دڵشاد یونس ئەندازیاری كارەبا لە ڕێڤەبەریا گشتیی كارەبای زاخۆ دەبێت هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە دەست پێبكەین بۆ ئەوەی هاوڵاتی بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناكی دەكات
كێشەی كارەبا لەڕووی كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا و گرفتەكانی نزمبوونەوەی ڤۆڵتییە و بارزۆری و پچڕانی كارەبا، بووە كێشەیەكی ئاڵۆز و بەردەوام، لەسەرجەم كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەم كێشەیە هەبووە. گرفتەكە لەوەدایە چەند وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی نوێ و تۆڕی كارەبای پاڵەپەستۆی نوێ جێبەجێ دەكات و بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات، بەڵام لە بەرانمبەردا بڕە بوودجە و پارەیەكی زیاترمان پێویستە بۆ كڕینی زیاتری وزەی كارەبا و تێچوون و دابینكردنی سووتەمەنیی قورستر، ئەمەش بۆ جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و دابینكردنی بوودجەیەكی زۆر بۆ بەدەستهێنانی كارەبا و هەڵكشانی خواست و زۆربوونی سەرفكردنی كارەبا دەگەڕێتەوە. بۆیە هەموو حكومەتەكانی جیهان لە هەوڵی ئەوەدابوون بابەتی تێچوون و هەڵكشانی خواست كۆنتڕۆڵ بكەن، بۆ ئەوەی دابینكردنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری نەبێتە بارگرانیی زۆر گەورە لەسەر حكومەت. كەواتە كێشەكە لە خراپ بەكارهێنانی كارەبای نیشتمانی و زیادەمەسرەفی و زۆریی تێچوونی كڕینی وزەی كارەباكە و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ ئەو بڕە بەرهەمهاتووەی كارەبا دەگەڕێتەوە، بەم شێوەیە بە هاوسەنگ كردنی بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی كارەبا حكومەت دەتوانێت كارەبایەكی زیاتر و بەردەوام و بێ پچڕان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، لەولاشەوە بە هوشیارییەكی باشتر كارەباكە بەكار دەهێنرێت و بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان و بوودجەی گشتی دروست نابێت.
