پڕۆفیسۆر هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:   ئێران حاڵەتی نە شەڕ نە ئاشتیی دەوێت

پڕۆفیسۆر هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:     ئێران حاڵەتی نە شەڕ نە ئاشتیی دەوێت

 

 

هوشەنگ ئەمیر ئەحمەدی، پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی ئیدوارد بلاوستین بۆ پلاندان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی ڕوتگێرز، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك داڕشتن و گەڵاڵەكردنی سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی، هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمریكی- ئێرانییە، كە ئەنجومەنێكە بایەخ بە پەرەپێدانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەدات لە نێوان هەردوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا، هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری شیكاری و توێژینەوەی ئێرانی بووە و بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەو سەنتەرە بووە. پڕۆفیسۆر ئەمیرئەحمەدی كاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران بووە لە ساڵی 2005دا، بەڵام كاندیدبوونی لەلایەن «شورای نگهبان»ـەوە ڕەت كرایەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە پێگەی ئێستای ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئێران و ئەگەری پێكدادانی سەربازی، یان ڕێككەوتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین گۆڕانكاریی گەورەدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پێشهات و پەرەسەندن ڕوویان داوە، كە هاوكێشە و هاوسەنگییەكانیان گۆڕیوە. ئێوە چۆن لە هەلومەرجی ئێستای ئەم ناوچەیە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوونە لە ئێستادا ئەوەیە كە كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران كەم بووەتەوە، ئەمە هیچ گومان هەڵناگرێت. هەموو ئەوانەش پەیوەندیدارن بە شەڕی دژ بە حزبوڵڵا لە لوبنان، و بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە و شەڕی حوسییەكان و داڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەل ئەسەد، هەروەها نابێت هەندێ پێشهاتی دیكەی ناو ئێرانیش لەبەرچاو نەگرین، بەتایبەتی دۆخی ئابووریی ناو ئەم وڵاتە، كە ڕوونە، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی هێز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم ناوچەیەدا كەم ببنەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا نابێت ئەوەش نادیدە بگرین، كە هێز و توانای سوپای ئێران وەك خۆی ماوەتەوە، مەبەستم ئەوەیە كە ئێران خاوەنی هەمان سوپای پێشووە و هەمان ژمارەی سەربازان و ژمارەی مووشەكەكانیشی كەمیان نەكردووە، ئەگەر زیادیشیان نەكردبێت. كەواتە ئەگەر وەڵامەكەم زیاتر ڕوون بكەمەوە، ئەوا بەڵێ دەستڕۆیشتوویی ئێران داكشاوە، بەڵام ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە ویست و ئیرادەی ئێران بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی كەم بووەتەوە، واتە ئێران پێداگری و سووربوونێكی كەمتری هەیە لەسەر گرتنەبەر و بەرەوپێشبردنی سیاسەتەكانی پێشووی. كەواتە مەسەلەكە هەر ئەوە نییە كە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان لە پێگە و بارێكی خراپدان، بەڵام بابەتەكە پتر پەیوەستە بە ویست و خواستی ئێران و برەودان بە هێزی خۆی كەم بووەتەوە، من كێشەكە لێرەدا دەبینمەوە.

* زۆر باشە، چۆن لە دەرئەنجامەكانی ئەم حاڵەتە دەڕوانیت؟

- ئەوەی ڕوونە لەم ڕووەوە، ئەوەیە ئەمە بە مانای بەهێزبوونی هەر هێزێك دێت -لە ناوچەكە، یان لە دەرەوەی ناوچەكە بێت- كە دژ بە موقاوەمە و بە گرووپە چەكدار و شۆڕشگێڕەكان بێت، بەتایبەتی شۆڕشگێڕە ئیسلامییەكان و دژ بە خودی ئێران خۆی بێت. كەواتە ئەگەر ئێران ویست و ئیرادەی هێزی نەبێت و ئەگەر پێداگری لەسەر نەكات، ئەوا هەموو هێزەكانی دیكە سوود لەم دۆخە وەردەگرن، بۆ نموونە، ئیسرائیل سوود لەم دۆخە بەدەست دەهێنێت و وڵاتە عەرەبییەكانیش لەسەر حیسابی ئێران سوود لەم هەلومەرجە دەبینن. بە داخەوە، لە ئێستادا ئێران لە ژێر گوشارێكی زۆردایە و پێناچێت هیچ لایەك ئێران بە جددی وەربگرێت و هەمووان دژ بە ئێران گەمە دەكەن، كەواتە ئەم لاوازبوونەی ئیرادەی ئێران بۆ برەودان بە هێزی خۆی بووەتە هۆی ئەوەی دوژمنەكانی ئێران بەهێز بن.

* باشە ئێوە چۆن لە كاریگەری و لە جددییەتی ئەو سزا و گوشارانە دەڕوانن كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوونی بەسەر ئێراندا، بەتایبەتی كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازییش دەكات، ئەگەر گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دەرئەنجامێكی خوازراویان لێ نەكەوێتەوە؟

- ئەوە ئاشكرایە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سوود لەو دۆخە وەردەگرێت كە بە هۆی لاوازبوونی ئیرادەی ئێرانەوە دروست بووە، سوود لە دۆخی خراپی ئابووریی ناو ئێرانیش وەردەگرێت، لەم ڕووەوە ئومێدی ئەوە دەكات كە مەرجەكانی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە پەیوەندی بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەوە، هەروەها پرسەكانی دیكە بە چەشنێك كە بە تەواوتی لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی دیكە بشكێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپیش كێشەی هەیە، كێشەی پێداگری و كێشەی نەبوونی هەڵوێستێكی جێگیر، واتە ئەوەی ترەمپ خۆیشی نازانێت، دەتوانێت و دەبێت چی بكات، كەواتە پێم وایە خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەم ڕووەوە ئاراستەیەكی ڕوون و ئاشكرای نییە. بۆ نموونە، ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ پەیامی تێكەڵ دەنێرێت، نەك هەر تەنیا بۆ ئێران، بەڵكو بۆ هەموو وڵاتێك، لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەوە دەكەم كە هەوڵی برەوپێدانی هێز- ئیدی هێزی سەربازی بێت، یان ئابووری- لەلایەن ترەمپەوە بەرەو داكشان دەچێت و، بە چەشنی ئێران تووشی دۆخێك دەبێتەوە كە هەمووان سوودی لێ وەربگرن، لەبەر ئەوە من هیوا لەسەر ئەوە هەڵناچنم كە ترەمپ ئەوە ئەنجام بدات كە دەڵێت و بە نیازی ئەنجامدانیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی دۆخی ئێرانەوە و بە هۆی بڕیاری تارانەوە بۆ برەونەدان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی، ئەوا پێم وایە لە پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریكادا، ئەوا ئەمریكا لە پێگەی باڵادەستیدایە، بەداخەوە ئەمەش بەهۆی دۆخی ناوخۆیی ئێرانەوەیە و پێم وایە لەم ڕووەوە ترەمپ دەتوانێت نزیكەی 60% بۆ 70%ی خواستەكانی لە ئاست ئێراندا بەدەست بهێنێت.

* بەڵام لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێزی زۆری سەربازیی كۆ كردووەتەوە لە ناوچەكەدا، هاوشان بە چەندین فڕۆكە و چەكی پێشكەوتوو، وەزیری بەرگریی ئەمریكاش لە پرسیاری ئەوەدا كە ئایا ئەمان پەیوەندییان بە ئەگەری لێدانی ئێرانەوە هەیە، لە وەڵامەكەدا گوتی: دەبێت ئێران ئەوە یەكلا بكاتەوە، ئایا ئەمە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە، یان نا، ئێوە چۆن لەم دۆخە دەڕوانن؟

- من پێم وانییە پێكدادانێكی سەربازی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا ڕوو بدات، بەلای كەمەوە لە هەلومەرجی ئێستادا، ئێمە دەزانین پەنابردنەبەر شەڕ تەنیا لە هۆشیاری و ژیرییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو هەندێ جار سەرچاوەكەی گەمژەییە و هەمیشە ئەگەری ئەوەش هەیە، كەسانێكی گەمژە ببنە هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕ، تا ئەم گفتوگۆیانەش بەردەوام بن، ئەوا شەڕ بەرپا نابێت. دواتر من پێم وایە ئێران سازشی زۆری كردووە لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە بۆ ئەوەی شەڕ ڕوو نەدات. دواتر بۆ ماوەیەكی درێژخایەن سیاسەتی بەڕێز خامنەئی بریتی بووە لە حاڵەتی نە شەڕ نە ئاشتی. هەر كاتێك ئەگەری شەڕ زیادی كردبێت، ئەوا بەڕێز خامنەئی مرونەتی نواندووە، واتە ئەو هەمیشە توانیویەتی دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی بهێڵێتەوە، پێم وایە گرتنەبەری بژارەی نە شەڕ نە ئاشتی بژارەیەكی باشە.

* پەیوەست بە ئێرانەوە، ئایا پێتان وایە هۆكارەكان چی دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سڵ بكاتەوە لەوەی پەنا بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی ببات؟

- من پێم وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو ڕاستییە دەزانێت كە ئەگەر هێرش بكاتە سەر ئێران، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری ئەوەی ئێران پەنا بۆ دروستكردنی چەند بۆمبی ئەتۆمی ببات، لەبەر ئەوە پێم وانییە پەنابردنە بەر شەڕ بژارەیەكی باش بێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت ئێران پەنا بۆ دروستكردنی بۆمب ببات، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ماوەی چوار دەیەیە هێرشی نەكردووەتە سەر ئێران، بەڵكو هەمیشە پەنای بردووەتەبەر گرتنەبەری سزاكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا، لەبەر ئەوە باوەڕم وایە ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی خەڵكی ژیر لە ئارادا بن. لەبەر ئەوە دەمەوێت ئەوە دووبارە بكەمەوە، كە پێم وانییە، لە مەودای كورتدا، پەنابردنەبەر شەڕ یەكێك لە بژارەكان بێت.

Top