د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: نە ئەو پێداویستییە وەك ماف لە لایەن حكومەتەوە وەك پێویست دابین كراوە، نە زۆرینەی هاووڵاتیانیش پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كارەبا بوون
د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بنكەی توێژینەوە و ڕاپرسیی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و كۆمەڵناسە و مامۆستایە لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خستە ڕوو.
دەمەوێ بە وتەی كارسازێكی ئەمریكی بەناوی «كینیس لای» لە بارەی كارەباوە دەست پێ بكەم، كە دەڵێت: «ئێوە كە ناتوانن واز لە بەكارهێنانی كارەبا بهێنن، خۆ دەكرێ و دەتوانن كەمتر بەكاری بهێنن»، بەم وتەیە كینیس پێمان دەڵێت، كە كارەبا پێداویستییەكی سەرەكیی ژیانی هاووڵاتییانە، هەر شتێكیش كە پێداویستییەكی سەرەكی بوو، ئاسایی سیفەتی مافیش وەردەگرێ، مافیش دەبێ لە بەرانبەر پابەندبوون بە ئەرك و هەستكردن بە بەرپرسیارێتیدا بدرێت، لەو نێوەندەدا ئەوەی حاشا هەڵنەگرە، ئەوەیە كە نە ئەو پێداویستییە وەك ماف لە لایەن حكومەتەوە وەك پێویست دابین كراوە، نە زۆرینەی هاووڵاتیانیش پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەت و فەرمانگەكانی كارەبا بوون و لە بەرانبەریدا وەك پێویست هەستیان بە بەرپرسیارێتی كردووە. ئێستاش كە هەوڵی دەستەبەركردنی كارەبای بەردەوام لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا بەناوی پڕۆژەی ڕووناكی دەدرێت، پێویست بوو بەر لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا بیر لە میكانیزم و ڕێكاری پێشوەختەی جیا جیا بكرێتەوە و بەلایەنی كەمەوە لێژنەیەكی هەماهەنگ هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكە و پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەكانی بكات، لێژنەكە كەسانێك هەر لەسەر ئاستی هاووڵاتیی ئاسایی وەك هاوبەشێكی بەكارهێنەرەوە بگرە تا ئەندازیارەكانی بواری كارەبا و بیناسازی، پسپۆڕان لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵناسی و ڕاگەیاندن و یاسا و ژینگە و ژینگەدۆست، بازرگان و تەنانەت مامۆستایانی ئایینییش لەخۆ بگرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەندازیارەكانی بواری كارەبا بەرچاوڕوونییەكی وردی زیاتر بخەنە ڕوو سەبارەت بەوەی وزەی كارەبای بەردەست چەندە و ئەو ئەگەرانە چین كە دەكرێ لە هەر كات و پێشهاتێكدا كار لە زیادبوون و كەمبوونەوەی وزەكە بكەن، كامانەن ئەو ئامێرانە كە كەمتر پێویستیان بە وزەی كارەبا هەیە و چۆن دەتوانین سوود لە سەرچاوەكانی دیكەی دابینكردنی وزە وەربگرین.
پێویستە ئەندازیارەكانی بیناسازی پێمان بڵێن بە گوێرەی ئەو كەرستانەی بیناسازی، كە زۆرینەی خەڵك لە دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبووندا بەكاریان هێناوە، بەلایەنی كەمەوە هەر خێزانێك بە تێكڕا پێویستی بە چەند ئەمپێر، یا كیلۆوات لە وزەی كارەبا هەیە بۆ ڕووناككردنەوە و گەرمكردن و فێنككردنەوە، بەپێی وەرزەكانی ساڵ و بەكاهێنان و بارگاویكردنەوەی ئەو ئامێرە كارەباییانەی كە هەموو كەس ناچارە بەكاریان بهێنێت، لەمەدا خەڵكی پێویستە لەم ڕووەوە چی بكەن تا پێویستیان بە بەكارهێنانی وزەی كارەبای كەمتر هەبێت.
دەبێت شارەزایانی بواری ئابووری و بازاڕ دوای دراسەیەكی ورد و تێروتەسەل پێمان بڵێن لە بارودۆخێكی وەها ناجێگیری ئابووریدا، تێكڕای داهاتی ساڵانەی تاك و خێزانێك چەندە لە ساڵێكدا و لەتەك پیداویستییەكانیتری ژیاندا، دەتوانن بڕی چەند پارە بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا تەرخان بكەن، چۆن دەتوانین ڕەچاوی دانانی نرخێك بكەین لەسەر بنەمای داهات، چی دەتوانین بكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی لانی كەمی سەرمایەی خەرجكراو لە دانانی موەلیدەكان و دۆزینەوەی كار بۆ ئەوانەی لە ئێستادا پێیان دەڵێن خاوەن و ئیشپێكەری مۆلیدەكان. كۆمەڵناسان پێمان بڵێن چۆن دەتوانین هەڵمەتێكی بانگەشە و هۆشیاكردنەوە لە ڕێی ناوەندەكانی پەروەردەیی و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە لەبارەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر كارەبادا بەڕێوە ببەین و ئەوە بكەین بە كەلتوور كە هەموو گڵۆپ و ئامێرێك سویچ پلاكێكی بۆ ئەوە بۆ دانراوە كە هەر كاتێك پێویستیمان بە بەكارهێنانی نەما، پێویستە بیكوژێنینەوە. چۆن دەكرێ سنوورێك بۆ كەرتی تایبەت دابنرێت لەوەی كە هێندە نەبێتە هۆی دروستكردنی جیاوازییەكی بێئامان لە تەرەف بەكارهێنانی وزەیەكدا، كە هەموو كەس پێویستی بە بەكارهێنانی هەیە و كەسانێكی نەدار و نەخۆش پەككەوتە هەن هەناسەدانیشیان دەستكردە و لە غیابی سەرچاوەی بژێویدا، بە چ ڕێكارێكی پێشوەختەی یاسایی مەترسیی بڕێنی كارەبا و هەناسەدان لەسەر ژیانی ئەو جۆرە كەسانە دروست ناكات، چۆن دەتوانین ئەو پیسبوونی بیناییانە لاببەین، كە بە هۆی كێبڵ و بۆردەكانی كارەبای مۆلیدەكانەوە دروست بوون و سیمایەكی ناشیرین و مەترسیداریان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست كردووە، ئەی بێسەرپەرشت و چاودێرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی كێ كرێی كارەبایان بۆ بدات؟ چۆن دەتوانین ئەو دڵەڕاوكێیەی كە لای خەڵك بەو هۆیەوە لەمەڕ نرخی كارەبا و ئاگاداربوون لە چۆنێتیی باشتر بەكارهێنانی كارەبا دروست دەبێت، بڕەوێنینەوە، بەتایبەت لە زەمەنی سۆشیال میدیا و دنیایەكی ئیفترازیی وەهادا كە هەركەسەو بە كەیفی خۆی ئەسپی تیادا تاو دەدات. پسپۆڕانی ژینگە و ژینگەدۆستان پێمان بڵێن، ڕاستە كە لە دووكەڵ و دەنگ و ژاوەژاوی مۆلیدەكان ڕزگارمان دەبێت، بەڵام دانانی پەنێڵەكانی وزەی خۆر چەندە ئەگەری ئەوە هەیە پلەی گەرمیی شار، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بەرز بكەنەوە، بەوهۆیەوەش هاووڵاتیان ناچار دەبن وزەی كارەی زیاتر بەكار بهێنن. بازرگانەكان دەتوانن لەمەودوا چ كەرستەیەكی بینازی و ئامێری كارەبایی وەهامان بۆ هاوردە بكەن، كە وزەی كارەبای كەمتریان پێویستە و متمانە لای هاووڵاییان بە كاڵاكانیان دروست دەكەن لەجیاتی هاوردەكردنی كەلوپەلی بێ كوالێتی و هەرزان و، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتدا كەلوپەلی گەرێنتیكراوی ئۆرجیناڵ هاوردە دەكەن و دەتوانن هەم گیرفانی خەڵكی لە بەفیڕۆچوونی پارەو، هەم ژینگە لە مەترسییەكانی خێرا بێ كەڵبوونی فڕێدانی كەلوپەلی بێ كوالێتی بپارێزین. بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی لەجیاتی فەتوای حەڵاڵكردنی نەدانی كرێی كارەبا و سەرپێچێكردن لەسەر تۆڕەكانی كارەبا، ڕوونی بكەنەوە كە سزای مەعنەویی ئەم كارە لە دواڕۆژ و لە دنیادا چەندە گران لەسەر ویژدان و ئاكارمان دەوەستن. یاساناسان بە حكومەت بڵێن خەڵك بەپێی یاساكان چ مافێكیان لەمەڕ كارەباوە بەسەر ئێوەوە هەیە و ئێوەش دەتوانن چی لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا بكەن لە كاتی پابەندنەبوون و سەرپێچكردندا.
دوا قسەم دەمەوێ وتەیەكی ئەلبێرت ئینشتاینتان بە بیربهێنمەوە، كە دەیگوت: «هێزێكی پاڵنەری بەهیزتر لە هێزی هەڵمی و كارەبا و وزەی ئەتۆمی هەیە، ئەویش ئیرادەیە». سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكی و دابینكردنی كارەبای بەردەوام، ئەگەر ئیرادەیەكی هەمەلایەنەی حكوومی و مەدەنی لەپاڵ نەبێت، سەركەوتوو نابێت، ئەگەر متمانە و ئیرادەیەكی زۆرمان نەبێت، ناتوانین بە بەكارهێنانی وزەیەكی كەم پێداویستییەكانمان دابین بكەین.
