مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەین

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:  پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەین

بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەین، جێگەی خۆشحاڵیمانە کە شاری هەڵەبجە بە فەرمی بوو بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و “١٩”یەمین پارێزگای عێراق، هەڵەبجە شاری شەهیدانە و هێمای خۆڕاگریی و خۆنەچەماندنی گەلێکە. 

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە هەیە کە ڕۆڵیان هەبوو لەم بڕیارە پێویست و گرنگەدا، ئەم بڕیارە بایەخ و کاریگەری یەک هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە بەغدا زیاتر نیشاندا، بۆیە جارێکی دیکە جەخت لە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی گەلەکەمان و سەرجەم کورستانیان دەکەینەوە لەپێناو گەیشتن بە تەواوی ئامانج و مافە ڕەواکانمان.

جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی، هەوڵەکانی خۆی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە چڕکردەوە، هەنگاو و هەڵوێستە کردارییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی)و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە هەوێنی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە فەرمیی هەڵەبجە پارێزگایەکی کوردستان و عێراقە.

هیوادارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردن و فەراهەمکردنی دادپەروەری بێت لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوە، قوربانیەکان و مەزڵومیەتی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە پێویستیان بە ئاوڕدانەوە و خزمەتگووزاری و خزمەتکردنی زیاتر هەیە.

 

سڵاو بۆ خانەوادەی قوربانیان و شەهیدانی هەڵەبجە و گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی کوردستان

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٤ی نیسانی ٢٠٢٥

Top