ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا
(*)
پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت فاكتەرێكی سەرەكییە لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی دۆزینەوەی دەرفەتی كار و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، بەمەش پشتگیریكردنی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، پێویستە حكومەت ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر دابین بكات، هاندانی دارایی پێشكەش بكات و توانای مرۆیی بەهێز بكات، تا كەرتی تایبەت بكاتە بزوێنەرێكی سەرەكی بۆ بەدیهێنانی گەشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی.
بەو پێیەی كەرتی تایبەت یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتیی بەردەوام لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەرێم بە جددی و دڵسۆزانە هەوڵ بدات بۆ هاندانی ئەم كەرتە و پشتگیریی لێكردنی و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت تا ڕۆڵی خۆی لە سەقامگیری و گەشەی ئابووریی نیشتمانیدا بگێڕێت، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان ئێستا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئالنگاریی ئابووری و دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بووەتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- ئالنگارییە ئابوورییەكان:
جگە لە كەڵەكەبوونی نەرێنییەكانی پێشوو بەهۆی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و پشتگوێخستنی كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزار و.. هتد، كە بووە هۆی قەیرانی دارایی بە هۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و گوشارە هەرێمییەكان، بۆیە دۆخەكە خراپتر بوو بەهۆی بێبەشكردنی هەرێم لە هەڵسوكەوتكردن بە سامانەكانی خۆی لە گاز و نەوت و لەدەستدانی ئازادیی دەستكاریكردنی سەرچاوەكانی خۆی، لەنێویاندا سەرچاوە نانەوتییەكان، بەمەش ئەستەم بوو بۆ هەرێم ئەو پارەیەی دەست بكەوێت كە بۆ گەشەكردن و فراوانبوون لە دروستكردنی ژێرخاندا پێویستە.
2- ئالنگارییە سیاسییەكان:
لەو ئالنگارییانە، ناجێگیریی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و نەبوونی بنەمای ڕوون لە مامەڵەكردن لە نێوان هەردوولادا و، بەكارهێنانی پرسی مووچەی فەرمانبەران و كارمەندان و خانەنشینان لەلایەن بەغداوە وەك ئامرازێك بۆ گوشار خستنە سەر حكومەتی هەرێم بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر. بێگومان ئەم ئالنگارییە سیاسییە ناوخۆییانە، لەپاڵ هەندێك ئالنگاریی ئیقلیمی، كاریگەریی نەرێنییان دەبێت لەسەر سەقامگیریی هەرێم و ڕێگری لە گەشەی ئابووری دەكەن.
3- ئالنگارییە كۆمەڵایەتییەكان:
گوشارە داراییەكان و ڕێگریكردن لە بەدیهێنانی ئابوورییەكی باش كە لەلایەن بەغداوە دەكرێن، كاریگەریی نەرێنییان هەبووە و، بوونەتە هۆی ئەوەی كە هەولێر نەتوانێت پێداویستییە كۆمەڵایەتییەكان دابین بكات، چ لە دابینكردنی دەرفەتی كار و پەرەپێدانی كارامەیی و ڕاهێنانی هێزی كار، یان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی و خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا و .. هتد.
یەكێك لە خراپترین كاریگەرییەكان لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتی لە هەرێمدا، زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق و كۆچی بەكۆمەڵ و بڵاوبوونەوەی تاوانەكانی گەندەڵی دارایی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و توندوتیژیی خێزانی و بێباكی و لاوازیی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانییە.
سەرەڕای ئەم ئالنگارییانە، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كەرتی تایبەت پشكدارە لە بەهێزكردنی گەشە و پێشكەوتنی شارستانی و كەمكردنەوەی بارگرانیی سەر شانی سیستەمی سیاسی، ڕۆڵی ئەم كەرتە لە بەدیهێنانی هەردوو گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەم شێوەیەی خوارەوە بەرجەستە دەبێت:
1- كاراكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە گەشەی ئابووری و بەهێزكردنی لە ڕێگەی پشتگیریی وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە پڕۆژەكانی ژێرخانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزاری و دەرمانسازی و پڕۆژەكانی ئاودێری و بەخێوكردنی ئاژەڵ و ماسی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە دابینكردنی وزەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و پڕۆژەكانی پاراستنی ژینگە. بێگومان وەبەرهێنانی ئەم كەرتە لەم بوارانەدا دەبێتە هۆی دۆزینەوەی دەرفەتی كار و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و بەمەش سەقامگیریی ئابووری بەهێزتر دەبێت.
سەرباری ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە كەرتەكانی سەرەوەدا، دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە پشتگیریكردنی توێژینەوە و پەرەپێدانی تەكنەلۆجی و دابینكردنی داهێنانە تەكنەلۆجییەكان و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و باشتركردنی كوالێتیی بەرهەمەكان و گەشەپێدانی كەرتە پیشەسازییەكان.
2- كاراكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە ڕووی باشتركردنی كوالێتیی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵگە، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی، لە بواری پەروەردە و تەندروستی و پەرەپێدان و باشتركردنی ئاستی بەڕێوەبردنی دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان و بەشداریكردن لە پڕۆژەكان كە ئامانج لێیان باشتركردنی دۆخی گوزەران و دابینكردنی پارە و ڕاهێنان بۆ پڕۆژە بچووكەكان و پشتگیریكردنی دەستپێشخەرییە كۆمەڵایەتییەكان كە كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەنە ئامانج، وەك خزمەتگوزاریی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و توندوتیژی و پارێزگاریكردن لە ژینگە، ئەوەش لە ڕێگەی هاوكاریكردن لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پشتگیریكردنیان بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی دیاردە نەرێنییەكان.
لەو چوارچێوەیەدا دەبینین گرنگترینی ئەو دەرفەتانەی كە پێویستە كەرتی تایبەت گرنگییان پێ بدات ئەمانەن:
أ - وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی وزەی نوێبووەوە و داهێنانی تەكنەلۆجی.
ب- وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی ژێرخانی گشتی و بەتایبەتی لە بەرنامەكانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی كارامەییەكانی هێزی كار.
3- وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ فراوانكردنی ڕووبەری وەبەرهێنان و هەمەچەشنكردنی و، پەرەپێدانی توانای هەناردەكردنی بەرهەمە نیشتمانییەكان و بەهێزكردنی توانای كێبڕكێ لە بازاڕە نیشتمانی و هەرێمییەكاندا لە كوالێتی و نرخ و گرنگیی بەرهەمی هەناردەكراودا.
بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت ڕۆڵی خۆی لە باشتركردن و پەرەپێدان و سەقامگیركردنی دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمدا بگێڕێت، ئەركی سیستەمی سیاسییە لە هەرێمدا كە ڕۆڵێكی گەورەی هەبێت لە پشتگیریكردن و پاراستن و هاندانی ڕۆڵی كەرتی تایبەت، ئەوەش لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
أ- دابینكردنی ژینگەیەك بۆ یاسادانان و ڕێكخستن لە ڕێگەی دەركردنی یاساكان كە مافی وەبەرهێنەران لە كەرتی تایبەتدا بپارێزێت و، شەفافییەت و دادپەروەری لەو گرێبەستانەدا بەدی بهێنێت، كە لەگەڵ كەرتی تایبەتدا دەكرێن و، كاراكردنی یاساكانی پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فیكری و یاساكانی كار و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەگەڵ ئەوەی یاساكان جێگیر بن و بە شێوەیەكی بەردەوام نەگۆڕدرێن.
ب- ئاسانكاریی لە ڕێكارە ڕۆتینییەكانی حكومەت و كەمكردنەوەیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ كەرتی تایبەت، هەروەها دەركردنی لێخۆشبوون لە باج و كەمكردنەوەی سەپاندنی ڕسووم.
پ- پێشكەشكردنی پشتگیریی دارایی لە ڕێگەی دابینكردنی قەرزی ئاسان و گەرەنتیی دارایی.
ت- كردنەوەی بەرنامەی ڕاهێنان بەپێی پێویستیی بازاڕ، بۆ دابینكردنی كەرتی تایبەت بە كارامەیی و ئەزموونەكان كە پێویستی پێیەتی.
ج- پشتگیریكردنی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كەرتی تەكنەلۆجیا و داهێناندا وەبەرهێنان دەكەن.
چ- پشتگیریكردنی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان بۆ گەیشتن بە بازاڕ و ئاسانكردنی پرۆسەی هەناردەكردن.
ح- ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بۆ بەشداریكردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكاندا.
د- هاندانی هاوبەشیی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت، بەتایبەتی لە پڕۆژەكانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا.
ر- كاراكردنی یاساكانی پاراستنی كێبڕكێ و ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و دابینكردنی ژینگەیەكی كێبڕكێی شەفاف لەنێوان وەبەرهێنەران لە كەرتی تایبەتدا.
ز- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و كردەوە نایاساییەكان و ڕێگریكردن لە دەستوەردانی باڵادەستانی سیاسی، یان فەرمی لە دەستوەردان لە كارەكانی كەرتی تایبەت، وەك سەپاندنی باج و هاوبەشیی زۆرەملێ لە قازانجەكاندا.
ژ- هەماهەنگیی تەواو و شەفاف لە نێوان كەرتی تایبەت و دەستەی وەبەرهێنان بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیژی لە پرۆسەكانی وەبەرهێنان لە هەموو كەرتەكاندا.
س- باشتركردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان و پشتگیریكردنی گۆڕان بۆ ئابووریی دیجیتاڵی و هاندانی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێ لە كەرتی تایبەتدا.
ش- هاندانی وەبەرهێنەران بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێم و دابینكردنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆیان و پاراستنیان لە زێدەڕۆیی نایاسایی.
بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە كە پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت فاكتەرێكی سەرەكییە لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی دۆزینەوەی دەرفەتی كار و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، بەمەش پشتگیریكردنی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، پێویستە حكومەت ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر دابین بكات، هاندانی دارایی پێشكەش بكات و توانای مرۆیی بەهێز بكات، تا كەرتی تایبەت بكاتە بزوێنەرێكی سەرەكی بۆ بەدیهێنانی گەشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی. پێویستە حكومەت ڕۆڵی دامەزراوەكانی كارا بكات و ڕۆڵی یاسا بەهێز بكات و بەرەنگاری گەندەڵی دارایی ببێتەوە و كەشێكی وەبەرهێنانێكی سەقامگیر و سەرنجڕاكێش دابین بكات.
(*)
شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ

پ.د. كامەران ساڵحی