مستەفا شەفیق نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی بۆ گوڵان:   جەنابی سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگیی ئاشتی و دیالۆگ كردووەتەوە

مستەفا شەفیق  نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی بۆ گوڵان:     جەنابی سەرۆك بارزانی  لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگیی ئاشتی و دیالۆگ كردووەتەوە

 

 

وێڕای ئەوەی ڕوون نییە گفتوگۆكانی ئاشتی لە توركیا لەسەر پرسی كورد بە كوێ دەگات، بەڵام هاتنی شاندی دەم پارتی و پەیامی ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی و پرۆسەی ئاشتی و گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرچەرخانێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردی باكوور و ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەگەر دەوڵەتی توركیا و پەكەكە هەنگاوی پراكتیكی بنێن، بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و جێگیركردنی مافی گەلی كورد لەو وڵاتە و گەڕانەوەی متمانە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مستەفا شەفیق نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی و شارەزا لە كاروباری سیاسیی توركیا ساز دا و بەمجۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

 

* شاندی دەم پارتی پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنا و، سەرۆك بارزانی پشتگیریی ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا، خوێندنەوەی ئێوە چۆنە بۆ سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان؟

- شەڕی پەكەكە و توركیا شەڕێكە لە چوارچێوەی دەوڵەت و سنوورەكانی توركیا دەرچووە، هەر لە دەستپێكی سەرهەڵدانی شەڕەكە لە ساڵانی هەشتاكانەوە بەشێكی زۆر گرنگی شەڕ و پێكدادانەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستانە، دوای ڕووداوەكانی سووریا و بەهاری عەرەبی بەشێكی ئەم شەڕانەش كەوتنە ڕۆژئاوای كوردستانەوە، چەند جارێك لەشكركێشی بەرفراوانی توركیا كرایە سەر ئەم پارچەیەی ڕۆژئاوای كوردستان بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەم هۆكارانە ئەگەر بمانەوێت پرۆسەی ئاشتی، یان پرۆسەی چارەسەریی بۆ پرسی كورد لە باكووری كوردستان بێتە ئامانج، پێویستە هەموو ئەو لایەن و هێزانەی پەیوەندیدارن بەم شەڕەوە، (بە ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ) بەشدارییەكی كارایان لەناو پرۆسەی ئاشتییەكەدا هەبێت، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان كە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و سەربازیی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەم بابەتەی ئاشتی و چارەسەرییەوە هەیە، بەو پێیەی بەشێكی زۆری ئەو ململانێ و پێكدادانە سەربازییانە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ڕوو دەدات. هەر بۆیە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان پەكەكە و توركیا و بابەتی چارەسەری كێشەی كورد لەو وڵاتەدا هەیە. لەلایەكی دیكەوە هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە ڕوویان دا و دواتر ڕووداوەكانی سووریا و لوبنان و یەمەن و لە دواڕۆژێكی نزیكدا لەسەر عێراق و ئێران و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات، هەر هەمووی كاریگەریی سەرەكی لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەناویشیدا پرسی كورد لە توركیا، چونكە ئەمریكا و ئیسرائیل دەخوازن هێزە هەرێمییە گەورەكان، هەژموونییان لەسەر ئاستی هەرێمی كەم ببێتەوە، نەك بەپێچەوانەوە لە هەڵكشاندا بێت، وەكو ئەوەی بەسەر ئێران و هیلالی شیعە و میلیشیاتە چەكدارەكانی ئێراندا هات لە سووریا و لوبنان و یەمەن. بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەدا دەچن كە ئەم گۆڕانكارییانە بەسوود و بەرژەوەندیی كورد تەواو بێت. ئەوەتا پێگەی كورد لەناو ئەم هەرێمە و ناوچەكەدا بە شێوەیەكی زۆر باش بەهێز بووە و كاریگەریی باشی لەسەر هەبووە. بەتایبەتی كە ئەم هەرێمە (باشووری كوردستان) هەرێمێكی دەستووری و یاساییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا و لەناو عێراقدا دەسەڵاتێكی كارای هەیە، پێشتریش خەبات و ڕێككەوتن و واقیعێكی نێودەوڵەتی دروستی كردووە و كەس ناتوانێت ئینكاری و نكۆڵی لێ بكات، تەنانەت تادێت وێڕای ئالنگاریی و دژایەتییەكان پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر و قایمتر دەبێت. نەك تەنیا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی ڕاستەوخۆ گرنگی لەنێوخۆی عێراقدا هەیە، بگرە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە تەواوی ناوچەكە و جیهانیشدا هەیە.

ساڵانی ڕابردوو دەریانخست چەند گەمارۆ و سزا و هێرش بكرێتە سەر ئەم پێگەیەی هەرێمی كوردستان، هەر بە خۆڕاگری و بەهێزی دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد، بارزانی و هەرێمی كوردستان و هەر دوو (سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بۆ پرسی كورد لە باكووری كوردستان. بێگومان پێش ئەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاو بكرێتەوە، هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو، سەردانی شاندەكان بۆ لای ڕێزدار بارزانی دروست بوو، كە گرنگترینیان سەردانی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و شاندی دەم پارتی بوو، كە پەیامی ئاشتییان لە ئیمراڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنابوو، هەموو ئەمانە بەشێكن لە ئامادەكاری و زەمینەسازییەكی بەرفراوانتر بۆ ئەوەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكە و هەموو هێزەكانی ڕۆژئاوا و توركیاش لەناو پرۆسەی ئاشتی بن و كاری جددی بكرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمەش تەنیا بۆ زەمینەسازی و لایەنی ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژكردن نییە، بەڵكو بۆ لایەنی كرداریشە، بۆ نموونە ئەگەر سبەینێ بمانەوێت پەكەكە بڕیاری چەك داماڵین بدات، خۆ جگە لە هەرێمی كوردستان لە حاڵی حازردا شوێنێكی دیكە نییە ببێتە دەرگای ئەم هەنگاوە و بە كردار پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێشەوە ببرێت. دوای ئەم هەنگاوە دەبێت هەرێمی كوردستان بە هەموو هێز و لایەنەكانەوە بەتایبەتی كاراكتەرە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی سەرەكییان لەم پرۆسەیەدا هەبێت. ئەم واقیع و ڕۆڵە سەرەكییەی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و عێراق و ڕۆژئاوای كوردستانیش وایە، ئەگەر ئەم پرۆسەی ئاشتییە لە باكووری كوردستان بە ئاراستەیەكی ڕاست و دروست بڕوات، هەرێمی كوردستان كاراكتەری هەرە سەرەكی دەبێت لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا.

* كورد لە باكووری كوردستان و لە دەرئەنجامی شەڕی پەكەكە و توركیا تووشی شەڕ و ماڵوێرانییەكی زۆر بووەتەوە، هەڵبەتە وەكو ئاماژەتان پێدا، دەستی دەرەكی و ئەجیندەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لە نێوخۆشدا گەلێك هێزی شۆڤێنیی دژ بە كورد دەستیان لەم شەڕەدا هەیە. ئایا پەكەكە و توركیا لە قۆناغی داهاتوودا لە توانایاندا هەیە، بەشێك لەو متمانەیە بگەڕێننەوە و بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی پراكتكی بنێن؟

- لە ڕابردوودا چەند جارێك هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان درا، بەداخەوە نەك تەنیا هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون، بەڵكو لەدوای ئەو دانوستان و هەوڵانە قۆناغێكی خوێناوی و شەڕ و كوشتار دەستی پێكردەوە، كە قۆناغێكی زۆر خراپ و خوێناوی بوو بۆ گەلی كورد لە باكووری كوردستان و ڕۆژئاواش، لەو دوو بەشەی كوردستان كورد شەڕی توندتری بە خۆیەوە بینی و قوربانی و ئاوارەبوون و ئاژاوە و بارودۆخێكی خراپتر ڕووی لە كورد كرد. بۆیە لەم پرۆسەی ئاشتییەدا جۆرێك لە بێمتمانەیی لەنێوان لایەنەكاندا هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی دەستتێوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەم شەڕەدا هەیە و لە نێوخۆی توركیاشدا هێزی شۆڤێنیی دژ بەكورد بوونیان هەیە، دەستی ناحەزانی ئاشتی و ئارامی لە نێوخۆی توركیا و لە دەرەوەش زۆرە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو لایەن و هێزانەی كە بەڕاستی نیازی چارەسەری ئاشتییان بۆ پرسی كورد لە توركیا هەیە، بەتایبەتی پەكەكە و توركیا بە هەموو توانایانەوە ڕێگری لەو دەستتێوەردانە دەرەكی و نێوخۆییانە بكەن و لەئاست ئەو ئامادەكاری و پێشوازییە باشەدا بن، كە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەرییەكان هەیان بووە و، زەمینە بۆ یەكتر خۆش بكەن، بۆ چارەسەری ئەو بێمتمانەییەی لە ڕابردوودا هەبووە، ئەمەش بە شەڕ ڕاگرتن دەست پێ دەكات. لە بەرانبەردا ئەردۆگان بەهۆی هەردوو ڕەهەندی ناوخۆیی و دەرەكییەوە ویستی ئەو نزیكبوونەوە و گەڕانەوەی دۆسێی كوردی بۆ ژێر دەستی خۆی هەیە. ئەردۆگان خوازیارە پرسی كورد بۆ جەهەبە و دەم پارتی نەڕوات و لەسەر ئاستی ڕەهەندی دەرەكییش دۆسێی كورد لە دەستی ئەمریكا دەربهێنێت .

* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت. سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكەش بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە. ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟

- پەكەكە و سوپای توركیا دەزگا ئەمنییەكانیش دەبێت بە پراكتیكی شەڕ ڕابگرن و هەموو ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازی و ئەمنی و پێكدادانەی لێرە و لەوێ دەكرێت، خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ناكات. ڕەنگە هەندێك هێز و لایەن بەرژەوەندییان لە ئاشتیدا نەبێت و بەرژەوەندییان لەشەڕدا بێت، بەڵام خەڵكی كوردستان و دەوڵەتی توركیا بەرژەوەندیی ئێستا و داهاتووشیان لە ڕاوەستانی شەڕ و چارەسەری ئاشتیدایە، بۆیە دەبێت پەكەكەش لەگەڵ داوای سەرۆكەكەی و خەڵكی باكووری كوردستاندا بێت و، نەچنە ژێر باری هەموو ئەو كۆسپ و تەگەرانەی لێرە و لەوێ لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دادەنرێت. بەداخەوە ئەو بێمتمانەیی و دوودڵییە ڕەنگە هەندێكجار بگۆڕدرێت بۆ دروستبوونی حاڵەتی نەخوازراو، بۆیە هێزە شەڕكەرەكان ئەگەر بۆ ئامانجێك شەڕیان كردووە، دەبێت زیاتر لەوە بۆ ئامانجی ئاشتی خەبات بكەن، بەڕاستی شەڕی ئاشتی لە شەڕی چەكداریی زۆر زۆر قورستر و زەحمەتترە، چونكە دوژمنانی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشە زۆرترن.

* ئەگەر چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر؟

- وەكو ئاماژەم پێدا پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و سازشكردن هەیە. لە سۆشیال میدیا باس لەوە دەكرێت، لە قۆناغی داهاتوودا ڕەنگە بەڕێز ئۆجەلان ببرێتە شوێنێكی دیكەی دەرەوەی ئیمڕاڵی بۆ ئەوەی ئاسانتر گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ لایەنەكان بكات، ئەگەرچی سەرۆك كۆماری توركیا (ئەردۆگان) زۆرجار باسی ئەمەی كردووە كە ئۆجەلان نایەوێت بێتە خانوویەكی ژێر چاودێرییەوە، بەڵام بە تەئكید ئۆجەلان كاراكتەری سەرەكییە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و لەگەڵ ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی، كەواتە بۆ ئەوەی ئۆجەلان ئەو كاراكتەرە بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لە كارەكەی سەركەوتوو بێت، پێویستە دەرفەت و ئیمكاناتی زیاتری پێ بدرێت. ئەم پرۆسەیە لە سەرەتادایە و داواكاریی كورد بەستراوەتەوە بە پێگەی لایەنەكان لە شەڕدا، لایەنی سەركەوتووش مەرجەكانی زیاتر دەبێت، لەم شەڕەدا توركیا تا ڕاددەیەكی زۆر خۆی بە باڵادەستتر دەبینێت، بەتایبەتی لە باكووری كوردستاندا، لە بەرانبەردا هەلومەرجی هەرێمی لە بەرژەوەندیی كورددایە و توركیاش حیساب بۆ ئەم هەلومەرجە نێودەوڵەتی و هەرێمییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بەڵام دواجار توركیا دەخوازێت پرۆسەی ئاشتی بەو ئاراستەیەدا ببات، كە خۆی دەخوازێت، واتا ئاشتی لە باكووری كوردستان زیاتر ئاشتییەكە بە ئاراستەی هێزی باڵادەستدایە، بۆیە جارێ زووە پێشبینی و پێشهاتی ئەوە بكەین كە ئەم پرۆسەیە تا چەند دەبێتە هۆی ئەوەی كورد لە توركیا بە هەموو مافە ڕەواكانی بگات. لەلایەكی دیكەوە هەموو گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی و سوودی كورددایە، ئەگەر كورد بە واقیعبینانە سەیری هاوكێشە تازەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات و یەكگرتوو بێت.

* پرسی سووریا، تا دێت ئاڵۆزتر و ناجێگیرتر دەبێت، عەلەوییەكان كۆمەڵكوژ دەكرێن و سزاكانی سەر دیمەشق درێژەیان هەیە و كوردەكانیش ئەگەرچی سیاسەتێكی ڕوون و ئاشكرایان نییە، بەڵام لە پەراوێزخستنیان نیگەرانن، خوێندنەوەتان بۆ بارودۆخی ئێستای سووریا چۆنە؟

- ڕووداوەكانی غەززە و ڕۆڵی ئەمریكییەكان و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كوردی ڕۆژئاوای كوردستانەوە هەیە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا هاتنە پێشەوە و بۆ ڕاگرتنی باڵانسی نێوان هێزە جیهادی و توندڕۆكان و پاراستنی پێكهاتەی جۆراوجۆری دیمەشق و سووریای نوێی دوای ڕژێمی ئەسەد، تەنیا پەیوەست نین بە كورد و توركیا و دیمەشقەوە، بەڵكو پەیوەندییان بە ویست و خواستی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە هەیە، بەتایبەتی دوای كەمبوونەوەی ڕۆڵی ئێران لە سووریا و ناوچەكە. ئێستا دوو جەمسەری سەرەكی لە سووریا هەن (جەمسەری بەهێزی ئەمریكا و ئیسرائیل و جەمسەری توركیا). ئەم دوو جەمسەرە سیاسەتی تایبەت بەخۆیان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا هەیە. پەیام و لێدوانەكانی ئیسرائیلییەكان سیاسەتێكی نیمچە نوێیان بۆ كورد بەگشتی هەیە و بەتایبەت بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، ئیتر ئەمە تەكتیكە، یان ستراتیژیەت و گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكانە، هەرچۆنێك بێت، دیمەشق بەو پێكهاتەیەی ئێستای تاك جەمسەریی و زیاتر خواستی توركیا جێبەجێ دەكات و، زیاتر تەركیز لەسەر پێكهاتەی سوننەی عەرەبە و پێكهاتەكانی دی لەناو دەسەڵاتی سووریادا نین و كورد بەو شێوەیەی كە خواستیەتی، لە حیسابی دیمەشقدا نییە، لە كاتێكدا هێزێكی زۆر كاریگەرترە لە دروزەكانی سووریا و ناو گۆڕەپانەكە، بۆیە ئیسرائیل و ئەمریكا و ڕۆژئاوا نیگەرانیی خۆیان نەشاردووەتەوە لەو هێزە ئیسلامییە توندڕەوەی تاكە جەمسەری سووریا، لە بەرانبەردا ڕەنگە پێویستیان بە هێزێك بێت، لە قۆناغەكانی داهاتوودا باڵانسێك بۆیان ڕاست بكاتەوە، بگرە هێزەكانی دروزی و عەلەوییش هەموو پێكەوە باڵانسی تاك جەمسەری هێزی توندڕۆی ئیسلامی نەهێڵن.

هەر خۆی لە خۆیدا سووریای نوێ ئەگەر نەكەوێتە ناو گێژاوی شەڕی ناوخۆ و ململانێی توندەوە، دەبێت ڕەچاوی پێكهاتەی جۆراوجۆری خۆی بكات، بەتایبەتی لە نێوان سوننە و كورد و عەلەوی و دروز، ئەمە بۆ توركیاش وایە، چونكە ڕەنگە بۆ دوورمەودوا ناتوانێت تەنیا پشت بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق ببەستێت. ڕاستە لە ئێستادا ڕەنگە وەبەرهێنانێكی زۆری لەسەر ئەم هێز و گرووپە چەكدارانە كردبێت، بەڵام بۆ مەودایەكی دوورمەودا توركیاش پێویستی بەوە هەیە، هێزی دیكە هەبێت، هیچ نەبێت بۆ ئەوەی ئەم هێزانەی سەر بەخۆی لە جڵەوگیری و دەسەڵاتی خۆی دەرنەچن.

بە شێوەیەكی گشتی ئەگەرچی دانوستان و گفتوگۆ و لێرە و لەوێ ڕێككەوتن لە نێوان هێزە كوردییەكان و حكومەتی شام هەیە، بەڵام دانوستانەكان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی ویستراو بۆ كورد، یان بەشداریی كورد لە حكومەتەكەی شەرع لە دیمەشق بەڵام دەتوانین بە ئیجابییش سەیری بكەین، بەوەی شەڕی توند ڕووی نەداوە و ڕێگری لەوەش كراوە، شەڕێكی بەرفراوان لە هەرێمی ڕۆژئاوای كوردستان دروست بێت، ئەمەش زەمینە سازییە بۆ كورد بەوەی كار بۆ یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی خۆی بكات و، دیمەشقیش چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەكانی بكات و ڕۆڵ و بەشدارییەكی كارا بە كورد لە حكومەتی دیمەشق بدات. تا كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بتوانێت پەرە بە دیالۆگ بدات، كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگیی ئاشتی و دیالۆگ كردووەتەوە، بەتایبەتی لە سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆك بارزانی كە بەڕێزیان بە مەزڵووم عەبدی وت: لە دانوستان و گفتوگۆ و دیالۆگ كۆڵ نەدات و هەوڵ بدات بە دانوستان لەگەڵ شام كێشەكان چارەسەر بكرێن. ئەمەش سیاسەتێكی ڕاست و تەندروستە لە كاتێكدا كە كورد لە سووریا سیاسەت و ئاراستە و ستراتیژیەتەكانی دیار و ڕوون نییە، بۆیە لەم قۆناغەدا ڕەنگە بۆ هێوركردنەوە و زەمینەخۆشكردن و وەرگرتنی متمانە لە شام، پێویستە و سیاسەتێكی باشە و دەتوانرێت لە قۆناغەكانی داهاتوو زیاتر سەرمایەگوزاریی لەسەر بكرێت.

 

Top