماددە ژەهراوییەكانی كاربۆن و نێترۆجین ودەیان تەن ماددەی دیكەی ژەهراوی پیسبوونی هەوای لێكەوتووەتەوە، دواتر لەڕێگەی دابارینەوە ئاو و خاكیش پیس دەكات و زیانی گەورەی لەسەر تەندروستی مرۆڤەكان دروست دەكات. ناكرێت ڕێژەی دەردانی كاربۆن و نێترۆجین لە ڕێژەی ئۆكسجین زیاتر بێت و هەر موەلیدەو كارگە و كارخانەیەك و كەسێك گازی ژەهراوی دەربكات و بێ هیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەك ژینگەی هەرێمی كوردستان پیس بكات و ژیانی هەمووان بخاتە مەترسییەوە، دەبێت موەلیدە و كارگە و كارخانە و پاڵاوتگەكان بخرێنە دوور لە شارەكان و لە نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵك نەبێت. ڕەنگە تاكو ئێستا خاكی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە پیس نەبووە كە بڵێین بووەتە دیاردە و مەترسی لەسەر ژینگەی جوانی كوردستان هەبێت، بەڵام كێشەكە لە چارەسەرنەكردنی ئاو و ڕیسایكلینی خاشاكە ڕەقەكان و دووكەڵە زۆرەكەی موەلیدەكانە، ئەوەتا هەرچی سەرچاوەی ئاو هەیە مەترسییەكی جددیی لەسەرە بە هۆی ئاوەڕۆ و پیسبوونی هەوا و بوونی ماددەیەكی زۆری پلاستیك.

بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و پاكژكردنەوەی هەواكەی، پێویستە ڕێژەی سەوزایی بەپێی ستانداردی جیهانی زیاد بكەین. ڕاستە ئێمە ناتوانین هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان وەكو یەك هەڵسەنگێنین و هەر ناوچە و پارێزگا و شارێك جیاوازیی ڕێژەی سەوزاییان وەكو یەك نییە، بۆ نموونە ئاو و هەوای پارێزگای دهۆك لە هەمووی باشترە، ئەگەرچی بوونی زنجیرە چیاكان بەتایبەتی لە نزیك سەنتەری شار وادەكات دووكەڵ و هەوایەكی پیس لەناو سەنتەری شارەكەدا بمێنێتەوە، بەڵام بوونی ڕێژەیەكی سەوزایی باش وا دەكات ئۆكسجین زیاتر بێت و گەرمی كەمتر بێت. ڕاستە لە هەندێك شاری دنیا ڕێژەیەكی سەوزایی زۆری تێدایە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری مرۆڤی تێدا دەژی بۆیە ڕێژەی دانیشتووانیش بۆ بابەتی ستانداردی ڕێژەی سەوزایی گرنگیی خۆی هەیە. بۆیە من پێم وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە لەناو شارەكان و لەو جێگایانەی چڕیی دانیشتووانی زۆرە ڕێژەی سەوزایی زیاتر بكات، ئەمە هاوكێشەیەكی قورس و ئاڵۆزە و دەبێت ڕێژەی سەوزایی لەناو شارەكان و دەوروبەری شارە گەورەكان زیاتر بكرێت، چونكە بوونی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووان و كارگە و چالاكی ئابووری و ئۆتۆمبێلێكی زۆر وا دەكات، ڕێژەی گازی ژەهراوی لەناو هەوای سەنتەری شارەكان زۆر پیستر بێت.

كاتی ئەوە هاتووە هاووڵاتی و چالاكانی مەدەنی و كەرتی تایبەت و پەرلەمان و یاسا و حكومەت و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەست پێبكەن و هاریكار بن بۆ پاكژكردنەوەی ژینگەكەیان، پرسی پاراستنی ژینگە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جیهانییە، هەر پیسبوونی ژینگەیەك كاریگەریی لەسەر گەرمبوونی گۆی زەوی دەكات. لە كوردستان هەموو چالاكانی مەدەنی و ژینگەیی و حزب و حكومەت و پەرلەمان و چین وتوێژەكان دەبێت لەپرسی پاراستنی ژینگەدا یەك تیم بن، ڕێگا نەدەن كەسانێك بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان زیان بە تەندروستی و ژیانی منداڵ و ئازیزانمان بگەیەنن.

 مایەی خۆشحاڵییە حكومەتی هەرێمی بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و كۆنتڕۆڵكردنی پاڵاوتگە و كارگە و دووكەڵی موەلیدە و ئۆتۆمبێلەكان، لەبابەتی پاراستنی ژینگە ئەگەر دوای 30 ساڵیش بێت لە ئێستادا موەلیدەكان هەڵبگیرێن هێشتا دەستكەوتێكی گەلێك باشە، چونكە ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی ماڵاندا دووكەڵێكی زۆری ژەهراوی دەڕێژنە ناو لەشمانەوە كە زیانی بۆ سەر تەندروستی و سلامەتیی هەمووان هەیە.

 

Top