ئەندازیار ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم و گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان: پڕۆژەی ڕووناكی پرسێكی نیشتمانییە و بە پشتگیریی هەمووان سەركەوتوو دەبێت
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم و گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، یەكێكە لەو ئەندازیارانەی كە خاوەنی ئەزموونێكی كەڵەكەبووە لە سێكتەری كارەبادا، هەروەها توێژینەوەی زۆر وردی لەسەر گرفتەكانی كارەبا، هەر لە كابینەی یەكەم تا كابینەی نۆیەمدا كردووە و بڵاوی كردوونەتەوە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی سێكتەری كارەبا و سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكی خستە ڕوو.
سەرەتا دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، بۆ سازكردنی ئەم گفتوگۆیە «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»، كە لەم كاتەدا قسە و باسێكی زۆر لەسەر پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دەكرێت. ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە گرنگترین پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و یەكێكە لە كارە باشەكان، كە مەبەستمانە تا كۆتایی ساڵی 2026 كارەبای سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بكەینە 24 كاتژمێری، كە داوا و خەونێكی هەموو هاونیشتمانییان بووە، بۆیە من داوا لە حزبە سیاسییەكانی دیكە و كۆی كەناڵەكانی میدیا و سەندیكا و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و چین و توێژەكانی دیكە دەكەم، پاڵپشتیی ئەم پڕۆژەیە بكەن و هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەچۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كارەبا بكەن و لە گرنگیی پڕۆژەی ڕووناكی بەرچاوڕوونی بدەن و، ئەم پڕۆژەیە وەك پرسێكی نیشتمانی و چارەسەرێكی بنەڕەتی سەیر بكەن.
كرۆكی ئەم گفتوگۆیەش دەتوانین بڵێین بە شێوەیەكی گشتی لە دەوری پڕۆژەی ڕووناكیدا چڕ بووەتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە وەك ئاكامی هاوبەشی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان، ئەوەیە هەمووان لەسەر ئەوە كۆكین كە پڕۆژەی ڕووناكی پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی و نیشتمانییە و هاووڵاتیانی كوردستان چەندین ساڵە هیواخوازی ئەوەن كارەباكەیان ببێتە 24 كاتژمێری و ئەو كێشەیە لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت، هەمووشمان لەسەر ئەوە كۆك بووین كە خاڵی گرنگ بۆ سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكی ئەوەیە كە خەڵك پێشوازیی لێ بكات و پشتگیریی بكات. بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەی نێوان هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان بهێنینەدی، ئەوا پێویستمان بەوە دەبێت لەسەر چەندین بڕگەی گرنگ وەك تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا، سیاسەتی كەمكردنەوەی پاڵپشتیی حكومەت بۆ نرخی كارەبا، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی كارەبا، ڕەچاوكردنی بژێویی خەڵك و ...هتد»، هەموو ئەمانە پێویستی بەوە دەبێت كە گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێت و پێشنیار و میكانیزمی تازە بخەینەڕوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە دروستە بدرێت كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە و، باری سەرشانی حكومەتیش لە تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەموو گۆڕانكارییەك پێویستی بەوە بووە كە خەڵك خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكەدا بگونجێنێت، ئەو گۆڕانكارییانەی دێنە پێشەوە مەرج نییە وەك پڕۆژەی ڕووناكی پێویستی بە خۆگونجاندنی ئابووری بێت، گۆڕانكاری دێتە پێشەوە بۆ نموونە وەك پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، گۆڕینی حكومەت بۆ دیجیتاڵی، ئەمانە هەمووی كاردانەوە و شۆك دروست دەكەن و ماوەیەكی دەوێت تا خەڵك خۆی لەگەڵ دەگونجێنێت، بۆیە ئەم پڕۆژەیەش ماوەیەكی دەوێت تا خەڵك لەگەڵی ڕادێت، وابزانم ئالێرەدا ڕەچاوی ئەو قۆناغەی خۆگونجاندنیش دەكرێت.
خاڵی سەرەكی كە لەم گفتوگۆیەدا جەختی لەسەركرایەوە و لە میدیا و سۆشیال میدیا قسەی زۆر لەسەر دەكرێت، پرسی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبایە «Cost recovery»، لەسەر ئەم خاڵە من دەتوانم گەواهی بۆ بەڕێز وەزیری كارەبا بدەم كە لەگەڵ تیمی سەرۆك وەزیران بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی، ڕاشكاوانە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەی كرد و ڕایگەیاند، مەرج نییە بە یەك قۆناغ هەموو تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا وەربگرینەوە، بەتایبەتی ئەم گۆڕانكارییە لەناكاو گۆڕانكاری «suden change» لە ژیانی خەڵكدا دروست دەكات و، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، هەر لە سەردەمی پادشایەتییەوە هەتا ئێستا هەموو كات حكومەت پشتگیری و پاڵپشتی زۆری تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبای كردووە و بەتێچوونێكی بەرز بەرهەم هاتووە و بە نرخێكی هەرزان گەیشتووەتە دەستی هاووڵاتی، بۆیە ئێمەش لەم پڕۆژەیەدا زۆر گرنگە لەسەرخۆ هەنگاو هەڵبگرین و قۆناغ بە قۆناغ پرۆسەكە بەرەوپێشەوە ببەین، تا خەڵك بە تەواوەتی لەگەڵی ڕادێت.
خاڵێكی دیكە كە بۆ سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكی زۆر گرنگە، ئەوەیە كە دەبێت ئەم پڕۆژەیە وەك پرسێكی نیشتمانی سەیر بكرێت، نەوەك بكرێتە پڕوپاگەندەیەكی حزبایەتی و هەر حزبەو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی دژی بوەستێتەوە، كەسایەتییەكانی ناو سۆشیاڵ میدیاش بۆ بەدەستهێنانی فۆڵەوەر و ناوبانگ كە بۆ هەڵبژاردن و بابەتە سیاسییەكان پێویستیانە، ڕاستییەكان بەلاڕێدا ببەن.
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە لێدوانەكانیشماندا بۆ میدیا جەختمان لەسەر كردووەتەوە، كە دەبێت ئەو زەمینەیە دروست بكرێت بۆ ئەوەی كۆی لایەنە سیاسییەكان بەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و بەوانەشی كە هاوپەیمانن لە دەسەڵاتدا، هەموویان بێنە ناو ئەم پرۆسەیە و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان و چارەسەری كێشەی چەندین ساڵەی كارەبا لە ڕیزبەندی پێشەوەی مەبەست و مەرامەكانیان بێت، هەروەها بە گرنگی دەزانین ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان بێنە ناو ئەم پرۆسەیە و هاوكارمان بن و لەگەڵ ئێمە بیر بكەنەوە و پێشنیار و میكانیزمی جیاوازمان بۆ بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە بتوانین ئەم پڕۆژەیە سەربخەین، كە بەبێ جیاوازیی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و حزبی و ئایدیۆلۆژیا، چارەسەری كێشەی كارەبا بۆ قازانج و سوودی هەمووانە، پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا بەبێ جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی خزمەتی هەر هاووڵاتییەكی كوردستان دەكات، بەوانەشی هاووڵاتی كوردستان نین و لە كوردستان دەژین، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەموو پێكەوە بڵێین: «ئیتر بەسە بۆ كارەبای پچڕ پچڕ، بەسە بۆ جەنجاڵیی موەلیدە و پیسكردنی ژینگە و...هتد»، پێویستە بە هەمووان پشتگیریی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە بكەین، چونكە ژینگەكەشمان پاك دەكاتەوە كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە گرنگییەوە كار لەسەر ژینگە دەكات و بۆ سەلامەتی و لایەنی تەندروستیی هاووڵاتیان گرنگییەكی لە ڕاددەبەدەری هەیە.
پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا وەرچەرخان لە سێكتەری كارەبادا دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری ئەوەی حكومەتیش گۆڕانكاریی لە سیاسەتی لەم سێكتەرە گرنگەدا بكات و پێداچوونەوەی پێدا بكات و لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەكە بیگونجێنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج لەسەر سێكتەری كارەبا بدەین، هەر لە كابینەی یەكەمەوە تا كابینەی نۆیەم، بەردەوام كارەبا كێشەی هەبووە. من خۆم دیراسەتم لەسەر سێكتەری كارەبا لە ڕاپەرینی بەهاری 1991ـەوە تا ساڵی 2019 كردووە و، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی دەیەم سێكتەری كارەبای كابینەی نۆیەمیش دەخەمە سەر ئەم دیراسەتەم، پاڵپشت بەو دیراسەتە دەتوانرێت سەرنجی ئەوە بدرێت كە كارەبا بە چ بارودۆخێكی قورس و سەختدا تێپەڕ بووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام كاری كردووە و پارە و بوودجەیەكی زۆری لەم پێناوەدا خەرج كردووە، بەڵام دەرئەنجام ڕاستە لە بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبادا كاری زۆر جوان و گەورە كراوە و تا ڕاددەیەكی زۆر باشیش ژێرخانی كارەبا بونیاد نراوەتەوە، لەم پێناوەشدا كرێكارانی كارەبا قوربانیی زۆریان بە گیان و بە لەدەستدانی ئەندامێكی جەستەیان داوە، تا كارەبامان بۆ هەزارەها گوند ڕاكێشاوە و بە سەدان وێستگە و تۆڕی كارەبامان جێبەجێ كردووە، توانیویشمانە سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا جۆراوجۆر بكەین، بە هایدرۆپاوەر و سیستمی خۆر و وێستگەی غازی و هەڵمی و.. هتد، ئەمانە جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە كە بەبێ ئەم ژێرخانە هەرگیز نەدەتوانرا پڕۆژەیەكی وا گرنگی وەكو پڕۆژەی ڕووناكی جێبەجێ بكرێت، لەگەڵ هەموو ئەم پڕۆژانە كۆتا جار لەپێناو ئامانجە ستراتیژی و سەرەكییەكەیە كە ئەویش گەیشتنە بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری، بۆیە ئەگەر نەگەیشتووینەتە ئەم ئامانج و دەرئەنجامەش، تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە كۆنتڕۆڵی خواستمان پێ نەكراوە، بۆیە هەمیشە بەرهەمهێنان بەراورد بە خواست لە دواوە بووە، تەنانەت ئەو كاتەی ژێرخانی بەرهەمهێنان وەكو ئێستا ئەوەندە زۆر بووە و بە چەندین سووتەمەنی بڕە كارەبایەكی زۆر بەرهەم هاتووە، بەڵام لەبەر زۆریی تێچوون و نەبوونی سووتەمەنیی پێویست هەر نەتوانراوە ئەو بڕە كارەبایە بەرهەم بهێنرێت، یان وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هەموو یەكەكانی بەگەڕ بخرێت.
خۆشبەختانە كابینەی دەیەم مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ سێكتەری كارەبادا دەكات دوای ئەوەی لە كابینەی نۆیەم ئەم پڕۆژەی ڕووناكییەی دەستپێكرد و پێ دەنێتە قۆناغی كارەبای 24 كاتژمێری، لانی كەم لە بەشی هەرە زۆری شارە گەورەكانی كوردستاندا، ئەمەش ڕێگە ڕاستەكەیە بۆ بەیەكگەیشتنی خواست و بەرهەم لە خاڵێكدا كە ئەویش پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبایە.
لەم قۆناغە وەرچەرخانەدا دەبێت سیاسەتێكی نوێی گشتگیر بۆ سێكتەری كارەبا پیادە بكرێت. ئێستا باس لەوە دەكرێت كە حكومەتی عێراق «80-90» ملیار دۆلاری بۆ سێكتەری كارە تەرخان كردووە، كەچی كێشەكەی بۆ چارەسەر نەكراوە، هۆكاری سەرەكی بۆ ڕووخانی ژێرخانی كارەبای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو ئامێری كارەبا و سپلیتە خراپانەی كە بەبێ كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەهێنرێنە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوە دەبێت باشتر كوالێتیی جۆری كۆنتڕۆڵ بكەین و ڕێگە نەدەین هەموو ئامێرێكی كارەبایی بەتایبەتی سپلیت كە بووەتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ فێنككردنەوە و خۆگەرمكردنەوە، بهێنرێنە كوردستان، هەروەها دەبێت لە قوتابخانەكاندا قوتابیان فێر بكرێن چۆن لە ماڵەكانیاندا مامەڵە لەگەڵ كارەبا بكەن و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی كارەبا بگرن.
لە دوماهێدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، پڕۆژەی ڕووناكی بە پشتگیریی هەموولایەكمان سەركەوتوو دەبێت، پرسێكە پەیوەندیی بە هەر هاووڵاتییەكی كوردستانەوە هەیە و دەبێت وەك پرسێكی نیشتمانییش مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.
