عەزیزە جەرجیس    مامۆستا لە دهۆك  :   داواكارم گرنگیی زۆر بە قوتابخانەی حكوومی بدرێت و هەیبەت و گرنگیدان بۆ مامۆستا بگەڕێتەوە

عەزیزە جەرجیس     مامۆستا لە دهۆك  :     داواكارم گرنگیی زۆر بە قوتابخانەی حكوومی بدرێت و هەیبەت و گرنگیدان بۆ مامۆستا بگەڕێتەوە

 

 

سیستەمی خوێندن لە یەكەمی بنەڕەتییەوە تا پۆلی دوانزە لە قوتابخانەی حكوومی باشە، بەڵام ئەو گرنگییەی بە خوێندنی قوتابخانە ئەهلییەكان و ئینگلیزی دەدرێت، ئەو گرنگییە بە خوێندنی حكوومی بدرێت، ئاستی خوێندنی حكوومی زۆر باشتر و بەرەوپێشتر دەچێت. هەر میللەتێك بیەوێت پێش بكەوێت، ئەوە لە ڕێگای زانست و فێربوونەوە هەنگاوەكانی دەهاوێت و، لەو لایەنەشەوە دەبێت هەموو لایەكمان بە حكومەت و پەروەردە و مامۆستا و قوتابی و دایك و باوكان، گرنگیی زۆر و تایبەتی بە زمانی كوردی بدەین، تاوەكو بتوانین هەر لە ڕێگای ئەو زمانە شیرنەمانەوە هەنگاوی سەردەمییانە و پێشكەوتوو بهاوێین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەركەوتوو بین.

لێرەدا داواكارم گرنگیی زۆر بە قوتابخانەی حكوومی بدرێت و هەیبەت و گرنگیدان بۆ مامۆستا بگەڕێتەوە و وەكو جارانی لێ بێتەوە، سەبارەت بە قەرەباڵغیی قوتابی لە قوتابخانە و پۆلەكانیش ئەوا كاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندن هەیە.بێگومان زۆری و قەرەباڵغیی قوتابی چ لە ناو قوتابخانە چ لە پۆلەكان كاریگەریی زۆر خراپی هەیە، بەتایبەتی لە تێگەیشتن و فێربوونی وانە و پڕۆگرامەكان لەلایەن قوتابیانەوە، بۆ مامۆستاش زەحمەتییەكی زۆر گەورە و ناخۆشە، لە كاتێكدا پۆلەكەی ژمارەی قوتابییەكانی زۆر بێت، بۆ چارەسەری ئەو كێشە گەورەیەش پێویستە بینایەی قوتابخانەی تازە بەپێی پێویست دروست بكرێت و، مامۆستاش دابمەزرێنرێن، بەتایبەتی ئێستا بە هۆی ئەو بڕیارەی كە ژمارەیەكی زۆر مامۆستا خانەنشین بوون، ئەوە كەموكوڕییەكی زۆر لە میلاكاتی مامۆستا لە قوتابخانەكان دروست بووە.

 

Top