سەرۆک بارزانی: هیوادارم ڕۆژی نزای نیشتمانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان قووڵتر بکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 23/4/2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان، پەرلەمانتارانی وڵاتانی دونیا و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە (هەولێر)ی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
له ڕێورهسمهكهدا سهرۆك بارزانی گوتارێكی گرنگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، ئەمە یەكەمجارە كۆبوونەوەیەكی وا لە كوردستان رێك دەخرێت و مەبەست ئەوەیە كە جیهان ئاشنا ببێت بەو كەلتوورە دەوڵەمەندەی كە لە كوردستان هەیە و لە دێر زەمانەوە ئەو كەلتوورە لە كوردستان هەبووە، ئەویش كەلتووری پێكەوەژیان و یەكتری قەبووڵكردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزهەبە.
سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوهش دا، خوداپەرستی خاڵێكی هاوبەشە بۆ كۆكردنەوەی ئاینەكانی جیاواز، حەق جیا ناكرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگەی زۆرە و ئایینە پیرۆزەكان هەموویان كە حەقیقەتی وەحدانیەتی خودایان قەبووڵە، هەموویان بە دوای ئەو راستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەموویان بگیرێت، جەوهەری دینیش ئەخلاقە.
ئهمهش دهقی گوتارهكهی سهرۆك بارزانییه:
ئەمە یەكەمجارە كۆبوونەوەیەكی وا لە كوردستان رێك دەخرێت و مەبەست ئەوەیە كە جیهان ئاشنا ببێت بەو كەلتوورە دەوڵەمەندەی كە لە كوردستان هەیە و لە دێر زەمانەوە ئەو كەلتوورە لە كوردستان هەبووە، ئەویش كەلتووری پێكەوەژیان و یەكتری قەبووڵكردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزهەبە.
ئەو كەلتوورەیە كە ئێمە شانازیی پێوە دەكەین و داكۆكیش دەكەین كە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێگایە. ئومێدەوارم كە ئەم كۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو برایەتییە و ئەو پێكەوەژیانە لە كوردستان قووڵتر و فراوانتر ببێت.
خوداپەرستی خاڵێكی هاوبەشە بۆ كۆكردنەوەی ئاینەكانی جیاواز، حەق جیا ناكرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگەی زۆرە و ئایینە پیرۆزەكان هەموویان كە حەقیقەتی وەحدانیەتی خودایان قەبووڵە، هەموویان بە دوای ئەو راستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەموویان بگیرێت، جەوهەری دینیش ئەخلاقە.
رومی دەفەرموێت: حەق وەك لوتكەی چیایە، چەندین رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە لوتكە، بەڵام ئامانج یەكە، ئەویش گەیشتنە بە حەق.
لە سەرەتای دەسەڵاتی مەشیخەتی بارزان بە رابەرایەتیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی، رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەكان و یەكتری قەبووڵكردن بەشێكی سەرەكیی بیروباوەڕی ئێمە بووە، ئەمەش پشت بەستنە بە فەرموودەی خوای گەورە كە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: بسم الله رحمن الرحیم (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ).
ئەمە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزە و رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی چۆن ئێمە لەسەر ئەو بیروباوەڕە بەردەوام بین كە ئەویش پێكەوەژیانە و یەكتری قەبووڵكردنە.
بە درێژایی مێژوو، كاتێك هێرش دەكرایە سەر كوردستان، زۆرداران هیچ فەرق و جیاوازییەكیان نەدەكرد لە بەینی موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و هەموو گوندەكانیان سوتاند، هەموو راگوێزران، هەموویان كۆمەڵكوژ كران، زیندەبەچاڵ كران. ئاخیریشی شەڕی داعش كە جیاوازییان نەكرد لە نێوان موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دا. لە مقابلی ئەوەدا پێشمەرگە قارەمانەكان بە گیانفیداییەكی بێوێنە بەرگرییان لە هەموویان كرد و ئستوورەی داعشیان تێكشكاند، بەڵام بە باجێكی زۆر زۆر گەورە ئەویش نزیكەی 12 هەزار شەهید و بریندار.
با ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ لەمەودوا كە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی هەموومان بزانین پێش هەموو شتێك، هەموومان بەندەی خواین و لە مرۆڤایەتیدا هەموومان خوشك و برای یەكترین. بە یەكتری قەبووڵكردن، بە محبەت، بە خۆشی دەتوانین هەموو پێكەوە بژین، بەڵام بە زۆرداری، نە زۆردار دەتوانێ ئیسراحەت بكات، نە زۆرلێكراو دەتوانێ ئیسراحەت بكات.
هەموو پێغەمبەرەكانیش راسپاردە و ئامۆژگارییان ئەوە بووە كە دەستی برایەتی بۆ یەكتری درێژ بكەن، نەسیحەتی پێكەوەژیانیان كردووە.
ئیتر لە كۆتاییدا من داوا دەكەم لە خوای گەورە كە هیدایەتی هەموو لایەك بدات، ئاشتی بەرقەراربێت لە ناوچەكە و لە جیهان هەمووی، برایەتی بەرقەرار بێت. تەمەنا دەكەم كاتێكی خۆش لە كوردستان بەسەر ببەن و ئێمە شانازیتان پێوە دەكەین و جارێكی تر بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەین، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەكەین كە ئەم كۆبوونەوەیان ڕێكخستووە، دەستیان خۆش بێت.
وسلام علیكم
