پڕۆفیسۆر سەنسیا دیان ڕۆدین بەڕێوەبەری تاقیگەی زیرەكیی دەستكرد لە زانكۆی دیوك بۆ گوڵان:   مودێلی «خاوەن توانای لێكدانەوە»ی زیرەكیی دەستكرد توانای ئەوەی هەیە وێنەی باڵندەیەك بگرێت و بیناسێتەوە

پڕۆفیسۆر سەنسیا دیان ڕۆدین  بەڕێوەبەری تاقیگەی زیرەكیی دەستكرد لە زانكۆی دیوك بۆ گوڵان:     مودێلی «خاوەن توانای لێكدانەوە»ی زیرەكیی دەستكرد توانای ئەوەی هەیە وێنەی باڵندەیەك بگرێت و بیناسێتەوە

 

 

پڕۆفیسۆر سەنسیا دیان ڕۆدین، زانایەكی كۆمپیوتەر و ئامارە و تایبەتمەندە لە بواری فێركردنی ئامێری زیرەكیی دەستكرد، هەر بەم كارەشی لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی دەركردووە و هەر خۆیشی بەڕێوەبەری تاقیگەی فێركردنی ئامیری خاوەن توانای لێكدانەوە (Interpretable machine learning)یە و بە هۆی ئەم داهێنانە تازەیەشی لە ساڵی 2022 خەڵاتی سكویریل «Squirrel AI Award»ی بۆ زیرەكیی دەستكرد لە پێناوی بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی، لە كۆمەڵەی پێشخستنی زیرەكیی دەستكرد «AAAI» وەرگرتووە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم داهێنانە گەورەیە «ئامێری فێركردنی خاوەن توانای لێكدانەوە - IML-» گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەم زانا گەورەیە ئەنجام داوە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

سەرەتایەك بۆ تێگەیشتن

لە فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە - IML-

* فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە - IML- لە ماوەیەكی كورتدا بایەخێكی زۆر گەورەی وەرگرت. ئایا فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە چییە؟ بۆچی بەكارهێنانی ئەم ئامێرەی زیرەكیی دەستكرد لەو بوارانەی كە زۆر گرنگن وەك «چاودێریی تەندروستی، دادوەریی تاوانكاری، كاروباری دارایی و.. هتد» هێندە بەگرنگ دادەنرێن؟

- لە پرۆسەی فێركردنی ئامێریی خاوەن توانای لێكدانەوە، ئێمە مۆدێلیكی مەزندەكردن دروست دەكەین كە مرۆڤ تێیدەگات، ئەمە دەكرێت وەك مودێلێك لە خشتەی كارتەكەت دایبنێیت، وەك سیستمێكی تۆماری سادە «simple scoring system» دەنووسیت 3 خاڵ بۆ ئەمە، 5 خاڵ بۆ ئەوی دیكە، دەكرێت نموونەیەكی لۆژیكی بن، ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ كران، ئەوجا دەكرێت پرسیاری لێ بكەیت، ئەگەر وەڵامەكەی بەڵێ بوو، تۆ ئەو كارە ئەنجام دەدەیت؟، یان دەكرێت شانەی دەماغی خاوەن توانای لێكدانەوە «interpretable neural networks» بۆ بینینی كۆمپیوتەر بەكار بهێنرێت؟ واتە دەكرێت ئەم شانە دەماغییەی كۆمپیوتەر وێنەیەك بگرێت و لە میانەی بەراوركردنی لەگەڵ بەشەكانی ئەم وێنەیە بە وێنەی دیكە بیر بكاتەوە، هەر بۆ نموونە ئەم باڵندەیە لەو باڵندەی دیكە دەچێت، لەبەر ئەوەی سەری لەسەری باڵندەكەی دی دەچێت، كەواتە ئەم باڵندەیە «بولبولی ڕۆبین»ـە، لەوانەیە باڵندەكەش هەمان بولبول بێت. بۆیە ئەمە بوارێكی زۆر زۆر فراوانە، ڕێگەیەك لەخۆی دەگرێت كە توانای مەزندەكردنی داتاكانی هەیە كە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندە بەرزەكانی ئەم داتایانە تێبگات، لەوەی ئایا چەند گرووپی هاوشێوە لە خاڵەكان هەن و ژمارەشیان چەندە.

لەم چوارچێوەیەدا توانای لێكدانەوەی فێركردنی ئامێریی بۆ متمانەكردن بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی داتاكات تێكەڵە و تێكچژڕاون. هەر بۆ نموونە كاتێك ئەم داتایانە بەكار دەهێنرێت بۆ مودێلی سندوقی ڕەش «black boxmodel» بەو حیسابەی ئەم مۆدێلە كاتێك «ئین پووت» و «ئاوەت پووت»ی داتاكان دەكەیت، پارێزراوە، بەڵام هەموو هەڵە و خراپ بەكارهێنەكان لەناو ئەو سندوقە ڕەشەدایە و، ناشزانی لە كوێدان و كەی دەردەكەون. هەر بۆیە ئێمە ئەم مودێلە تازەیەی «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە - IML-»مان پێش خست بۆ ئەوەی خۆمان لەو هەڵانە بەدوور بگرین كە لە سندوقی ڕەشدا ڕوو دەدەن، ئەمەش وای كردووە، ئێمە ڕێگە نەدەین كە مودێلی سندوقی ڕەش لە چارەسەری زۆربەی نەخۆشییە مەترسیدارەكان جێگەی پزیشك بگرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم مۆدیلەی سندوقی ڕەشە گەلێك جار هەڵە دەكات و مەزندەكانی دروست دەر ناچن.

هەروەها لە بواری دادپەوەریی تاوانكاریدا، زۆربەی جار داتاكانی سندوقی ڕەش پڕیەتی لە هەڵە و لایەنگریكردن، بۆیە نامانەوێت بڕیاردان لەسەر ئازادیی كەسەكان بە ڕێگەی هەڵەیەكی چاپ بدرێت، ئەمەش ئەو ڕێگەیە نییە كە دادوەری تاوانكاری كاری پێبكات.

لە بواری دارایی، یان پێدانی قەرز وەك لە پرسیارەكەت ئاماژەت پێكردووە، دیسان هەست بە نیگەرانی دەكەین كاتێك هەڵە و كێشەكانی دیكەی سندوقی ڕەش كە بڕیاردانێكی هەڵە دەبێتە هۆكاری لە دەستدانی دەرفەتێك بۆ ئەوەی خەڵكانێك قەرز لە بانك وەربگرن و بتوانن خانوویەك بۆ خۆیان بكڕن. سەرنج بدە ئەم جۆرە بڕیاردانانە زۆر ترسناكن و دەبێت خەڵك تێبگات چۆن ئەم بڕیارانە دەدرێن.

 هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی شێوازی كاركردنی مودێلی سندوقی ڕەش ڕوون بكەنەوە، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئاكام بوو، لەبەر ئەوەی زۆربەی جار ئەو تەفسیرانەی بۆ شێوازی كاركردنی ئەم مودێلە دەكران، هەڵە دەردەچوون، یان كەموكورتیی زۆریان هەبوو.

بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە، تاقیگەكەی من «IML» خۆی لەوە بە دوور گرت، كە لێكدانەوە بۆ شێوازی كاركردنی سندوقی ڕەش بكات، لەبەر ئەوەی پێویستمان پێی نییە، بۆیە هەستاین بە دروستكردنی مودێلی «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە» كە لێكدانەوەكانی زۆر زیاتر لە سندوقی ڕەش وردتر و جێگەی متمانەن، هەروەها مەزندەكانی زۆر بە وردی تەفسیر دەكات، كۆدی ئەم پڕۆگرامەی ئێمە بۆ هەموو كەسێك بەردەستە، هانی خەڵك دەدەین كە هەوڵ بدات، لە بری بەكارهێنانی سندوقی ڕەش، ئەم مودێلە تازەیە «IML» بەكار بهێنێت.

ڕەچاوكردنی لایەنی ئاكاری

لە بەركارهێنانی مودێلی IML

* شەفافییەت یەكێكە لە هەرە پرسە سەرەكییەكان لەكاتی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد- AI-دا، تاچەند ئێوە لە مودێلی «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە»، چارەسەری پرسی شەفافییەت و بەرپرسیاریتان لە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد كردووە، بەتایبەتی كاتێك ئەم مودێلانە پەیوەندیان بەو بڕیارانەوە هەیە كە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكی دروست دەكەن؟

- بێگومان هەرگیز بەرپرسیاریەتی دروست نابێت، ئەگەر تۆ شەفافییەتی تەواوت لە دروستكردنی بڕیاردا دابین نەكردبێت، هەر بۆیە لە مودێڵی سندوقی ڕەش ئەم شەفافییەتە بوونی نییە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە مرۆڤ وەك بڕیاردروستكەر نەتوانێت خۆی تیكەڵاوی سندوقی ڕەش بكات و پێكەوە بڕیار دروست بكەن. لەبەر ئەوەی مرۆڤ و سندوقی ڕەش ناتوانن پێكەوە كار بكەن. لێرەدا پرسەكە بەم جۆرە دەكەوێتەوە، یان ئەوەیە سندوقی ڕەش خۆی بە تەنیا بڕیار دروست دەكات و مرۆڤ متمانەی پێدەكات، یان متمانەی پێ ناكات و مرۆڤ ناچار دەبێت، خۆی بڕیارەكە دروست بكات، بەڵام لەگەڵ مۆدێلی «IML» پرسەكە جیاوازە، ئەم مودێلە ئەو داتایانە ڕوون دەكاتەوە كە دروستكردنی مەزندەكردن بەكاریان دەهێنێت و پێمان دەڵێت چۆن پێكەوە گرێیان دەداتەوە و بڕیارەكەی پێی دروست دەكات. بۆیە لەم حاڵەتەدا مرۆڤ لەوە تێدەگات كە مودێلەكە چۆن بیری كردووەتەوە و بڕیاری داوە و چۆن متمانەی پێ دەكات، هەر بۆ نموونە كاتێك تۆ داواكارییەك پێشكەشی بانك دەكەیت، بۆ ئەوەی قەرزێك وەربگریت، بەڵام ئەلگۆریزمەكە ڕەتی دەكاتەوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر تۆ بەسندوقی ڕەش ئەم كارە بكەیت، ئەوا ئیدی تۆ دەكەویتە كێشە و هەموو دەرگاكان بەڕوودا دادەخرێن، بەڵام ئەگەر لەبری سندوقی ڕەش مودێلی «IML» بەكار بهێنرێت، ئەو داتا هەڵانە ئاشكرا دەكات كە لە بنەڕەتدا هەڵەن و بڕیارەكە ڕاست دەكاتەوە، واتە دەتوانرێت بڕیارە هەڵەكە ڕاست بكرێتەوە، ئەمەش یەكێكە لەو نموونانەی كە مودێلی»IML» سیستمی شیكاری جێگیر « error-prone system.» بەهۆی بوونی شەفافییەتەوە ڕاستی دەكاتەوە.

ئەپلیكەیشنی چاودێریی تەندروستی

لە مودێلی IML

* ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو ئامێرانە پشت بە زیرەكیی دەستكرد دەبەستن لەبواری چاودێریی تەندروستی و بەكارهێنیان لە بڕیاردان لەسەر دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشییەكاندا زیاتر دەبێت. ئایا مودێلی IML دەتوانێت چ ڕۆڵێك بگێڕێت لەوەی دڵنیامان بكاتەوە كە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشی، نەك هەر تەنیا وردە، بەڵكو بە متمانەوە هەر دوولا كارمەندانی تەندروستی و نەخۆشەكە لەوە تێدەگەن ئەم بڕیارە چۆن دراوە؟

- زۆر ئەپلیكەیشن هەیە كە شەفافییەت دەبێتە پێوەر بۆی، بۆ ئەوەی متمانەی پێبكرێت یان نە. پزیشكەكان خۆیان ئەمە باش دەزانن، بۆیە زۆربەی پزیشكەكان مودێلی سندوقی ڕەش بۆ بڕیاردان لەسەر دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشی بەكار ناهێنن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت بایەخی زیاتر بە نەخۆشەكانی خۆیان بدەن و ئەگەر بڕیارەكە هەڵە بێت، ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتی دەبنەوە. لەلایەكی دیكەوە ئەو داتایانەی مودێلی سندوقی ڕەش لەسەر تەندروستی كۆیان دەكاتەوە، وەك پێویست تەواو نین و قابیلی ئەوەیە هەڵەی تێدا بكرێت، بەڵام ئەو كۆمپانییانەی مودێلی سندوقی ڕەش دروست دەكەن، ڕێكلامی زۆری بۆ دەكەن، بەوەی زۆر دروست نەخۆشییەكە دەسنیشان دەكات و چارەسەری بۆ دەنووسێت، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ پارە پەیداكردنە، ئەم پێكەوە گرێدانەوەی نەخۆش لەگەڵ سندوقی ڕەش بە تەواوەتی گێژاوێك دروست دەكات، لەبەر ئەوەی نەخۆش هان دەدات پشت بە دەستنیشانكردن و چارەسەری سندوقی ڕەش ببەستێت كە زۆر جار بڕیارەكانی هەڵە دەردەچن، هەر بۆ نموونە، یەكێك لە كۆمپانیاكان كە لەم لینكەدا « https://arxiv.org/pdf/2105.00060» و لە بەشی چوارەمدا بە شێوەیەكی زۆر ئایدیاڵی كۆمپانیاكە بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە توانیویانە مەزندە بۆ پێدانی دەستكرد «IVF» بە ڕێگەی تێكەڵكردنی چەند كەسێكی سادەی دەستكرد زۆر فروانتر و تەواوتر بكەن، ئەمە لە كاتێكدا AI پێویستی بەو جۆرە كەیسانە نییە، كە بۆ داتاكانی خۆی زیادی بكات، لەمەش زیاتر ئەوە ئاشكرایە كە هەموو كەسێك دەزانێت لە زۆربەی ئەو كەیسانەدا پێویستمان بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد نییە، لەم حاڵەتەدا كە متمانەت بە مودێلی سندوقی ڕەش نامێنێت، تۆ ئەگەر پەنا بۆ مودێلی «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە- IML-» نەبەیت، دەكەویتە ناو گێژاوێك و سەرت لێ تێكدەچێت.

بەكارهێنانی IML لە دادوەریی تاوانكاریدا

هاوسەنگیی نێوان دادپەوەری و بەرپرسیاریەتی

* بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە دادوەریی تاوانكاریدا، وەك ئامێرێك بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان، جێگەی مشتومڕی زۆرە، لەبەر ئەوەی مەترسیی ئەوەی هەیە دادتاكان لایەنگری بكەن، یان بە هەڵە هەڵسەنگاندن بكەن، ئایا «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە» تا چەند دەتوانێت هاوكار بێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات داتاكان بەبێ لایەنگری بەكار بهێنرێت و هاوسەنگی لەنێوان دادپەوەری و بەرپرسیاریەتی ڕابگرێت؟

- من لەو بڕوایەدا نیم مودێلیكی دادپەوەری بوونی هەبێت، ئەگەر مودێلەكە خاوەنی توانای لێكدانەوە «interpretable» نەبێت، هەروەها ناتوانێت توانای ئاشكراكردنی لایەنگریكردنی هەبێت، ئەگەر بە ئاستێكی بەرز توانای لێكدانەوە «interpretability»ی نەبێت. هەر بۆ نموونە، زۆر جار خەڵك مشتومڕ لەسەر ئەوە دەكەن، كە مودێلەكە پشتی بە كێبڕكێ بەستووە، یان نا، كە ئەم پرسە لای من هیچ مانایەكی نییە، بەڵكو دەبێت بە كۆمپانیاكە بڵێن مودێلەكەی خۆی ئاشكرا بكات، ئەوكات زۆر بە ئاسانی ئەوە ئاشكرا دەبێت كە پشتی بە كێبڕكێ بەستووە یان نا، هەندێك جار وا دەردەكەوێت كە مودێلەكە پشتی بە گۆڕاوێك «variable» بەستبێت، بەڵام دواتر دەبینین، پشتی بە هەندێك شتی دیكە بەستووە، كە پەیوەندی پێوەی هەیە، بۆیە هەموو ئەم مشتومڕەی ئێمە زۆر ئاسانتر دەبێت، ئەگەر بزانین بە دروستی لە سەرچی گفتوگۆ دەكەین.

شەفافییەت لە بەرانبەر كاری وردی مودێلەكە

بەدیهێنانی هاوسەنگییەكی دروست

* لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، زۆریی مودێلی زیرەكیی دەستكرد زۆر ئاڵۆزن، وەك مودێلی فێربوونی قووڵ «Deep Learning»، ئەم مودێلە كارێكی زۆر ورد پێشكەش دەكات، بەڵام لەسەر حیسابی توانای لێكدانەوە «interpretability»، ئایا چۆن دەتوانین هاوسەنگی لەنێوان كاری ورد و توانای لێكدانەوەی مودێلەكە دروست بكەین، بەتایبەتی لە دروستكردنی بڕیاری یەكلاكەرەوەدا؟

- ئەو گریمانەیە دەكەین كە مرۆڤ لەسەری ڕاهاتووە، كە تیایدا باس لەوە دەكرێت كە دەبێت كاری ورد و توانای لێكدانەوە ئەمیان لەسەر حیسابی ئەوی دیكەیان بێت، بۆ ئەم قسەیە هێچ بەڵگەیەك نییە، لە بڕیارە هەستیار و مەترسیدارەكانیش ئەوەم نەبینیوە وردبینی لەسەر حیسابی توانای لێكدانەوە بێت، یان بە پێچەوانەوە. لە زۆربەی ئەو ئەپلیكەیشنانەی توێژینەوەم لەسەر كردوون، وەك «دیراسەتی كەرەستەی پزیشكی، ئامێری مۆنۆگرافی بۆ دەستنیشانكردنی گرێی مەمك، چاودێریكردنی دڵ و...هتد»، توانیومانە زۆر باش و باشتر بە بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنی «IML» بە دەست بهێنین. ئەم ئەپلیكەیشنە زۆر بە ئاسانی هەڵەكان ئاشكرا دەكات و ڕاستیان دەكاتەوە، بۆیە توانیومانە مودێلێكی باشتر دروست بكەین، هەروەها تیۆرێكی ماتماتیكیی سەرنجڕاكێشمان هەیە كە پێمان دەڵێت: بۆچی مودێلی «IML» زۆر بە باشی كاری لەناو بڕیارە سەخت و ترسناكەكان كردووە، بۆیە كاتێك ناتوانرێت بە شێوەیەكی ئایدیاڵی مەزندەی ئاكامەكان بكەیت، مودێلێكی سادە دەتوانێت وەك مودێلێكی ئاڵۆز هەمان مەزندە بكات، بۆیە ئەو گریمانەی تۆ كردووتە بە تەواوی هەڵەیە و دەتوانم بە شێوازی ماتماتیكیش بیسەلمێنم.

دروستكردنی سیاسەت و

شەفافییەت لە AI دا

* چەند بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد زیاتر دەبێت، بە هەمان ئاست مشتومڕ لەسەر ڕێكخستنی شەفافییەتی زیرەكیی دەستكرد زیاتر دەبێت. ئایا ئەو ڕۆڵانە كامانەن كە دەیانبینی، سیاسەتسازان هاندەر بن بۆ پێشكەوتنی مودێلی IML؟ ئایا تا چەند ئەو ڕێكخستنانە دەبنە گەڕەنتیی ئەم مودێلە كە بە شێوەیەكی ئاكاری و بەرپرسیارانە كار دەكات؟

- پێموایە دەبێت ئەو بنەمایانە دابنێین كە ڕێگە نەدات مودێلی سندوقی ڕەش لە هەندێك لە بڕیارە پڕ مەترسییەكان بەكاربهێنرێت، یان لانیكەم دەبێت پاساوی زۆر بەهێز هەبێت، لێرەدا ناهاوسەنگیەكی هێز لەنێوان دیزاینەری ئەپلیكەیشنەكان و بەكارهێنەرانی ئەو ئەپلیكەیشنانە هەیە، كە ئاڵۆزیی دیزاینەكە دەبێتە بارگرانی بەسەر شانی خەڵكەوە، بۆیە پێویستە خەڵك بە دیزاینەرەكان بڵێن كە ئێمە ئامادە نین مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵۆزییەی ناو دیزاینەكانتان بكەین، كە زۆر پێویست نین و زۆر بە ئاسانییش زیانمان پێدەگەیەنن.

ئایندەی مودێلی «IML» دەگاتە كوێ؟

* ئایا ئەو بەرەوپێشەوەچوونانە چین كە بۆ داهاتووی «ئامێری فێركردنی خاوەن توانای لێكدانەوە» مەزندەی دەكەیت، بەتایبەتی لە بواری فراوانكردن و بەكارهێنانی كردارەكیدا؟ ئایا مەزندە دەكەیت ئەو ئالنگارییانەی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن، بۆ ئەوەی زیرەكیی دەستكرد بە وردی كار و لێكدانەوە بكات؟

- من لێرەدا وشەی «خاوەن توانای لێكدانەوە» دەگۆڕم، لەبەر ئەوەی من نامەوێت باسی سندوقی ڕەش بكەم، بەڵكو لە بناغەوە مودێلی «فێركردنی ئامێری خاوەن توانای لێكدانەوە - IML-» دروست دەكەم.

ئەم مۆدێلە توانای خۆ فراوانكردنی هەیە، یەكێك لە ئالنگارییەكان ئەوەیە كە هانی خەڵك بدەین، بە زۆری ئەم مودێلە بەكار بهێنن لەسەر بنەمای پرسیارەكەی پێشووت، كە مەزندەی ئەوە دەكەن مودێلی IML نەگاتە ئاستی ئەو وردەكارییەی كە پێویستە، بۆیە تەنیا دەبێت هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی خەڵكی دەستبەرداری ئەم ئەقڵییەتە بن و ئەوەش كارێكی زۆر قورسە. پێموایە بە تەنیا ئەم هۆكارە گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم مودێلی IML كە بە شێوەیەكی پراكتیكی بەكار بهێنرێت، بەپێی ئەزموونی خۆم ئەگەر خەڵك بە شێوەیەكی پراكتیكی شێوەی كاركردنی ئەم مۆدیلە ببینێت، جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مودێلی سندوقی ڕەش بەكار بهێنێتەوە.

فراوانكردنی پشتبەستن بە مودێلی IML

* ئەو هەنگاوانە چین كە پێویستە توێژەران، قوتابیان و مامۆستایان بیگرنە بەر، بۆ ئەوەی بە خێرایی لەگەڵ مودێلی IML ڕابێن و بەكاری بهێنن؟ ئایا چۆن دەتوانی لەوە دڵنیامان بكەیتەوە كە نەوەی داهاتووی زیرەكیی دەستكرد ئەولەویەت بە شەفافییەت بە هاوشانی ئەداكەی دەدات؟

- بە چەند خاڵ وەڵامی دەدەینەوە:

1. دەبێت بزانن مودێلی IML لە دروستكردنی ئەو بڕیارانەی زۆر ترسناكن زۆر وردترە لە مودێلی سندوقی ڕەش.

2. كۆدی دروستكردنی مودێلی IML بەردەستە و هەموو كەسێك دەتوانێ دەستی بكەوێت، بەكارهێنانیشی لە كۆدی بەكارهێنانی سندوقی ڕەش ئاسانترە، هەروەها دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی بەراوردی كاری وردی ئەم مودێلە لەگەڵ مۆدێلەكانی دیكە بكرێت.

3. بەداخەوە هیچ یاسا و ڕێسایەك سەبارەت بە چۆنیەتیی بەكارهێنانی مۆدێلی سندوقی ڕەش و مودێلی IML بوونی نییە، ئەمەش كۆمپانیاكانی هان داوە بە زیدەڕۆییەكی گەورە ڕێكلام بۆ فرۆشتنی مۆدێلی سندوقی ڕەش بكەن، كە مودێلی IML ئەو توانایەی هەیە ئەم لایەنە كۆنتڕۆڵ بكات.

4. كۆرسەكانی فێربوونی ئامێر بە دەگمەن قوتابی فێری خاوەن توانای لێكدانەوە «Interpretability» دەكەن، هەموو حەزیان لەوەیە فێری دوایین مودێلی گەورە و ئاڵۆز بن، كۆرسەكانی من بەپێچەوانەوە، ئەم كارە ناكات، تەنیا كار لەسەر ئەوە دەكات كە پێویستە پەروەردەكاران باشتر كارەكانیان بكەن.

 

Top