كەمال زراری بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی وەزارەتی پەرەوەردە:   ئەگەر زۆر وریا نەبین، ماددەی هۆشبەر لاوەكانمان بەرەو پاشەڕۆژێكی نادیار دەبات

كەمال زراری  بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی وەزارەتی پەرەوەردە:     ئەگەر زۆر وریا نەبین، ماددەی هۆشبەر لاوەكانمان بەرەو پاشەڕۆژێكی نادیار دەبات

 

كەمال زراری، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی وەزارەتی پەرەوەردە یەكێكە لە مامۆستا و پەروەردەكارە بەئەزموونەكانی كوردستان و، ڕۆڵێكی كارا و دیاری لە پرۆسەی پەرەوەردە و خوێندنی پارێزگای هەولێر هەبووە، بەتایبەتی لەو كاتەی كە بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پەروەردە بووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» لەسەر پاشخانی ئەزموونێكی دەوڵەمەندی پەروەردەیی بەمجۆرە بیروبۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

 

 

جێگەی دەستخۆشییە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم گفتوگۆ گرنگە لەسەر ئەم پرسە هەستیارە «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان»ی ڕێك خستووە.

لە ساڵی 2007 سیستمێكی نوێی پەروەردە بۆ هەرێمی كوردستان داڕێژدرا، ئەم سیستمە لایەنی زۆر باشی هەیە، لە هەمان كاتدا دەتوانم بڵێم هەندێك لایەنیشی هەیە جێبەجی نەكراون، لەسەر هەندێك خاڵیشی تێبینیی گرنگ هەن، هەر بۆ نموونە سەبارەت بە قوتابی لە پۆلی یەكی بنەڕەتی، ئەگەر قوتابی لە پۆلی یەك بكەوێت بەبێ ئەوەی بهێڵرێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی دەربچێت، دەپەڕێنرێتەوە بۆ پۆلی دوو، بە دیتنی من لەسەر ئەم دیاردە ڕادێت و هەوڵ نادات لە پۆلەكانی دیكەش خۆی ماندوو بكات و دەربچێت. بۆیە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە لە پۆلی یەكەم فێر بكرێت كە پێویستە هەوڵ بدات و بخوێنێت، بۆ ئەوەی دەربچێت، ئەوە گرنگترە نەك دەریش نەچێت بپەڕێنرێتەوە بۆ پۆلی دووەم.

لە یەكێك لە قۆناخەكانی وەزارەتی پەوەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوكات كە بەڕێز كاك عەبدولعەزیز تەیب وەزیری پەروەردە بوو، باس لە مامۆستایەك دەكرا لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر كە هەتا ئێستا داری لەگەڵ خۆی نەبردووەتە پۆل و زۆر خۆشەویستە، ئێمە سەردانی ئەو مامۆستایەمان كرد، كە لە گەڕەكی حەی عسكەری بوو، بینیمان قوتابییەكان زۆر خۆشیان دەویست، تەنانەت لەكاتی پشووی نێوان وانەكانیش لە دەور و پشتی بوون. ئەم مامۆستایە وەك بۆی باس كردین، هەموو ساڵێك لە دەستپێكی ساڵی خوێندن ماوەی 15 ڕۆژ تەنیا ڕێنمایی و ئامۆژگاری دەدات بە منداڵەكان، پاشان بە زمانێكی شیرین وانەی پێ دەگوتنەوە و هەموویانی بە سەركەوتوویی فێر دەكرد و هەمووشیان دەردەچوون، هیچ ساڵێكیش قوتابی كەوتووی نەبوو. منداڵەكان بە هەقی خۆیان دەچوونە پۆلی دووەم، بۆیە گرنگە بایەخی زۆر بدرێت بە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی و قوتابی بە هەقی خۆی دەربچێت و بپەڕێتەوە، نەك دەرنەچێت و بپەڕێنرێتەوە بۆ پۆلی دوو.

لە سیستمی خوێندنی پێشوودا، سێ ئەزموونی نیشتمانی هەبوو كە دەبوو بە فلتەر بۆ سێ قۆناغی جیاوازی قوتابی كە بریتی بوون لە ئەزموونی نیشتمانی قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی، كە ئەوكات پێیان دەگوت سەرەتایی، قوتابی دەبوو ئەو فلتەرە تێپەڕێنێت، ئینجا دەهاتە قۆناغی ناوەندی، لە پۆلی 3ی ناوەندییش دەبوو تاقیكردنەوەیەكی دیكەی نیشتمانی بكات، ئەوجا دەپەڕییەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی، لە ئێستا ئەزموونی نیشتمانی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی نەماوە، ئەوەی قۆناغی نۆش، كە ئێستا نیمچە ئەزموونی نیشتمانییە، ڕۆڵی فلتەرێك بۆ توانا و لێهاتوویی قوتابیان ناگێڕێت، نمرەكەی دابەش كراوە 60% بۆ ئەزموونی نیشتمانی و 40% بۆ ئەزموونی قوتابخانەكەی، بۆیە زۆر گرنگە ئەو 60 نمرەیەی بۆ ئەزموونی نیشتمانی دانراوە، بكرێتەوە بە 100 نمرە.

جۆرە تێكەڵاوییەك لە دابەشكردنی قۆناغەكانی خوێندن هەیە، هەر بۆ نموونە لە هەندێك قوتابخانە قۆناغی بنەڕەتی «1تا 9»یە و لە هەندێك قوتابخانەی دیكە قۆناغی بنەڕەتی «1تا 6»ـە، لە هەندێك قوتابخانەش قۆناغی ئامادەیی «10تا 12»یە و لە هەندێك شوێنی دیكە «تا 12»یە، بۆیە گرنگە قۆناغی بنەڕەتی بگەڕێتەوە بۆ پۆلەكانی «1 تا 6» و قۆناغی دواناوەندی بكرێتە «7 تا 12». هەروەها لە سیستمە كۆنەكەدا پشكی وتنەوەی وانەی مامۆستاكان جیاوازی هەبوو. هەر بۆ نموونە مامۆستای سەرەتای هەفتانە 28 وانە بوو، ناوەندی 24 وانە بوو، ئامادەیی 22 وانە بوو، هەر مامۆستایەكیش كە 20ساڵ خزمەتی هەبووایە، وانەیەك، یان دوو وانەی بۆ كەم دەكرایەوە، ئێستا ئەگەر سیستمەكە وەك پێشانی لێ بكرێتەوەوە، ئەمانەش دەتوانرێت جیا بكرێنەوە.

پرسی سەرپەرشتیار زۆر گرنگە بۆ سەرپەرشتی و بەدواداچوون لە قوتابخانەكاندا، من لەگەڵ كاك حەمید ساڵح كە لەم گفتوگۆیە لەگەڵمان بەشدارە، بۆ خولێكی پەروەردەیی سەردانی وڵاتی بەریتانیامان كرد. لەوێ بینیمان كە سەرپەرشتیار ڕۆڵی گەورە و سەرەكی لە پرۆسەی پەوەردەی وڵاتی بەریتانیا دەگێڕێت و پێیان دەڵێن «پشكێنەر – المفتش» و هەڵسەنگاندنیان بۆ كۆی بەشەكانی وەزارەتی پەوەردەی بەریتانیا دەكرد، ئەگەر قوتابخانەیەك ئاستی لاواز بووایە، خولی ڕاهێنیان بۆ مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە دەكردەوە بۆ ئەوەی ئاستیان بەرز بكەنەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە پێی دەڵێن سەرپەرشتیار و سەردانی قوتابخانەكان دەكەن، لەوانەیە ئەو مامۆستایە پسپۆڕییەكەی زمانی عەرەبی بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستای بابەتەكانی «ئینگلیزی، فیزیا، یان زیندەوەرزانی» بكات، بۆیە گرنگە ئەمەش پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و ئەو سەرپەرشتیارەی سەردانی قوتابخانەكان دەكات، دەبێت پسپۆر بێت لەو بابەتەی كە دەچێت هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات.

سەبارەت بە پڕۆگرامەكانی خوێندن، كە لە سیستمەكە دانراوە، دەبێت لەسەر ئەو پڕۆگرامە 200 كاتژمێر وانە بگوترێتەوە، ئینجا تەواو دەكرێت، بەڵام كە سەیری واقیعی حاڵی دەوامی قوتابخانەكان دەكەین، هیچ قوتابخانەیەك ناتوانێت 220 كاتژمێر وانە بڵێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پشوویەكی زۆر هەیە كە كاتەكە زۆر كەم دەكاتەوە و ناتوانرێت پڕۆگرامەكە تەواو بكرێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێتە پێویستییەك بۆ ئەوەی چاوی پێدا بخشێنرێتەوە و پڕۆگرامەكە كەم بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەناو دەوامی ساڵێكی قوتابخانەكە تەواو بكرێت و قوتابیان ئەزموونی تێدا بكەن و سەركەوتوو بن و سوودی لێوەربگرن.

پیادەكردنی سیستمی هەڵبژاردن لە ئەزموونەكاندا، كردنی كۆی ئەزموونەكە بە هەڵبژاردن كارێكی باش نییە و ئاستی لێهاتوویی قوتابیان وەك پێویست دیاری ناكات. بابەتێكی وەك زیندەوەرزانی كە كتێبێكی قەوارە گەورەیە هەمووی پێناسە و باسكردنە، چۆن بە هەڵبژاردن ئاستی قوتابی تێدا دەردەكەوێت؟ ئەمە بێجگە لەوەی سیستمی هەڵبژاردن لە هەندێك حاڵەتدا وەك بەختی لێ دێت، لەوانەیە قوتابییەك یەكێكیان هەڵبژێرێت، نەشزانێت ئەوەی بۆ هەڵبژاردووە، بەڵام وەك بەخت ڕاست دەردەچێت و نمرەی پێ وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر جارێكی دیكە پرسیاری گوتاری، بۆشایی بگەڕێتەوە بۆ ناو ئەزموونەكان زۆر باشترە.

خاڵێكی دیكە كە دەكرێت وەك كارەساتێكی گەورە سەیر بكرێت، بەتایبەتی بۆ قوتابیانی دواناوەندی مەسەلەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە. لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، كەسانێك هەن، ئەم ماددە هۆشبەرانە دەبنە ناو قوتابخانەكان و قوتابیانی پێ ئالوودە دەكەن، بۆیە زۆر گرنگە وەزارەتی پەروەردە بایەخێكی گەورە بە هۆشیاری بدات و هەر لە قۆناغی بنەڕەتییەوە وەك وانەیەك بخوێنرێت و ڕێگە لەم كارەساتە گەورەیە بگرێت. ئەگەر زۆر وریا نەبین، ماددەی هۆشبەر لاوەكانمان بەرەو پاشەڕۆژێكی نادیار دەبات، بۆیە دەبێت زۆر بە جددی بیر لەم مەسەلەیە بكرێتەوە و زۆر بە توندی پرۆسەی هۆشیاركردنەوە دەست پێبكەین.

خاڵێكی دیكە كە لەم گفتوگۆیەدا زۆر باس لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد كرا، بە ڕاستی ئەم لایەنەش هەمووی ئەرێنی نییە، لایەنی زۆر نەرێنیشی هەیە. ئەنتەرنێت لە زۆر حاڵەتدا بووەتە بەڵایەكی گەورە بۆ قوتابیانی ئێمە، هەموو لایەك لەناو ماڵەكەی خۆی دەیبینێ و هەستی پێدەكات، كە قوتابیانی ئێمە بەشی هەرە زۆریان بە شێوەیەك لە شێوەكان ئالوودەی ئەنتەرنێت و مۆبایل بوون و جاری وا هەیە قوتابی تا بەیانی ناخەوێت و هەر بە دیار مۆبایلەكەیەوە دەمێنێتەوە، بۆیە كاتێك دێتە قوتابخانە مەزاجی ئەوەی نییە گوێ لەوانەكان بگرێت، یان ناتوانێت تێیان بگات، لەبەر ئەوەی ئەنتەرنێتەكە هێندە ماندووی كردووە، بەشی ئەوەی نەهێشتووەتەوە سوود لەوانەكانی قوتابخانەكەی وەربگرێت. ئەمەیان نازانم چۆن چارەسەر دەكرێت، بەڵام گرنگە بە وردی دیراسەت بكرێت و چارەسەرێكی مامناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە.

دوایین خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە ئاستی دڵسۆزی لای مامۆستایانی ئێستا وەك مامۆستاكانی پێشتر نییە، پێشان مامۆستایەك دەچووە گوندێك بە تەنیا هەموو وانەكانی قوتابخانەكەی دەگووتەوە، پاش نیوەڕۆیان جارێكی دیكە قوتابییەكانی بانگ دەكردەوە و وانەی زیاتری پێدەگوتن، بۆیە دەبێت هەوڵەكان بخرێنە گەڕ و ئەو هۆكارانەی كە وای كردووە، مامۆستاكان سارد ببنەوە و ئەو دڵسۆزییەی جاران هەستی پێ ناكرێت، دەبێت ئەو هۆكارانە دەستنیشان بكرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، كە لە سەرووی هەموویانەوە بژێویی مامۆستایانە.

Top