سەیدا یوسف موسلیم ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: كارێزمای سەرۆك بارزانی كاریگەریی گەورەی لە سەرخستنی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا دەبێت
هاتنی شاندی دەم پارتی و هێنانی پەیامی ئۆجەلان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی وەرچەرخانێكی گرنگە لە پرسی كورد لە توركیا، بەڵام بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستە پەكەكە و ئەردۆگان هەنگاوی پراكتیكی بنێن و، بۆ گەڕانەوەی متمانە هەردوولا دەستبەرداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان ببن. لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەیدا یوسف موسلیم ئەنجام دا، كە بە مەزڵووم ئورفە ناسراوە و یەكێك لە كادیر و ئەندامانی پێشووی پەكەكە بووە.
* شاندی دەم پارتی پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنا و، سەرۆك بارزانی پشتگیریی ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەر ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا. ئایا سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی چۆن دەخوێنیتەوە؟
- هاتنی ئەو شاندەی دەم پارتی و هێنانی پەیامی فەرمیی ئۆجەلان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی، دیرۆكی و زۆر گرنگە، چونكە ناردنی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ جەنابی سەرۆك ئەوە دەگەیەنێت كە ئۆجەلان بۆی ڕوون بووەتەوە كە كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بەتایبەتی لە باكوور لەگەڵ توركیا بە پڕۆسەی ئاشتی دەبێت و، ڕۆڵی سەرەكی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە دەبێت سەرۆك بارزانی پێی هەڵسێت. هاتنی شاندەكە و هێنانی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ لە لایەن ئۆجەلانەوە بڕیاری لەسەر درابوو، ئەمەش سەلماندی سەرۆك بارزانی بە تێڕوانینی ئۆجەلانیش مەرجەعی گەلی كوردە، لەلایەكی دیكەوە بۆ هەموو كوردان و بۆ ئۆجەلان و پەكەكەش دەركەوتووە كە ئەزموونی سەركەوتووی باشووری كوردستان كە زیاتر لە (34)ساڵە بە سەرۆكایەتی و بە هەوڵ و كۆششی بەردەوامی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە، جەنابی سەرۆك بارزانی بە كار و كردەوە و دیبلۆماسییەت و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی و شۆڕشگێڕیی خۆی لە ناوچەكە و هەموو دنیا بەگشتی و بەتایبەتی كاریگەری و پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كاریگەریی زۆر و قورس بەهێزی لە چارەسەری كێشەكاندا هەیە. هەرچەندە لە دامەزراندنی پەكەكەوە ئەوە ئۆجەلان و چەكدارەكانی بوون كە دژایەتی و دوژمنایەتیی بەرچاوی پارتی و بارزانی-یان كردووە، بەڵام ئەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی پاش 40 ساڵ لە چەكدارییان و زیاتر لە (25)ساڵی ئۆجەلان لە زیندانی دەوڵەتی توركیا، ئەمە دەڕەوێنێتەوە و پەشیمانبوونەوەی ئۆجەلان و پەكەكەشی تێدا ڕوون و ئاشكرایە لەو دوژمنایەتییەی بەبێ هۆكار هەیانبووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كارێزمایی و لێهاتووی و پێشچاوڕوونی و ئاشتیخوازی و خەمخۆریی جەنابی سەرۆك بارزانی لە چارەسەری كێشەی گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و دنیادا. هەروەها دەتوانین بڵێین مێژوو هەموو شتێك ڕوون دەكاتەوە و بەشێوەیەكی بەڵگەنەویست دەردەكەوێت، لە پەیامەكەی ئۆجەلانەوە ڕاستەوخۆ بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی دووبارە ئەوەمان پێ دەڵێت كە هیچ كار و هەوڵ و چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد بەتایبەتی باكووری كوردستان و ڕۆژئاواش بەبێ سەرۆك بارزانی ناكرێت، چونكە بارزانی تا ئێستاش تەنیا خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانێت و لە هەموو مەراسیم و یادەكاندا بە شانازییەوە ئاماژە بەوە دەكات، خۆی ئامادەیە لە هەر شوێن و پارچەیەكی كوردستان پێویست بێت، خۆی بۆ تەرخان بكات و تا دوا هەناسەی خۆی بە فیداكاری كوردستان و گەلەكەی دەزانێت، هەر بۆیە بەشداری و كاریگەریی جەنابی سەرۆك بارزانی لەو پڕۆسەی ئاشتییەی كە نیاز وایە لە نێوان توركیا و پەكەكە ئەنجام بدرێت، جێگای ئومێد و دڵخۆشی و گەشبینییە.
* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت. سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكە بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە، ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟
- بێگومان پەكەكە و سەركردە و چەكدارەكانی بە پراكتیكییش پابەندی پەیامەكەی ئۆجەلان دەبن، چونكە بۆ ئۆجەلان و پەكەكەش پاش زیاتر لە (40) ساڵە دەركەوتووە كە كات و سەردەمی چەكداری نەماوە بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، بەڵكو لە هەموو دنیا دەركەوتووە كە ئێستا سەردەمی دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتییە، كە دەتوانرێت چارەسەری گرفت و كێشەكانیان بكات. لە لایەكی دیكەوە پەكەكە بۆیان دەركەوتووە لە ڕێگەی چەكدارییەوە تەنیا زیانمەند دەبن، بەتایبەتی لە بەكوشتندانی لاوەكانی گەلەكەمان و ناتوانن بە شەڕ هیچ لەگەڵ سوپای توركیا بەدەست بهێنن. هاوكات لە ئێستادا هاوكێشەی هێز و چەك لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و هێزی سەربازیی توركیا زۆر جیاوازە، پەكەكە بە شێوەیەكی زۆر تەقلیدی و لاواز بەرانبەر بەو هێز و چەكە سەردەمییانە و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی لەشكری توركیا هیچی پێ ناكرێت، بۆیە ئەو پڕۆسەی ئاشتییە لایەنێكی باشە بۆ ڕزگاربوونی چەكدارانی پەكەكە لە شەڕ، لە لایەكی دیكەوە لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكە و ئەو ماوەیەی ئۆجەلانیش لە زیندان بووە، هەموو جووڵە و هەڵسوكەوت و كارێكی چەكدارانی پەكەكە و سەركردەكانیان بەپێی قسە و فەرمانی ڕاستەوخۆی ئۆجەلان بووە، هەر بۆیە دڵنیام كە پەكەكە ڕازییە بە چەكدانان و هەڵوەشانەوەی وەكو حزب، بەڵام بۆ سەلامەتیی گیان و ژیانیان مەرجی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی دەخوازن.
* با بێینە سەر كاریگەریی دەم پارتی لە ناو توركیا، ئایا كوردی باكوور، دەم پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن؟ دیارە بێجگە لە دەم پارتی، ڕێكخراو و كۆمەڵەی دیكەی كوردیش لە توركیا هەن و پشتگیریی هەڵوێستەكەی دەم پارتی دەكەن بۆ ئاشتی، ئایا ڕۆڵ و كاریگەیی دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بە بۆچوونی من دەم پارتی ناتوانێت نوێنەرایەتیی تەواوی كوردی باكوور بكات، چونكە حزب و لایەن و كۆمەڵەی جۆراوجۆری دیكەی كوردی لە باكوور هەن و هەر یەكەشیان ڕۆڵی خۆیان لە ناو كۆمەڵگەدا دەبینن، لە لایەكی دیكەوە بۆ باكووری كوردستان و خەڵكەكەی دەركەوتووە ئەوەی لەسەر ڕێبازی باوكی ڕۆحیی كورد مەلا مستەفا نەبێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی تەواو و سەركەوتوو بگێڕێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەم پارتی وەكو لایەنێك كە بە ئاشكرا كار دەكات، ئەوە ژمارەیەك كورسی لە پەرلەمانی توركیا هەیە، تا ئاستێكیش پەیوەندییان لەگەڵ قەندیل و پەكەكە دروست كردووە، بۆیە دەتوانن هەوڵ بدەن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكە، ئەگەرچی سەڵاحەددین دەمیرتاش نەك تەنیا لە باكوور، بەڵكو هاوتەریب لەگەڵ دەم پارتی و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، كەسێكی شۆڕشگێڕ و كوردپەروەر و خۆشەویستی گەلی كوردە و دەتوانێت و ڕۆڵی هەیە لە بەرەوپێشەوەبردن و سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتییەكە، هەموو ئەمانە ئەو كات دەبێت كە نیازی حكومەت و دەوڵەتی توركیا ڕاست بێت بۆ هەنگاونان و گەیشتن بە ئاشتی، ئەگینا توركیا مەبەستی نەبێت و بۆ دەرفەت وەرگرتن بێت بۆ ئەو مەبەستەی كە خۆیان دەیانەوێت، وەكو چەندین جاری دیكە كە لە مێژوودا ئەو هەنگاوانە لەگەڵ كورد نراوە، لە پاشان توركیا پەشیمان بووەتەوە بە بیانووی جۆراوجۆر، پڕۆسەی ئاشتی سەرناكەوێت و بارودۆخی خراپ و خوێناوی و نەتەوەپەرستی بەرانبەری گەلی كوردی باكوور دروست دەبێتەوە.
* ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە توركیا پێویستی بە دەنگی كوردە بۆ دووبارە بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار، بۆ ئەمەش دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییەكی گەورەی ئابووری و بازرگانیی هەیە، ئەمە بێجگە لە شكۆی سەرۆك بارزانی كە لە هەر چوارپارچەی كوردستان، لە ئێستادا وەك مەرجەعی هەموو كورد سەیر دەكرێت. ئایا مەرجەعەییەتی سەرۆك بارزانی تا چەند دەبێتە زامنی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كورد لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان؟
- مەبەست لەو پڕۆسەی ئاشتییە، پێش هەموو شتێك لە لایەن دەوڵەت باخچەلی دەستپێشخەری كراوە، نەك ئۆجەلان، بەڵام لە دەرەوەی حكومەتی توركیا ئەوە دەوڵەتی توركیا چەندین ساڵە لە گفتوگۆدایە لە زیندان لەگەڵ ئۆجەلان، بۆ ئەوەی چەكدارانی پەكەكە واز لەو شەڕ و خوێنڕێژیە بێ ئەنجامە بهێنن كە زەرەر و دەرهاوێشتەی خراپ و ناسەقامگیریی بۆ بارودۆخی ناوخۆی توركیا و سیاسەتی نێودەوڵەتییان دروست كردووە، بەڵام من وای دەبینم، ئەردۆغان ئەم جارە هەرچی بكات، ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بە هۆكاری جۆراوجۆر، لە لایەكی دیكە ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت كار بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، دەبێت دەنگی كوردی باكوور بۆ خۆی ڕابكێشێت، كە ئەمەش بە دوو كار دەبێت، یەكەم پێكهاتنە لەگەڵ ئۆجەلان و نەمانی پەكەكە، دووەم دەبێت بۆ دیاریكردن و دداننان بە مافی كورد و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی باكووری كوردستان دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، كە تێیدا ئەوەی كورد دەیەوێت، جێگیر بكرێت، كە ئەمەش كار و ماوەیەكی درێژخایەنی پێویستە و دەتوانم بڵێم یەكێك لەو مەرجانەی كە لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەستەمە جێبەجێ بكرێت، دداننانە بە مافی گەلی كورد، كە ئەمەش وا دەكات پڕۆسەی ئاشتییەكە ساردی تێدا دروست ببێت، بەڵام ئەوەی وای كردووە كە ئەردوگان پابەندی بێت، ئەو پەیوەندییە بەهێز و كاریگەر و سەركەوتووەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد لەگەڵ ئەردۆغان هەیەتی و ڕێزی جەنابی سەرۆك لە توركیا تا ئەوپەڕی گەورەیی هەستی پێ كراوە و ناتوانرێت نكۆڵیی لێ بكرێت، كە هەر ئەمەشە وای كردووە، قەبارەی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بەرەوپێشەوەتر بچێت، هەروەها كاریگەریی نێودەوڵەتییش لەسەر ئەردۆغان هەیە، كە كێشەی كورد چارەسەر بكات.
* ئەگەر چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، لەسەر هەموو ئاستەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارە كوردییەكانی توركیا پەیوەندییەكان دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتر، ئاسانتر كوردی توركیا دێنە هەرێم و كوردی ئێرەش ئاسانتر دەچینە شارەكانی توركیا، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر؟
- ئەو سنوورەی كە ماوەی سەد ساڵە لە نێوان كوردانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا دروست كراوە، دەستكردی دوژمنانی گەلەكەمان بووە، بێگومان بە سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان توركیا و پەكەكە ئەو سنوورەی لە نێوان پارچەكانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا هەیە، ناڵێم نامێنێت بەڵكو زۆر كاڵ دەبێتەوە و كەلتوور و فەرهەنگی گەلەكەشمان لە هەر چوار پارچەدا هاوبەش و یەكە، بۆیە هاتوچۆكردن لە نێوان خەڵكی باشوور بۆ باكوور و بە پێچەوانەشەوە زۆر ئاسان دەبێت و پەیوەندیی باشتر و بەهێزتر لە نێوانماندا دروست دەبێت. لە لایەكی دیكەوە لە ئاهەنگ و یادی نەورۆزی ئەمساڵدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە ناردنی نوێنەری خۆی و پەیامەكەی، مەرجەعییەت و كارێزمایی خۆی بۆ گەلەكەمان سەلماند و بووە هۆكارێكی ئاسوودەیی و بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی پارچەكانی كوردستان، ئەو ئاهەنگە بە نوێنەرایەتیی سەرۆك بارزانی و خوێندنەوەی پەیامەكەی وای كرد، دڵنیایی و متمانەی زیاتر گەشە بكات بۆ هەنگاونان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان.
