ڕەمەزان مەجید شارەزا لەبواری كارەبا بۆ دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت پەنا بۆ سیستمی سۆلەر و كارۆئاوی ببەین
جێگای داخە هەر لە ساڵی 1991ـەوە تاكو ئەمڕۆ كە زیاتر لە33 ساڵ دەبێت، نەتوانراوە كێشەیەكی گەورە و هەستیاری وەك كارەبا چارەسەر بكرێت، كە دابینكردنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری پەیوەندی بە باروبژێوی ژیانی هاووڵاتیان و گەشەكردنی سەرجەم سێكتەرەكانی ئابوورییەوە هەیە. لەكاتێكدا دەمانتوانی لە ڕێگەی دانانی سیستەمی (خۆر و با) بەشێكی ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، ئەمەش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكێكیان نەبوونی پلان و بەرنامەی زانستییانە بووە، هۆكارێكیشیان نەبوونی توانای دارایی بووە، بەتایبەتی دوای بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان، هاوكات بە داخەوە لە ڕیزبەندی پێشەوەی چارەسەركردنی كێشەكان دانەنراوە. من پێم باشە لە هەرێمی كوردستان لەسەر زێی گەورە و زێی بچووك و ڕووبارە گەورەكان هەنگاو بۆ دروستكردنی بەنداوی گەورە بنرێت، بەنداوێك كە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبای هایدرۆپاوەری بۆ دابنرێت، بەمەش لە تێچوونی سووتەمەنی و كڕینی كارەبا بە پارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەكان ڕزگارمان دەبێت. هەروەها لەم چەند ساڵەی دواییدا لەڕووی كوالێتی سوودی دانانی سیستەمی كارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە ئەوە دەركەوتووە، ژینگەی هەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر و كارۆئاوی.
سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كارەبا كە بە پڕۆژەیەكی زۆر باش دادەنرێت و باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك لە دژی كارەبایەكی 24 كاتژمێری بێت، ئەمە داواكاری و ئومێدی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام گرفتەكە و ڕەخنەكە لە نرخی كارەباكەیە، چونكە نابێت دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی وا گرنگ و پێداویستییەكی سەرەكیی هاوڵاتیان ببێتە بارگرانی و بێ دیراسەت و هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی هاووڵاتیان نرخی بۆ دابنرێت. واتە ناكرێت بە هۆی زۆریی نرخی كرێی كارەباوە، هاووڵاتی نەتوانێت سبلیت و بۆیلەر بەكار بهێنێت و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی نەتوانێت جێبەجێ بكات، بەڵام ئەگەر نرخی كارەبای 24 كاتژمێری گونجاو بێت، ئەوا سوودێكی زۆر زۆری هەیە و دووكەڵی موەلیدە نامێنێت و كارەبایەكی سەقامگیری بەردەواممان دەست دەكەوێت و لە ناو شارەكانیش لە وایەر و جەنجاڵیی كارەبا ڕزگارمان دەبێت، بۆیە پێویستە كرێی كارەبای ئێستای پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كەم بكرێتەوە بۆ ئەوەی میللەت زیاتر پێشوازی لەم پڕۆژەیە بكات، چونكە باروگوزەرانی خەڵكی باش نییە و هەژاری و بێكاری هەیە، بۆیە دەبێت لە جێگیركردنی نرخی پڕۆژەی ڕووناكی ڕەچاوی هەموو ئەمانە بكرێت.
