ئەنجامدانی پڕۆژەگەلێکی ستراتیژی کابینەی (٩)ی حکومەتی هەرێم؛ خواستی بەژداری دەنگدەری کوردستان بەرفراوانتر دەکات.

ئەنجامدانی پڕۆژەگەلێکی ستراتیژی کابینەی (٩)ی حکومەتی هەرێم؛ خواستی بەژداری دەنگدەری کوردستان بەرفراوانتر دەکات.

لە ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا کۆی لایەنە سیاسییەکان لە ئامادەکاریدان بەرەو خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤/ ئەنجام دەدرێت، حزبە سیاسیەکانی هەرێم و پێکهاتەکانی کوردستانیش کە خاوەنی کۆمەڵێک حزبی سەربەخۆی سیاسین، وەک دوو هاوپەیمانی ڕکابەر ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ بەسەر دوو ئاراستەی جیا جیا دابەشبوونە.. هەردوو هاوپەیمانە پەرلەمانییەکە لە گۆڕەپانەکەدا کێبڕکێی گرتنە دەستی دەسەڵاتی یاسادانان دەکەن بۆ ئەوەی نیوە + یەک (١) لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەستەبەر بکەن.

ڕەنگدانەوەی ئەو دوو ئاراستە سیاسییەی هەرێم لە هەڵوێست و کردار بەرانبەر حکومەتی عێڕاق و دەوڵەتانی هەرێمی و کۆمکاری عەرەبی و ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندی دیپلۆماسی بەزلهێزانی جیهانیشەوە بە دوو ڕوئیای جیاوازەوە بەڕۆشنی دەردەکەوێت..

یەکەم: پارتی دیمۆکرات کە سەرۆک بارزانیی پێشەوایەتی دەکات بە لیستی سەربەخۆی ژمارە [ ١٩٠ ] و سەت و نۆهەت و بەلۆگۆی تایبەتی خۆی کە هێمای ناسینەوەی ئەو حزبەیە بەژداری هەڵبژاردنی داهاتووی نزیکی کوردستان دەبێت. بەپێی پێشبینی زۆربەی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری هەڵبژاردن و چەند ڕاپرسیەکی متمانەپێکراو؛ پارتی دیمۆکرات براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دەمێنێتەوە..؛ ڕێژەی دەنگەکانیشی هەڵدەکشێت و ژمارەی کورسییەکانی زۆرتر دەبێت..
هاوکات چەند حزبێکیتری کوردی و کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆو نزیک لە بۆچوون و پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتیمان پارێزی پارتی، و تەواوی پێکهاتەکانی تورکمان و ئاشووری و کلدانی و سابیئەو ئێزیدی و چەندێکیتر لیستی سەربەخۆی خۆیان دەبێت بۆ هەڵبژاردن، پێدەچێ دوای ئەنجامی هەڵبژاردن پێکهێنەری بەهێزترین هاوپەیمانی کوردستانیبن..
ئەو هاوپەیمانە گەورەی داهاتووی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم و کۆی پێکهاتەکانی کوردستان دەکات. لە سەر ئاستی هەرێم کۆی لایەنە سیاسیەکانی ناو هاوپەیمانی کورستانی کە جەنابی سەرۆک بارزانیی ڕابەرایەتی دەکات پارێزبەندگەلێکی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کورستان دەمێننەوەو هاوکاری پڕۆژە ئابوورییە پەرەسەندووەکەی کابینەی نۆو کابینەی داهاتووش دەکەن.. لە گەڵ باڵابوونی کیانی سیاسی کوردستاندان و پشتیوانی ڕێڕەوی خێرای بەرەو پێشچوونیشی دەکەن..
لە سەر ئاستی عێڕاقیش پێداگری جێبەجێکردنی دەستوورو دەرچواندنی یاسای تایبەتمەند بۆ کۆی مادەکانی دەکەن.. نموونەی هەرە زیندووش بەردەوامی هەوڵەکانە بۆ دەرچواندنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و جێبەجێکردنی تەواوەتی مادەی سەت و چل و ١٤٠ و مادە دەستوورییەکانیتریش..

دووەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لایەنەکانیتر

نەوەی نوێ کە لەهەناوی یەکێتی هاتووەتە دەرێ لە بنچینەدا موعاڕەزەیەکی ساختەی ڕۆڵپێدراوی وڵاتێکی ئیقلیمییە؟ لە گەڵ هاوشێوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان جێگۆڕکێیان پێکراوە؟؟ بەشێکی کوتلەی دەسەڵاتداری خودی یەکێتیش بەموعاڕەزە هەژمار دەکرێت!؟ لە گەڵ سێ لایەنەکەیتر کە بەناو خۆیان موعاڕەزەی حکومەت دادەنێن..، لەوانە: حزبی کۆمەڵ و حزبی یەکگرتوو، بزوتنەوەی گۆڕانیش؛ ئەو پێنج لایەنە کە بەهاوپەیمانی یەکتر هەژمار دەکرێن چ پێش هەڵبژاردن و چ دوای هەڵبژاردن، خاوەنی هەڵوێستگەلێکی چوونیەکن کە سیاسەتی کروزانەوەیە بەرانبەر حکومەتی عێڕاق، ئامادەییان تێدایە بەری ڕەنجی سەدەیەک زیاتری خەباتی خوێناوی و بەسەرهاتی مەرگەساتگەلێک بەسەر گەلی کوردستان، دوای ئەو هەموو قوربانیدانە هێشتا جورئەتی ئەوە دەکەن هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم تەسلیم بە عێڕاق بکەنەوە؟! تەنها یەک داواکارییان جێبەجێ بکرێت، کە بریتیە لە بڕێ مووچەو چۆڕێ نەوت؟؟

سێهەم: لیستی بەرەی گەل وەک هێزێکی جیابووەوە لە ناو قوڵایی دەسەڵاتی یەکێتیدا خاوەن پێگەی بەهێزی جەماوەری و سەربازی و ئەمنی بوو.. یەکەمجارە بە لیستێکی سەربەخۆ بەژداری هەڵبژاردن دەبێت، پێشبینی دەکرێ بەشێکی زۆری دەنگەکانی یەکێتی لە سلێمانی بەتایبەت و شارەکانیتریش بۆ ئەو بەرە تازەیە بڕوات..

پێشینەی ئەو ململانێ دیمۆکراسیە لە نێوان لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان لە مێژووی " نوێدا " دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەسپێکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی کوردستان کە لێکەوتەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١-ی گەلی کوردستان بوو، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا، تاوەکو ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێنجەمین خولی تەواو کرد. دەرەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ - ٢٠١٨- پارتی دیمۆکرات پێشەنگی براوەی کۆی هەڵبژاردنەکان بووە..
دوای پرۆسەی ئازادی عێڕاق و بەدیاریکراویش پاش نوسینەوەی دەستووری نوێی عێڕاق و دەرکەوتنی قەبارەی ڕاستەقینەی لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێم و بەتایبەتیش ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان دەرکەوتنی هێزگەلی پارتی دیمۆکرات لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێڕاق و سەرکەوتنی ئەو حزبە بەدەسهێنانی دەنگگەلێکی زۆر لە پەرلمانی عێڕاق؛ کە بەقەدەر هەموو لایەنە کورییەکان زۆرتریش.. واتە پارتی بەتەنها زیاتر لە
٥٠ + ١ ی لە تەواوی سنووری باشووری کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین، لە سەر ئاستی عێڕاقیش لە ڕیزبەندی حزبە شیعەمەزهە گەورەکانیش پارتی براوەیەکی بەرچاو بوو.. دەرکەوتنی قەبارەی هێزو وزەی دەنگگەلی پارتی دیمۆکرات هەموولایەکی تووشی شۆککرد..! لەوکاتەوە بەدواوە نەیارانی ڕێبازی بارزانیی ڕێگەی جۆاروجۆریان تاقیکردەوە بۆ لاواز کردنی "پارتی "..؟؟ بەهاوکاری و هەماهەنگی زۆربەی لایەنە کرێگرتەکانی ناوخۆی هەرێم و تەواوی حزبە شیعەمەزهەبەکانی عێڕاقەوە؟! بەڵام هێزگەلی سەرانسەری کوردستان لە پشت سەرۆک بارزانیی ڕاوەستاو ئامانجی کۆی پیلانگێڕییەکانی ناوخۆی عێڕاق و وڵاتە هەرێمییەکانی دژی ئەو حزبە هەڵوەشاندەوە؟!

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن یاسا کۆت و بەندکراوەکانی کۆمۆسیۆنی عێڕاقەوە؟ پارتی دیمۆکرات دوای درککردنی بە پیلانێکی ناوەخۆی عێڕاق و بەسەرپەرشتی وڵاتێکی ئیقلیمی لە ڕێگەی وەلائیە گوێ لە مستەکانی لە ناوخۆی هەرێم و کۆی لایەنە شیعە مەزهەبەکانی عێڕاقەوە تاوەکو لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیزاینکراوی پێشوەختەوە هاوسەنگی هێزگەلی ڕاستەقینەی هەرێم لە ڕێی دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەوە بگۆڕن؟! بەڵام هەڵوێست وەرگرتنی ئەو حزبە لە بەیاننامەیەکی فەرمی و هەڕەشە ئامێزی مەکتەب سیاسییەکەیەوە بەژدابوونی پارتی لە هەڵبژاردن بەستەوە بە کۆمەڵێک مەرجەوە.. توانی سنوورێک بۆ بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگەی بەناو فیدڕاڵی دابنێت..؛ دواتر گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقدا بکات، ئینجا بڕیاریدا بەژداری هەڵبژاردن بێت.
دوای گۆڕانکاری ڕیشەیی و ڕاستەڕێکردنەوەی کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردن، و گێڕانەوەی مافی ٤٠٠٠٠٠ چوارسەت هەزار دەنگدەری کوردستان کە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا بەمەبەستی سیاسی پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە؟ زۆرینەی ڕەهای ئەو دەنگدەرە بێ بەشکراوانە لە ئازادی مافی دەنگدان نیشتەجێی شاری هەولێر و دهۆکن؟؟ ئەم پیلانەش ڕوونە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزبوو لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا نەیانتوانی ڕێ لە دەنگدەرانی کوردستان بگرن تاوەکو پارتی نەتوانێ پەنجا کۆ یەکی ٥٠+١-ی کورسیەکان بەدەست بهێنێت..! کەچی سەرباری ئەو پیلانگیڕی و ئابڕووبردنەی بنەماکانی ئازادی و بریندارکردنی ڕۆحی دیمۆکراسی هێشتا پارتی براوەی یەکەمین بوو.. پشبینی دەکرێ لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی داهاتووی نزیکبوەوەی پەرلەمانی کوردستان پشتبەستن بە لابردنی ڕێگرییە جۆراوجۆرەکانەوە بەرچاو ڕوونیەکی زۆر دەبیندرێت پارتی دیمۆکرات ڕێژەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزتر ببێتەوە..

لە دەسپێکی قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی کوردستان پارتی وەک حزبی " دایک " لە کۆی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەک خولەکانی پەرلەمان و شارەوانییەکان و سەندیکا پیشەییەکان و هتتد بەڕێژەی زۆرینە سەرکەوتوبووە، پارتی هێزگەلی خۆی لە کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی پاراستووەو توانستگەلێکی لەباردابووە وەبەرهێنان لە ویستی میللەتەکەیدا بکات..
بەهۆی هەبوونی مسۆدەی پڕۆژەگەلێکی ستراتیژیی ئەو حزبەوە لە ڕێگەی حکومەتی هەڵبژێردراوەوە چەندەی دەسەڵاتی بەشوێنە جیاوازەکانی کورستان گەیشتبێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەتایبەتیش درەوشانەوەی هەردوو پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێر وەک پایتەختی هەرێم و سەرچاوەی گەشەکردنی بنەماکانی ئابووری و شوێنی بڕیاردانی چارەنووسسازی سیاسی و شوێنگەی ئارامی کونسڵگەلی وڵاتان..، شاری دهۆکی دەلالیش وەک پایتەختی ئابووری هەرێم، هێزو وزەی دەنگدەرانی زۆرتریش پەرەدەگرێت..

لە گەڵ دەسپێکی ڕاگەیاندنی کابینەی 9- لە 2019\10/7 لە باڵاخانەی پەرلەمانی کوردستان کارنامەکەی لە لایەن ڕێزدار مەسرور بارزانیی سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراو خوێندرایەوە.. کە چڕوپڕترین مسۆدەی پاکێچگەلێکی فرەلایەنی لە ڕووی ئابووری سیاسی و پڕۆژەگەلێکی ستراتیژی و خزمەتگوازی جیاجیای بۆ داهاتوو وەک بەجێگەیاندنی ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتبووە خۆی...
لە دەسپێکەوە سەرۆکی حکومەت شێلگێڕانە بە گژ قەیرانی تازەو پاشماوەی قەیرانگەلێکیتری سەر هەرێم وەستایەوەو لە ماوەیەکی قیاسیدا پڕۆژەستراتیژییەکانی دەسپێکردەوەو کابینەکەی خستە سەر ڕێڕەوی تەندروستی حوکمڕانی..

لە سێکتەری دیپلۆماسیدا لە سەر ئاستی هەرێمی و کۆمکاری عەرەبی و یەکێتی ئەوروپی و نیودەوڵەتی لە ئاستی هەرە باڵا پێشوازی دەکرێت، و لە زۆربەی کۆڕبەندە جیهانیەکان بەفەرمی نوێنەرایەتی گەلی باشووری کوردستان دەکات.

دوای پێداگری چەند ساڵەی پ.د.ک. پێشکەشکردنی پڕۆژەی چاکسازی ڕیشەیی لە پەرلەمانی کوردستان بەئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی کاریگەری پاشماوەی بڕینی بودجەی گشتی هەرێم لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە هاوکات بەگژداچوونەوەی گەندەڵکارانی ناوخۆو ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی هەرێم، بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێ خۆی لە گەڵ ڕەوشی تازەی ئابووری و دارایی هاوسەنگکردنی داهات و خەرجی بگونجێنێ..
دوای ململانێیەکی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دواجار لە ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی بە یەک پاکێج کە -٣- سێکتەری لە خۆی گرتبوو، ژمارە-٢-ی تایبەت بوو بە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان- عێڕاق. دەرچوێندرا.

لەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەتی هەرێم کابینەی نۆ [9] پڕۆژەیەکی بەرفراوانی لە سێکتەری کشت و کاڵ کە بڕبڕەی پشتی ئابووری هەر وڵاتێکە لە بەرژەوەندی کۆبەرهەمی ناوەخۆی جووتیاران جێبەجێکردو بەرهەمگەلێکی هەناردە وڵاتان کردو سنووری بۆ بەرهەمی هاوردەی دەرەوە بۆ ناوخۆ دانا..؛ واتە لە بردنەدەرەوەی پارەی کاشی ناوخۆ هاوردەکاریی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانەوە کردی بە هەناردەکارو ڕاکێشانی پارەی کاشی وڵاتان بۆ ناوخۆی هەرێم..

لە یاسای چاکسازیشدا توانراوە خاڵگەلێکی بەهادار جێبەجێبکرێن؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆدا (٩) یەکێک لەو هەنگاوە دروستانەی حکومەتی چاکسازیخوازی هەرێمە، لەوانەش دەرکردنی چواردە هەزار ١٤٠٠٠ مووچەخۆر کە هیچ مەرجێکی کەمئەندامیان تێدانییە لە ڕیزبەندی لیستی مووچەخۆرانی کەمئەندامی بێ دەست و قاچ و ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشک لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای چاکسازی لە کابینەی (9}-دا بڕیارێکی جەسوورانەی سەرۆکی حکومەتی کوردستانە بۆ خاوێنکردنەوەی لە کەسانێکی مشەخۆر..! سزادانی ئەو نابەرپرسە گەندەڵانەش کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە پشت دامەزراندنی کەسانێکی ناشایستەن..! دەرهێنانی ناوی ئەو بندیوارانەو بڕینی مووچەی ناشایستەیان (١٥٠٠٠٠ سەت و پەنجا هەزار دیناری) ئەم هەوڵە جددیە گێڕانەوەی مووچەیە بۆ کەمئەندامانی ڕاستەقینەی هەرێم کە مافی شەرعی خۆیانە..
دوای پاکسازیکردن لە لیستی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێم درکی بەوە کرد کە چەندین کەمئەندامی هەرێم مووچەی چاودێری کۆمەڵاتییان نییە، بۆیە ناوی ١٥٠٠٠ پازە هەزار کەمئەندامی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی بەغدا کرد تاوەکو مووچەی چاودێری کۆمەڵاتییان بۆ ببڕدرێتەوە..

لە دۆخی ئەمڕۆی سیاسەتی هەرێمیدا گرفتێکی گەورە سەبارەت بە سێکتەری ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی هەیە، هۆکاری بنچینەییش کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و بەفیڕۆدانی ئاوی باراناوە؛ چەند ساڵێکە وڵاتانی دەوروبەر لە ڕێگەی بەنداوی گەورەوە سەرقاڵی گلدانەوەی ئاوی سەر زەوین، زۆر جاریش گرتنەوەی ئاو وەک گوشارێکی سیاسی دژ بە وڵاتانی دەوروبەری خۆیان بەکاردێنن؛ هەروا بەردانەوەی ئاویش بۆ دەرو دراوسێ بێ بەرانبەر نابێت.
لەم بوارەدا کابینەی نۆ-ی حکومەتی کوردستان لە سێکتەری پاراستن و گلدانەوەی ئاویشدا کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە سەرباری کاریگەری پاشماوەی گەمارۆگەلێکی دارایی و سیاسی هەرێمی و ناوخۆی عێڕاق، توانرا شەش بەنداوو پۆند تەواوبکرێن و دوو بەنداوی تریش لە داهاتووی نزیک تەواودەبن. بەرهەمدانەوەی ئەو بەنداوانە ڕاستەوخۆ سوودگەلێکی گەیاندووەتە بواری کشت و کاڵ و گەشتیاری و ئاژەڵداری و سامانی ماسی و گەشانەوەی سروشتی ژینگەی کوردستان و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی هتتد...

لە پرۆسەی گشتگیری ئاوەداکردنەوەی کوردستانیش کە درێژکراوەی کابینەکانیتری حکومەتی هەرێمن.. لە سێکتەری نیشتەجێبووندا چەندان کۆمەڵگەی مۆدێرن و خاوەن سیمایەکی پێشکەوتووی ژیاری تەواوکراون..لە کابینەی [ ٩ ]دا بەچڕوپڕی پەرەسەندنێکی سەرسووڕهێنەریان بەخۆوە دیوە؛ کۆی یەکەکانی نیشتەجێبوون پانتایی هەردوو شاری دهۆک و بەتایبەتیش هەولێری پایتەختی لە چوارچێوەی ماستەرپلانی تازەوە بەرفراوانتر کردووە.. هاوکات ڕێگەوبانی تازەو شەقامی تایبەت بەو گەڕەکە تازانە بەستنەوەی بە شەقامە سەرەکییەکانی شار پێویستییەکی بنچینەیی بووە.. لەوانە تەواوکردنی قۆناغێکی گرنگی شەقامی ستراتیژی سەت و پەنجا مەتری ١٥٠ دەستکەوتێکی ناوازەی کابینەی [٩] نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە..
بەیەقینەوە چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە کە لە بنەڕەتدا بەرنامەی حەقیقی پارتی دیمۆکراتی کورستانە سیاسەتی تەواوی کابینەکانی پێشووتر بووەو ئومێدو گەشبینی لە هزری تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردستانی داچاندووە؛ بەتایبەتیش ئەم کۆپڕۆژە تازەیە لە کابینەی [ ٩ ] نۆ-دا لە سەر دەستی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی کوردستان بەرهەمهاتوون.. بێشک کاریگەری سیاسەتی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئاوەدانکردنەوەو پەرەپێدانی بەردەوام کە خواست و ویستی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەی کوردستانییە کێرڤی دەنگدەرانی ئەو حزبە کە زۆرینەی میللەت و خەڵکی بێ لایەن و هاوڵاتیانی کۆی پێکهاتەکانی کوردستانن سەرەنجامەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەبینین زۆرتر هەڵدەکشێت..!

لە ڕوانگەی مێژووی نزیکی پرۆسەی هەڵبژاردنە دیمۆکراسییەکانی کوردستان هۆکاری بنچینەیی سەرکەوتنی پارتی دیمۆکرات کە هەمیشە براوەی یەکەمین و یەکەمێکی براوە بووە..؛ بۆ هەبوونی بیرۆکەی پڕۆژەی سیاسی و ئابووری ئەو حزبە دەگەرێتەوە سەرەنجامەکەشی ئەو گۆڕانکارییە سەرنجڕاکێشانەیە لە سەرخان و ژێرخان و کڕۆک و سیمای شارەکان وەدەرکەوتوون؛ کە دۆست و نەیار شۆک دەکەن..!

لەم سۆنگەیەوە بەپێی توێژینەوەی بواری هەڵبژاردن و خوێندنەوەی ویست و خواستی دەنگدەری کوردستان لە ڕوانگەی زانستی سیاسی ئایندە بینییەوە تاوەکو ( ٢٥ ) ساڵیتر پێگەی جەماوەری خۆی وەک حزبێکی پێشەنگ دەپارێزی و بەتایبەتیش لە کەش و هەوای ئارامی و سەقامگیری سیاسیدا بەپشتبەستن بە ئەنجامدانی پڕۆژەگەلێکی ئاوەدانی و جێبەجێکردنی خاڵگەلێکی یاسای چاکسازی لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم پێداگری هەڵوێستە نەگۆڕە نەتەوەییەکانی تایبەت بە پاراستنی کۆئەزموونی حوکمڕانی کوردی متمانەی دەنگدەری کوردستان بۆ ئەو حزبە زۆرتر پەرەدەستێنێ..!

سەبارەت بە کۆی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێڕاقیش ساڵی ٢٠٠٥- ٢٠٢٠- هەمدیس لیستی پارتی لە سەر ئاستی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان پشت ئەستوور بە دەنگگەلێکی دلێرو نەگۆڕی خەڵکی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین بەتایبەت، وەبەرهێنێکی متمانەپێکراوو دەربڕی خواستگەلێکی دەنگدەری کوردستانیان بووە، ئەم سەرکەوتنە گەورانەی پارتی بەڕابەرایەتی کارێزمای باڵای میللەتەکەمان دانایی جەنابی سەرۆک بارزانیی بەڕێنمایی حەکیمانەوە وەبەرهاتوون.. ئەمانە بەڵگەگەلێکی زیندووی مێژووی نزیکی کایەی دیمۆکراسی و پەرلەمانییە، کە پرۆسیسێکی تەواو ئازادەو تێیدا پارتی دیمۆکرات براوەی یەکەمینی هەڵبژاردنەکان بووەو سەرکەوتنی یەک بەدوای یەکی لە هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان چنیوەتەوە..
ئەو هاوپەیمانییە گەورەی پارتی دیمۆکرات ڕابەرایەتی دەکات لە سەر ئاستی سەقامگیری سیاسی ناوەخۆی کوردستان هاوهەڵوێستن لە گەڵ خێراتر بەرەو پێشچوونی ڕێڕەوی کیانی سیاسی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان..

Top