پ.د. تاهیر هەورامی گەورە ڕاوێژكاری نەشتەرگەریی گشتی: ئەگەر هاووڵاتی بە ڕێگەی سیستمی دڵنیایی تەندروستی بڕێكی كەم پارە بدات، خزمەتگوزارییەكە بە هی خۆی دەزانێت و ڕێزی دەگرێت
پ.د. تاهیر هەورامی، وەزیری تەندروستی بووە لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، پێش ئەم پۆستەش ڕاوێژكاری نەشتەرگەریی گشتی بووە لە وەزارەتی تەندروستی. لە ساڵی 1980 بەكالۆریۆسی پزیشكی و نەشتەرگەریی گشتیی لە زانكۆی مووسڵ وەرگرتووە. لە ساڵی 1989 دیپلۆمی باڵای لە نەشتەرگەریی لە بەغدا بەدەست هێناوە و لە ساڵی 1991 بۆردی عەرەبی بۆ نەشتەرگەریی گشتی لە شاری پزیشكی «مدینە الطب»ی بەغدا بەدەست هێناوە. لەسەر ئاستی زانستی چەندین پۆستی گرنگی هەبووە، لەوانە «سەرۆكی بەشی نەشتەرگەریی كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی سلێمانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی سلێمانی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی خوێندنی نەشتەرگەری بووە لە فاكەڵتی پزیشكیی كوردستان»، لەمەش زیاتر سەرپەرشتیی قوتابیانی بۆردی كوردستانی و عەرەبی بۆ نەشتەرگەری كردووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ لەسەر «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، بەم جۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە لەسەر «خزمەتگوزاریی تەندروستی» كە پرسێكی زۆر گرنگە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، هەر لە ئەمریكاوە تا دەگاتە ئەوروپا و كێشەی گرنگی تێدایە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە تا بتوانرێت خزمەتگوزاریی تەندروستی بە شێوەیەكی ئایدیال و نموونەیی پێشكەش بكرێت، ئەمەش بوودجەیەكی هێجگار گەورەی پێویستە. ئەم بوودجە گەورەیە هێشتا بۆ دەوڵەتێكی گەورەی وەك ئەمریكا دابین نەكراوە، ئینجا بۆ هەرێمێكی وەك ئەم هەرێمەی ئێمە زۆر زەحمەتە. بەڵام بەراورد بەو بوودجە كەمەی لە بواری دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەرێمی كوردستان لە بەردەستماندا بووە، وای دەبینم لە بواری تەندروستیدا كاری زۆر باشمان كردووە، بەڵام دووبارە جەختیش لەوە دەكەمەوە كە كەموكورتیشمان زۆرە، كە لێرەدا ئاماژە بە هۆكارەكانی دەكەم:
• لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، سیستمی دڵنیایی تەندروستی (Health insurance) مان نییە، كە ئەم سیستمە نەبێت، هاووڵاتی ناتوانێت بەشداریی دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە بكات كە حكومەت پێشكەشیان دەكات.
• لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سیستمی «ئاراستەكردنی نەخۆش (Referral System)مان نییە. هەر بۆ نموونە: لە كۆمەڵگەی ئێمەدا «دكتۆری خێزان»مان نییە، هەتا ئەم دكتۆرە ئاراستەی نەخۆش بكات و بینێرێت بۆ بنكەی تەندروستی، یان بینێرێت بۆ سەنتەرێكی تەندروستی، بۆ ئەوەی كاتێكی دیاری بۆ وەربگرێت و پزیشكی پسپۆڕ نەخۆشەكە ببینێت و نەخۆشییەكەی بۆ دەستنیشان بكات و پاشان چارەسەری بۆ دیاری بكات.
• لە هەرێمی كوردستان ئەوەی پێی دەگوترێت GMC، واتە ئەنجومەنی گشتیی پزیشكی «General Medical Council»مان نییە، هەتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای پزیشكەكان بكات. هەر بۆ نموونە، كاتێك پزیشكێك تەمەنی هەڵدەكشێ، پێویستە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و بزانرێت، ئایا ئەم دكتۆرە لەم تەمەنەشدا دەتوانێت وەك پێشوو خزمەت بكات؟ یان ئایا ئاستی زانیارییەكانی لەگەڵ پێشكەوتنە زانستییەكاندا بەردەوام تازە كراوەتەوە، یان نا؟ بۆیە ئەگەر توانای بەسەرچوو بێت، ئەوا مانەوەی لە كاری پزیشكیدا لەوانەیە مەترسی دروست بكات.
• سەبارەت بە مامەڵەكردنمان لەگەڵ دەرمان، زۆر بە ڕاشكاوانە ئێستا ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە هەزاران دووكانی لاكۆڵانمان هەیە، بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ تایبەتمەندییەكی پزیشكی و تەندروستی ئەنتی بایۆتیك (antibiotic) بە خەڵك دەفرۆشن. ئەگەر سەرنج بدەین، لە هیچ وڵاتێكی ئەم دنیایە ڕێگە نادەن دەرمان بەبێ ڕەچەتەی دكتۆر لە هیچ دەرمانخانەیەك بفرۆشێت، بەڵام لە كوردستان دەتوانیت بە عەلاگە هەموو جۆرەكانی دەرمان لەو دووكانە لاكۆڵانانە بكڕیت.
• مەسەلەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی ئەمبوڵانس، كە دەتوانیت پەیوەندی بە ژمارە «122» بكەیت و ئەو خزمەتگوزارییە بگاتە دەستی هاووڵاتیان، ئەم خزمەتگوزارییە گرنگە ئێستا لە هەرێمی كوردستان تووشی جۆرێك لە ئیفلیجبوون بووە. لە دوای ساڵی 2010، كە ئەو كات وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووم، ڕێكخراوێكی ئەمریكی بە ناوی «USAID» هات و خولێكی بۆ ڕاهێنانی ستافی ناو ئەمبوڵانس كردەوە، ئەمەش بەو حیسابەی كە پێویستە هەموو ئەمبوڵانسێك، بێجگە لە شۆفێرەكەی، دەبێت دوو كەسی دیكەش لە ناو ئەمبوڵانسەكەدا بێت بۆ ئەوەی چاودێریی نەخۆشەكە بكات تا دەگاتە نەخۆشخانەكان. ئەم خولی ڕاهێنانە لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگای «هەولێر، سلێمانی، دهۆك» ژمارەیەك لە كارمەندان خولیان بۆ كرایەوە. ئامانجمان ئەوە بوو، لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی پەرە بە خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی ئەمبوڵانس بدەین و بە شێوەیەكی سەنتەراڵی، هەر نەخۆشێك لە سەرتاسەری هەرێم پێویستی بەو خزمەتگوزارییە بێت، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ئەمبوڵانسی بۆ دابین بكرێت، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی حزبی، ئەم خزمەتگوزارییە پووكایەوە. ئەو كارمەندانەی نێردرابوون بۆ ئەو خولە، لەلایەن حزبەكان و بە «تەزكیە» (ناوچە و كۆمیتە) دەستنیشان كرابوون، بۆیە دوای ئەوەی خولەكەیان تەواو كرد و پارەی خۆیان وەرگرت، ئیتر تاقەتیان نەبوو كارەكەی خۆیان بكەن و لە ناو ئەمبوڵانسەكاندا خزمەتگوزاریی سەرەتایی بدەن بە نەخۆشەكان تا دەیانگەیەننە نەخۆشخانەكان. لەسەر ئەم پرسە، تەنانەت دوای ئەوەی خانەنشینیش بووم، هەر هەوڵمدا و كۆڵم نەدا.
ڕۆژێكیان لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن چارەسەری نەخۆشێكم دەكرد، كارمەندێكم بینی كە دەمناسی، خۆم ناردبووم بۆ ئەوەی ئەو خولە ببینێت، لێم پرسیك «تۆ چی دەكەی لێرە؟ ئەی من تۆم نە نارد بۆ ڕاهێنانی ناو ئەمبوڵانس؟» پێی گوتم: «دوای ئەوەی لە خولەكە هاتمەوە، خۆم گواستەوە بۆ كۆگای نەخۆشخانە.» هەموو ئەمانەش بە دەستتێوەردانی حزبی لە خزمەتگوزاریی تەندروستی دروست دەبن.
• سەبارەت بە دابینكردنی ئامێری پزیشكی، كە ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە و هەر دەڵێین «با ئامێری پزیشكی زیاتر دابنێین»، ئەوانەی بە كردەیی لەم بوارەدا كاردەكەن، باش دەزانن كە دابینكردنی ئامێرەكانی تیشك، وەك «pet scan، CT scan، mri»، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئامێرانە زۆر قورسن. هەر بۆ نموونە، كاتێك ئەم ئامێرانە دەكڕن، تەنیا گەرەنتیی چوار ساڵی لەگەڵدایە، كاتێك ئەم ماوەیە تەواو دەبێت، ئۆتۆماتیكی ئەم ئامێرە ڕادەوەستێت و دیسان پێویستی بەوەیە تازە بكرێنەوە «update» بكرێنەوە و ساڵانە پارەیەكی زۆر بدەینەوە بەو كۆمپانیایەی لێمان كڕیوە. ئەو كارمەندەی لەسەر ئەو ئامێرانە ئیش دەكەن، ڕەچاوی پارەی ئەم ئامێرە ناكەن كە بە چەند كڕاوە و دەبێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بە شێوەیەك كاری لەسەر بكرێت كە بەهاكەی دەست بخاتەوە. ئامێری تیشكی لەم جۆرە دەبێت لە ڕۆژێكدا 18 كاتژمێر كار بكات، بۆ ئەوەی تێچووی كڕین و چاككردنەوەی خۆی دابین بكاتەوە. زۆر جار خۆم چووم بۆ پشكنین لە نەخۆشخانەكان، ئامێری تیشكیی «CT scan» لێ بووە لە هەفتەیەكدا تەنیا دوو ڕۆژ (شەمە و دووشەمە) بەكار هێنراوە، باقی ڕۆژەكانی هەفتە دەرگای لابۆری تیشكەكە داخراوە. ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار كڕدراوە و ساڵانە بۆ نوێكردنەوەی كۆدەكەی «update» پێویستی بە 200 هەزار دۆلارە. ئەوە لەبەر چاو ناگرن، ئەگەر ئامێری «mri» تەنیا پێنج خولەك كارەبای لەسەر بكوژێتەوە، دەبێت دووبارە گازی «هیلیۆم»ی تێ بكەینەوە كە بەهاكەی 500 هەزار دۆلارە.
• جۆرێك لە مامەڵەی ناستاندەرد لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییەكان دەكرێت. هەر بۆ نموونە، ئێمە ژمارەیەكی زۆر نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستیمان هەیە، بەڵام «بەپێی ستانداردی جیهانی نەخۆشخانەیەك كە سەد قەرەوێڵەی هەبێت و ڕۆژانە كەمتر لە 50 نەخۆش لەسەر قەرەوێڵەكان هەبن، دەبێت ئەو نەخۆشخانەیە دابخرێت». ئەمەش لەبەر ئەوەیە بوودجە و تێچووی ئەو نەخۆشخانەیە زۆر زیاتر لەسەر حكومەت دەكەوێت، وەك ئەوەی حكومەت پارە بۆ ئەو نەخۆشە تەرخان بكات، بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت چارەسەر وەربگرێت. ئێستا ئەگەر لە چوارچێوەی ئەم ستانداردەدا نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر بە نموونە وەربگرین، كە نەخۆشخانەیەكی «400 قەرەوێڵەیی»ـە، دەپرسم: ئایا ئێستا 300 نەخۆش لەسەر قەرەوێڵەكانی ئەو نەخۆشخانەیە هەیە؟ من دڵنیام نییە، لەبەر ئەوەی نەخۆشەكان دەچنە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت، حكومەتیش دەبێت بوودجەی تەواو بۆ ستاف و پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە دابین بكات، كە دەبێت خزمەتی نەخۆشەكانی سەر 400 قەرەوێڵە دابین بكەن.
• لە هەرێمی كوردستان تۆماركردنی دەرهاویشتەی نەخۆشیی نەخۆش لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە كە پێی دەگوترێت «medical documentation» پەیڕەو ناكرێت و نییە، كە ئەمە وانەیەكە لە كۆلێژی پزیشكی و، خۆم ئەو وانەیە دەڵێمەوە. بەپێی ئەم سیستمە لە بواری پزیشكیدا، تەنیا نەخۆشەكە خۆی دەبێت هەموو شتێك لەسەر نەخۆشییەكەی خۆی بزانێت، بەڵام لە كوردستان كاتێك نەخۆش دێت بۆ لای پزیشك شەش كەس لەگەڵ خۆی دێنێتە ژوورەوە و پێیان دەڵێن «فەرموون ئێوە بچنە دەرەوە، با تەنیا نەخۆشەكە خۆی، یان كەسێكی زۆر نزیكی لەگەڵدا بێت»، دەڵێن ئاساییە ئێمە هەموومان خزم و كەسوكاری یەكین. ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی بە دروستی نەتوانرێت ئەم سیستمە گرنگە لەگەڵ نەخۆشەكەدا پیادە بكرێت.
• سەبارەت بە دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەسەر ئاستی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، گرنگە پڕۆگرامی حكومەت بەو ئاراستەیە بێت پشتگیریی كەرتی تایبەت بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی هێجگار گرنگ دەگێڕێت لە پێشكەوتنی بواری خزمەتگوزاریی پزیشكی و هێنانی هەندێك «پسپۆڕی دەگمەن». هەر بۆ نموونە، هەندێك نەخۆشی هەیە لە مانگێكدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان چوار نەخۆش پێویستی بەوەیە نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، ئێ باشە خۆ بۆ چوار نەشتەرگەری حكومەت ناتوانێت نەخۆشخانەیەكی گەورە دروست بكات و ستاف و بوودجەی گەورەی بۆ دیاری بكات، ئەم پرسە زۆر گرنگە. من جارێكیان لەگەڵ شاندێكی پزیشكی سەردانی شاری كرماشانمان كرد، لەوێ باسی ئەوەیان كرد كە پسپۆڕ و تایبەتمەند بۆ نەخۆشییەكانی «گوێی مامناوەند (middle ear specialist) لە وڵاتێكی گەورە و فروانی وەك ئێران، تەنیا لە نەخۆشخانەكانی تاران هەیە، بە هەمان شێوە لە عێراقدا بۆ نەخۆشییەكانی تۆڕی چاو (Retinal diseases) تەنیا لە نەخۆشخانەی «ئیبن هەیسەم» لە بەغدا پسپۆڕی هەبوو. بۆیە دەكرێت ئەم پسپۆڕییە دەگمەنانە بە ڕێگەی كەرتی تایبەت دابین بكرێت كە بۆ حكومەت زۆر قورسە دابینیان بكات.
• لە وڵاتی ئێمە، هاووڵاتیان بەشداری لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیدا ناكەن.
سەبارەت بە متمانەی هاووڵاتیان و كۆمەڵگە بە پزیشك و خزمەتگوزاریی تەندروستی لەو وڵاتی خۆماندا، بەڕاستی زۆر گرنگە هاووڵاتیان متمانەیان بە پزیشك و نەخۆشخانە و ئەو خزمەتگوزارییە پزیشكییانە هەبێت، كە لە وڵاتی خۆمان هەیە. ئێستا لە كوردستان پزیشكی زۆر پسپۆڕ و لێهاتوومان هەیە، هەر یەكەیان ئەگەر بچنە وڵاتی ئەوروپی، یان ئەمریكا، دوای ئەوەی بڕوانامەكەی هاوتا دەكرێت، ڕاستەوخۆ كلینیكی خۆی دەكاتەوە و لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە كاری خۆی دەكات، بەڵام بەداخەوە لێرە هەر دەڵێن «دكتۆر و پزیشكەكانی خۆمان هیچ نازانن و دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەرەوەی وڵات بكەین». ئەمە لە كاتێكدا لە وڵاتی خۆمان خزمەتگوزاری و چارەسەری زۆر باش بە ئاستی ستانداردی جیهانی لەبەردەستە.
• هەندێك ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر پزیشكەكانی ئێمە دەگیرێتە بەر، لە جێگەی خۆیدا نییە. ئێستا من لێرە قسە دەكەم، یەكێك لە پزیشكەكانم لە بەندیخانەیە لەبەر ئەوەی نەخۆشێك كۆچی دوایی كردووە. لەسەردەمی ڕژێمی بەعس، كە ئەو كات من لە شاری پزیشكی «مدینة الطب»ی بەغدا كارم دەكرد، فەرمانێك لە سەرۆكایەتیی دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە هاتبوو كە مردن قەدەغەیە (ممنوع الوفاة). هەر بۆیە پزیشكانی ناو نەخۆشخانەكان هەر كە هەستیان دەكرد نەخۆشێك نزیك دەبێتەوە لە سەرەمەرگ، بە پەلەپەل دەیانناردەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە نەمرێت و پاشان پزیشكەكە بەرپرسیاریەتی بكەوێتە ئەستۆ. ئێستا لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستانیش خەریكە وای لێدێت. بۆیە ئەمە ترسێكی لای پزیشكەكانی ئێمە دروست كردووە، كە نەتوانن بە هەموو توانای خۆیان خزمەت بكەن. پرسیار دەكەم: ئایا كاتێك هاووڵاتیانی كوردستان نەخۆشێكی خۆیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی بۆ ئێران و هیندستان دەبەن، ئەگەر نەخۆشەكەیان لە ژێر نەشتەرگەری كۆچی دوایی بكات، دەتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ دكتۆری ئەو نەخۆشخانانە بكەن؟ بۆیە دەبێت ئەمە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە.
لە دواییدا جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەمەوە، كە دیاردەیەك بۆ تێڕوانینی هاووڵاتیان بۆ حكومەت هەیە، كە ئەمیش دەرهاویشتەی خراپی حكومەت و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقە، كە بەهۆی ئەو چەوساندنەوە و غەدرەی دژی ئێمە دەیكرد، هەموو كات حكومەتمان وەك دوژمن سەیر كردووە و هەتا ئێستا ئەم دیاردەیە لە ناو ئێمەدا بە تەواوەتی نەسڕاوەتەوە. بۆیە زۆر گرنگە هەموو هەوڵەكان بخەینە گەڕ كە هاووڵاتی بەشدار بێت لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیدا بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكە و حكومەتەكەش بە هی خۆی بزانێت. دووبارەی دەكەمەوە، بەشداریی هاووڵاتیان لە پڕۆسەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیدا زۆر گرنگە. كاتی خۆی لە دوای ساڵی 1991، كاتێك ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی دەهاتن بۆ ئەوەی یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان بدەن، بۆ نموونە پڕۆژەی ئاوی گوندێكیان دروست دەكرد، ئەم ڕێكخراوە دەیگوت، بوودجەی ئەم پڕۆژەیە هەر چەندێك بێت، ئێمە 90%ی دابین دەكەین، بەڵام 10% دەبێت خۆتان دابینی بكەن. لێمان دەپرسین، كاتێك ئێوە 90%ی بوودجەی پڕۆسەكە دابین دەكەن، بۆ ئەو بڕە كەمەش دابین ناكەن؟ لە وەڵامدا پێیان دەگوتین «ئەگەر خۆیان ئەو بڕە كەمە دابین نەكەن، ئەوا پڕۆژەكە بە هی خۆیان نازانن و نایپارێزن، بەڵام كە ئەوەیان دا، پڕۆژەكە بە هی خۆیان دەزانن و دەیپارێزن». بۆیە ئەگەر هاووڵاتی بە ڕێگەی سیستمی «دڵنیایی تەندروستی» بڕێكی كەم پارە بدات، خزمەتگوزارییەكە بە هی خۆی دەزانێت و ڕێزی دەگرێت».
