دانانی نرخ و بەهای خۆت
ئەلبەرت ئەنیشتاین زانای بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێ"هەوڵ مەدە بۆ سەركەوتن، بەڵكو نرخ و بەهات هەبێت ".
گومانی تێدانییە نرخ و بەهای هەر مرۆڤێك لە خودی خۆی دایە، نەوەك لە چاو و ڕای كەسانی تر. بۆیە دەبێ هەر مرۆڤێك هێندە بڕوا و متمانەی بەخۆی هەبێت و بتوانێ بوون و نرخ و بەهای جێگیر بۆ خۆی مسۆگەر بكات و بەردەوامی پێبدات و بیپارێزێ، چونكە ئەو نرخ و بەهایەی كە خۆت بۆ خۆتت بنیات ناوە و پەرەی پێدەدەی ئەوە نرخ و بەهای جێگیر و ڕاستەقینەیە، ئەوەی تر ساختەیە. ئەوڕۆ نرخ و بەهات بۆ دادەنێن كە شتێكت هەیە بۆ ئەو شتە دایدەنێن ئەو كەسانەن كە ئەوانیش نرخ و بەها لەو جۆرە شتانەوە دەبینن. بۆیە هیچ شتێك نییە كە بتوانێ نرخ و بەهای راِستەقینە بۆ مرۆڤ دیاری بكات نە پلە و پۆست و پایە، نەماڵ و موڵك و سامان، نە خزم و كەسوكار، نەڕەنگ و باڵا و ڕوخسار هیچ شتێك.
نرخ و بەهای ڕاستەقینەی هەر كەسێك لە چۆنیەتی هەڵسوكەوت كردنی لە ڕەوشتی بەرزی لە ناخ پتەوی لە دروستی پەروەردەكردنی لە ڕاستگۆیی لە ڕەسەنایەتی ڕەفتار و كردارو گوفتار و هەڵسوكەوت كردنی لە پاراستنی ئەمانەت لە دڵسۆزی و پەرۆشی و سەر ڕاستی لە كارەكان و لە ژیان لە پاكی و بێگەردی ناخ و نیەتی لە ڕەوشتی لە مرۆڤایەتی لە دادپەروەری و ویژدان زیندوویی هەموو ئەوانەو چەندانی تریش بریتین لە نرخ و بەهای ڕاستەقینەی كەسەكان كە دەتوانن خۆیان بۆ خۆیانی دیاری بكەن و جێگیری بكەن و بەردەوامی و پەرەی پێ بدەین.
هەر ئەوەش بوو كەوا (ئەلبەرت ئەنیشتاین) لە 5ی شوباتی ساڵی 1930 نامەیەكی بۆ كوڕەكەی نوسی كە تیایدا هاتبوو " هەوڵ مەدە كەسێكی سەركەوتوو بیت بەتەنها، بەڵكو هەوڵ بدە كەسێكی خاوەن بەها و نرخدار بیت، چونكە سەركەوتن پێوانە دەكرێ بەوەی وەریدەگری، بەڵام نرخ و بەها پێوانە دەكرێ بەوەی دەیبەخشی، وە فێركردن و فێربوونی ڕاستییەكان نییە، بەڵكو ڕاهێنانی هزر و بیرە لە سەر بیركردنەوە. وە ژیان وەكو لێخورینی پاسكیل وایە تا پارێزگاری لە سەر هاوسەنگیت بكەیت، پێویستە بەردەوام بیت لە سەر جوولە، وە گەمژە ئەو كەسەیە كە هەمان كار بۆ چەندین كار ئەنجام دەدات، وە چاوەڕێی ئەنجامی جیاواز دەكات. جیهان شوێنێكی مەترسیدارە نەك بەهۆی شەڕانگێزان، بەڵكو بەهۆی ئەو كەسانەی كەوا هیچ كارێك ئەنجام نادەن بەرامبەر شەڕانگێزان، هەرگیز رێگە مەدە ژاوە ژاوی ئەوانیتر دەنگی ناخت بخنكێنێ، وە مەهێلە هیچ كەسێك سنورت بۆ دیاری بكات،چونكە تاكە سنوری خۆت ئەوەیە كە تەنها خۆت دەتوانی بۆ خۆی دیاری بكەیت.
لەم نامەیەی ئەنیشتاین کەزیاتر لە (95)نۆهەت و پێنج ساڵە نوسیویەتی زۆر شتمان پێ دەڵێت.
لە كۆتاییدا دووپاتی ئەوە دەكەمەوە بۆ ئەوەی كەسێكی پڕ بەها ونرخدار بیت دەبێ بەردەوام هەوڵ بدەین ببەخشین نەوەك وەربگرین و بەردەوام بین لە سەر ڕێگری كردن لە كەسانی دوو ڕوو هەڵپەرست و بەرژەوەندخواز و ناڕاست و ڕایانگرین و بەهیچ شێوەیەك نابێ سەیركەر و دەستەوەستان بین، بەڵكو بەردەوام بین لە پەرەپێدان و مكومتر كردنی نرخ و بەهاكانی خۆمان بەوەی باوەڕمان پێی هەیە و تا بتوانین هەمیشە لە ترۆپك و لوتكەی ژیان و ویژدان ئاسودەیی دا بژین.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن