پڕۆفیسۆر ماوڕا ئاڕ گرۆسمان بۆ گوڵان: زیرەكیی دەستكرد بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەم ئالنگارییە و هەمیش دەرفەت

پڕۆفیسۆر ماوڕا ئاڕ گرۆسمان بۆ گوڵان:  زیرەكیی دەستكرد بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەم ئالنگارییە و هەمیش دەرفەت

 

 

پڕۆفیسۆر ماوڕا ئاڕ گرۆسمان، ئوستادی توێژینەوەیە لە كۆلێژی زانستی كۆمپیوتەر لە زانكۆی «واتەرلۆ» لە كەنەدا، هەروەها ئوستادە لە كۆلێژی یاسای «ئۆسگۆد هۆڵ» لە واتەرلۆ، جگە لەمانەش پارێزەرە و ڕاوێژكاری دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی بووە لە كۆمپانیا تەكنەلۆژییە گەورەكانی شاری بافالۆ لە ویلایەتی نیویۆرك. ئەمەش واتە هەم یەكێكە لە پسپۆڕە دیارەكانی جیهان لە بواری زانستی كۆمپیوتەر و زیرەكیی دەستكرد، هەمیش یەكێكە لەو پارێزەرە نێودەوڵەتییانەی كە نوێنەرایەتیی كۆمپانیا گەورەكانی وەك «وەچتێڵ، ڕۆزێن & كاتز» وەك ڕاوێژكار كردووە و لە دادگا لەسەر پرسی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان وەك پارێزەر نوێنەرایەتیی كردوون. بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەریی ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد لە پرۆسە یاساییەكان و دەسەڵاتی دادوەریدا، كە ئێستا بووەتە بەشێك لە سیستمی دادوەریی وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* خاڵی گرنگ كە هاوكات لەگەڵ پێشكەوتنە گەورەكانی زیرەكیی دەستكرددا قسە و باسی لەسەر دەكرێت، لەبەرچاوگرتنی شێوازی مامەڵەكردنە لەگەڵ ئەم زیرەكییە و پێشكەوتنی دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی - E-Discovery» لە چوارچێوەی یاسا و بنەما ئیتییەكاندا، ئایا وەك خاوەن ئەزموونێك لە بواری تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرددا، دەتوانیت مەزندەی ئەوە بكەیت كە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ئەو لێهاتووییەی زیرەكیی دەستكرد لە پرۆسە جیاوازەكاندا پیشانی دەدات، لەگەڵ ئەو مەترسییە یاساییە پێویستانەی كە دەكەوێتە سەر دادپەروەری، زیرەكیی دەستكرد كاریگەریی لەسەر بڕیارە یاساییەكان نابێت؟

- كاتێك بە شێوەیەكی زۆر فراوان لە ناو بواری یاسا و دەسەڵاتی دادوەریدا بڵاو دەبێتەوە، زۆر گرنگە و دەبێت هاوسەنگی لە نێوان لێهاتوویی زیرەكیی دەستكرد و ویژداندا هەبێت. زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت چارەسەری داتاگەلێكی زۆر گەورە بە خێرایی بكات، ئەم خێراییەش هەم كات و هەم سەرچاوەی داهات دەگەڕێنێتەوە، بەڵام وێڕای ئەمانەش مەترسیی لایەنگریكردنی زیرەكیی دەستكرد لە وەرگرتنی بڕیارە یاساییەكاندا دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانییەكی مەترسیدار. بۆیە زۆر پێویستە بە تەواوەتی دڵنیا بین لەوەی ئەو ئامێرانەی زیرەكیی دەستكرد پێش بەكارهێنانیان مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر داتای هەمەجۆر پێ كرابێت و پاشان ئەو ئامێرە زۆر بە وردی پشكنینی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زۆر شەفافانە بگەنە ئەو ڕاستییەی كە چۆنیەتیی گەیشتنی زیرەكیی دەستكرد بەو ئەنجامانە جێگەی متمانە بن. بۆیە وێڕای ئەوەی زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت لێهاتوویی بۆ خێرایی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان دابین بكات، بەڵام چاودێریی مرۆیی لەسەر ئەو ئامێرانە زۆر زۆر گرنگ و پێویستە، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەوەی شێوازی كاركردنی زیرەكیی دەستكرد ببێتە لایەنگر بۆ بەرژەوەندیی گرووپێك، یان ئەنجامێكی دیاریكراو.

* پرسێكی دیكەی گرنگ كە زۆربەی كۆمەڵگەكانی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن، نەبوونی «دادپەروەری»یە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشێكی زۆری سیستمە یاساییەكان هەتا ئێستا پشت بە شێوازی كلاسیكی دەبەستن. چۆن بتوانین سوود لە لێهاتوویی زیرەكیی دەستكرد وەربگرین، بەتایبەتی لە بواری «دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی» بۆ ئەوەی پرۆسە یاساییەكان زۆر بە ئاسانی پیادە بكرێن و بەو جۆرە بڕیار بدرێت كە جۆرێك لە دادپەروەری لە ناو كۆمەڵگەدا فەراهەم بكات؟

- زیرەكیی دەستكرد ئەو توانا و لێهاتووییەی هەیە كە بتوانێت شۆڕشێك بۆ گەیشتن بە دادپەروەری دروست بكات، بەتایبەتی بۆ ئەو كۆمەڵگەیانەی بێبەشن لە خزمەتگوزاری و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی. ئامێرەكانی دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی كە بە زیرەكیی دەستكرد كار دەكەن، ئەو توانایەیان دەبێت كە بتوانن پرۆسە یاساییەكان ئاسانتر بكەن و زیاتر كاریگەر بن و بە نرخێكی گونجاو بكەونە بەردەست. ئەو كۆمەڵگەیانەی تازە پێگەیشتوون و داهاتی تاكەكەسییان نزمە، دەتوانن بە ڕێگەی ئامێری زیرەكیی دەستكرد ئەركە یاساییەكان جێبەجێ بكەن و خەرجیی نوێنەرایەتیی یاساییش زۆر كەم بكاتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی زیرەكیی دەستكرد، دەتوانێت دۆسیەكان بگۆڕێت و كەیسە یاساییەكان بەڕێوە ببات. بۆیە گرنگە لەوە دڵنیا ببینەوە كە ئەم ئامێرانە دەبێت بە ئاسانی بگەنە ئەو كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووانەی كە زۆر پێویستیان پێیەتی، بەمەش ئەو بۆشاییە دیجیتاڵییە پڕ دەكاتەوە و دەبێتە گەرەنتیی كەڵەكەبوونی جیاوازی، كە ئەمەش لەو هەوڵەدا بایەخی سەرەكیی دەبێت.

* ئێستا زیرەكیی دەستكرد گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ڕۆڵی پارێزەر لە دادگاكاندا دەگێڕێت، بۆچوونت چۆنە لەسەر شەفافییەتی پێویست لەسەر ئەو ئامێرانەی بە زیرەكیی دەستكرد كار دەكەن، بۆ ئەوەی بڕیارەكانی دادگا بە جێگەی متمانە بمێننەوە و ملكەچ بێت بۆ لێپرسینەوە لە بەردەم یاساناسان و تەواوی خەڵكدا؟

- كاتێك باس لە پرسێكی پەیوەندیدار بە پرۆسەی یاسایی دەكەین، شەفافییەت بنەمای سەرەكییە، كە لەلایەن ئەو ئامێرانەوە بەڕێوەدەبرێن كە پشت بە لێهاتوویی زیرەكیی دەستكرد دەبەستن. پڕۆفیشناڵیەتی پرۆسەی یاسایی داواكراوە بۆ لێپرسینەوە، بۆیە دەبێت ئەو تەكنەلۆژیایەی ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد پشتی پێ دەبەستن، بە ئاستی پێویست ڕێگە بدرێت كە وردبینیی لەگەڵدا بكرێت. هەروەها پێویستە كەسانی پڕۆفیشناڵی یاسایی و تەواوی خەڵك بە تەواوەتی لەوە تێبگەن چۆن ئەم ئامێرەی زیرەكیی دەستكرد گەیشتووەتە ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی كە دەریكردوون. ئەمەش واتە دەبێت تەواسكێكی ڕوون و ئاشكرا سەبارەت بەو ئەلگۆریزمانە هەبێت، كە لەو ئامێرەدا بەكار هاتوون، ئەو داتا و زانیارییانەشی ئەو ئامێرە بۆ چۆنیەتیی وەرگرتنی بڕیارەكانیان ڕاهێنانی لەسەریان پێ كراوە. لەوانەیە وردبینی و چاودێریی ڕێكوپێك لەسەر ئەو ئامێرانە لەلایەن دەستەیەكی سەربەخۆوە یارمەتیدەر بێت بۆ گەرەنتیی كاری دروستی ئەو ئامێرانە، هەر بۆیە ئەگەر یاساناسان و خەڵك متمانەیان بە شەفافییەتی ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد كرد لە بواری سیستمی یاساییدا، ئەوا متمانەیەكی پتەویش بەردەست دەبێت كە بتوانرێت بەكار بهێنرێن لە پرۆسە یاساییەكاندا.

* مەترسییەكی دیكەی زیرەكیی دەستكرد و دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی، شێوازی مامەڵەكردنیانە لەگەڵ داتا نهێنییەكان «Data Privacy»، ئایا چۆن دەبێت هەندێك لەو ڕێكخراوانەی زیرەكیی دەستكرد بەكار دەهێنن، كە مامەڵە لەگەڵ ئەو داتا زۆر نهێنیانە دەكەن، بۆ مەبەستی خراپ بەكاریان بهێنن، ئاشكرایان بكات؟

- تایبەتمەندیی داتاكان و سەلامەتییان گرنگترین مەترسییە كاتێك زیرەكیی دەستكرد بۆ دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنرێت، زۆر جار تایبەتمەندانی یاساناس كار لەسەر زۆر زانیاریی هەستیار و نهێنی دەكەن، بۆیە لەوانەیە ئەم زانیارییە هەستیار و نهێنییانە بكەونە بەر مەترسی، بە شێوەیەك كە دروست لە سیستمی زیرەكیی دەستكرد دڵنیا نەبین. هەر بۆیە زۆر زۆر پێویستە بۆ ڕێكخراوەكان كە تەبەنیی پرۆتۆكۆڵی سیستمێكی زۆر بەهێزی ئاسایش بكەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی كە ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد پابەندن بە ڕێكخستنەكانی نهێنیی داتا «Data Privacy». بۆ نموونە وەك لائیحەی گشتی بۆ پاراستنی داتاكان «GDPR». هەروەها دەبێت سیستمی زیرەكیی دەستكرد بەو جۆرە دیزاین بكرێت كە بتوانێت ئەوە دیاری بكات كە توانای پاراستنی داتاكانی هەیە، تەنانەت لە شێوازی كاركردنی غەیرە ئەنقەستیشدا. هەروەها پێویستە ئەو ڕێكخراوانەی زیرەكیی دەستكرد بۆ دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنن، ڕێنمایی و ڕاسپاردەی زۆر ڕوون و دروست بخەنە بەردەست سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەكردنیان لەگەڵ داتاكان و چۆنیەتیی كۆگاكردنی، بۆ ئەوەی ئەگەری مەترسی لەسەر بەكارهێنانی خراپیی داتاكان و چوونە ناو داتا نهێنییەكان كەم بكرێتەوە.

* بەو سیفەتەی كاری پارێزەری لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان دەكەیت، لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی لە بواری تەكنەلۆژیای «یاسا» هاتووەتە ئاراوە، ئایا دەبێت لە شێوازی خوێندنی یاسادا بۆ ئامادەكردنی پارێزەر و یاساناسان، جەخت لەسەر چ پرسێك بكرێتەوە بۆ ئەوەی پارێزەران و یاساناسان بتوانن لەگەڵ ئەو وەرچەرخانەی داهاتوو لە پرۆسەی یاساییدا مامەڵە بكەن؟

- دەبێت پەرە بە خوێندنی یاسا بدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا هاوشان بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وەرچەرخانەی كە زیرەكیی دەستكرد بووەتە بەشێكی جیانەكراوە لەم پیشەیە. بۆیە دەبێت كۆلێژەكانی یاسا كۆرسی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنە ئەخلاقی و پراكتیكی و تەكنەلۆژییەكانی زیرەكیی دەستكرد بكەنەوە. دەبێت قوتابیان هۆشیار بكرێنەوە لە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد، لە چۆنیەتیی بەكارهێنانیان لە بواری جێبەجێكردنی یاسادا، هەروەها ئەو مەترسییانەی كە پەیوەندیدارن بە شێوازی بەكارهێنانەوە، سەرباری ئەمانەش دەبێت پڕۆفیشناڵانی یاساناس مەشق و ڕاهێنانیان پێ بكرێت سەبارەت بە چۆنیەتیی چاودێریكردنی ئەو پرۆسە یاساییانەی كە زیرەكیی دەستكرد بەڕێوەیان دەبات، لەگەڵ شێوازی ڕەچاوكردنی پێوەرە ئەخلاقییەكان. بۆیە دەبێت پارێزەرانی داهاتوو لێهاتوویی تەكنەلۆژیایان لەبەردەست بێت و تێگەیشتنێكی قووڵیشیان بۆ ئیعتباری ئەخلاقی هەبێت، كاتێك زیرەكیی دەستكرد بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەكار دەهێنن.

* لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا گفتوگۆیەكی زۆر بەرفراوان لەسەر ئاستی ئەمریكا و ئەوروپا سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی دەكرێت لە بواری كاری دادگاكاندا، ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئەم وەرچەرخانە گرنگە لە ناوچەیەكی وەكو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن تەبەنی دەكرێت و فراوان دەكرێت؟ ئایا دەرفەت و ئالنگارییەكان بۆ كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكان چۆن دەبینیت؟

- دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی زۆر بە باشی لە كۆمەڵگەكانی ئەمریكا و ئەوروپادا دامەزراوە و جێگەی خۆی گرتووە، بەڵام فراوانكردنی چوارچێوەی بەكارهێنانی لە ناو وڵاتە تازەپێگەیشتووەكانی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەت و ئالنگاریی زۆر نموونەیی دەخەنە ڕوو. یەكێك لەو ئالنگارییانەی ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی دەبنەوە، لاوازیی ژێرخانی مەعریفەی دیجیتاڵییە، ئەمەش فاكتەرێكە كە زۆر بە هێواشی دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو ئامێرانەدا بگونجێنن كە پشت بە لێهاتوویی زیرەكیی دەستكرد دەبەستن، بەڵام وێڕای ئەمانەش دەرفەتی گەورەش دێنێتە پێشەوە، هێزی زیرەكیی دەستكردی گرێدراو بە دۆزینەوەی ئەلیكترۆنییەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و كات لە پرۆسە یاساییەكاندا. ئەمە بەڕاستی بۆ ئەو ناوچانە زۆر بەهادارە كە دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە یاساییەكان سنووردارە. سەرباری ئەمانەش لەگەڵ نوێبوونەوەی حكومەت و پیشەسازی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا، دەتوانرێت بە باشترین شێوە لە ناوچەكانی دیكەش جێبەجێ بكرێت، ئەمەش گەرەنتیی لێهاتوویی پرۆسەكانی دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی دەردەخات، كە توانای پەرەپێدانی چەندە.

* لەگەڵ پێشكەوتنە زۆر خێراكانی زیرەكیی دەستكرد كە هەموو بوارەكانی ژیان وەكو «میوزیك، هونەر، نووسینی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان و...هتد» دەگرێتەوە، ئێستا گفتوگۆیەكی گەرم هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی داهێنەرانەی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو ناوەڕۆكەی كە زیرەكیی دەستكرد بەرهەمی دەهێنێت، ئایا چۆن سەیری كاریگەریی ئەم ئاراستەیە دەكەین لەسەر ئایندەی مافی فیكری «Copy Right»ی ئەو مرۆڤانە داهێنەرانە دەكەن؟

- هەڵكشانی ناوەڕۆك كە بە ڕێگەی زیرەكیی دەستكرد بەرهەم دەهێنرێت لە پیشەسازییە داهێنەرەكاندا، پرسیاری زۆر یەكلاكەرەوە سەبارەت بە مافی فیكریی مرۆڤ دەورووژێنێت. لە كاتێكدا زیرەكیی دەستكرد ئەو توانایەی هەیە كە داهێنان زیاتر بكات، لە هەمان كاتدا تەحەددای ئەو چەمكە نەریتییانەش دەكات كە مافی فیكری پێناسە دەكەن. دەبێت مافی فیكریی مرۆڤ بپارێزرێت، لە هەمان كاتدا پێویستیشمان بەوەیە تەبەنیی داهێنانەكانی تەكنەلۆژیا بكەین و لەگەڵیدا ڕابێین. یەكێك لەو شێوازانەی كە دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەوەیە كە چوارچێوەیەكی ئاشكرای شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كارانە دیاری بكرێت كە بەپێی یاسای موڵكداریەتیی تاك بە ڕێگەی زیرەكیی دەستكرد دروست دەكرێن. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئامێرێكی زیرەكیی دەستكرد بۆ دروستكردنی كارێك ڕاسپێردرێت، ئەوا دەبێت خاوەنداریەتیی ئەو كارە بۆ ئەو كەسە بێت كە ئەو شێوازە ئامێرە دەستكردەكەی بەكار هێناوە، ئەمەش بە پشت بەو ئینپوتە دەبەستێت كە مرۆڤ بە ئامێرەكەی داوە. زۆر گرنگە كە سیستمی یاسایی هاوسەنگیی نێوان گەرەنتیی پەراوێزخستنی داهێنەران بكات، لەگەڵیشیدا بەردەوام بێت لە پشتگیریكردنی داهێنانەكانی زیرەكیی دەستكرد.

Top