فەتانەی وەلیدی,,ئافرەتە ڕچەشكێنەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

فەتانەی وەلیدی,,ئافرەتە ڕچەشكێنەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، مەڵبەند و ناوەندێكی گرنگی مۆسیقای كوردییە و بە سەدان هونەرمەندی دەنگخۆش و موزیسیەن و ژەنیار و گرووپی مۆسیقای لە هەناوی خۆیدا پەروەردە كردووە، یەكێك لەوانە خانمە هونەرمەند «فەتانەی وەلیدی»یە.

 فەتانەی وەلیدی لە ساڵی 1953 لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماڵباتێكی هونەرمەندیدا شارە لەدایك بووە، لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە ڕێگەی حەسەن كامگار، بەهۆی هونەرمەندبوونی باوكی «شەریف وەلیدی» هۆگری گۆرانی و مۆزیكی كوردی دەبێت. فەتانە یەكەم ئافرەتی بواری گۆرانی و هونەری مۆسیقای كوردییە كە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە پاڵنەری «حەسەن كامگار» لە ڕادیۆی سنە گۆرانی دەچڕێت و هەر ئەمەش نیشانەی بەهرەمەندبوونی ئەو خاتوونەیە كە هەر زوو دەنگی بۆ ژەنیاران و موزیسیەنە بەناوبانگەكانی وەك حەسەن كامكار و گریشا میكائیل‌زادە و موجتەبا میرزادە و.. هتد، سەرنجڕاكێش دەبێت، و لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی وەك یەكێك لە ئەستێرە پرشنگدارەكان لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای كوردیدا دەركەوت.

فەتانەی وەلیدی,,ئافرەتە ڕچەشكێنەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

ئەوەی كە ئێستا لەو خانمە دەنگخۆشە وەكو ئاواز و گۆرانی بەجێ ماوە، بەشێكی ئێجگار كەمە لە سەرجەم ئەو گۆرانییانەی كە تۆماری كردووە.

باوكی فەتانە، هەم ژەنیاری ڤیۆلۆن بوو، هەم دەنگبێژێكی سەردەمی خۆی، هەر ئەویش یەكەم هاندەری فەتانە بوو بۆ گەیشتن بەو پلەیەی لە هونەر و مۆسیقای كوردیدا هەیبوو.

هەرچەندە درەوشانەوەی فەتانەی وەلیدی چەند ساڵێكی كەم بوو، بەڵام بەو تەمەنە كەمە هونەرییەشەوە زیاتر لە 56 گۆرانیی لە ڕادیۆكانی سنە و كرماشان تۆمار كرد، كە تەنیا یەك ئەلبوومی بەردەستە. هۆكاری بڵاو نەبوونەوەی گۆرانییەكانی دیكەی تا ئێستاش دیار نییە.

ژنبوون و گۆرانیبێژبوون لە سەردەمێكدا كە هونەر بۆ ژن كارێك بووە لە دەرەوەی نەریت و نۆرمەكان و، لەلایەن كۆمەڵگەوە وەك كارێكی نەشیاو بۆ ژن تەماشا كراوە و، تەنانەت پیاوانی هونەرمەندیش بە «لۆتی» ناو براون، هۆكارێكی دیكە بووە بۆ دووركەوتنەوەی فەتانە لە جیهانی هونەر و مۆسیقا.

باری نالەباری ژیان و پەراوێزكەوتن و تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی، فەتانە وەلیدیی وەها لە هونەر دوور خستەوە كە بەراورد بە پیاوانی هونەرمەندی هاوتەمەنی خۆی، زۆر زوو كەوتە پەراوێزەوە و ناوی لە نێو ناواندا نەما. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كەمترین زانیاری سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەكانی ئەم ئافرەتە هونەرمەندە بەردەست بێت و زانیارییەكان سەبارەت بە ژیانی ئەو تەنیا پشت بە هەندێك دەنگۆ ببەستێت.

فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردووە و، وەك وەفایەك بۆ ژنێك كە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای كوردی بێت، ڕێزیان لێ گرتووە. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە دوای مردنی باوكی، ئیدی كۆتایی بەم سەردانانەش هاتووە و تەنانەت كەمتر كەسێك ئاگای لە شوێنی مانەوە و دۆخی ژیانی ئەم هونەرمەندە فەرامۆشكراوەی كورد هەبووە.

خاتوو فەتانەی وەلیدی، لە دوای مردنی باوكی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێكەسوكاری و بێدەرەتانییەوە، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێكی خێرخوازیی چاودێری و ڕاگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان بە ناوی «بەهار» كە لە گەڕەكی بەهارانی شاری سنەیە. خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناودارە سنووردار كردووە و، ئیدی جگە لە چەند كەسێكی تایبەت، ڕێگە بە كەس نەدراوە چاویان بەو هونەرمەندە بكەوێت.

خاتوو فەتانە سێ خوشك و برایەكی هەبوو، خوشكەكانی لە تاران دادەنیشن و لەسەر داوای ئەوانیشە كە ڕێگەی دیدار بە كەس و، بەتایبەتی بە ڕۆژنامەنووسان نەدەدرا. كەڵك وەرگرتن لە فۆلكلۆر و ئاوێتەبوونی تێكستی گۆرانییەكان لەگەڵ ژیان و حەز و ئاواتەكانی خۆی، بەشێكن لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی فەتانە وەلیدی.

بەشێك لەو گۆرانییانەی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی هونەرییدا تۆماری كردوون، بریتین لە: ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێكی خۆشە.

رۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 24ی ئەیلولی 2024 خانمە هونەرمەند فەتانە وەلیدی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەری نایەوە و ماڵئاوایی كرد.

Top