یادی «١٢٧» ساڵەی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، پیرۆزبێت له‌سەرجەم میدیاکارو رۆژنامه‌نوسان.

یادی «١٢٧» ساڵەی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، پیرۆزبێت له‌سەرجەم میدیاکارو رۆژنامه‌نوسان.

له‌یادی «١٢٧» ساڵەی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی, گرنگه‌ تێبگه‌ین میدیا بەتەنها ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکو رەهەندێکی بزوێنەرو کارتێکەرە، بەهۆی جوڵەی بەردەوام و گەیاندنی خێرای هەواڵ و زانیاری و بابەتەکانی، میدیا ئاستێکی پەیوەندیدار لەنێوان خۆی و وەرگر دروستدەکات ، ئاستێکی وەها تابتوانێت رۆڵی سەرەکی ببینێت لەئاراستەکردنی تاکی وەرگر بەمەبەستی دروستکردنی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگاو خستنەوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بەخشینی زانیاری بەکەسی وەرگر، بەوەش رەهەندی کارتێکردن دێتە ئاراوە.

ئەرکی ئەخلاقی میدیا یان"ڕاگه‌یاندنكار" ، پێکەوە گرێدانی تاکە لەکۆمەڵگاو وابەستکردنیانە بەکاری پیشەیی خۆی، ئەم پێکەوە گرێدانە دوو بنەمای جیاواز لەخۆیدا دروستدەکات لەیەککاتدا، واتە میدیایەکی دیاریکراو، دەبێت بەبابەتیبونی هەواڵ و زانیاری و بەرنامەکانی، خوێنەر یان بینەر یاخود بیسەری خۆی والێبکات، کە تامەزرۆی وەرگرتن بێت، لەهەمانکاتدا بەو چەناڵەش وابەستەو گرێدراوبێت، کەسی وەرگری بابەتەکانی میدیا لەبەردەم دوو ئەگەردا بابەتی میدیای پێدەدرێت ، یان لەسەرچاوەیەکەوە ( دەگوازرێتەوە ) و بەکەسی وەرگر دەگەیەنرێت ،
یاخود لەئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ( ئاراستەی ) دەکرێت و پێی دەگەیەنرێت .

میدیای سەرکەوتوو لەو دوو ئەگەرەدا، دەبێت ئاستی ( گواستنەوە)-ی هەواڵ و زانیاری و بابەتی میدیای بەرزتر بێت بۆ وەرگر ، وەک لەوەی کە ئاستی ( ئاراستەکردن ) ی بەرزتر بێت،
بەڵام لەهەرێمی کوردستان ، بەداخەوە ئاستی ئاراستەکردن بەرزترە وەک لەئاستی گواستنەوە ، لێرەدا ئاراستەکردنەکەش بەمەرامی کەسی یان حزبی بەکاردێت، بەوپێیەی زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەهەرسێ میدیای "بینراو بیستراو خوێندراو " گرێدراوی كه‌سی یان حزبین، یاخود میدیای سێبەرن، بەمیزاجی كه‌سی ئاراستە دەکرێن ، نموونە میدیای یەکێتی و بەناو لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسیۆن، دەبین ھەمیشە خەریکی ئیرهابی فكری و ژەھر رشتن و ناشرکردنی دەسەڵات و کەم نرخاندنی سەرجەم دەستکەوتەکانن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و ئافەرینێك، ئەگەر شەوێک به‌رپرسی حزبێك بارودۆخی ده‌رونی ته‌واونه‌بێت و دۆخیان نالەبار بوو، ئەو شەوە میدیای ئەو حزبە بەکاردەهێنرێت، بۆ تێکدانی دۆخی گشتی و تێكدانی ده‌رونی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان!

میدیای ئەم حزبۆکانە بەو جۆرە کاردەکەن بەرامبەر بەهەموان، سەرجەمیان لەدروست بوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردیەوە, بزوێنەری ناشیرین كردنی بزاڤی کوردی و دەسەڵاتی خۆماڵی بوون لەناوخۆ و دەرەوە!
هەر ئەوەشە وایکردوە کە هەمیشە تاکی کورد له‌دۆخێكی ده‌روونی ناله‌باردابێت و وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی نه‌توانێت بژێت!

میدیا هۆکاری خۆشی و ناخۆشیە لەوڵاتدا،‌ ده‌توانیت هه‌موو جوانه‌كان ناشرین بكات و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو ناشرینه‌كان جوان بكات, هیوادارم ڕاگه‌یاندنكارانی کوردی پیشەیانە کاری خۆیان ئەنجامبدەن و ئه‌م كه‌لتوره ناشرینه‌‌ی ئیرهابی فکری و ئاراستەکردنە بروێتە‌وه‌و, به‌هه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ریه‌وه‌‌, شیکاری رووداو پێشھاتەکان بکەن.

یادی «١٢٧» ساڵەی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، پیرۆزبێت له‌سەرجەم میدیاکارو رۆژنامه‌نوسان.

Top