ماهیر سورچ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ نەورۆزی ئامەد جێگەی تەقدیر و دڵخۆشیی هەمووان بوو  

ماهیر سورچ  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ نەورۆزی ئامەد جێگەی تەقدیر و دڵخۆشیی هەمووان بوو   

 

هاتنی شاندی دەم پارتی و پەیامی ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی و پرۆسەی ئاشتی، وەرچەرخانێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردی باكوور، بەتایبەتی ئەگەر دەوڵەتی توركیا و پەكەكە هەنگاوی پراكتیكی بنێن بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و هەمواركردنەوەی دەستوور و جێگیركردنی مافی گەلی كورد لەو وڵاتە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ماهیر سورچ، ئەندامی پێشووی پەكەكە، ئەنجام دا.

 

 

* شاندی دەم پارتی پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنابوو، سەرۆك بارزانی-یش پشتگیریی ناوەرۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا، ئێوە چۆن سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی دەخوێننەوە؟

- لە هەموو كاتێكدا هەر چوار پارچەی كوردستان، لە هەندێ كار و پێشهاتدا كە دێنە پێش و ڕوو دەدەن، بەتەواوی گەلی كورد پێشوازییان لێ دەكەن و پێی دڵخۆش دەبن. بێگومان ئەو پرۆسەی ئاشتییەی كە ئێستا لەلایەن توركیاوە داوا كراوە، یەكێكە لەو ئومێد و داوایانەی كە تەواوی گەلی كورد لە هەموو دنیا چاوەڕوانیان كردووە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت گەلی كورد دوور لە شەڕی چەكداری و ئاشتییانە لە باكووری كوردستان لەو شەڕ و مەینەتییە دەرباز بێت و بچێتە قۆناغێكی سەردەمییانە. هاتنی شاندی دەم پارتی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی و گەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان لە ئیمڕاڵییەوە، خوێندنەوەی زۆری بۆ دەكرێت، لەوانە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ تەواوی كورد و سەركردەكانی، جێگەی شانازییە و بە مەرجەعییەتی هەموو گەلی كوردی دنیا دادەنرێت. بۆ ئۆجەلانیش، لە ناردنی پەیامەكەی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی، دەردەكەوێت كە ئۆجەلان دڵنیایە و متمانەی تەواوی هەیە كە هەر كارێك سوودی بۆ كورد هەبێت، لە هەر پارچەیەك بێت، ئەوا سەرۆك بارزانی بەوپەڕی دڵسۆزی و لێبووردەیی و جەسارەتەوە لە ئەستۆی دەگرێت. لەلایەكی دیكەوە، هاتنی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ یەكەمجار بۆ لای سەرۆك بارزانی، پێمان دەڵێت كە ئۆجەلان جگە لەوەی دڵنیایە بارزانی قورسایی و كاریگەریی زۆری لەسەر حكوومەت و دەوڵەتی توركیا هەیە، بۆیشی ڕوون بووەتەوە كە تەنیا سەرۆك بارزانی خەمخۆر و مەرجەعی گەلی كوردە لە دنیادا و، هەر سەرۆك بارزانی بووە وەك سەركردەی گەلی كورد لە ساڵی 2013 و دواتریش كەوتووەتە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی توركیا بۆ چارەسەری كێشەی باكووری كوردستان لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە، هەرچەندە چەكدارانی پەكەكە تاكلایەنە لە ڕێگەی نانەوەی شەڕ و پشێوییەوە پرۆسەكەیان لەبار برد، بەڵام ئەمجارە ئۆجەلان شەخسی خۆی و بەتایبەتیش لە دەستپێكی ڕاگەیاندنی پرۆسەكە پەیامەكەی بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی ناردووە، تاوەكو قەندیل و ڕۆژئاواش پابەند بن بە هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی پراكتیكی و سەركەوتوو بهاوێژێت.

* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بەرانبەر ئەم پەیامە، سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكە بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە، ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟

- پەكەكە لە قەندیل و پەیەدە لە ڕۆژئاوا و هەر گرووپ و لایەنێكی دیكە كە سەر بە چەكدارانی پەكەكە بن، لە هەر شوێن و پارچەیەكی كوردستاندا بن، لە سەرەتای ئەو جووڵانەوەیە تا ئێستاش، بە بڕیار و فەرمان و قسەی ئۆجەلان جووڵاونەتەوە و بۆ هیچ سەركردە و كەسێك نەبووە لەناو پەكەكە لە قسەی ئاپۆ (ئۆجەلان) دەربچێت. بۆ زیاتر دەركەوتنی ئەو ڕاستییە، پێشتریش هەوڵ دراوە، بەتایبەتی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانییەوە، كە بە پرۆسەی ئاشتی كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی بە كۆتاییهێنانی شەڕ و چەكدانانی پەكەكە، بەڵام ئەو كات بڕیار و بۆچوونی ئۆجەلان بەو جۆرە نەبوو، هەر بۆیە هیچ فەرمان و پەیامێكی بۆ پەكەكە نەناردبوو، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئۆجەلان هەر شتێك بڵێت، ئەوا سەركردە و چەكدارەكانی پەكەكە لە هەر شوێنێك بن، نەك تەنیا بە زارەكی، بەڵكوو بە كردەییش پابەندی دەبن، هەر بۆیە، لەو پەیامەی كە دەم پارتی لە ئۆجەلانەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنابوویان، دەمودەست چەكدارانی پەكەكە و تەواوی سەركردەكانیان لە قەندیل پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرد. من وەك ئەوەی كە ئەزموونی زۆرم لەناو پەكەكە هەیە، دڵنیام و زۆریشیان پێ خۆشە (پەكەكە) بە كرداری چەك دابنێن و، بۆیان دەركەوتووە كە تاكە ڕێگەچارەی كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ توركیا بە چەك ناكرێت، بەڵكوو لەم قۆناغەی ئێستای دنیادا بە گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە دەگەنە زۆر ئامانج، گەلی كوردی باكوور و ڕۆژئاواش پشوو دەدەن و ڕزگاریان دەبێت لەو ماڵوێرانی و كوشتن و ئاوارەییەی كە زیاتر لە (٤٠) ساڵە لەگەڵی دەژین. لەلایەكی دیكەوە، ئێستا پەكەكە لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆش و خراپی دارایی و سەربازیدا دەژیت، هەروەها دەبینین سەركردەكانی پەكەكە لەدوای پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی، لە ڕاگەیاندن و چاوپێكەوتنەكانیاندا هەندێ قسە دەكەن، وەك ئەوەی كە ئەوانیش ڕا و بۆچوونی خۆیان هەیە، بەڵام ئەمە وانییە، بەڵكوو چەكدانانەكە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە پێویستی بە ماوە و چەند مەرجێك هەیە، كە ئەمانەشیان بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ڕاستی و دروستیی پرۆسەی ئاشتییەكە لەلایەن توركیاوە، و ئەو مەرج و كارانەش داوا دەكەن لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت، بەتایبەتی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و چەكدارەكانیان، هاوكات ئۆجەلان و پەكەكە ئەمجارە لە پرۆسەكەی ئاشتیی نێوان خۆیان و توركیا لەوە دڵنیان و متمانەی زۆریان هەیە كە سەركەوتوو دەبێت، چونكە ئۆجەلان پەیامی بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی ناردووە كە دەزانێت و دڵنیایە سەرۆك بارزانی لەناو هەموو هاوكێشەكانی ناوچەكە و دنیاشدا، بەتایبەتی لە توركیا، قورسایی گەورە و متمانەی زۆری هەیە و ناچێتە ناو ئەو پرۆسەیەكەوە مەگەر دڵنیا بێت كە سوودی زۆر و باش و كاریگەریی هەیە بۆ سەركەوتنی گەلی كوردی باكووری كوردستان.

*   با بێینە سەر كاریگەریی دەم پارتی لەناو كوردی توركیادا. ئایا كوردی توركیا دەم پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن، ئایا ڕۆڵ و كاریگەریی دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پرۆسەی چارەسەریی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- ئەمڕۆ بەهێزترین و جەماوەریترین لایەن و پارت كە دەنگی كوردی باكووریان لەگەڵە و نوێنەرایەتیی بەشی زۆری گەلی كوردی باكووری كوردستان دەكەن دەم پارتییە. دەم پارتی جگە لەوەی پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ پەكەكە هەیە، هاوكات پاڵپشتی و دەنگی پەكەكەشی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە، هەر بۆیەش شاندی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلانیان كرد و پەیامی ئەویان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی و قەندیل هێنا. ڕاستە گرووپ و كۆمەڵە و لایەنی دیكەی كوردی لە باكووری كوردستان هەن، گەرچی ڕۆڵ و كاریگەرییان بەو جۆرە نییە. سەڵاحەدین دەمیرتاشیش وەك كەسایەتییەكی سیاسیی خۆشەویست لەلایەن گەلی كوردی باكوورەوە دیارە، بەڵام ئەو ڕۆڵە ناگێڕێت و قورساییەكەی تەنیا لەوەدا دەبینرێتەوە كە دەتوانێت بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی نێوەندگیری بكات و هەوڵ بدات پرۆسەكە سەركەوتوو بێت.

* ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە توركیا پێویستی بە دەنگی كوردە بۆ دووبارە بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار، بۆ ئەمەش دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییەكی گەورەی ئابووری و بازرگانیی هەیە. ئەمە بێجگە لە شكۆی سەرۆك بارزانی، كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ئێستادا وەك مەرجەعی هەموو كورد سەیر دەكرێت، ئایا مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی تا چەند دەبێتە زامنی چارەسەركردنی ئاشتییانەی پرسی كورد لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان؟

- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كە ئێستا سەرۆكی توركیایە، خاوەنی بڕیار و بەڵێنەكانی خۆی نییە، ئەمڕۆ بەڵێنێك بە خەڵك یان بە گەلی كوردی باكوور دەدات، بەیانی یان پاش هاتنەدیی ئامانجەكەی پەشیمان دەبێتەوە، هەر بۆیە قەندیل و پەكەكە و كوردی باكووری كوردستان بەگشتی متمانەیان پێی نییە، هەر ئەو خاڵە جەوهەرییەشە وای كردووە پەكەكە و كوردی باكوور بەگشتی دڵنیا نەبن لەوەی كە پرۆسەی ئاشتییەكە سەربگرێت. گەرچی زۆر ڕوونە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەبێ بەدەستهێنانی دەنگی كورد ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری توركیا، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كوردیش كە داوا و مەرجی كوردی باكووری كوردستان و قەندیلیشە، دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكرێتەوە، بە شێوەیەك كە ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد وەك نەتەوە و نیشتمان و كولتوور و شارستانییەت و زمان و ئاڵا، دانپێدانانیان بۆ بكرێت و لە دەقی دەستوورەكەدا جێگیر بكرێن. بە دڵنیاییەوە چەندین ساڵە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و ساڵ لە دوای ساڵیش پەیوەندییەكان زیاتر و بەهێزتر بووە، ئەمەش بۆ ئەردۆغان و حكوومەتی توركیا زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو پەیوەندییانە وایان كردووە توركیا سوودێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت و بەرژەوەندیی یەكجار گەورەی لێ بكەوێتەوە، گەرچی ڕاستە سوودی بۆ هەرێمی كوردستانیش هەیە، بەڵام بۆ سەركەوتن و پێشڤەچوونی پرۆسەی ئاشتیی توركیا و كوردی باكوور، بەدڵنیاییەوە هەموو كوردی دنیا و هەر چوار پارچەی كوردستان دڵنیان كە مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی و دیپلۆماسییەت و قورسایی و كاریگەریی بەڕێزیان زۆر زۆرە و بەبێ هەوڵی جەنابیان، بە هیچ شێوەیەك پرۆسەكە بەرەو سەركەوتن هەنگاو نانێت. توركیاش ئەزموون و ڕۆڵ و كەسایەتی و مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی بۆ گەلی كورد بەگشتی، زۆر لای ڕوونە و ڕێزێكی زۆری بۆی هەیە.

* ئەگەر چارەسەریی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناخێكی پێشكەوتووتر؟

-  لە كاتێكدا پرۆسەی ئاشتیی كوردی باكوور و توركیا سەركەوتوو بێت، ئەوا كورد بەگشتی لە ڕووی ئەمنی و ئاشتی و سەقامگیرییەوە دەچێتە قۆناغێكی دیكەی سەركەوتوو، سنوورەكانی نێوان باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا زۆر كاڵ دەبنەوە و هاتووچۆ لە نێوان هەموو كوردان، لە باكوور بۆ باشوور و لە باشوور بۆ باكوور و ڕۆژئاوا و بەپێچەوانەشەوە، زۆر ئاسایی و بەردەوام دەبێت، بەمەش پەیوەندییەكانی نێوان پارچەكان زۆر باش و بەهێز دەبن. ئەوەتا لە نەورۆزی ئەمساڵدا، كە سەرۆك بارزانی لە ڕێگەی نوێنەری خۆی و پەیامەكەیدا دڵ و دەروونی هەموو كوردانی خۆش و ئاسوودە كرد، بۆ هەموو كوردان دەركەوت كە سەرۆك بارزانی خەمخۆر و دڵسۆز و مەرجەعی گەلی كوردە لە دنیادا.

 

Top