تابان عوسمان كارگێڕی ڕێكخراوی ئاڤیار: كوردستان پێویستی بە هەڵمەتێكی فراوانی پاراستنی ژینگەیی هەیە كە تێیدا سەرجەم یاسا و ڕێنماییەكانی ژینگەیی هەموار بكرێنەوە
ژینگەی هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی زۆر وڵات و ناوچەی دیكەی جیهان ڕووبەڕووی پیسبوونێكی ژینگەیی گەورە بووەتەوە، ئەم پیسبوونی ژینگەییەش لە هەرێمی كوردستان بۆ دوو جۆر هۆكاری (نێوخۆیی و دەرەكی) دەگەڕێتەوە. هۆكارە دەرەكییەكە بریتییە لەو گۆڕانكارییانەی كەشوهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی و ئەو خۆڵبارینەی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت، ئەمە وێڕای ئەو تۆپباران و مووشەك و هێرشانەی دەكرێتە سەر ناوچە سەوزاییەكانی سەر سنوور، كە دەبێتە هۆی سووتان و لەناوچوونی ڕێژەیەكی زۆری درەخت و دارستان و پانتایی سەوزایی لە ناوچە شاخاوییەكان، هەرچی هۆكارە نێوخۆییەكەش هەیە، كاریگەریی و شوێنەوارەكانی كەمتر نییە لە هۆكارە دەرەكییەكان، لەوانە پابەندنەبوونی پاڵاوتگە نایاساییەكان بە مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەكان و بوونی موەلیدە و دەرهاویشتە ژەهراوییەكانی كارگەكان و چەندین هۆكاری دیكە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نەگەیشتنی هەرێمی كوردستان بە ئاستی ڕێژەی ستانداری جیهانیی سەوزایی، بەپێی ستاندارە جیهانییەكان دەبێت ڕێژەی سەوزایی 15-25% بێت.
جێگای خۆشحاڵییە هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەنگاوی باشی ناوە بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی، ئومێدمان زۆرە هەڵمەت و پلان و بەرنامەكانی حكومەت بۆ پاراستنی درەخت و چاندنی نەمام و زیادكردنی پانتایی سەوزایی و زۆركردنی ژمارەی باخچەكان لە شار و شارۆچكەكان دەست پێ بكات و، لە بواری دروستكردنی پشتێنەی سەوزاییشدا هەنگاوی بەپەلە بنرێت، چونكە پشتێنەی سەوزایی ڕۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی ڕێژەی گازی ژەهراوی و پیسبوونی ژینگە و دەبێتە هۆی زیادكردنی ڕێژەی ئۆكسیجن لە هەوادا. ئەم هەنگاوانەش دەبێت هاوكات بێت لەگەڵ پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەكان و هەمواركردنەوەی یاساكان و دەركردنی سزای توند بەرانبەر ئەو سەرپێجیكارانەی ژینگەكەمان پیس دەكەن و پابەندی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەكان نابن.
