نابێت كچی منداڵ مارە بكرێت هەتا ئەگەر لەلایەن باوك و باپیریشیەوە بێت

نابێت كچی منداڵ مارە بكرێت  هەتا ئەگەر لەلایەن باوك و باپیریشیەوە بێت

 

پرسی تەمەنی گونجاو بۆ «شووكردن»ی كچ، یان پرسی «باڵغ» بوون قسە و باسی زۆری لەسەرە ئاخۆ چ قۆناغێكە؛ بە واتایەكی دیكە كچ لە چ تەمەنێك باڵغ دەبێ، یان چ تەمەنێك گونجاوە بۆ شووكردن؟ ئەگەر لە ڕووی حوكمەوە گرێبەستەكە لە هەر تەمەنێكەوە ئاسایی بێت، ئەی لە ڕووی عەمەلییەوە چ فەترەیەك گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوە؟ ڕەزامەندیی كچ تا چەند پێویستە و شەریعەت لەم بارەوە چ دەڵێت؟ ڕۆڵی سەرپەرشتیار (وەلی) مەرجدارە، یان یەكلاكەرەوەیە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیكەی پەیوەست بەم بابەتە، یەكێكە لەو پرسانەی جێی مشتومڕ و ڕاجیایی زۆرێك لە زانایانی فیقهی ئیسلامییە، كە مەبەستمە ڕۆشنایی بخەینە سەر و ڕەهەند و ڕۆئیاكان بەرچاو بخەین و دەرەنجامێك دیاری بكەین.

لە ڕاستیدا ڕاجیایی زانایان لە ئەنجامی ئەوەوە دروست بووە، كە لەم چوارچێوەیەدا دەقێكی ڕاشكاو نییە بۆ دیاریكردنی ئەم حاڵەتە، لە هەمان كاتیش پرسەكە بە پێی شوێن و ژینگە و لایەنی فیسیۆلۆژی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی جیاوازە، بە هەڵێنجان و ئیجتیهادكردن لە چوارچێوەی هەندێ دەقی پەیوەندیدار بە لەبەر چاوگرتنی لایەنی زانستی و بارودۆخ و تایبەتمەندیی ڕێساكان و هەلومەرجی واقیعی و ژینگەیی، ئیجتیهاد كراوە، لێرەوەیە پرسی باڵغبوون و پرسی تەمەنی گونجاو بۆ بەشوودان وەك دوو شتی تا ڕادەیەك لێك جیاواز و پەیوەست بە یەكەوە باس دەكرێن. بەشێك لە زانایان باڵغبوون دەكەنە پێوەری شیاوی و ئاساییبوونی شووكردنی كچ، بەشێكیشیان لەگەڵ گەیشتنە بلۆغ مەرجی دیكەیان داناوە.

بەپێی بۆچوون و ڕای زۆرینەی زانایان باڵغبوونی كچ بەستراوەتەوە بە دەركەوتنی نیشانەكان، نەك ساڵ، واتە لەبەر ئەوەی حاڵەتەكە بەپێی كەس و شوێن جیاوازەو بەستراوەتەوە بە دەركەوتنی نیشانەكانی وەك: كەوتنە عادە و ئیحتیلام و موولێهاتن و...هتد. بەڵام لە حاڵێكدا ئەگەر نیشانەكانی باڵغبوون دەرنەكەوتن، ئەوە زۆربەی زانایانی مەزهەبی شافیعی و حەنەفی و حەنبەلی؛ وەك دڵنیایی تەمەنی 15 ساڵیان وەك تەمەنی باڵغبوون دیاری كردووە. بە بۆچوونی هەندێ لە زانایانی مەزهەبی مالیكی تەمەنی 16 و 17 ساڵی و لای زۆرینەشیان تەمەنی 18 ساڵی بە دیاریكردنی تەمەنی باڵغی بە گونجاو دانراوە، لە هەموو حاڵەتەكان و بە پێی بۆچوونی مەزهەبە فیقهییەكان كچی خوار تەمەنی باڵغبوون بە منداڵ هەژمار دەكرێت.

سەبارەت بە تەمەنی گونجاو بۆ بە شوودانی كچ؛ دیسان ڕاجیایی و بۆچوونی جیاوازی فیقهی لەم بارەیەوە هەیە و، هەموو ئاراستەكانیش بەرژەوەندیی كچیان بە پلەی یەكەم ڕەچاو كردووە، چونكە لە لایەك پەیوەندی بە ماف و كەرامەتی خودی كچەوە هەیە، لەلایەكی دیكەش كچ بناغەی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرییە، كە دەیان ئەرك و ماف و بەرپرسارێتی بە هۆی ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتییەوە دێنە ئارا، بۆیە ئامادەیی و گونجاوێتی كچ بۆ چوونە ناو ئەم پرۆسەیە، دەبێ جێی بایەخی هەموو لایەك بێت، هەروەك شەریعەتی ئیسلام گرنگیی زۆری بەم هەنگاوە داوە و لە چوارچێوەی فیقهی ئیسلامی دەیان بنەما و پێوەر و ڕێنمایی و ئامۆژگاری تایبەت بە پێكهێنانی خێزان و ماف و ڕێزگرتنی ئافرەت و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ دیاری كردووە، بۆ ئەوەی لەئەنجامی شایستەیی تەواوەوە چارەنووسی پێكهێنانی خێزان ئاسۆی ڕوون بێت و سەركەوتووانە بەو ئامانجانە بگات، كە بۆی دامەزراوە.

لەبەر ئەوەی دەقێكی ڕاشكاو نییە، ڕێك تەمەنی بەشوودانی كچ دیاری بكات، كە ئەمەش بێ حیكمەت نییە! بەڵام ناڕاستەوخۆ هەندێ بەڵگە هەن، ئاماژەی دروستی و نادروستی ئەم بابەتەیان هەڵگرتووە، بۆیە زانایانی فیقهی ئیسلامی بە سەرنجدان لەو بەڵگانە لە ڕێی هەڵێنجان و ئیجتیهاد و بەراوردی دەقەكان، بۆچوونی جیاوازیان لە بارەی بەشوودانی كچی بچووك بۆ دروست بووە، كە بەشێكیان ڕێگەیان داوە، كچی بچووك مارە بكرێ و، بەشێكی دیكەش بەلایانەوە دروست نییە، بەشێكیشیان مەرجداریان كردووە، هاوكات بابەتەكە هەم پەیوەستە بە سەرپەرشتیار (وەلی) هەمیش كۆمەڵێك مەرج و لێكدانەوە و وردەكاری لەو نێوەدا قسەوباسی لێوە كراوە، كە ڕەنگە لە وەها نووسینێك ئەو دەرفەتە نەبێت، بە درێژی باسی لێوە بكەین، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین سێ بۆچوونی سەرەكی هەن بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- دروست نییە كچی بچووك مارە بكرێت، مەگەر بە ئیزنی سەرپەرشتیار نەبێ – باوك، یان باپیر- لای مەزهەبی شافیعی و، تەنیا باوك لای مەزهەبی مالیكی و حەنبەلی.

2- دروستە كچی بچووك مارە بكرێت، لەژێر سەرپەرشتیی باوك، یان باپیر، یان كەسە نزیكەكانی، بەڵام گرێبەستەكە بەپێی نزیكیی سەرپەرشتیار –وەلی- دەگۆڕدرێت، واتە ئەگەر بە ئامادەیی باوك، یان باپیر بەشوو درا، گرێبەستەكە دەچێتە سەر، ئەگەر بە سەرپەرشتیی كەسانی دیكە بوو، ئەوە پەیوەست دەكرێت بە ڕەزامەندیی كچەكە خۆی دوای گەورەبوونی، ئەمەش بۆچوونی مەزهەبی حەنەفییە.

3- دروست نییە كچی بچووك مارە بكرێت تا باڵغ نەبێت و ئیزنی لێ وەرنەگیرێت؛ جیاوازی نییە سەرپەرشتیاری –وەلی- باوك بێت، یان كەسەكانی دیكە، وە ئەگەر مارەكرا، ئەوە حوكمی جێبەجێكردن دەگەڕێتەوە بۆ خودی كچەكە و لەكاتی باڵغبوون سەرپشكە لەوەی پێی ڕازییە، یان نا، ئەمەش بۆچوونی سۆفیانی سەوری و قەتادە و تاووس و ئیبن شبرمە و ئەبوبەكری ئەسەمم و عوسمانی بەتتیە.

لە ئەنجامی ئەو سێ بۆچوونە دەگەینە ئەو ڕاستییە، كە زانایان ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە بەلایانەوە ئاساییە كچ مارە بكرێ، بە مەرجێك لە ژێر فەرمانی سەرپەرشتیارەوە بێت، بەو پێیەی باوك لە ڕووی سۆزی باوكایەتی ئەو مافەی هەیە و بەرژەوەندیی كچ لەبەر چاو دەگرێت، بەڵام لە ڕووی عەمەلییەوە واتە كاتی گونجاو بۆ گواستنەوەی كچەكە مەرجی دیكەیان داناوە و ڕێی تێ ناچێت، بە گچكەیی بگوازرێتەوە، زانایانی فیقهی ئیسلامی كە دەڵێن دروستە وەك گرێبەستی مارەبڕین كچ مارە بكرێ، بە پشتبەستن و تێگەیشتن لەم دوو بەڵگەی خوارەوەیە:

یەكەم: خوای گەورە دەفەرموێ: (وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِنْ نِسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ) الطلاق:4. واتە: ئەو ئافرەتانەی كە نائومێد بوون لە عادەتی مانگانە لە هاوسەرەكانتان، ئەگەر كەوتنە گومانەوە كە ئاخۆ عادەتی مانگانەیان مابێت، یان نا، ئەوە سێ مانگ چاوەڕێ بكەن، هەروەها ئەوانەش كە بەهۆی كەم تەمەنییەوە هێشتا نەكەوتوونەتە عادەوە، ئەوانیش سێ مانگ چاوەڕێ بكەن.

دووەم: ئەو فەرموودەیەی لە دایكی ئیمانداران حەزرەتی عائیشە (ر.خ) گێڕدراوەتەوە؛ كە دەفەرموێ: (أن النبي - صلي الله عليه وسلم- تزوجها وهي بنت ست سنين، وأدخلت عليه وهي بنت تسع) رواه البخاري ومسلم. واتە: پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) عائیشەی لە تەمەنی شەش ساڵی مارە كردووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیش گواستوویەتەوە.

لەم سۆنگەوە زانایانی فیقهی ئیسلامی لە ئەنجامی سەرنجدان و تێڕوانین و تێگەیشتن و لێكدانەوە و هەڵێنجان لەم دوو بەڵگەی سەرەوە بۆچوون و ڕاجیایی زۆر گەڵاڵە بووە، بەوەی بەڵگەی یەكەم كە ئاماژەیە بۆ ئەو كچانەی هێشتا عادە نەبوون، دەقێكی ڕاشكاو نییە؛ بەڵكو دەكرێ ئایەتی (وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ) بچووك و گەورە بەتایبەت ئەوانەی كەوتنە سووڕی مانگانەیان تاخیر بووە، یان هەر نەكەوتوونەتە عادە بگرێتەوە، چونكە عیددە دوای گواستنەوە و تەڵاق دێتە جێ؛ ئەمەش بۆ كچی بچووك نەگونجاوە، باشتر وایە شرۆڤەی ئایەتەكە بە ئاراستەی تەمەنی گەوران لێكبدرێتەوە، نەك كچیانی بچووك.

سەبارەت بە بەڵگەی دووەم كە دایكمان عائیشە (ر.خ) لە تەمەنی شەش ساڵی مارە كرابێ و لە تەمەنی نۆ ساڵی گوازرابێتەوە، لەوەشدا لێكدانەوەی زۆر هەیە، كە بەشێك لە زانایان وای بۆ دەچن، ئەمە بەڵگەیەكی ڕاشكاوە لە دروستیی مارەبڕینی كچ لە تەمەنی بچووكی لەلایەن باوكیەوە، هەروەك ئیمامی نەوەوی لە شەرحی موسلیمدا كۆدەنگیش لەم بارەوەیە نەقڵ دەكات و دەفەرموێت: (وأجمع المسلمون علي جواز تزويج الأب بنته البكر الصغيرة لهذا الحديث).

لە دیوێكی دیكەوە زانایان لە چوارچێوەی لێكدانەوەی زانستی و بەراوردكاری و تاوتوێی ئەم بەڵگەیە و بەڵگەكانی دیكە، بۆچوونی تایبەتیان لەسەر ئەم فەرموودەوە هەیە، كە دەكرێ لە دوو خاڵ باسی بكەین:

یەكەم: ئەم فەرموودەیە كە باس لە مارەبڕینی حەزرەتی عائیشە(ر.خ) دەكات، تایبەتمەندی پێغەمبەر بووە (دروودی خوای لەسەر بێت)، نەك تەشریع، هەروەك زۆر شتی دیكە هەبووە تایبەت بووە بە خودی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت)، كە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار حیكمەتی تێدا بووە، ئەگەرچی بەپێی توێژینەوەی نوێ باس لەوەش دەكرێ، تەمەنی عائیشە هێندە بچووك نەبووبێت، بەو پێیەی بەشێكی عیلم لەو وەرگیرایە، ئەمەش بۆ تەمەنی منداڵ كارێكی ئاسان نییە.

دووەم: دەڵێن ئەم فەرموودەیە لەڕووی حوكمەوە نەسخ بووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم زەواجە لە قۆناغی سەردەمی مەككە و پێش هیجرەت بووە لەلایەك، لە لایەكی دیكەشەوە كۆمەڵێك بەڵگە و فەرموودەی دیكە هەن كە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن و باس لەوە دەكەن؛ پێویستە كچ ئیزنی لێوەربگیرێت، ئینجا بە شوو بدرێت، لەوانە:

1- پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (لا تُنْكَحُ الْأَيِّمُ حَتَّي تُسْتَأْمَرَ، وَلَا تُنْكَحُ الْبِكْرُ حَتَّي تُسْتَأْذَنَ، قَالُوا: يَا رِسُولَ اللَّهِ، وَكَيْفَ إِذْنُهَا؟ قَالَ: أَنْ تَسْكُتَ. مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.. واتە: بێوەژن مارە ناكرێ تا بڕیاری لێ وەرنەگیرێت، كچیش مارە ناكرێ، تا ئیزنی لێ وەرنەگیرێت. پرسییان ئیزنی چۆنە؟ فەرموی: ئەوەیە بێدەنگ بێت. یان دەفەرموێت: (الثَّيِّبُ أَحَقُّ بِنَفْسِهَا مِنْ وَلِيِّهَا، وَالْبِكْرُ تُسْتَأْمَرُ، وَإِذْنُهَا سُكُوتُهَا) رِواه مسلم. واتە: بێوەژن لە سەرپەرشتیاری شیاوترە بۆ بڕیاردانی خۆی، كچیش ئیزنی لێ وەردەگرێت و ئیزنەكەشی بێدەنگ بوونە.

2- پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) مارەبڕینی بێ ئیزن وەرگرتنی ڕەت كردووەتەوە، وەك خەنسا كە ئافرەتێكی ئەنساری و بێوەژن بوو دەگێڕێتەوە: (أنَّ أباها زَوَّجَها وهي ثيِّبٌ فكَرِهَت ذلك فجاءت رِسولَ اللهِ صلَّي اللهُ عليه وسلَّم فذكرت ذلك له فَرَدَّ نِكاحَها) رِواه البخاري. واتە: ئەو دەڵێ باوكی لە پیاوێكی مارە كردووە، ئەویش پێی ناخۆش بووە، بۆیە هاتووەتە لای پێغەمبەر و پێی گوتووە، ئەویش مارەبڕینەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە.

3- دایكی ئیمانداران عائیشە دەگێڕێتەوە: (جاءَتْ فتاةٌ إلي رِسولِ اللهِ -صلَّي اللهُ عليه وسلَّمَ- فقالت: يا رِسولَ اللهِ، إنَّ أبي زوَّجَني ابنَ أخيهِ يرفَعُ بي خَسيسَتَه، فجعَلَ الأمرَ إليها، قالت: فإنِّي قد أجَزْتُ ما صنَعَ أبي، ولكنْ أردْتُ أنْ تَعلَمَ النِّساءُ أنْ ليس للآباءِ منَ الأمرِ شيءٌ) رِواه النسائي. واتە: كچێك هاتە لای پێغەمبەر و گوتی: باوكم منی لە برازاكەی مارە كردووە، تا كەمایەتیی خۆی پێ لا بدات، منیش زۆرم پێ ناخۆشە. پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرمانەكەی دایە دەست كچەكە - واتە سەرپشكە لەوەی ڕازی دەبێت، یان نا- ئەویش گوتی: ئەوە ڕێگەم دا بەو كارەی باوكم، بەس ویستم فێری ئافرەتان بكەم لەوەی باوكان بێ ئیزنی ئەوان ناتوانن كارێك بە زۆری بكەن.

4- ئەو فەرموودەیەی ئیبن عەباس دەیگێڕێتەوە، كە دەفەرموێ: (أنَّ جاريةً بِكْرًا أتتِ النَّبيَّ صلَّي اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ، فذَكَرت أنَّ أباها زوَّجَها وَهيَ كارِهَةٌ فخيَّرَها النَّبيُّ صلَّي اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ) رِواه أبو داود. واتە: كچێك هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) گوتی: باوكم لە كەسێكی مارە كردووم و منیش پێم ناخۆشە، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) كچەكەی سەرپشك كرد لەوەی ڕازی دەبێت، یان هەڵیدەوەشێنێتەوە.

لە كۆی ئەو فەرموودانەی خستمانە ڕوو، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئیزنی كچ پێویستە، مەعلوومیشە ئەمە كاتێك دێتە دی كە ئەو كچە خۆی ناسیبێت و فام و تێگەیشتنی شتەكانی هەبێت، ئەگەرنا كچی نافامیدە و بچووك كوا فایدەی ئیزن لێوەرگرتنی هەیە! كەواتە ئەگەر گرێبەستەكە لەڕووی تیۆرییشەوە دابمەزرێت، ئەوە لەڕووی عەمەلییەوە ڕێگە نادرێت بگوازرێتەوە، تا باڵغ نەبێت و ئیزنی لێوەرنەگریت و شیاوی جەستەیی تێدا دروست نەبێت، ئەگەر كچەكەش دوای ئیزن وەرگرتنی ڕازی نەبوو، مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی هەیە، چونكە بەپێی ئەو فەرموودانەی باسمان كردن لە پرۆسەی زەواجدا ڕەزامەندیی كچ شتێكی ڕەمزی و ڕۆتین نییە، بەڵكو ئەسڵ و بناغەیە.

لەناو زانایانی كورد و ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە سەرنجدان لەو فەرموودە و بەڵگانەی سەرەوە، هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەی فەتوا بەپێی شوێن و زەمان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمە و شێوازی ژن و ژنخوازی و ئالنگاری و لێكەوتەكانی لەناو كۆمەڵگە و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی خێزان و ئافرەت، ئەنجومەنی باڵای فەتوا مارەكردنی كچ لە تەمەنی بچووكی و هاوسەرگیریی پێشوەختە، بە باش و پەسند نازانێت و داوا دەكات ئەم عادەتە قەدەغە بكرێت.

هەروەك لە ژمارە (31و32)ی گۆڤاری (دەنگی زانا) كۆنووسی تایبەت بەم پرسە لە كۆبوونەوەی 20ی5ی1999م بڵاوكراوەتەوە و دەقی فەتوایەكە دەڵێت: «دوای گەنگەشەو سەرنجدان لە هەڵسوكەوتی هەندێ سەرپەرشتیار لەم سەردەمە، كۆك بووین لەسەر ئەوەی ئەم عادەتی كچ بە شوودانە لە تەمەنی منداڵی تەرك بكرێت، چونكە هەم كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە و ڕەچاوی بەرژەوەندیی كچ ناكرێ لەو جۆرە مارەبڕینە پێشوەختانە، هەمیش بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێت كچی بچووك مارە بكرێت؛ ئەگەر لە لایەن – سەرپەرشتیار- باوك و باپیریشیەوە بێت».

 

Top