ئارام فوئاد بەرپرسی چاككردنەوەی كارەبای ئاكرێ پڕۆژەی ڕووناكی بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بە شێوەیەكی ڕیشەیی گرفتەكانی ئەم سێكتەرە چارەسەر دەكات
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی كارەباوە بە سەدان پڕۆژەی كارەبای لە چەند ساڵی ڕابردوو ئەنجام داوە، بەڵام بەردەوام ئێمە كێشەیەكمان لە بواری دابەشكردن و بەكارهێنانی كارەبا و چۆنیەتیی ڕێكخستنەوەی هەبووە، بۆیە پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كارەبا دەست بەجێبەجێكردنی كرا و ئەمەش تەواوكەری پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك بوو. بەم پڕۆژەیە دەتوانین بڵێین: گرفتی كارەبا ڕوو لە چارەسەركردن دەكات، چونكە لە ئێستادا بە كۆنتڕۆڵكردنی بەكارهێنانی كارەبا و بەو توانای ژێرخانی كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئیمكاناتمان هەیە كارەبایەكی 24 كاتژمێری بدەین بە هاووڵاتیان، هەر بۆیە بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە و دیاریكردنی نرخێكی گونجاو بۆ كرێی كارەبا، هاووڵاتییان بە هەموو پۆلەكانی هاوبەشانی كارەبای ماڵان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی ناچار دەبن، بە شێوەیەكی هوشیارانە و بەپێی پێداویستییەكانی خۆیان كارەبا بەكار بهێنن، بەمەش لۆد و بارگرانی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا كەم دەبێتەوە و ئەو بڕە كارەبایەی لە وێستگە غازییەكان بەرهەم دەهێنرێت، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و باش و بە ڕێكوپێكی دەگاتە ماڵەكان.
لە ئێستادا كێشەی كارەبا لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا نییە، بەڵكو لە بەكارهێنانیەتی، بەتایبەتی لە هەر دوو وەرزی سەرمای زستان و گەرمای هاویندا كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كاتەكانی پێدانی كارەبا، ئەوجا كاتێك لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كارەباوە كەرتی دابەشكردنی كارەبا و بەكارهێنانی كارەبا ڕێك دەخرێتەوە، ڕاستەوخۆ زیدەڕۆیی كارەبا و بەفیڕۆدانی كەم دەبێتەوە و بڕە كارەبایەكی باشتر بە هاووڵاتیان دەگات و گرفتی كارەبا ڕوو لە چارەسەركردن دەكات.
سەبارەت بەنرخی كارەباش كە تاكو ئێستا نرخی نوێ جێگیر نەكراوە و، ئەمساڵ 2025 پڕۆژەكە لە سەنتەری پارێزگا دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا سوودەكانی ئەم پڕۆژەیە زۆرە و هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە پڕۆژەكە وەربگرن و یەك سەرچاوەی كارەبای هەبێت و تەنیا بە چەند ئەمپێرێكی كەمی موەلیدە ئەو هەموو پارەیە نەدات. هوشیاریی بەكارهێنانی كارەبا تەنیا لە كوژانەوەی گلۆپەكان دروست نابێت، بەڵكو دەكرێت لەمەودوا ڕوو لەو ئامێرە كارەباییانە بكەین، كە ئەمپێڕێكی كەمی كارەبایان پێویستە بۆ ئیشپێكردنی، یان لە كاتی گەرمكردن و ساردكردنی ژوورەكان دەرگا و بەنچەرەكان دابخرێت و مەوادی عازل بۆ خانووبەرە بەكار بهێنین و لەكاتی چوونە دەرەوەش لە ژوورەكە وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو ئامێرە كارەباییەكان و گڵۆپەكان بكوژێنرێنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەردەوام ئامێرەك كارەباییەكان و گڵۆپەكان بەكاربهێنرێت و نەكوژێرێنەوە، ئەوا بە تەئكید زیان خۆمان و سامانی كارەباش دەگەیەنین.
