بەشی دووەمی زنجیرە درامای(Wednesday)نمایش دەكرێت
ئەگەرچی ساڵی 2022 ئەم زنجیرە درامایە نمایشكرا و سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد,لە ئێستادا بەشی دووەمی زنجیرە درامای(Wednesday)ڕاگەیەندرا و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكیدا لە پێگەی دیجیتاڵی نێتفلیكس نمایش بكرێت.
بەشی دووەمی ئەم زنجیرە درامایەدا بەبەشداری (جینا ئۆرتیگا) دەبێت كە پاڵەوانی دراماكەیەو لەبەشی یەكەم ڕۆڵی (وینزدای ئادامز)ی گێڕا,هەروەها چەند ئەكتەرێكی دیكەی بەشی یەكەم دێنەوە نێو كارە نوێیەكە كە ئەوانیش پێكدێن لە ئیما مایەرز و جۆی سندای و موسا مستەفا و جۆرجی فارمەر و ڤیكتۆر دۆرۆبانتو و كاترین زیتا جۆنز و لویس گۆزمان و ئیسحاق ئۆردونیز و لویاندا ئۆوناتی و ریتشی سانتیاگۆ و جێمی ماكشین و فرید ئارمیسن.
دەرهێنەری دیاری ئەمریكی (تیم بورتۆن)كە كاری دەرهێنانی بۆ هەردوو بەشی ئەم زنجیرە درامایە ئەنجامداوە,چەند ئەكتەرێكی نوێی هێناوەتە نێو بەشە نوێیەكەوە كە ئەوانیش پێكدێن لە ستیڤ بوسیمی و بیڵی پەیپەر و ئیڤی تمبلتۆن و ئۆین پینتەر و چەند ئەكتەرێكی دیكە تێیدا بەشدارن.
(وینزدای ئادەمز)كەسایەتییەكی خەیاڵییە و بەشێكی سەرەكییە لە نێو چیرۆكی ئەم درامایە,لە لایەن هونەرمەندی وێنەكێشی ئەمریكی(چارلز ئادەم/1912-1988)بەرهەمهاتووە كە بۆ یەكەم جار ساڵی 1938لەسەر هەفتەنامەی نیویۆركەر بڵاوكرایەوە,ئەم كەسایەتییە كچێكە تەمەنی 7 ساڵەو ئەندامێكە لە خێزانی ئادەمز,بەوە ناسراوە كە هەمیشە كەم قسەیە و لەسەرخۆیە بەڵام لە ڕاستیدا لێبووردە نییە بە پێچەوانەوە كەسێكی ترسناكە و چاوەڕێی دەرفەت دەكات و پلان بۆ كارەكانی داهاتووی دادەڕێژێت,خێزانی ئادەمز كە لە چوارچیوەی كارێكی فانتازیی و كۆمیدییە ئەوان لەناو یەك ماڵدا پێكەوە دەژێن و تەواو لەیەكتر جیاوازن, كۆمەڵێك چیرۆك و بەسەر هات دەگێڕنەوەو تووشی هەندێ ڕووداو دەبنەوە كە دواتر لێكۆڵینەوەی پۆلیس و گەڕان بە دوای بەڵگەكان شتی نوێ ئاشكرا دەكات.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
