شێوەکار نەورۆز شەهاب بۆ گوڵان:هونەرمەند کار لەسەر ڕۆحیەت و زیندوویەتی هەستی نێوان تابلۆ و بینەر دەکات
هونەرمەندی بواری شێوەکاری نەورۆز شەهاب، کە لەدایکبووی شاری کۆیەیە، کارەکانی بە شێوازێکی کوالێتی و سەردەمیانە پێشکەش دەکات و خاوەنی چەندین تابلۆی جوان و سەرنجڕاکێشە. لە دیمانەیەکدا لەگەڵ «گوڵان» وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە کارەکانی دەداتەوە.
*پەیامی تۆ بۆ هونەری وێنەکێشان چییە؟
-تابلۆی زیندوو ئاخاوتنێکی بێدەنگ و ئارامە لەگەڵ ئەو هەستانەی کە دەیانەوێت ئارامی و فرەجوانی لە ڕێگەی چێژی ڕەنگەکانەوە ببینن.
*چیت هەیە بۆ ئەو شێوەکارانەی نرخێکی زۆری ماددی دەخەنە سەر تابلۆکانیان؟
-نرخ لە بەهای تابلۆکەدایە، چونکە ئەفرێنراوە، خۆی نرخی خۆی دیاری دەکات نەک ئێمە بۆی دیاری بکەین.
*دروستکردنی تابلۆیەک تێچووەکەی زۆر نییە، بەڵام بۆچی نرخەکەی زۆرە؟
-بە پێچەوانەوە، تێچووی تابلۆ زۆرە ئەگەر لەسەر بنەمای باشیی کوالێتی و کەلوپەلەکان بێت. بەڵام هەموو وێنەکێشێکیش ئەم کوالێتییە بەرزە بەکار ناهێنن، بەڵکو کەلوپەلی هەرزان بەها بەکار دەهێنن کە ئەمانە تەنیا وەک فێرکاری بەکار دێن. خۆم بەرزترین کوالێتی بەکار دەهێنم، جگە لە کات ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بۆیە نرخی تابلۆکەم گرانتر دەبێت.
*خەڵک بەگشتی حەز بە چ تابلۆیەک دەکەن بۆ هەڵواسین؟
-ئەوە دەكەوێتە سەر هەست و حەزی کەسەکە بەرانبەر بابەت و ڕەنگ و جۆری تابلۆکە، بەڵام بە گشتی تابلۆی سروشتی زیاتر داوا دەکرێت.
*بە حوکمی ئەوەی تۆ شێوەکارێکی بە ئەزموونی، ئایا ئەوانەی بوونەتە شێوەکار شایانی ئەوەن پێیان بڵێین هونەرمەندی شێوەکار؟
-منداڵیش دەتوانێت وێنە بکێشێت، بەڵام مەرج نییە هەموو وێنەکێشێک هونەرمەند بێت، چونکە هونەرمەند کار لەسەر ڕۆحیەت و زیندوویەتی هەستی نێوان تابلۆ و بینەر دەکات.
*بۆ ئەوەی ببیت بە شێوەکارێکی بەتوانا دەبێت چ تایبەتمەندییەکت هەبێت؟
-قووڵبوونەوە بۆ ناو ناخی تابلۆکە، خۆ ونکردن لە ناو فەنتازیای دەروونی تابلۆ، جوانترین چێژ بە تابلۆ دەبەخشێت، ئەوە گەورەترین هونەری تابلۆیە.
*چ شتێک لە کار ساردت دەکاتەوە یان بێزارت دەکات؟
-کاتێک خەڵک لە بەهای تابلۆی ڕاستەقینە نازانێت، نرخ بۆ بەهای تابلۆی ساختە دادەنێت.
*تا چەند لەگەڵ کردنەوەی پێشانگەی هاوبەشدایت؟
-کارێکی باشە بۆ بەیەک ناساندنی بەرهەمەکانی هونەرمەندان و دەربڕینی ئاخافتن و بیروڕای جیاواز لەناو هونەرمەنداندا، دواتریش بۆ زیاتر بەرهوپێشبردنی کارەکانیان.
*هاوخەم و هاوسۆزی کارەکانت کێن؟
-دایکم و هاوسەرەکەم و هەموو ئەوانەی کە حەزیان بە سەرکەوتن و بەردەوامییەکانمە.
*ئایا مەرجە هەموو تابلۆیەک پڕ نهێنی و شاراوە بێت؟ واتە بۆ بینەران پێویستی بە شیکردنەوە بێت؟
-هونەری ڕەنگ واتا دەرخستنی سێبەری پشت ڕەنگەکان لە ناو جەستەی تابلۆدا. ئەگەر ئێمە نەتوانین شاراوەکان لە ڕێگەی ڕەنگ و تابلۆوە بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە، ئەی گەورەیی و پیرۆزی و پەیامی هونەر لە چیدایە و خزمەتی کێی پێ بکەین؟ هونەر زانستێکی قووڵ و بێ کۆتایە، بۆیە پێویستە هەمیشە ڕەنگی تابلۆکان وەک وشەی پەرتووکەکان لە خزمەت خەڵک و کۆمەڵگەدا بن، بەڵام شێواز و تابلۆی تریش هەیە، کە هونەرمەند تەنیا بۆ خزمەتی خۆی بەکاری دەهێنێت، بەوەی کە تایبەتمەندییە کەسایەتییەکانی خۆی و ناخی خۆی لەسەر تابلۆ هەڵدەڕێژێت، ئەوە شتێکی دیکەیە و پەیوەندیی بە هونەرمەند خۆیەوە هەیە.
*چ شتێک زۆر سەرنجت بەلای دروستکردنی ئەو تابلۆیانەدا ڕادەکێشێت؟
-تا ئێستە زۆرترین تابلۆی شێوەکاریم کێشاوە و تابلۆکانیش جۆراوجۆرن. هەیانە بە کاغەز و قەڵەم دروستم کردوون، تابلۆی ترم بە خەڵووزی ڕەش و سپی یان ڕەنگاوڕەنگ دروست کردووە، هەروەها تابلۆم کێشاوە بە ڕەنگی ئاوی، بەڵام زۆربەیان ڕەنگە ڕۆنییەکانن. جگە لەوانەش تابلۆی شێوە هێڵکاریم زۆر دروست کردووە، بەڵام ئەم جۆرەیان تێگەیشتن لێی کەمێک سەختە و هەموو کەسێک وا بە ئاسانی لە ماناكانی ناگات. هۆکاری دروستکردنی ئەو تابلۆیانەش واقیعی ئێستەی کۆمەڵگەکەم و زەوتکردنی مافی ئافرەتی کورد و چەوساندنەوەیەتی، هەروەها خەبات و شۆڕشی گەلی کورد و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستان. هاوکات سروشت و جوانی کوردستان کاریگەری زۆریان بەسەرمەوە هەیە و وام لێدەکەن وێنەی شێوەکاری لەسەر هەموو ئەو واقیعانەدا بکێشم، بۆ نموونە دیارترینیان ڕووداوەکەی شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان و بردنی کچان و ژنانی شنگال و فرۆشتنیان لەلایەن داعشەوە، بۆیە دەمەوێت هەموو ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەم لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە نیشانی گەلانی تری بدەم.
