پڕۆفیسۆر محەمەد ساهیمی لە زانكۆی باشووری كالیفۆڕنیا بۆ گوڵان:   لە حاڵەتی شكستی گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێراندا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە هەیە  

پڕۆفیسۆر محەمەد ساهیمی  لە زانكۆی باشووری كالیفۆڕنیا بۆ گوڵان:     لە حاڵەتی شكستی گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێراندا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە هەیە   

 

موحەممەد ساهیمی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ئەندازەی نەوت لە زانكۆی باشووری كالیفۆڕنیا، لە هەمان كاتدا تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەرەسەندنی سیاسی لە ئێران، پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، سیاسەتی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئابووریی نەوت و سەرچاوە نوێبووەكانی وزە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پتر پەیوەست بوون بە تاوتوێكردنی ئەم پرۆسەی گفتوگۆیەی لە ئێستادا لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروست بووە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و ئەگەری شكست و سەركەوتنی ئەم گفتوگۆیانە و كاردانەوەی ناوخۆیی لە نێو ئێران، هەروەها پەرچەكرداری هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئیسرائیل، ئەگەر ڕێككەوتنێك لەم بارەیەوە بكرێت. هاوشان بە ئەگەری پەنابردنەبەر دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.

 

* ئەوەی لە ئیدارەی ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە دی دەكرێت، ئەوەیە كە نایەوێت كات بە فیڕۆ بدات و بە خێرایی و بە توندی دەستی كردووە بە كاركردن لەسەر چەند دۆسیەیەك، ئەگەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانین، ئەوا ترەمپ گوشارەكانی چڕ كردووەتەوە لەسەر ئێران و بەردەوامیش هەڕەشە لەو وڵاتە دەكات، كە دەبێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، دواجار هەفتەی ڕابردوو ئەم پرۆسەیە دەستی پێكرد. ئێوە چۆن لە ئەگەرەكانی سەركەوتنی دەڕوانن؟ ئایا پێتان وایە بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا دەڕوات؟

-  دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین، ئەو پرۆسەی گفتوگۆیەی دەستی پێكردووە، پرۆسەیەكی ئاڵۆز و دژوار دەبێت، بە چەشنێك كە من باوەڕم وایە ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە ڕەوت و ڕێڕەوێكیشدا بڕوات، كە لە كۆتاییدا سەربكێشێت بۆ هاتنەئارای ڕێككەوتنێك لەم بارەیەوە، ئەوا ئەم ڕێككەوتنە، یەك هەنگاو و یەك قۆناغ نابێت، بەڵكو بە شێوەیەك دەبێت كە چەند قۆناغێك لەخۆ بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەكرێت ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە ئەگەری ئەوەش هەیە كە سەرەتا و لە قۆناغی یەكەمدا، لایەنەكان ڕێككەوتنێك بكەن لەسەر ئەو پرسانەی، بە پرسی بەپەلە دادەنرێن، ئەگەر زیاتر لەم بارەیەوە بە دیاریكراوی قسە بكەین، ئەوەیە كە ئەم پرسانە پەیوەستن بە پرسی 56 كیلۆگرام یۆرانیۆم، كە بە ڕێژەی لە سەتا 60 پیتێندرابێت، مەبەستم ئەوەیە كە دەكرێت وەك هەنگاوێك یەكەم ڕێككەوتنێك لەم بارەیەوە بكرێت، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی كە لە ڕووی كاتەوە ئێران ساڵێكی دیكە دوور بخرێتەوە لە توانای دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

* ئێوە كەسێكن لە نزیكەوە چاودێری پەرەسەندنەكانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و پێشهاتەكانی پەیوەست بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنەكان لەبارەی ئەم پڕۆگرامەوە كردووە و دەیكەن، ئێستا كە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێران لەم بارەیەوە دەستی پێ كردووە، پێتان وایە باشترین ڕێككەوتنێك لەم بارەوە بكرێت، چییە، یان با بڵێین بە ڕای ئێوە پێویستە ڕێككەوتنێكی لەم شێوەیە چی لەخۆ بگرێت؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە بە ڕێككەوتنێكی باش لێك بدرێتەوە كە لە سایەی ئەم هەلومەرجەی ئێستادا بكرێت، ئەوەیە كە دەبێت هاوشێوەی ڕێككەوتنەكەی پێشوو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەم ڕێككەوتنە نوێیە- ئەگەر هاتە ئاراوە و لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسەی گفتوگۆیەی ئێستاوە لایەنەكان پێی گەیشتن، بۆ ماوەیەكی زیاتر و درێژخایەنتر بێت، لە هەمان كاتدا، دەبێت بە چەشنێك بێت كە بوار و دەرفەت بدات بەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە شێوەیەكی توندتر و چڕتر بتوانێت چاودێریی ئەم پڕۆگرامە بكات و پشكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بكات.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە پێویستە ئەم گفتوگۆیانەی ئەمجارە هەمان ڕێككەوتنی پێشوو بێت، بەڵام بە چەند هەمواركردنێكی كەمەوە، بەڵام ئێمە دەزانین كە ڕێككەوتنی پێشوو چەندین ناڕەزایەتی و كاردانەوەی لای هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێكەوتەوە، لە سەروویانەوە ئیسرائیل، ئایا پێت وا نییە ئەمجارەش ئیسرائیل كار بكات بۆ لاوازكردنی ئەو ڕێككەوتنەی كە ئەگەری ئەوەی هەیە بێتەئاراوە؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە ڕوونە ئەوەیە كە هەر لە ئێستاوە لۆبی و هاوپەیمانەكانی ئیسرائیل كەوتوونەتە خۆیان و كۆششیان خستووەتە گەڕ و سەرقاڵی لەكەداركردنی ستیڤ ویتكۆف، (نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گفتوگۆكاری بواری ئەتۆمییەكەن). هەر دوو وڵاتی قەتەر و عومان كاریان كردووە لەسەر ئەوەی ئێران و ئەمریكا بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، كە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ تاوەكو ڕێگری بكات و نەهێڵێت هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان ئەمریكا و ئێران بێتەئاراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، من پێم وایە، ئەگەر ئەم ڕێككەوتنە بێتەئاراوە و ئەنجام بدرێت، ئەوا ئیسرائیل كارێكی ئەوتۆی لەدەست نایەت بۆ ئەوەی دژی بوەستێتەوە و بەرهەڵستی بكات.

* ئەگەر هەر لەسەر ئەم پرسە بمێنینەوە، كە ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە باشترین بژارە ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی ڕێككەوتنەكەی پێشووە، بەڵام ئێمە دەزانین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا تاكلایەنە لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە، لەم ڕووەوە گومانی زۆر كەسی نێو ئێرانی پشتڕاست كردەوە، بەوەی ئەمریكا پابەند نابێت بە ڕێككەوتنەكانەوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێتان وایە كاردانەوەی ناوخۆیی ئێران چی دەبێت ئەگەر ڕێككەوتنێكی دیكە بكرێت؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەو ڕاستییە بە بیر سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هێنراوەتەوە كە ئەوە ئەو بوو كە پەنای بردەبەر ئەوەی بڕیار بدات تاكلایەنانە ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی پێشوو بكشێتەوە كە ڕێككەوتنێك بوو دەرئەنجامی خوازراوی لێدەكەوتەوە. هەرچۆنێك بێت، ئەمجارە گرەوەكە لەسەر ئەوەیە كە ئەگەر گفتوگۆكان بە ئاراستەیەكدا ئەنجام دران كە ببنە هۆی ئەوەی ڕێككەوتنی لێ بكەوێتەوە، ئەوا گەلی ئەمریكا پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەم ڕێككەوتنە دەكەن، ئەویش لەم ڕوانگەیەوە كە ئەم گەلە شەكەت و ماندوو بوون بە دەست 25 ساڵی شەڕەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

* تا ئێستا باسمان لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم گفتوگۆیانە كردووە، بەڵام ناكرێت ئەوەش نادیدە بگرین كە لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم دانوستاندنانە شكست بهێنن و ڕێككەوتنێك نەیێتەئاراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ڕووەوە ئاماژەی بەوە كرد، كە دانوستاندنانەكان تاكە ڕێگاچارە و ئامراز نین بەدەست وڵاتەكەیەوە، ئایا پێتان وایە لە حاڵەتی شكستی گفتوگۆكان جەنگ هەڵبگیرسێت؟

- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە شكستی پرۆسەی گفتوگۆكان مەترسی و دەرئەنجامی باشی لێناكەوێتەوە، و ئەگەر بمانەوێت وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەینەوە، ئەوا بەڵێ، لە حاڵەتی سەرنەكەوتنی پرۆسەی گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێران، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ بە چەشنێكی بەرچاو دێتەئاراوە، هەرچەندە دەبێت لێرەدا ئەوەش بڵێین كە ناكرێت بڵێین ئەمە دەرئەنجامێكی حەتمییە و سەد لە سەد ئەم شەڕە بەرپا دەبێت.

* یەكێكی دیكە لە مەترسییەكانی شكستی پرۆسەی گفتوگۆ و هەڵگیرسانی شەڕ ئەوەیە كە لە ئەنجامدا ئێران خۆی بە ناچار ببینێت كە پەنا ببات بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، كە ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان بەم پرسە كرد، كەواتە پێتان وانییە ئەگەر ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران، ئەوا ئەم وڵاتەش كار بەم ئاراستەیەدا بكات؟

- ئەوە ڕاستە كە ئێران تەنیا ئەو كاتە پەنا دەبات بۆ پەرەپێدانی كۆگای ئەتۆمیی خۆی و دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، كە ڕووبەڕووی هێرشێك ببێتەوە، ئیدی یان لەلایەن ئەمریكاوە بێت، یان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

Top